لەئێران نرخی ژیان هەرزانترە لە نان !!... عبدالرحمن رسول

 کاتێک دەگوترێت کەسێک مرد یان چەند کەسێک مردن لەیەک کاتدا پێویستە هۆکارەکەى بزاندرێت بۆخەڵک بەگشتى ,ئایا ئەو مردنە هۆکارى هەبوونى ناتەدروستى و نەخۆشى بووە یان سروشتى بووە یاخود بە هەر هۆکاریکى ترەوەبووە,پێویستە بۆخەڵکى کۆمەڵگا ومرۆڤایەتى ڕوون بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەى لەقۆناغى ئێستادا زانست وتکنۆلۆجا زۆرباش گەشەى کردووە لەسەرجەم بوارەکانى مرۆڤایەتى دا بەڵام بەداخەوە گەنجان ولاوانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەژێر سایەى ڕژێمى کۆمارى سێدارەى ئیسلامى ئێراندا ڕۆژانە بەشێوازى جۆراوجۆر بەرەومەرگ دەبرێن,گەنجان ولاوان لەبەر هەبوونى بێکارى,بۆ دابینکردنى گوزەران وژیانى خۆیان وخانەوادەکەیان بەناچارى کارى تاقەت پڕوکێن وقورس دەکەن و بەناچارى ڕوودەکەنەجۆرە کارێک کە خۆشیان زۆر باش دەزانن ئەو جۆرەکارانە زۆر مەترسیدارو ناشایەستەیە بەخۆیان وسلامەتى گیانیان لەمەترسى دایە بەبەردەوامى بەڵام لەبەرئەوەى ئەوان نایەنەوێت هەرگیز سەرشۆڕبکەن بۆ خواست وداواکارییەکانى ڕژێمى چەوسێنەرى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران. گەنجان ولاوان مردنى ناوبەفریان پێ باشترە لەدەست کەوتنى نانێک کە بەکۆیلەیەتى وجاشایەتى و خۆفرۆشى پێیان بدرێت لەلایەن ئەوڕژێمە داگیرکەرو سەرکوت کەرەى ئێرانەوە.

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ژمارێک کۆڵبەری لە نزیک بێورانی سەردەشت کەوتنە ژێر هەرەسی ڕنوو و گیانیان لەدەست داوە. هاووڵاتییان لە گوندەکانی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە بەفریای کۆڵبەرانەوە چوون. ئێوارەی رۆژی شەممە 9ی رێبەندانی 1395، بە هۆی بارینی بەفر و هەرەسی ڕنوو لە بێوارنی ناوچەی سەردەشت سێ كۆڵبەر بوونە قوربانی. ناوی ئەو سێ كۆڵبەڕەكەگیانیان لە دەست داوە بریتیە لە: "دیار محەممەدنژاد "کوڕی هەمزە، تەمەن ١٨ ساڵ و "شێرزاد عەبدوڵایی" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عومەر و "هیوا ئیبراهیمی‌نیا" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ ساڵ". هاوكات بەپێى سەرچاوەى هەواڵى ڕاگەیاندنەکان كۆڵبەرێكیش بریندار بووە كە ناوی "ڕزگار عەلیزادە" خەڵکی گوندی بێوارانی خوارێ، كە لەو ڕووداوەدا لاقێکی شکاوە. شایانی گوتنە ئەو کۆڵبەرانە بە هاوكاری خەڵکی خۆجێیی و شاخەوانان و خەڵکی شاری سەردەشت ڕزگار کراون. بارینی بەفر لە وەرزی زستاندا یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانە کە بەرەوڕووی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەبێتەوە.

کاک خدر کۆڵبەرێکی خەڵکی خانێیە، حەفتا ساڵی تەمەنە، ئەو پێنج منداڵی هەیە، تازە عەمەڵیکی قەلبی کردووە و ددانەکانیشی کیسی کردووە ودەڵێ پووڵیشی نییە بچێتە دوکتۆر. و ئێستا بارێک کەدەبێ هەڵیگرێ ١٢٠ کیلۆیە. ئەمانەو چەندین چیرۆکى خەم ناک ودڵتەزێن وویژدان هەژێن ڕۆژانە لەهەواڵى ڕاگەیاندنەکان دەبیستین وبڵاودەکرێتەوە.

ئەگەر ئەم گەنج ولاوانە هی وڵات و دەوڵەتێکى پێشەکەوتووبان,یاخودسیستەمێکى مەدەنى وشارەستانى وئازاد وبەرابەریان هەبووایە لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان بانایە، ئێستا یان خەریکی خوێندن بوون یان کارێکی شیاوی خۆیان دەستکەوتبوو، یاخود لەوانەش بوو تەنیا بەژن و باڵای بەس بێت بۆ ئەوەی ببێتە "فۆتۆ مۆدێل" یان سینەماکارێکی سەرکەوتوو، مۆزیک زان ومامۆستا وگۆرانى بێژ ویا هەرکارێکى شایەستەى بە گەنجێتى خۆى بکات بە ئازادانە وخەڵکى کۆمەڵگاکەى لەداهێنانە فکرى و ئەقڵێکەیان وجەستەکەیانەوە سوودى لێیان بینێت. کەچی لە کوردستان بە ناچاریی بوون بە کۆڵبەر و لەم تەمەنە کەمەدا گیانییان لە دەستدەدەن!! بۆ پەیدا کردن بۆ منداڵ , بەفر دڕین , تاریکە شەوو شاخ و کیو بڕین , قورسای سەر شان و مل لە پشت بیوران , هاتنە خواری ڕنوە بەفر و خنکان بۆ نان بۆ سەربەرزی و سەر بڵندی لای ژن و منداڵ لای دایک و باب و لاى سەرجەم خەڵکى کوردستان .

ژیان و بژێوی کۆلبەر لە رووبەروو بوونەوەی پاسداری دڵ رەق و سنوری مین رێژ و باران و تۆفان و رنۆ و خاوەن کاری بەتەماح دا، هەر ساتێکی کارەسات و ژان و مردنە. ئەوان ژان دەژین و لە پەراوێزی تەنانەت وێژدانی مرۆڤە ئاگا و هۆشیارەکانیشن. ئەوان گیانیان لەسەر دەست دانا تاكوو لارەمل و شڕەخۆری ڕێژیمی دوور لە كەرامەتی مرۆیی نەبن.


ڕۆحی كۆڵبەرانى گیان بەختكردووە بەرز و بەڕێز و شاد بێ. وێڕای هاوخەمی دەربڕین لە گەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ئەم روداوە، كۆماری ئیسلامی بە هۆكاری سەرەكی ئەم چەشنە روداوانە تاوانبارە
. لەبەرئەوەى ئەرکى دەسەڵات ودەوڵەتە کارى شایەستە بەگەنجان ولاوان دابین بکات,بەربەگەشەى بێکارى ونەبوونى وهەژارى بگرێت بەڵام دەوڵەتى سەرکوتکەروچەوسێنەرى کۆمارى سێدارەى ئیسلامى ئێران هەرگیز ناخوازێت ونایەوێت چارەسەرى هەژارى وبێکارى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بکات هەربۆیەشە کەمترین کارگەو شوێنى دابینکردنى کار لە کوردستان هەیە,یاخود ئەگەر چەند کارگەیەکیش هەبێت ئەوا یاساکانى کارکردن لەبەرژەوەندى خەڵکى کرێکاروزەحمەتکێش دانییە بەردەوام لەبەرژەوەندى وسوودى خاوەنکارى سەرمایەداردایە کە بەرپرسەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەناوچەکە شەریکەبەشن یاخود خاوەنى کارگەومزرایەکانن.

لە وڵاتی داگیر کراوی کوردستان, نرخی ژیان هەرزانترە لە نان بۆیە کۆمارى سێدارەى ئیسلامى ئێران هۆکارى ڕوودانى ئەم جۆرە کارەستە دڵتەزێنانەو چەندین ڕووداوى دڵتەزینى ترە کە لەڕابردوو ڕوویانداوە,دوێنێ کارەساتی پلاسکۆی تاران، ئەمڕۆ کۆڵبەرانی سنوری سەردەشت. قوربانیەکان هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشى خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگەن لە لەداهاتوودا چەندین ڕووداوى کارەست باروخەمناکبارتریش لەژێر سایەى ئەم سیستەمە دیکتاتۆر وزاڵم وفاشى یە ڕوودەدات لەبەرئەوەى خۆى گەشە بە بێکارى ونابەرابەرى وسەرکوت وئیستبداد دەدات. ئەبێت ئەوە ڕاستى یە بزاندرێت یەک ژیانی قوورس و یەک چارەنووسی چینایەتی هاوبەش ڕووبەڕووى خەڵکى ئێران بەگشتى بۆتەوە,ئەگەرچى لەزۆر بواردا لەڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆر سەختروچەوسێنەرترە لەبەشەکانى تر بەهۆى زمانى جیاوازوئایینى جیاواز کەزۆرینەى ڕۆژهەڵات کوردن وسوونەمەزهەبن بەڵام بۆسەرکەوتن وبەدیهێنانى ئامانجەئینسانییەکان کە بەکۆتایى هێنان وڕوخانى ڕژێمى کۆنەپەرستى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران دەستەبەردەبێت,ئەویش تەنها ڕێگایەکیش لەبەردەم هەمووماندا یەکگرتن و خەباتی چینایەتی یە ,خەباتى هاوبەشى ئازادیخوازى ویەکسانیخوازی یە کە بەرەو ئایندەیەکى باشتر بچێت کۆمەڵگاى ئێران بەگشتى و ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى. ئەوەش تەنها بەبەهێزکردنى شۆڕش وتێکۆشانى ئازادیخوازانە ویەکسانیخوازانەى خەڵک دەبێت کە بەیەکگرتوانە بێنەمەیدان بۆ ڕوخانى ڕژێمى هارودڕندەى دژەئینسانى کۆمارى سێدارەى ئیسلامى ئێران ودامەزراندنى سیستەمێکى سیکۆلارو مەدەنى وشارەستانى و ئازاد وبەرابەر. پێویستە خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان یارمەتی ڕۆڵە ئازادیخوازە شۆڕشگێڕەکانی خۆی بدات تا بگەنە ئازادی و بەرابەرى, لە غەیری ئەوەدا هەر بە ستەم دیتوو کۆیلایەتى دەمێننەوە.





نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu