بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا چەند تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردووە، كە لە چەند تاوانێكی جۆراوجۆرەوە تێوە گلاون و هەندێك لەو تۆمەتبارانە دوای ئاشكرابوونی تۆمەتەكەیان، خۆیان ڕادەستی پۆلیسی هەولێر كردووە.
لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان، بە میدیاكانی راگەیاند: "مەفرەزەكانمان لە ماوەی ڕابردوودا چەندین تۆمەتباریان دەستگیر كردووە، كە چەند تاوانێكیان لە هەولێر و دەوروبەریدا ئەنجام داوە و ئێستاش دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
لیوا عەبدولخالق ڕوونیشی كردەوە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەشێك لەو تۆمەتبارانە خۆیان ڕادەستی پۆلیسی هەولێر كردووە.
تەڵعەت، خەڵكی شاری هەولێر دڵنیا دەكاتەوە: "هەرچەندی رێگریمان لێ بكرێت و بەربەستمان بۆ دروست بكرێت، ئێمە لە كاری خۆمان بەردەوام دەبین و ئەمنییەتی ئەو شارە هەموو كات لە ئەستۆی ئێمەیە و شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەك و لە پاراستنی بەردەوام دەبین".
پۆلیسی هەولێر، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ناسنامەى بكوژان، سەرپێچیكاران و تەقەكەرەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەخاتە بەر دیدی هاووڵاتیان و لە میدیاكاندا بڵاويان دەكاتەوە.
"بە داخەوە بەشێك لە میدیاكان هەندێك جار هەواڵی چەواشەكارانە و دوور لە پرەنسیپی كاری ڕۆژنامەوانی بڵاو دەكەنەوە، بەڵام بوێری و شەونخوونی، ماندووبوون و چالاكیی هێزەكانی پۆلیسی هەولێر، وەڵامێكە بۆ ئەوانەی دژی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان قسەی بێبنەما دەكەن". ئەمە قسەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بوو.
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر
ئومێد بابان