لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بۆ پشتیوانی خوێندکارانی خۆپیشاندەر بڵاو کردەوە

ئەمە دەقی پەیامەکەیەتی:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندووە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا.
ئێمە لەکاتێکدا دووبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت.
نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕووی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبووڵ نییە و دەبێت برایانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دوور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
لێرەشەوە دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزوور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گریانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) کوڕی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار)، بە بیانوی پڕوپووچ و بێ بنەما بە تووندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر تووڕە و ڕق ئەستوورتر نەبێت بەرامبەریان.
بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش، وا پێدەچێت بەشداربووانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە دەتوانن پارەی دوو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی (٦) ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن.
لە کۆتاییدا هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانە و هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستوورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە.
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتییی نیشتیمانیی کوردستان
نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu