ئەڵمانیا: دەمیرتاش ئومێدێکە بۆ ئاشتی و چارەسەر

ئەڵمانیا: دەمیرتاش ئومێدێکە بۆ ئاشتی و چارەسەر
تورکیا: بەخشینی ئەو خەڵاتە بە دەمیرتاش سکانداڵ/ئابڕووچوونە
دوێنێ، بە ئامادەبوونی وەزیری دەوڵەت بۆ کولتوور و میدیای حکوومەتی فیدراڵی خاتوو کلاودیا ڕۆت و ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدار و لێپرسراوانی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، خەڵاتی مافی مرۆڤی شارەوازنیی ڤایمار بە سەرکردەی زیندانیکراوی کورد سەلاحەدین دەمیرتاش بەخشرا.
سلێمان دەمیرتاشی برای سەلاحەدین دەمیرتاش، لەبری براکەی، خەڵاتەکەی وەرگرت.
لە وتاری بەخشینی خەڵاتەکەدا، وێرای جەختکردنەوە لە هەبوونی دۆزی کورد لە تورکیا، هاتووە: ئەم خەڵاتە دەبەخشرێت بە سەلاحەدین دەمیرتاش لە پای هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بۆ چارەسەریی دێمۆکراسی و دێمۆکراتیزەکردن و ئازادیی بیر و ڕا و زمان و کولتووری مرۆڤەکانی تورکیا.
وەزیری دەوڵەت بۆ کولتوور و میدیا خاتوو کلاودیا ڕۆت لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکەدا دەستەواژەی "هاوڕێم دەمیرتاش"ی بەکارهێنا و گوتی: "دەمیرتاش مرۆڤێکی بوێر و خاوەن دڵێکی گەرم و سیاسەتمەدارێکی زیرەک و پارێزەرێکی مافی مرۆڤ و کەسێکی دێمۆکراتە. ئەو ئومێدێکە بۆ دێمۆکراتیزەکردنی تورکیا."
لەلایەکی تر، میدیاکانی تورکیا ئەمڕۆ هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر ئەڵمانیا و حکوومەتەکەی و بەخشینی خەڵاتی مافی مرۆڤی شارەوانیی ڤایماریان بە دەمیرتاش وەک "سکانداڵ / ئابڕووچوون" بۆ ئەڵمانیا وەسف کردووە.
هێژای گوتنە، بەخشینی ئەو خەڵاتە لە سێیەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی ئەڵمانیادا و بەشداربوونی وەزیرێکی ئەو حکوومەتە لە ڕێوڕەسمەکەدا و وەسفکردنی دەمیرتاش وەک "ئومێدێک بۆ دێمۆکراتیزەکردنی تورکیا"، پەیامێکی ڕوونە بۆ تورکیا و ئەمەیش هۆکاری تووڕەبوونی حکوومەت و میدیای تورکیا ڕوون دەکاتەوە.
سەرچاوە: میدیاکانی ئەڵمانیا و تورکیا
نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu