بۆ دکتۆر تەھا ڕەسوڵ (وەرزی نوێ) ئەڵقەی ساینزە ... نوسینی چیای مامە لەتیف

من (قورئان)م لەبەرە بۆ ئەوەی سەگ نەتوانێ بمخوات!

ئەی تۆ لەکام گەردونەوە ھاتویت کە لە مرۆڤەکانی ئەم شارەناچیت!؟

من شیعرم لەبەرە بۆئەوەی شاعیرێکی چەکل دڵم نەشکێنێت!

ئەی تۆ لەکام ھەسارەوە گەیشتوی کەلە درۆی سیاسیەکان ناچیت؟!

من چیرۆکم لەبەرە بۆئەوەی (مەڕ)ەکان نەمترسێنن!

ئەی تۆ لەکام ڕێگای (مانگ)ەوە ئێرەت دۆزیەوە کەلە زەلکاوی تەماح دا نەسوڕاوی!

من عەشقم لەبەرە بۆئەوەی ئەقڵ فێری ساختەچێتیم نەکات!

ئەی تۆ لەکام (ئایندە)ی دڵەوە ھاتوی دارو بەردیش شەرمت لێدەکەن!

من خودام لەبەرە بۆئەوەی چەتەکانی نەمناسانەوە!

ئەی تۆ لەکام دەروازەی ئاسمانەوە ھاتوی

لە زمانی ڕۆح تێدەگەیت و (با)ی شکست یش ئەخوێنیتەوە!

من بۆیە بێناموسیەکەم تا ئەوانی تر باشببن

من بۆیە بە جگەرە و (چا) ڕازیم تا پارە ڕەوشتم پیسنەکات!

من بۆ ئەوە خانوە کۆنەکانم خۆشەوێت

چونکە مرۆڤەکان لەوێدا ئەژیان و

من بۆئەوە لە خانوی ئێستا دەترسم پڕی تولەسەگ و پشقلە!

من بۆ ئەوە لەنیوە شەودا بیر لە کچێکی جوان دەکەمەوە دەزانم ئاوێنەکەی خۆشی درۆی لەگەڵدەکات و ئەمەوێ ڕاستی بدەمەوە لە دەلاقەی ژورەکەی!

من بۆ ئەوە لە مردن ناترسم دەزانم برسێتی سەگ ناخاتە ناو گۆڕستان و مەڕ یش نایکاتە جێگە خەوی و لەوێ من میوانێکم لەلای خودا نەک لە سەر زەمینی چوارپێکان!

بەس من حەزەکەم

خوێندەواربم و کەس بڕوام پێناکات

ماڵم ھەبێ و خێزانێکی جوان کەس قەناعەتناکات!

سوپاس بۆ ئەوەی ھەرجارێک تۆبێیتەلام

ناسنامەیەکم ئەدەیتێ کە ھەمو ئەوانەی تر لێیانسەندومەتەوە!

سوپاس بۆئەوەی ھەر کاتێ تۆ بێیتەلام

شوناسێکم ئەھێنیتەوە کە ھەمو ئەوانەی تر لەخۆمیانکردۆتەوە!

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu