بۆ دکتۆر تەھا ڕەسوڵ (وەرزی نوێ) ئەڵقەی ھەشتەم ... نوسینی چیای مامە لەتیف

بیرتئەکەم

وەک ئەوەی (ترس) قەبرێک بخاتە نێوانمانەوە کەچی خۆشحاڵم بەوەی تۆ چەپکە گوڵێک بەدەستەوەگرتوە!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی (وەھم)دیوارێکی بەرزی لەنێوانماندا دانابێ و کەچی شادمانیم لەوەدایە ئەو دەستەی لەدەرگاکەمەدات سۆزی تۆی پێوەیە!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی (مەرگ) ئاگادارم بکا کەی دێتەسەرم!

کەچی دڵخۆشیم ئەوەیە چاوەڕوانی (زەنگ)ێکی تۆم تا مردنەکەم دوابخات!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی (طنز)ێک بیەوێ تراژیادیایەکم بۆ بچنێ تالە خوێنم دا بخنکێم!

کەچی ئاسودەیی من لەوەدایە بە دیدارێکت (مۆتەکە)ی ھەر نەفرەتێک لادەبا!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی دوای خۆت کانیەکت بردبێتە بیابان!

کەچی ھیوای من لەوەدایە بە دەنگی (پێ)ت تەمی زریانێک ئەکەیتەوە بە ڕۆژێکی ڕوناک!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی ئاوازێکی تازە بگاتە بێکەسیم و ئیتر لە غەریبیدا بۆ دەرگای شێتی بگەڕێم!

کەچی خۆزگەی من لەوەدایە ھەمو ڕێگاکانم گەیشتنەوە بەتۆبێ و بەخودی خۆت وکەسی ترنا!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی ئازارێک دەماغم برینداربکا و دەرونیشم توشی نەزیفبکا و لەنێوان مرۆڤ بون وئاژەڵیدا ڕامگرێ!

کەچی تکای من بۆئەوەیە لە چاوەڕوانی تۆدا تەرمەکەم بگات!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی کوێربون ھەڕەشەم لێبکا و فەلەجبونیش دەماری دڵم بکوتێ!

کەچی نزای من بۆئەوەیە دەرمانی (نەمری)تۆ ئاسمان بەزویی و بە خێرایی مۆری بکات!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی نەزمانێکم بۆ ھاوار ھەبێ و نە چاوێکم بۆ ڕزگاربون و نە دەستێکم بۆ کۆمەک و نەھیچ و نەھیچم بۆمابێتەوە!

کەچی (سەر)م ھەیەو لەیادم کردوە تا قوربانیەک بێ لە خزمەتتدا!

بیرتەکەم

وەک ئەوەی گەیشتبێتم بە کۆتایی و کارێکم لە گەردون و لەم ھەسارەیە نەمابێ و دوا ھەل و دەرفەتێک گەر بھێڵێن قسەی ئاخیری تێدابکەم ئەوەیەو دەلێم

-دکتۆر گیان ئەڕۆی بۆھەرکوێ بڕۆ بەس ئێستانا

-دکتۆر گیان ئەچی بۆ ھەرکوێ بچۆ بەس ئێستانا!

-دکتۆر گیان بۆنی بەھەشت لەگەڵ بونی تۆدا ڕەگیداوەو بە ڕۆیشتنی خۆت ئەم دۆزەخەمان بۆ گەورەتر و قورستر و تەڵخترمەکە. . . .

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu