تۆ وەرە دادوەر بی یان ئـەندامی پەرلەمان بی لە عێڕاق، کورد بی، نۆێنەری میللەتێکی داگیرکراو ئـازادی لێ زەوت کراو بی، نوێنەری میللەتێک کە خاوەنی زمان و خاک و کەلتورو مێژوو شارستانی دێرزەمانەبی، نوێنەری میللەتێک بی کە لە مێژووی خۆی بەردەوام قوربانی داوە(ڕاپەڕین و شۆڕشى كردوه و جینۆساید وتۆپباران كراوهو ووڵات و شار و ژیانى تێكدراوه) تەنھا بۆ ئـەوەی ئـازاد بژی بۆ گێڕانەوەی مافە نەتەوەییەکانی و گێڕانەوەی خاکی داگیرکراوی خۆی، ئـەو مافەی کە ھەموو یاسا ئـاسمانی و سەرزەمینیەکان بڕیاریان لێ داوە بۆ مرۆڤ و گەلان و میللەتانی سەر زەوی, کاکی دادوەرو ئـەندامی پەرلەمانی کورد کە نوێنەری ئـەو میللەتە ستەمدیدەن و نوێنەری (ئـەنفال و ھەڵەبجەو سەدان ساڵ خەبات و بەخشینی خوێنن) ئـەوەی لەسەر شاشەی تیڤی و ڕاگەیاندنەکان لەسەر ھەرێمی کوردستان و میللەتەکەی خۆی دەیڵێ لە ناشیرین کردن و زەربی سفر کردن و لێکدانەوەی نادرووستی دژ بە بەرژەوەندی حکومەتی نیشتیمانی و خۆماڵی کوردستان، ئـیدی کاکی عەڕەب و فارس و تورکی داگیرکەرانی کوردستان پێویستیان بە محامی و ماندوو کردنی نوێنەرو ئـەندامانی پەرلەمانی خۆیان نیە، بە جۆرێک وای لێھاتووە بهشێك له ئـەندام پەرلەمانە کوردەكان له عێڕاق ئـەوئـەرکە دەبینن و وەک ئـەوەی نوێنەری عێڕاق بن لە ھەرێم بۆ چاودێری کردنی حکومەت و ھەرێمی کوردستان، کە لە ھەموو دەرکەوتنەکانیان لە تیڤی و ڕاگەیاندن وکۆبوونەوە فەرمیەکان ھەموو دەم و چاویان لە سەر باس کردنی ھەرێمی کوردستانە، لە ڕووی باس کردنی گەندەڵی و خراپی مافی مرۆڤ و پێشێکردنی یاساو . . . وەک ئـەوەی نوێنەری عەرەب و عێڕاق بن لە ھەرێمی کوردستان و لە بەرامبەر دا عێڕاقی عەڕەبی شامی شەریف بێت وەک سوید بێت. ھۆگەل، بە گەڕانەوە بۆ خولەکانی پێشوتری پەرلەمانی عێڕاق و سەیرکردنی کارو چاڵاکی نوێنەرانی کورد لە بەغدا, بگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندن و دیمانەکانیان لە ڕاگەیاندن و کۆبوونەوە فەرمیەکانیان پاشان بپرسه.
- جارێ بپرسه كه ناوی چەند ئـەندامی پەرلەمانی نوێنەری کورد لە بەغدا دەزانن چەندیان دەناسن؟
- چهند لهم ئـەندام پەرلەمانانە بەرنامەیـان کردووە لە سەر زانیاری پێدان و ئـاشنا کردنی خەڵکی کوردستان کە ئـەوان نوێنەریانن، لەوەی کە چ دەگوزەرێ ( لە گەندەڵی و دزین و نەبوونی ئـارامی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاساو دەستور . . . ) لە چواردە پارێزگای ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئـیتیحادی. بە پێچەوانەوە ئـەوان ھاتوون ئـەوەندەی قسەو کارو چاویان لە سەرباس کردن و ناشیرین پیشەندانی ھەرێمی کوردستان کردووە ئـەوەندە باسی بارودۆخی خراپی عێڕاقیان نەکردووە بۆ خەڵکی کوردستان, لەو دزی و گەندەڵیەی لە عێڕاق كراوهو تا ئێستاش بهردهوامه لە ھەموو سێکتەرو وەزارەتەکانی حکومەتی عێڕاق لە بواری ( سێکتەری وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و تەندروستی و ژینگەو کارەباو شارەوانی و . . . ) کە ساڵانە لە دوای (2003) دەیان وسەدان سەفقەو گرێبەستی وەھمیان کردووە بۆ دزینی پارەو سامانی عێڕاق کە بەشی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە کەسیش بەرپرسیار نەکراوەو مەلەفەکانیان لە لێژنەکانی نەزاھەو پەرلەمانی عێڕاق تۆزی لە سەر نیشتووە و گەندەڵکاران بە پارە مەلەفەکانیان دەکڕنەوە، کەچی ههندێك له نوێنەرانى کوردستان لە عێڕاق ئـەو بابەتانەیان باس نەکردووە بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو زیاتر باسی ناشیرین کردنی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بە تایبەت لە کەناڵە ئـاسمانیە عەرەبی و عێڕاقیەکان، خەڵکی کوردستانیش ھەرچاوی لە سەر کەناڵی لۆکاڵی ڕووداو ئـێن ئـاڕتیە . . . واتە نوێنەرانی کورد ئـەوەندەی نوێنەرایەتی عێڕاقیان کردووە بە سەر کوردستان ئـەوەندە نوێنەرو داکۆکیکاری مافە دەستوریەکانی ھەرێمی کوردستانیان نەکردووە لەکاتێک دا ئـەوان نوێنەری کوردستانن لە عێڕاق نەک بە پێچەوانەوە.
- خاڵێکى تر بۆتاک تاکی خەڵکی کوردستان ئهوهیه، كه لۆمەى کەس مەکەن لە پێشێلکردن و لە دەستدانی مافە دەستوریەکان و مافی ئـازادی و سەربەخۆیی کوردستان. بەڵکو لۆمەی خۆت بکە لەوەی لە ھەڵبژاردن دەنگت بە چ کاندیدو بەرنامەی چ پارتێک داوە تا نوێنەرایتیت بکات، وه پێوەر لای تۆ دەبێ ئـەوە بێ کە کێ بەرەو ژێردەستەیی و پاشکۆیی عێڕاق و تنازل لە مافە دەستوریەکانت دەبات و ھەرزان فرۆشیان دەکات؟ وە کێ بەرەو ژیانێکی ئـازادو سەربەخۆت دەبات و کەڕامەت و مافە نەتەوەییەکانت دەپارێزێ و بەرەو کەناری ئـارام و سەربەخۆیی دەتبات؟ بۆیە کە کەسێک یان بەرنامەی سیاسی پارتێكتان ھەڵبژاردووە کە دواتر تنازل لەمافەکانتان دەکات ئـەوە لۆمەی کەس مەکە بهڵكو لۆمەی خۆت بکە.
له كۆتایی دا دهبێ ئهوه ڕوون بێت بۆ سیاسی و یاساناس و دادوەرانی سەر ڕاگەیاندن! کە پێویستە جیاوازی بکەن لە نێوان ( جیابوونەوە -انفصال- لە گەڵ سەربەخۆیی - استقلال ) کورد لە ڕاپرسیەکەی بڕیاری سەربەخۆیی داوە لە عێڕاق نەوەک جیابوونەوە) چونکە خاکی کوردستان خاکی کورد خۆیەتی نەوەک خاکی عەڕەبی عێڕاق, وە کە عێڕاق دەمەزراوە ئـازاد بوون و سەربەخۆییان لە کورد زەوت کردووەو خستویانەتە ژێر داگیرکاری عێڕاق و تورکیاو ئـێران و سوریا). بۆیه کورد كه ئـێستا داوای گێڕانەوەی خاک و سەروەری خۆی دەکات لە سەر خاکی خۆی ئەوە جیاکردنەوەو دابڕینی خاکی دەوڵەتێک نیە کە ھی خۆت نەبێ, بەڵکو ئـەوە گێڕانەوەی ماف و ئـازادی و سەربەخۆبوونە. بۆ نمونە ئـەگەر خەڵکی بەسرا داوای جیابوونەوە بکەن لە عێڕاق بە پێ ی ڕاپرسیەک, ئـەوا بۆ ئـەوان دەبێتە جیابوونەوە (انفصال) چونکە ئـەوانیش عەڕەبن خاکەکەیان بەشێک بووە لە خاکی عەرەب, بەڵام کورد داوای سەربەخۆبوون و ئـازاد کردنی خاکی خۆی کردووە نەک دابڕینی خاکی گەل و میللەتێکی کە، بۆیه ڕیفراندۆم و مافی بڕیاردان لە چارە نووس كه كورد گرتیهبهربۆ ھێنانە دی ئـامانجی سەربەخۆیی بوو نهوهك جیابوونهوه. کە ئـەمەش مافێکی بڕیار لێدراوە بۆ ھەموو گەلان و میللەتان کە دەبێ ئـازادو سەربەست بژین.