خۆپیشاندانەكان لە نێوان خەڵك و خۆپیشاندەرانی قەلابی ... عەلی مەحمود محەمەد (2)

هەموو ئەوانەی وەك روحانی و زۆری تر بەوانەی لای خۆشمانەوە خۆپیشاندان و رێپێوان بە مافی خەڵك ئەزانن, لە پڕ جەستەی خۆپیشاندەران دەكەنە شەڵاڵی خوێن لەوكاتانەی دەبێتە راستی و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەكانیان دروستە كات, بە بەهانەی دوژمنانی دەرەوەو لەبار نەبوونی كاتی خۆپیشاندان و بەكارهێنانی زەبرو زەنگ و ئاسایشی هاووڵایان و پاراستنی سەروەت و سامانی خەڵك و حكومەت و چەندین بەهانەی كە, ئێران دەستی خستۆتە ناو دەیان وڵاتەوە كەچی باسی دەست تێوەردانی دەرەوە دەكات, ئەوەندی دەستی دەرەكی ئەمانی جوڵاندووە, هێناویانیەتە سەما كەسی نەجوڵاندووە,خۆیان بە ملیاران دەدزن كەچی زیانی هەزاران خەڵكی لەسەرە كوژن, بەهانەكان و رستەكان دكتاتۆرەكان هەموو یەكن بۆ سەركوتكردنی خەڵك, پێش ئەوەی مامۆستا هێرش لە كۆیە ماڵئاوایی بكات, لە لایەن دەسەڵاتدارانی حیزبی شارەوە وترا لە كۆیە بریندارەكان بە گولە نەپێكراون, كەچی لە پڕ تەرمی ئەو مامۆستایە كوردستانی هەژاند, لینین راستی وت"سەرمایەداری لە كاتی رەونەق لیبراڵیەت و لە كاتی قەیران دكتاتۆریەت پەیرەو دەكات".  

لە رۆژانی رابردوو شەپۆڵێكی خۆپیشاندان ناوچەكانی زۆنی سەوزی گرتەوە, خۆپیشانانەكانی ئەمجارە جیا لە پێشوو ئەكتەری زیاتر بەشداری تێدا كرد لە پشت ئۆفیسەكانەوە, بەشێكیان لەوانە بوون لە وەرزی پێشووی خۆپیشاندانەكان حاكم بوون, وەلێ مرۆڤەكانی سەر جادە هەر دوبارەی مرۆڤەكان پێشوون, بە هەندێك پەراوێزی بچوكەوە, هەر ئەو مرۆڤانەن ئەمرۆ لە سەر جادەن و سبەی لەسەر سندوقەكانی دەنگدانن و خەڵكە نێرنە پشت مێزەكان بۆ حوكمڕانی, هەمیشە مرۆڤەكان سەر جادە, ئەوانەی پشت مێزەكان دیاریدەكەن, دواجار ئەوانی پشتی مێزەكان ئەوان دەنێرنەوە سەر جادە, ئەم پرۆسەیە هەمیشە لە دوبارە بونەوەدایە, جادە مێز بەرهەم دەهێنێت و مێزیش جادە, وەلێ هەمیشە سیناریۆكان بەم شێوەیە دوبارە نابنەوە, جاری وا هەیە ئەلكترۆنێكی شێت لە سستەم هەڵەگەڕێتەوە, ئەوەی نەكراوە دەیكات, ئێمە ناوی دەنێین شۆڕش.  

خۆپیشاندان جاری وا هەیە هێزی هەڵگیرسێنەریشی لە گەڵ خۆیدا دەسوتێنێت لەو كاتانەی گەورە دبێتەوەو رق و قینەكان سەیتەرە ناكرێت بەسەریدا, مرۆڤە نێردراوەكان بەرگەی شەپۆڵی جەماوەرو خیزشە ملیۆنیەكان ناگرن و پشت مێزەكان ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن, ئەوانیش لە گەڵ خۆیدا رادەماڵێت, بۆیە هەموو كات ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی كە ناوو رەنگیان جیایە, ئەمانە یەكن تەنها وەك حەربا پێستی خۆیان گۆڕیوە لە كاتی پێویست, ترسی لە هانا بردن بۆ شەقام هەیە, خوازیارە ململانێكان لە ژورە تاریك و داخراوەكان یەكلا بكرێتەوە, نەگاتە ئاستی جادە, تەنها لە كاتی بەرژەوەندی و هەڵبژاردنەكان نەبێت.  

لە كوردستان چی دەگوزەرێت

ئایا ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی دەگوزەرێت لە كوردستان ململانێی تشیبۆلییەكانە " خێزانە خاوەند سەرمایە گەورەكان" بۆ پشكی زیاتر لە دەسەڵات و دەستكەوتی زۆرتر, یان ویست و داخوازی خەڵكە بۆ كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پڕ لە چەوساندنەوەی 26 ساڵ لە دەسەڵاتی بۆرجوازی كوردی,26 ساڵ دەموچاوەكان گۆڕان وەلێ شێوازی حوكمڕانی و بەرنامەی ئابوریەكان نەگۆڕان, كە گروپێك بەهێز ئۆلیگارشی و تشیبۆلییەكانی ئەم هەرێمەی بەرهەم هێنا, یاخود دەستێوەردانی ئێران و عەبادییە بۆ سڕینەوەی هەرێمی كوردستان و كۆتایی هێنان بەم دومەڵەی كە ماوە لەبەردەم پرۆژەی كۆماری ئیسلامی شیعە لە عێراقدا, یاخود جوڵەی سەرەتایی پەراوێزخراوەكانی كۆمەڵگایە لە بێكارانی گەڕەكە هەژار نشینەكانە دژ بە سەرمایەداری بێ بوونی هوشیاری چینایەتی( چونكە بە پێچەوانەی وڵاتانەوە گەڕەكەكانی قەراغ شاری ئەم وڵاتە بەشێكیان بونەتە فیرعەوناوەكان, بۆیە ناڵێن هاووڵاتیانی قەراغ شارەكان بە مانا جیهانییە باوەكەی), یاخود شەڕی باڵەكانن لە خۆ ئامادە كردن بۆ هەڵبژاردن, دەشێت هەموو ئەم كارەكتەرانە رۆڵی خۆیان هەبێت لە ناڕەزایەتییەكان, وەلێ لە شێوازدا هەژاران بەڕێوەبەری مەیدانی و كارەكتەری سەرەكین لە نمایشەكەو هەستێكی خۆرسكیان هەیە بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی, هەموو دڵیان لای دادپەروەرییە بەوانەشەوە پشت مێزەكان ناردویانن, تەنها جیاوازیان ئەوەیە هەموو لە پێناو خۆیان نەهاتونەتە مەیدان, بۆیە پێویستە خۆپیشاندانەكان وەك قوتابخانەی راهێنان سەیر بكرێت, بە بوونی ئەوانەشەوە كە سیناریستەكانی خۆپیشاندەرە درۆزنانەكانیش لە ژورە داخراوەكانەوە بە مەسیج پەیامی خۆیان دەگەیەنن و چاوەڕوانی پاداشتی حكومەت و وڵاتانن.  

حیزبەكان ئەوكاتە شكستیان خوارد كە شەقامیان بۆ حكومەتی رزگاری نیشتمانی پی نەجوڵا, وەلێ كاتێك  هاتە سەر نان و كارو ئازادی, ئەوا جەماوەر لە شەقام شەپۆڵیان دا, خەڵك بێزار بووە لەوەی موچە باڵای درۆزنی تازە بەرهەم بهێنێتەوە,بۆیە ئەمانیش كەڵكیان لە خرۆشانی خەڵك وەرگرت, لە بری هەڵوەشاندنەوەی حكومەت ئەوجا باسی روخانیان كرد, روخانی سەرەوە, نەك هەڵتەكانی سستەم, واتا ئەوان لە بری ئەمان بێ گۆڕانكاری.  

لەم وڵاتە هەر جارەی یەكێك لە شەقام و سەراكانەوە خۆی تاقی دەكاتەوە,دوای هەر خۆپیشاندانێك هەر جارەی بە نۆرە سیاسیەكی گەندەڵ لە بەرگی ئۆپۆزسیۆن ناڕەزایتیەكانی هەژاران و پەراوێزخراوان دەدزێت لە ئەنجامدەرانی و لە ژورە تاریكەكانی هەلپەرستی سیاسی مامەڵەی پێوە دەكات,63 رۆژی سەرا ئەزمونێك بوو بۆیان,هەموو جارەكان رۆڵەكان دەگۆڕێن, بەرد وەشێنەكانی ساڵی 2007ی كەلار دەبنە ئۆپۆزسیۆن لە 2011, تەقە كەرەكانی سەرا لە 2011 , لە 2017 دەبنە پارێزەرانی خۆپیشاندەران.  

ئێمە كە سوپایەك بێكارمان هەیە, ئەگەر لە ئۆكراین بێكارەكان بە 50 دۆلاری رۆژانە شۆڕشی پرتەقاڵیان سەر خست, ئەوا لای ئێمە تەنها بە دوو درۆی سیاسییە هەلپەرستەكان هەڵەخڕێن, ئەمە دوبارە دەبێتەوە تا دەگەینە ئەو قۆناغەی دەردە كەوێت ئەم دەموچاو حیزبانەو پەرلەمان و پەرلەمانتار و وەزیرەكانیان چارەسەر نین,نابێت ناڕەزایەتییەكان بە گۆڕانی دەموچاو و رەنگەكان تێپەڕێت, سیاسەت لای ئەمانە 4 ساڵ نیو رۆژە, كۆمەڵێك فشەكەری موچە باڵا هەڵبژێرن, رۆژانە بە درۆكانیان شاشەكانیان بۆ بڕازێننەوە, هەموو پێش چوار ساڵێك جارێكی دیكە بە كۆمەڵێك درۆو لە پێستی حەربادا ئامادە دەبنەوە, هەرجارەی رۆڵەكانیان لە شانۆگەرییەكە دەگۆڕێت, بەشێكیش لە نووسەران و چالاكوانان تەڵەی خۆیان لە وێنە گرتنی پشتی ناڕەزایەتیەكانەوە ناوەتەوە بۆ سەركەوتن بۆ پەرلەمان و سیڤی پێشكەشكردن بۆ حكومەتی داهاتوو لە رێگای ناڕەزایەتیەكان و دەرچوون لە شاشەكانەوە بە قسە ئاگراوییەكانیان, خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی پەینی كێڵگەی سەركەوتنە بۆ پلەو پۆست بۆیان, وەلێ كردارە ئاگراویەكان بەر ئەوانە دەكەوێت نەخشەیان بۆ سەركەوتن لە رێگای ناڕەزایەتییەوە نییە و لە ئەنجامدا دەبنە سوتەمەنی, ئەمە چارەسەر نییە, نابێت رێگا بدرێت سیناریۆكان دەوبارە ببنەوە, دەبێت سستەمی سیاسی و ئابووری لە سەر بنچینەی مرۆڤ سالاری و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بگۆڕێت,ناڕازیان هەژاران و بێكارانن, هاووڵاتی شاری ئەڵمانی و ڤیلا نشین و خاوەند مەزرەعەی میرگەپان و گۆیژە و شەقڵاوەو هیران و نازەنین نین, دەبێت خۆیان لە سیاسییەكان ئەو شارو مەزرەعانە جیا بكەنەوەو لە پێناو خۆیاندا بێنە مەیدان.  

خۆپیشاندەرە ساختە قەلابیەكان

دوای مەرگی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و سەرگەردانیەك ئەم دوو هێزەی لە دوایانەوە بەجێمان داگرت, تەنانەت لە گۆڕنانی تەرمەكانیان لە زەرگەتەو دەباشان و ئامادەیی هەمیشەیی تارماییەكانیان لە ناویان نەی توانی ململانێ ناوخۆییەكانیان و بێئومێدی خوێنگەرمەكانیان بشارێتەوە, هێشتا كفنەكانیان زەرد نەببوو ناكۆكییەكان دەركەوتن, هێزی هەڵبژاردن سەوزی جاران لە ئێستادا بەسەر 4 گروپ دابەش بووە,پێشبینی دەكرێت بۆ زیاتریش هەنگاو بنێت, ئەو دوو سیاسەتمەدارە كارێزماییە لەبەر ئەوەی خەتی سیاسی و ئایدۆلۆژیایەك نەبوو لە پشت سیاسەتیانەوەو هیچ داهێنانێكیشیان لەو بوارەدا نەبوو, بە پێی سیاسەتی رۆژ سیاسەتیان دەكرد, لە دوای خۆیان تیۆری سیاسی و خەتێكی رونی سیاسییان بە جێ نەهێشت, بۆیە بە سانایی دەكرێت پشت لە وەسیەت نامەو گۆڕەكانیان بكرێت, ئێستا ئەم سوپا دەنگدەرە گەورەیەی ئەمان كە خۆی لە نزیك 40%ی دەنگدەرانی كوردستان دەبینییەوە وردە وردە پەرت دەبنەوە لە ئێستادا بەسەر 4 دەستە دابەش بوونە( گۆڕان, ینك, هاوپەیمانی, نەوەی نوێ) و لە داهاتووشدا دابەش بوونی زیاتر بەخۆوە دەبێنێت,ئەمانە بە هەمان رتمی سیاسی گۆڕان دەیانەوێت دەنگ كۆبكەنەوە, لە یەك پارتی پۆپۆلستییەوە بوونە بە چوار, لە بیریان چووە نەوشیروان مستەفا لەو دەڤەرە سانع الملوك بوو نەك ملوك,كەچی ئەمان چاویان لە كورسی ملوكە, بۆیە ئەوان ناتوانن سیناریۆكەی ئەو بە سانایی دوبارە بكەنەوە, چوار هێزی پۆپۆلستی هاوئامانج نەك قوتابخانەی جیا لەناو جوگرافیایەكی بچوكدا كارەسات دەخولقێنێنن تا یەكتری دەدەن بە زەویدا, چونكە پۆپۆلیزم بێ مزایەدەی سیاسی ناژێت, پێویستیان بە بەرز كردنەوەی سەقفی موزایەدەكانە, پێویستیان بە بەرهەم هێنانی بەردەوامی موزایەدەیە, ئەمرۆ هەموو بەرامبەر پارتی دەگرن, لە كاتی هەڵبژاردن و كورسی دابەشكردنی ناوچەكە دەبێت ئێسكی یەكتر بشكێنن, بارەگا سوتاندنەكانی كۆیەو رانیە ئاو خواردنەوەیە لە چاوییەوە, بای پێش بەفرە.  

لە ئێستا لەم وەرزی چون بۆ هەڵبژاردنە هەموو ئەمانە, بە تایبەت دوو لیستە نوێكە پێویستیان بە شەقام و هەژارانە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ, دەنا شاسوارێك ئەوكاتەی 100 دۆلار لە گیرفانی نەبوو شەقامی نەبینی, ئێستا بە 600 ملیۆن دۆلارەوە شەقامی بۆ چییە؟؟؟, ئەگەر مەسەلە دەنگ و كورسی و پەرلەمان و وەزارەت و ئیمتیازاتی زیاتر بۆ پرۆژەكانیان نەبێت, بۆرجوزای هەمیشە سیاسەت وەك پرۆژەی بازرگانی سەیرە كات نەك بۆ خزمەتی هەژاران, وشەی بزنس و قازانج و سەرمایەو بەرژەوەندی هەمیشە لە سەر زارو لە كارەكانیان رەنگ دەداتەوە.  

بەشێك لە مملانێكان و ناڕەزایەتییەكان ململانێی ئەم لایەنانەیە بۆ دەنگ, لە لایەكی تریشەوە, لە ناو خۆی ینك و گۆڕان تا ئێستا كێشمە كێشەكان بەردەوامن, ئەوانیش بۆ سەركەوتن بەسەر باڵەكانی دیكە پێویستیان بە شەقام و وتاری ئاگراوی بەرامبەر بە پارتی هەیە, لە بیرمان نەچێت فەلسەفەی بوونی قوتابخانەی جەلالیەت دژابەتی مەلاییەتە, ئەمەی لێ داماڵرێت هیچی لێ نامێنێتەوە, بۆیە بۆ راكیشانی دەنگدەرانی سەوزی رابردوو گرتنە بەری ئەو تاكتیكە زەرورە, كێ زیاتر دژایەی بكات, لە میراتی دەنگدانەكان زیاتری بەرە كەوێت, ئەمە نەبێت زۆر لە بزنس سیاسییەكانی ئەو لایەنانە بۆچونیان وا نییەو پێشتر نزیك بوونە لە ماڵباتی بارزانییەوە, بۆیە ئەمان ئەم چەند مانگە پێویستیان بە شەقام و ئەم شێوە گوتارەیە, دوای هەڵبژاردنیش ئەوجا پێویستیان بە ماڵباتی بارزانییە بۆ بەشداری حكومەت و وەرگرتنی پۆست و پلە.  

هەڵەكان

ناڕەزایەتیەكان ئەمجارەی كوردستان, بەهۆی بەشداری ترسنۆكانەی لایەنە سیاسییەكانەوە, كە راستەوخۆ دەیان وت ئێمە پشتیوانی ناڕەزایەتی ئاشتیانەین, كەچی بە چەك بەشداریان تێدا دەكرد و سەركردەكانیان لە ژورە داخراوەكانەوە رێنێونیان دەدا و بە ئاشكراش پاكانەیان دەكرد لەوەی خەڵكە نەك ئەوان, سەركەوت خۆیان خاوەندین و ژێر كەوتیش ئەوا ئیدانەی دەكەن و بە گێرە شێوینی دەناسێنن, حیزب دەبێت خۆی بانگەوازی مانگرتن و خۆپیشاندان بكات و سەرۆكەكەی لە پێشەوەی خۆپیشاندانەكانەوە بێت و بەرپرسیاری سەركەوتن و ژێركەوتنی بگرێتە ئەستۆ, كەچی لای ئێمە هەموو هاشا لە رێكخستنی خۆپیشاندان دەكەن و هەمووش توندو تیژی رەت دەكەنەوە,كەچی وێنەی چەكداری ئەندامی حیزبیش گیراوە و سزاشیان نادەن,هاوكات لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە فێر بوونە خۆیان بارەگای خۆیان بسوتێنن, ئەمە هەموو داهێنانێكیانە.  

لێ گرنگترین هەڵەی خۆپیشاندانەكان بریتی بوو لەوەی ئەوانەی شەڕی كوتلەو باڵ و حیزبە هاوئامانجەكانیان دەكرد نەك نان و ئازادی دور نەخرانەوە لە خۆپیشاندانەكان, بەكار هێنانی زەبرو زەگ بەرامبەر بە هەندێك دەزگا كە هیچ پەیوەندی بە سەركوتكردن و گەندەڵییەوە نەبوو, هانی هاتنی سوپای داگیركەری عێراقیان دەداو جار جارەش بژی عەبادیان دەوتەوە, پەنا بردنە بەر عەبادی و بۆ هێنانی هێز لە لایەن هەندێك پەرلەمانتاری كوردەوە لە بەغدا سیمای خۆپیشاندانەكانی ناشرینە كرد, دەبوایا ئەو دەنگە ناشازانە سەركوت بكرانایەو لە لاین خۆپیشاندەرانەوە وەڵامی دەستبەجێ بدرانایاتەوە, دەس تێوەردانی دەرەوە لە رێگای هەندێك لایەنەوە, شەڕی كوتلەو حیزبەكان بۆ هەڵبژاردن و تێكەڵكردنی بە ناڕەزایەتییەكان, هەموو ئەم كەموكوڕیانە پەیوەندیان بە ناڕەزایەتی خەڵكەوە نەبووە, هیچیشی پەیوەندی بە داخوازەكانی ئەوانەوە نەبوو, بەڵكە شەڕی حیزب و باڵەكان لە گەڵ خۆیانا هێنایانە ناو خۆپیشاندانەكانەوە, واتا حیزب بوو بە بەڵا بۆ خۆپیشاندانەكان نەك هێز.  

نەبوونی بەرنامەی رون, یەك هەڵوێستی, داواكاری هاوبەش, تەنسیق, دیاریكردنی سەركردایەتی بزوتنەوەكە, رانەهێنانی گەل لەوە پێش لە رێگای ناڕەزایەتی ناوچەییەوە, قەتیس مانەوەی لە سنورێكی جوگرافیادا,دەرنەكردنی تێكدەرانی حیزب. . . ئەمە هەڵەی خۆپیشاندەران بوو.  

ئەم حیزبانە هەموو پاڵەوان بوون لە زۆنی سەوز, وەلێ لە هەولێر هەموو پاڵەوانە بەفرینەكانیان توایەوە, تەنانەت ئەو بانگەوازانەی دەیانكرد, خۆشیان ئامادەی كات و شوێنەكەی نەبوون, ئەگەر جاران هەوڵێك دەدرا لە دەرەوەی ئەوان,ئەمجارە بەهۆی ئەو هەڵانەی باسكران, ئەو جوڵە فەردیانەش نەكران.  

راپەرینەكان ئەو كاتە مەزن دبن ئامانجی مەزن و داواكاری مەزنیان هەبێت بەرامبەر بە ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و جیاوازی چینایەتی, خەونی ئەمڕۆ واقعی سبەیە, بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە شۆرش دروستە كات و شۆرشیش مێژوو, بۆیە پێویستە خەونەكان گەورەتر بن لە گۆڕینی دەموچاوەكان و هەڵسوكەوتی روكەشی دەسەڵاتداران, لە جیاتی گۆڕینی ناو دەموچاو ئەخلاق, پێویستە سستەم بگۆڕێت, ئەوەی باسی ناكرێت لەم هەرێمە ئەم دەستەواژە ترسناكەیە كە گۆڕینی سستەمە.  

009647503714620

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu