فەلەکناس ئوجا: بۆچی لە زمانی کوردی دەترسن؟ ... بەکر شوانی

پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری باتمان لە پەرلەمانی تورکیا فەلەکناس ئوجا دوێنێ لە وتارێکدا لە پەرلەمان تیشکی خستە سەر قەدەغەی خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی لە تورکیا و وتارەکەی خۆی بە زمانەکانی تورکی و ئەڵمانی و کوردی پێشکەش کرد. ئەمەیش تووڕەبوونی هەندێک لە پەرلەمانتارانی ئاکەپە و مەهەپەی بە دوای خۆیدا هێنا و ئەو پەرلەمانتارانە دەیانگوت زمانی فەرمی تورکیا تورکییە و نابێت وتاری درێژ بە زمانی تر لە پەرلەماندا پێشکەش بکرێت.
ئوجا لە بەشێک لە وتەکانیدا ئاماژەی کرد بۆ هەبوونی ٣ زمانی فەرمی لە بەلجیکای پایتەختی یەکێتیی ئەوروپا و ٤ زمانی فەرمی لە سویسرا و ٢٢ زمانی فەرمی لە هندستان و گوتی: "١٤٣ دەوڵەتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاد لە زمانێکی فەرمییان هەیە. کەچی هیچ یەکێک لەو وڵاتانە ترسی دابەشبوونیان نییە، چونکە جگە لە ئێوە، هەموو کەسێکی دەزانێت کە فرەزمانی وڵات دابەش ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەوڵەمەندی دەکات. سەرۆک کۆمار ئەردۆگان لە سەردانەکانیدا بۆ ئەڵمانیا لێکلێکدا داوای خوێندن بە زمانی دایک بۆ تورکەکان دەکات. بەڵام لە ئەڵمانیا هەر لە قۆناغی سەرەتایییەوە خوێندن بە زمانی دایک ناچارییە. ئێستا لە ئێوە دەپرسم: بۆچی لە ئەڵمانیا داوای خوێندن بە زمانی دایک دەکەن و لە تورکیا بە هەمان داواکاری هەراسان دەبن؟ ئێوە بۆچی بەو ئەندازەیە لە زمانی کوردی دەترسن؟ زیانی چییە بۆ ئێوە ئەگەر مرۆگەل بە زمانی خۆیان گوزارە لە خۆیان بکەن و بە زمانی دایک بخوێنن؟"
فەلەکناس ئوجا کچی بنەماڵەیەکی کوردی ئێزیدیی باکوری کوردستانە و ساڵی ١٩٧٦ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە و گەورە بووە. ساڵی ١٩٩٩ هەتا ٢٠٠٩ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بوو لەسەر لیستی پارتی سۆسیالیستی ئەڵمانیا. ساڵی ٢٠١٥ گەڕایەوە تورکیا و لە ساڵی ٢٠١٨وە ئەندامی پەرلەمانی تورکیایە.
 
 
نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu