ئەم نووسینە ڕەخنەکردن نییەو، هەرکەس ڕای ئێمەی لەسەر یەکێتی و حزبەکانی تر، لەوەندە ساڵی ڕابردوودا جارێ، دوان، سیان، هەر پێگەیشتووە. بۆیە لەسەر ئەم ڕێککەوتن و تێکەوتنە، وەک خۆی چەند خاڵێک بە پێویست ئەزانم، ئەوەش لەبەرئەوەی کاتی خۆی یەک له ئەندازیارانی ڕێککەوتنەکە ڕای ئێمەی وەرگرت، ئێستاش داوای بۆچونی ئێمەومانان ئەکا، هەرچەندە ئەم هاوڕێیانە نایانەوێ بەم ڕا وەرگرتنە مشوری خەڵک و یەکڕیزی بخۆن، بەڵکو بە دوای چارەنووسی خۆیانەوەن، پاشان ئێمە تەقریر نووس نیین، ڕۆژنامەنووس و ئاگاداری ڕەوشەکەین، بۆیە هەقە خەڵکیش شتێک لە ڕاستیەکانی لابێت:
یەکەم؛ ئیرادەی ڕێککەوتن و یەکگرتن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان سەر ناگرێ، لەبەر:
٭ ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاری یەکێتی و گۆڕاندان، ئەوانەن سی بۆ چل ساڵی ڕابردوو پێکەوە هەڵیان نەکردوەو خەریکی پاشقول لەیەکدان و، بێزارکردنی یەکتر بوونە. بەرژەوەندی و حەزی شەخسی لێکى جیاکردونه تەوە نەک پرەنسیپ و بیری جیاواز بۆ حوکمڕانیکردنی دروست.
٭ مام جەلالەکەی یەکێتی بواری سیاسەتکردنی نەماوەو، مام جەلالەکەی بزوتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا) لە بەر باری تەندروستی و بێزاری لە دەوروبەرەکەی، دوور کەوتۆتەوە.
٭ هەموو ڕێککەوتنێک دوو ڕەگەزی گرنگی هەیە، (کات) و (شوێن)، شوێنی ڕێککەوتنەکە سولەیمانیەو سولەیمانیش تەجاوز ناکات، دەرکەوت لەبەغداش کاریگەریی دروست ناکات. کاتی ڕێککەوتنەکەش زروفێکی دژواری ئابوریی و سیاسی و ئەمنی یە، داینامیکیەتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات بوار نادات بۆ ساڵێک تەنها لە سەر (۳) خاڵ ڕێککەوتن بکرێ، کەچی هينى هەڤاڵانی یەکێتی و گۆڕان (۲۲) خاڵە !!. پەیماننامەی لۆزان گەورەترین ئیمپراتۆری مێژوویی لەسەر هەڵوەشایەوە، تەنها (٥) خاڵ بو!
٭ لە بنەڕەتدا ئەم ڕێککەوتنە لەسەر دروستکردنی توانایەکی مرۆیی باش نییە بۆ هەردوولا، هەر یەکێتیەک، هەر گۆڕانێک، ئەزانێت حزبەکەی چۆڵ و خاڵی خاڵی بووە لە کادیریی سەردەمی و خاوەن فیکر، کە دیدێکی یونیڤێرساڵی هەبێت، ئەم دوو حزبە یەک شوێنیان تەندروست مابو، ئاستی ناوەندو کادیریی وەسەتی بو، ئەوەش نەما !. ههریهكهى بهلایهكا ڕۆى !. ههریهكهو بهجۆرێ خهسێنراو، پهراوێزخرا!. خهسێنرا !. جگە لەوەش خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە قسەی نییە بۆ سیاسەتی نوێی جیهان، بۆ هێڵەکانی ووزە، پێکەوەژیانی ئاینی و کەمینەکان. . . تادوایی.
٭ یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان، لە ساڵی ( 1991) ه وه بەرپرسیاری نیوەی گەندەڵی و فەزاحەت و کارەساتە مرۆیی و داراییەکانی هەرێمی کوردوستانە، لە پڕ کشانەوە، یاخود تێکەوتن و، بەریە ککەوتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردوستان، لێکەوتەو ڕەهەندەکانی چیین؟.
دووەم؛ بۆ ئەوانەی داوای یەکگرتن لەگەڵ گۆڕان ئەکەن، سوودەکەی ئەوەیە چارەنووسی یەکێتی یەکلا ئەکاتەوەو، کۆنگرە ببەستن، لەوێشەوە ئەم دەستەیە بێنە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی. . بۆ ئەوانەشی داوای ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەکەن سوودەکەی ئەوەیە، لە ناو حکومەتەوە نفووسی هەندێ کەس لەناو یەکێتی کەم بکەنەوەو بەرانبەرەکانیان لەناو گۆڕان و یەکێتی وردوخاش بکەن، گرفتە هەمیشە تەئجیلکراوە هەنوکەییەکانی ناو یەکێتیش بە ڕووداوێکی تری هاوشێوەی هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی بسپێرن.
سێهەم؛ تەنها ڕێککەوتنی یەکێتیە لەگەڵ پارتی ئەتوانێ، هەرێمی کوردستان لە دابەشبون بپارێزێ، دابەشبونی کۆمەڵایەتی، دابەشبونی سەربازیی، دابەشبونی ئابوریی وکانەکانی نەوت و غاز، دابەشبون بەسەر جەمسەرگیریی هەرێمایەتی دا، دەرەنجامی ئەمەش جیاوازییەکی هێندە زۆر دروست ئەکا، مەگەر جیاوازی نێوان دوو قوبرسی تورکی و یۆنانی هێندە بێت. ئیمشەو یەکێتی لەو حکومەت و پەرلەمانە ئیفلیجکراوە بکشێتەوە، سبەی ئێوارە هەرێمی کوردوستان بووەتە خاوەنی دوو هێزی پێشمەرگەو، دوو سبەی کورد و کورد لە کەرکوک لەسەر ئاڤاناو بای حەسەن جەنازەیان لەو هەردەو هەڵەتە کەوتووەو، سێ سبەی حەشدی شەعبی و مالیکی لێدوانی خۆی داوە، ڕەنگە ئەوکاتە مامۆستا عەبدول لەتیفی سەلەفیش بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، هەوڵی ئاشتەوایی ڕابگەیەنێ و، ناوبژیکەریان بێت. . . ئەم لاسەنگ کەوتنە نەک بۆ (هەرێمی کوردوستان) بەڵکو نا ئومێدی تەواو ئەگەیەنێتە پارچەکانی تری ( کوردوستان).
لە کۆتاییدا، من دژی ڕێککەوتن نیم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، هەر ڕێککەوتنێک باشترە لە مۆڕە لەیەککردن و، پەلاماردانی یەکدی، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان ( کە دە ساڵە ڕەخنەم کردوە) ئێستا تاکە پارێزەری هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، هەمزەی وەسڵی هەموو هاوکێشەو پیتەکانە، پێویستە بە قسەی عەوام و فەیسبوک تێ نەکەوێ، لە جنێو و تەشهیر و هاتوهەرای لابەلا سڵ نەکاتەوە.
"بەهرۆز جەعفەر"