پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" لە ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت
مەنسوور جیهانی ـ پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە نمایشی بەرهەمی هونەرمەندانی کورد و وڵاتانی جیهان لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" New York بە بەرپرسیاریی خاتوو "خەیاڵ قێرتێڵ" XeyalQertel دەرهێنەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤی کورد و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و وڵاتانی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فیلمە بڵیند و کورتی چیرۆکی، و ئەنیمەیشنی و بەڵگەفیلمە کورت و درێژەکان، پێشکەشکردنی کۆنسێرتی مۆسیقا، خوێندنەوەی شیعر، ناساندنی کتێب و وتووێژ لەگەڵ نووسەرەکانیان و بە ڕچاوگرتنی هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان، بە شێوەی ئامادەبوون لە ڕۆژانی 19 و 20 و 21ی سپێتەمبەری 2021 لە هۆڵی سینەمایی "ئانجلیکا" Angelikaلە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵی فیلم و کەلتووری کوردی "نیۆیۆرک" NYKFCFلە لایەن خاتوو "خەیاڵ قێرتێڵ" لە ساڵی 2017 لە وڵاتی ئەمەریکا دامەزراوە تاکوو لەوە زیاتر، سینەمای کوردی و هەروەها فەرهەنگی ڕەسەنی کوردەواری بە خەڵکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان بناسێنێت؛ چونکە میراتی کەلتووری کوردەکان مێژووییەکی کۆنی هەیە و دەبێت هەوڵی زیاتریی بۆ بدرێت تاکوو بە شێوەی بەربڵاو لە ئاستی جیهاندا بناسێندرێت.
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە تەرکیز لەسەر خەبات و بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنان و کچانی کۆبانێ لە بەرانبەر گرووپی تیڕۆریستی داعش، بۆ نمایشی بەرهەمە سینەمایی و ئەدەبییەکانی ژنانی کورد و هەروەها بەشداریی ئەوان لە ئاخاوتن سەبارەت بە مافی مرۆڤ، فێمێنیزم، ئەدەبیات و هەروەها ڕێکخستنی یەکسانی مافی کۆمەڵایەتی پلانی بۆ داندراوە کە بە پشتیوانی "ئەنجوومەنی یەکسانی بۆ کوردەکان" KFCF، نووسینگەی "ڕۆزا لۆگزامبۆرگ" Rosa Luxemburg لە نیۆیۆرک، ناوەندی "نیۆیۆرک کێوێرکان" Kevorkian، ناوەندی کوردی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا و هەروەها بە هاوبەشی "ئەنستیتۆی کوردی واشنگتۆن"، چەندین کۆمپانیاکانی بڵاوکەرەوەی فیلم لەوانە: "کات" Kat، "ڕێتاو" Retaw و "ئ ـ فلۆکس" e-flux و هەروەها نووسینگەی "فیلمی ئەڵمانیا" بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک"، ژەنیار و موزیکزانی کورد "ئۆزان ئاکسوێی" Ozan Aksoy پسپۆڕی نەتەوەناسی لە کاتژمێر 18:20ی ڕۆژی هەینی 10ی سێپتەمبەری 2021 سەبارەت بە مۆسیقای کوردی هاتە ئاخاوتن و پاشان بە ئامێرەکەی خۆی چەندین پارچە موزیکی کوردی پێشکەش کرد.ئاکسوێی بەوپەڕیی لێهاتووییەوە چەندین ئامێر بە باشی دەژەنێت و دەنگێکی بەسەزیشی هەیە کە بەرهەمەکانی خۆی بە پێی دابوونەریتی مۆسیقای نەتەوەیی و ئایینی تورکیا، لەوانە: کوردەکان، ئەرمەنییەکان، لازەکان و عەلەوەییەکان پێشکەش دەکات و ئەوان بە هۆگرانی مۆسیقا لە وڵاتی ئەمەریکا و سەرتاسەری جیهان دەناسێنێت.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمە و لە کاتژمێر 18:50 کۆڕیی ناساندنی کتێبی پڕفرۆشی "کچانی کۆبانێ" The Daughters of Kobani لە نووسینی خاتوو "گەیل توماچ لێمون" Gayle Tzemach Lemmon ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەمەریکی بەڕێوەچوو.نووسەر لەم کتێبەدا ژیانی ژنە شەڕڤانانی ئازا و خەباتکاری کورد و هەروەها سەرکەوتنی ئەوان بەسەر گرووپی تیرۆڕیستی داعش دەخاتەڕوو.
لە کاتژمێر 19:40 ڕۆژی هەینی 10ی سێپتەمبەری 2021، واتە یەکەمین ڕۆژی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا؛ بەڵگەفیلمی 46 خولەکی "ژیانی نوێ" New Life لە دەرهێنانی "وەیسی ئاڵتای" Veysi Altay نمایشکرا کە چیرۆکی ژیانی سێ کچە شەڕڤانی کورد لە شاری کۆبانێ و بەرخۆدانی قارەمانانەی ئەوان دەخاتەڕوو.ئەم بەرهەمە، خەباتی سەرکەوتووانەی ئەوان بۆ داکۆکیکردن لە شار و نیشتمانی دایکی خۆیان لە بەرانبەر داعش نیشانی بینەر دەدات.
لە درێژەدا بەڵگەفیلمی بڵندی "گەڕانەوە، ژیان دوای داعش" The Return، Life After ISIS لە دەرهێنانی "ئاڵبا سوتوڕا" Alba Sotorra سینەماکاری کاتالۆنیایی نمایشکرا کە لەسەر چارەنووسی سەرسووڕهێنەری ژنانی داعش و منداڵانی ئەوان لە ڕۆژئاوا توێژینەوە دەکات کە لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا و ئەمەریکا ڕوویانکردە ئەم گرووپە تیڕۆریستییە.ئەم فیلمە سەبارەت بە پەیوەندیی ئەو ژنانەی کە ئەندامی داعش بوون و ژنانی کوردە کە هەوڵدەدەن ئەوان دوای ئەندامبوون لە داعش و بەدیلکردنیان، بگەڕێننەوە بۆ ژیانی ئاسایی و لەم ڕێگایەدا یارمەتیان دەدەن.
لە دووهەم ڕۆژی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" و لە کاتژمێر 14:15 ڕۆژی شەمە 11ی سێپتەمبەری 2021، بەڵگەفیلمی بڵندی "بۆ ئازادی" The End Will Be Spectacularلە دەرهێنانی "ئێرسین چلیک" Ersin ÇELIK، لە کاتژمێر 17:10 بەڵگەفیلمی "من بریندارم" I Am Wounded لە دەرهێنانی "ئورکان بایرام" Orkan Bayram، لە کاتژمێر 17:50 بەڵگەفیلمی بڵندی "ئیلهام سامی جومەک" İlhan Sami Çomak سەبارەت بەم شاعیرە کوردە لە دەرهێنانی "چیجدێم مەزڵووم" ÇiğdemMazlumو "سێرتاچ ئیلدیز" SertaçYıldız چوونە سەر پەردەی سینەما.
لە کاتژمێر 16:15ی هەمان ڕۆژیشدا ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی "کچانی دووکەڵ و ئاور" Daughters of Smoke and Fire لە نووسینی خاتوو "ئاوا هوما" Ava Homa و لە کاتژمێر 19ی ئەم کۆبوونەوەیەشدا کۆڕی شیعر خوێندنەوەی "ئاراسیلیس گیرمای" Aracelis Girmay و خاتوو "فەخری شێکێر" FexriŞeker بەڕێوەچوو.
لە کاتژمێر 19:15 هەمان ڕۆژدا فیلمی سینەمایی "خەونە بێڕەنگەکان" Colorless Dream لە دەرهێنانی "مێهمێت عەلی کۆنەر" Mehmet Ali Konar، لە کاتژمێر 20:45 کورتە فیلمی "دوایین ماڵی دنیا" The World's Last House لە دەرهێنانی "ئەمیر غوڵامی"، لە کاتژمێر 9ی شەو بەڵگەفیلمی "دادە سەلتەنە" Dada Saltaneh لە دەرهێنانی "هادی ئەحمەدی"، لە کاتژمێر 21:35 کورتە فیلمی "گۆرانییەکانی سەردەم" Songs of The Era لە دەرهێنانی "سەرکەوت نیکدڵ" و هەروەها لە کاتژمێر 21:55 کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی "دەستپێکی دووبارە" Starting Over لە دەرهێنانی "ئەڤین بەرازی" EvinBerazi نمایشکران.
لە سێیەمین ڕۆژی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" و لە کاتژمێر 14:10 بەڵگەفیلمی بڵندی "عەشق لە بەرانبەر کۆمەڵکوژی" Love in the Face of Genocideلە دەرهێنانی "شێرۆ هیندە" Shero Hinde، لە کاتژمێر 16:10 بەڵگەفیلمی بڵندی "هەنگەڤان" The Beekeeper لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "مانۆ خەلیل" Mano Khalil و دانیشتووی وڵاتی سویسڕا، لە کاتژمێر 18:10 کورتە فیلمی "باوانی" Bavaniلە دەرهێنانی "سەجاد ئەحمەدبەیگی"، لە کاتژمێر 18:50 کورتە فیلمی "پەڵە" The STAINلە دەرهێنانی "شوڕش وەکیلی"، لە کاتژمێر 19:10 فیلمی سینەمایی "خوشکانی جودا" Sisters Apartلە دەرهێنانی "دافتە چاریزانی" Daphne Charizani بەرهەمی وڵاتی ئەڵمانیا، لە کاتژمێر 20:50 کورتە فیلمی "من سەبر دەکەم" I Will Wait لە دەرهێنانی "محەمەد شێروانی" لە هەرێمی کوردستان، لە کاتژمێر 21:10 کورتە فیلمی "کارنیکا" Karnika لە دەرهێنانی "مریەم سەمەدی"، لە کاتژمێر 21:30 کورتە فیلمی "دەریا شەپۆل شەپۆل دەلەرێتەوە" The Sea Wellsلە دەرهێنانی "ئەمیر غوڵامی" و هەروەها لە کاتژمێر 21:46 کورتە فیلمی "هاوینی قووەکان" The Summer of the Swans لە دەرهێنانی "مریەم سەمەدی" نمایش دەکرێن و هەروەها لە کاتژمێر 15:35 هەمان ڕۆژیشدا "لوقمان ئەحمەد" ژەنیاری کورد بە ئامێری دیوانەکەی خۆی بۆ ماوەی 20 خولەک تاکژەنی دەکات.
فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە بەرهەمی وێنەیی، ئەدەبی و مۆسیقایی خۆی سەبارەت بە نەتەوەی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە کە لە لایەن هونەرمەندانی کورد و یا بیانی دەخوڵقێت و بە مەبەستی خستنەڕووی دابوونەریت، زمان، جلووبەرگ، ڕەسەنایەتی، ڕەنگ و هونەرە جۆراوجۆرەکانی کوردیی بۆ هۆگرانی و ناساندنی هەر چی زیاتر و بڵاوکردنەوە و ڕەنگدانەوەی ئەوان لە کۆمەڵگای جیهانی و هەروەها بەهێزکردنی و یەکێتی ئەوان و پەیوەندیی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دنیا بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ بە خۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا و گرتنەبەریی ڕێکارە تەندروستییەکان لە بڵاوبوونەوەی کۆوید ـ 19، فرۆشتنی بلیتەکانی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرهەنگی کوردی "نیۆیۆرک"؛ هەم لەبەر درگای ماڵەکان و هەمیش لە ناونیشانی ئەنتەڕنێتی لەبەردەستدا بوو.بینەران بۆ بینینی بەرهەمەکانی ئەم ڕووداوە فەرهەنگی و هونەرییە، دەبوایە کارتی واکسینی خۆیان لە کاتی هاتنەژوورەوە بۆ ناو هۆڵی سینەمایی "ئانجلیکا" پێبێت، چونکە لە شاری نیۆیۆڕک، خەڵکی پێویستە کە بۆ بەشداریی لەو چالاکیانەی کە لە شوێنی سەرئاوەڵادا بەڕێوەدەچێت، لانی کەم یەکەمین دۆزی واکسینی خۆیان پێبێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.facebook.com/New-York-Kurdish-Film-and-Cultural-Festival-108684077215332/