مەنسوور جیهانی ـ 34مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران پاییزی ئەمساڵ بە سەرۆکایەتی "عەلیڕەزا تابش" لە شاری مێژوویی ئیسفەهان بەڕێوەدەچێت.
سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF بە بەرپرسیاریی "عەلیڕەزا تابش" و بە هاوکاریی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شارەوانی ئیسفەهان و ناوندیی سینەمایی فاڕابی ئێران لە دوو بەشی پێشبڕکێی "سینەمای ئێران"، بەشی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە چوارچێوەی فیلمەبڵندە سینەماییەکان، کورتە فیلمەکان، فیلمی ئەنیمەیشنی و کۆمەڵەی وێب لە رۆژانی 8 تا 13ی ئۆکتۆبەری 2021 لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.
لە پێناو پەرەپێدانی یەکسانی فەرهەنگی لە ئاستی وڵات و هەروەها تەبایی بنکەی نەتەوەیی خەبات دژی کۆڕۆنا لە ئێران، نووسینگەی فێستیڤاڵ؛ دەتوانێت فیلمەکانی ئەم ڕووداوە هونەرییە و بە پێی داخوازیی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی فەرهەنگ و ڕۆشنبری لە هەر کام لە پارێزگاکانی ئێران نمایش بکات.
ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی درێژەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاستی جیهاندا و بە هاوکاری لەگەڵ بنکەی نەتەوەیی خەبات دژی کۆڕۆنا، بە شێوەی تێکەڵاویی ئامادەبوون و ئۆنلاین، هاوکات لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و تیایدا ئەم خەڵاتانەی خوارەوە پێشکەش بە براوەکانی ئەم ڕووداوە سینەماییە دەکرێت:
بەشی پێشبڕکێی "سینەمای ئێران":
خەڵاتەکانی باشترین فیلمەکانی سینەمایی، کورتە فیلم و ئەنیمەیشن، خەڵاتی باشترین دەرهێنانی فیلمی بڵیند، خەڵاتی باشترین سیناریۆی سینەمایی، خەڵاتی باشترین ئەکتەر، باشترین دەستکەوتی هونەریی، خەڵاتی باشترین دیزاین، خەڵاتی باشترین دەنگ، خەڵاتی "زاوەن قۆکاسیان" بۆ باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی "بێهنام مەحموودی" بۆ باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران، خەڵاتی تایبەتی "سەرۆکی فێستیڤاڵ"، خەڵاتی "وێب سێری" و هەروها خەڵاتی سیفژ لە لایەن رێکخراوەی "سیفژ" واتە رێکخراوەی نێودەوڵەتی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان.
بەشی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی":
لەم بەشەدا ئەو فیلمانەی کە لەگەڵ فەرهەنگی ئێران تەبان و بە پێی بیرووڕای پسپۆڕانی سینەمایی دەستنیشانکراون، لەگەڵ سێ فیلمی بەرچاویی ئێرانی نمایش دەکرێن.
خەڵاتەکانی باشترین فیلمەکانی سینەمایی، کورتە فیلم و ئەنیمەیشن، خەڵاتی باشترین دەرهێنانی فیلمی بڵیند، خەڵاتی باشترین خەڵاتی سیناریۆی سینەمایی، خەڵاتی باشترین ئەکتەر، خەڵاتی باشترین دەستکەوتی هونەریی، خەڵاتی باشترین دیزاین، خەڵاتی باشترین دەنگ، خەڵاتی "سیفێژ" بۆ باشترین دەرهێنەر و هەروەها خەڵاتی "یۆنیسێف" بۆ باشترین دەرهێنەر.
یاساکانی فێستیڤاڵ:
هەڵبژاردنی فیلمەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لەوانە: ئێرانی و یا بیانی لە لایەن بنکەی فێستیڤاڵ جێبەجێی دەکرێن. پێویستە ئەو فیلمانەی کە لە فێستیڤاڵ، نمایش دەکرێن؛ نابێت لە خولەکانی پێشوودا بەشدارییان کردبێت.
تەواویی فیلمەمان، بۆ نمایش لە دوو گرووپی تەمەنی منداڵان (6 تا 9 ساڵ) و مێرمنداڵ (10 تا 15 ساڵ) پۆلێن دەکرێن.
ئەم فێستیڤاڵە، چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە خۆگرتووە، لەوانە:
فیلمی سینەمایی، کورتە فیلم (3 تا 15 خولەک) و نیوەبڵیندی چیرۆکی (30 تا 75 خولەک)
فیلمی سینەمایی ئەنیمەیشنی، کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی (3 تا 15 خولەک) و نیوەبڵیندی ئەنیمەیشنی (30 تا 70 خولەک)
ناردنی فیلم بۆ فێستیڤاڵ:
بەشداربووان دەتوانن بۆ بەشداریی فیلمەکانیان، لە ماڵپەڕیی ئەم فێستیڤاڵە بە ناونیشانی www.portal.icff.ir ناونووسی بکەن و وردەکارییەکانی دیکەش لە ماڵپەڕیی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە ناونیشانیwww.icff.ir هاتووە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران چەندین مەبەست لەخۆدەگرێت، لەوانە: 1ـ ناساندیی بەرهەمی بەرچاویی سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان لە بوارەکانی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی و رێزگرتن لە بەرهەمهێنەرانی ئەم فیلمانە، 2ـ ڕەخساندنی بواریی گونجاو بۆ چالاکانی سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە و 3ـ سەرهەڵدان و گەشەپێدانی بەرهەمهێنان و نمایش لە سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان لە رێگای ڕەخساندنی هەل بۆ گۆڕینەوەی ئەندێشە و ئاڵووگۆڕیی بیرووڕا لە نێوان کاربەدەستانی سینەمای منداڵان و مێرمنداڵان، خاوەنبیران و هۆگرانی هونەریی سینەما.