سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند که ئاڵوگۆڕی وه‌فده بازرگانییه‌کانی نێوان کوردستان و چین دوای ئه‌وه‌ی به هۆی بارودۆخی نه‌خوازراوی کوردستانه‌وه سستی به خۆیه‌وه بینی، چالاک ده‌بێته‌وه.
دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر بە (ناوەندی هەواڵی ئازاد)ی ڕاگه‌یاند به هۆی بارودۆخی نه‌خوازراو له کوردستان که لە ئەنجامی گه‌مارۆی حکومه‌تی به‌غدا دروست بوو، به‌تایبه‌تی داخستنی فڕۆکه‌خانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی کوردستان، ئاڵوگۆڕی شانده بازرگانییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتان سست بوو له نێویاندا چین.
سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر هەروەها وتی له‌م ڕۆژانه‌دا (هوو های) کونسوڵی بازرگانی و ئابووریی کۆماری چینی میللی سه‌ردانی ژووری بازرگانیی هەولێری کردووه و گفتوگۆ کراوه له‌سه‌ر چالاککردنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی شانده بازرگانییه‌کانی نێوان هه‌ردوولا. وتیشی له دیداره‌که‌دا کونسوڵی بازرگانی و ئابووریی چین، شاندی بازرگانیی کوردستانی بانگهێشت کرد بۆ بەشداری لە دوو پێشانگای بازرگانی که بڕیاره له‌م مانگه‌دا له وڵاتی چین بکرێنه‌وه و وه‌فده بازرگانییه چینییه‌کانیش به نیازن سه‌ردانی هەرێمی کوردستان بکه‌ن.