بەڵێ لە تورکیا سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان هەیە ... بەکر شوانی

بەڵێ لە تورکیا سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان هەیە ... بەکر شوانی

بەڵگەکانی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان دەدوێن… نموونەی دووەم:
بەڵێ لە تورکیا سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان هەیە
بەکر شوانی*
ئاشکرایە ناوی کوردستان لە سەدان بەڵگەنامەی مێژووییی سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا هاتووە و ئەو بەڵگەنامانە هەموویان لە ئەرشیڤی دەوڵەتدا پارێزراون. پاش ئەوەی لە پۆستی پێشوودا نموونەیەکم خستە ڕوو، وا لێرەدا نموونەیەکی تر دادەنێم. بەڵام پێش خوێندنەوەی بابەتەکە سەرنجتان بۆ دوو خاڵ ڕادەکێشم؛
یەکەم: وێنەی کانزایەکی شێوە پارەیی سەردەمی عوسمانی هەیە کە نموونەی لە مۆزەخانەکانی تورکیادا پارێزراوە. ئەو مەدالیایە لە میدیای کوردیدا بە هەڵە ناسێندراوە و وەک پارەیەکی سەردەمی عوسمانی خراوەتە ڕوو (نموونە: کۆمێنتی یەکەم)، تەنانەت هەندێک کەسی تر بێ هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەک وەک "دراوێکی کانزایی میرنشینی سۆران" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە پارە نییە، بەڵکو مەدالیایەکی دەوڵەتی عوسمانییە و ساڵی ١٨٤٧ وەک دیاری بەخشراوە بەو تورک و کوردە سەربازی و سڤیلانەی کە لە شەڕی ٣٠ ساڵەی دەوڵەتی عوسمانیدا دژ بە میرنشینە کوردەکان (١٨١٧-۱۸٤۷) بەشدارییان کردبوو. دیوێکی مەدالیاکە وشەی "کوردستان" و ساڵی ١٢٦٣ی هیجری (١٨٤٧)ی زایینی بەسەرەوەیە و ئەو ساڵەش ڕێککەوتی مێژووی کۆتاییهێنان بە میرنشینە کوردییەکان و قۆڵبەستکردنی میرە کوردەکان و دامەزراندنی ویلایەتی کوردستان دەکات. دیوەکەی تری مەدالیاکە تووڕە (مۆر)ی دەوڵەتی عوسمانیی بەسەرەوەیە (بڕوانە وێنەی هاوپێچ).
دووەم: کاتێک ئەم بابەتەی لای خوارەوە دەخوێنینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئۆتۆنۆمییەکەی سەدام حسێن لە ١٩٧٥دا یەکەم "حوکمی زاتیی کارتۆنی" نییە لە مێژووی کورد و داگیرکەرانیدا، بەڵکو عوسمانییەکان ١٢٨ ساڵ بەر لەو مێژووە و لە ١٨٤٧دا ویلایەتێکی کارتۆنییان بە ناوی ویلایەتی کوردستان دامەزراندووە.
ویلایەتی کوردستان ١٨٤٧-١٨٦٧
ئەنجامی شەڕەکانی عوسمانی-کورد لە ١٨٤٦-١٨٤٧ کە بە دوورخستنەوەی میرەکانی کورد بەدرخان بەگ و مەحموود خان کۆتایی هات، لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا وەك "سەرلەنوێ فەتحکردنەوەی کوردستان" تۆمار کراوە. پاش دوورخستنەوەی میرەکان یەکسەر لەبەر ڕۆرشناییی ئەو نزیکبوونەوە نوێیانەی کە لەگەڵ تەنزیماتدا هاتبوون، دەست کرا بە ڕێکخستنەوەیەکی نوێ بەمەبەستی دامەزراندنی نەزم لە هەرێمەکە. وەك ئاشکرا دەبێت، عوسمان پاشای مووشیری سوپای ئەنادۆڵ وەك کەسێکی زۆر شارەزای هەرێمەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیەدا. بەو پێیە ویلایەتی هەکاری، سەنجەقەکانی وان، مووش و هەکاری، جزیرە و بۆتان و قەزاکانی ماردین یەك خران و ویلایەتێکی نوێ دامەزرێندرا و وەك یادگارییەك بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی میرە کوردەکان کە سەردەمانێکی درێژ دەوڵەتیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کرد و بۆ ئەوەی ناوی سوڵتانی ئەو سەردەمە (سوڵتان عەبدول مەجید) وەك "فاتیحی ڕاستەقینەی کوردستان" وەبیر بهێنێتەوە، ناوی "ویلایەتی کوردستان" لەو ویلایەتە نوێیە نرا.
دەتوانرێت دامەزراندنی ویلایەتی کوردستان بە کۆتایی ئەو سەردەمە دابنرێت کە لەگەڵ یاوز سوڵتان سەلیم دا دەستی پێکرد و لەسەر بناغەی میرنشینە ئۆتۆنۆمەکانی کورد بنیات نرابوو. ئەگەر شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ بە دەستپێك و ساڵی ١٨٤٧ی ساڵی دامەزراندنی ویلایەتی کوردستان وەك مێژووی بەکۆتاهاتن دابنێین، بۆمان دەردەکەوێت میرنشینە ئۆتۆنۆمەکانی ناو پێکهاتەی دەوڵەتی عوسمانی ماوەی نزیکەی ٣٣٣ ساڵ بەردەوام بوون.
لە سەروبەندی دامەزراندنی ویلایەتی نوێدا هەرە زیاد گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا داخۆ کوێ بکرێت بە ناوەندی ویلایەت. لە کاتێکدا لێپرسراوانی دەوڵەت بۆ شوێنێك دەگەڕان، بیر لە پێویستیی جێگیرکردنی سوپای ئەنادۆڵ لە هەمان شوێن دەکرایەوە. لە ئاکامدا ڕاگەیەندرا ناوچەی "خەلات" لە کەناری دەریاچەی وان "لە ناو جەرگەی کوردستاندایە" و هەر لەبەر ئەو هۆیە وەك ناوەندی ویلایەتی نوێ و سوپای ئەنادۆڵ هاتە هەڵبژاردن. وەك لە یاداشتی بڕیارەکەشدا دەردەکەوێت، نزیکیی خەلات لە سنوورەکانی ئێران و ڕووسەوە و هەڵکەوتنی لە ناوەڕاستی کوردستاندا و بیرۆکەی ئەوەی کە سوپای عوسمانی هەموو کاتێك دەتوانێت وەك هێزێکی بەرپەرچدەرەوە گوشار بخاتە سەر کوردەکان، ڕۆڵی هەبوو لەو هەڵبژاردنەدا. ویلایەتی کوردستان بە پێی یاداشتی ٢٦//Z١٢٦٣ (٥/١٢/١٨٤٧) هاتە دامەزراندن و ئەسەد موخڵیس پاشای والیی موسڵ بە یەکەم والیی کوردستان دامەزرێندرا.
یاداشتی تایبەت بە دامەزراندنی ویلایەتی کوردستان بەمجۆرە دەست پێدەکات؛
"حەزرەتی پاشای دەوڵەتلی مووشیری سوپای هەمایۆنی ئەنادۆڵ چەند لێکۆڵینەوە و قسەیەکی سەبارەت بە داهاتووی هەرێمی کوردستان (کوردستانی عوسمانی) هەبوو کە وەك شاکاری حەزرەتی شاهانە ئەمجارە لە دەستی چەتەکان ڕزگار کرا و لەوانەیە (بەمجۆرە) سەرلەنوێ فەتح کرابێتەوە. تاوتوێکردن بە پێویست زانرا و بەمەبەستی خستنە پێش چاوی هەقپای عالی، پێرێ دەوڵەتلی سەرلەشکر پاشا، فەتحی پاشا، ڕەیس پاشا، مووشیر پاشای موشارون ئیلەیهی (عوسمان پاشا)، عاتیفەتلی نازر ئەفەندی و حەزرەتی ڕاوێژکاران لە بابی عالی کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان کرد. لەبەرئەوەی مووشیری موشارون ئیلەیهی لە وتەی پێشووتریدا گوتبووی ناوچەی خارپووت شوێنێکی لەبارە بۆ جێگیرکردنی سوپای هەمایۆنی ئەنادۆڵ، ئێستا سوپای هەمایۆن لە کەناری ئەو بازنە ناوبراوەیە. ناوچەی خەلات کە دەکەوێتە کەناری ئەوبەری دەریاچەی وانەوە، لە ڕووی ئاو و هەوا و خێر و فەڕەوە سوودی دەبێت و ئاسانکاری دەکات بۆ جێگیرکردنی سەرباز. لە ڕووی پێگەوە بەتەواوی لە ناوەڕاستی بازنەی سوپای هەمایۆنی ئەنادۆڵدایە و لەم ڕووەوە بەبەراورد لەگەڵ ناوەندی پێشوودا (خارپووت)، لە سنوورەکانی ئێران و ڕووسیاوە نزیکترە. لەبەرئەوەی؛ ئاسانە بۆ پێگەی سەربازی و کاروباری شەڕ و ناردنی سەرباز بۆ هەموو لایەك و بەتایبەتیش لەبەرئەوەی لە ناو جەرگەی کوردستاندایە و بەوجۆرە کوتەکی سوپای هەمایۆنی ئەنادۆڵ هەمیشە بەسەر سەری کوردەکانەوە دەبێت، چونکە لە ڕووی مەیلیانەوە بۆ یاخیبوون پێویستە چاودێری بکرێن؛ مووشیر پاشا سەبارەت بە پێویستی و چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی ناوچەی ناوبراو وەک ناوەندی لەمەودوای سوپای هەمایۆنی ئەنادۆڵ پشتی بە زانیاریی سەربازی و خۆجێیی بەستووە و لەبەرئەوەی ئەمە دەکەوێتە خانەی کاروباری سەربازییەوە، بڕیار درا جارێکیش لە شوورای سەربازی تاوتوێ بکرێت و پاش ڕاوێژکردن بە زاتی شاهانە کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەنجامەکان بکرێت."
وتەکانی تری مووشیر پاشا لە پلەی دووەمدان، واتا دەستی کردووە بە گفتوگۆی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنیی هەرێمەکە. بۆچوونی مووشیر پاشا لەم بارەیەوە ئەوەیە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی نەزم و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستانی (کوردستانی عوسمانی) ئەمجار بەدەست خراو؛
"ئێرە بکرێت بە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت و سەربەخۆ، زاتێکی خاوەن درایەت و زانا بکرێت بە لێپرسراوی، واتا ویلایەتی دیاربەکر، سەنجەقەکانی وان، مووش و هەکاری و قەزاکانی جزیرە و بۆتان و ماردین یەك بخرێن و ویلایەتێك پێكبهێندرێت. دامەزراندنی سیستەمی هەمیشەییی کوردستان بەندە بە هیمەتی هاوبەشی سوپای هۆمایۆن و ئەو زاتەی کە دەبێت بە فەرمانبەری کاروباری مەدەنی. لەبەرئەوە، بوونی والیی ویلایەتی نوێ لە ناوەندی سوپای هەمایۆن کارێکی زۆر بەسوود دەبێت. ناوچەی خەلات کە پێشبینی کراوە بکرێت بە ناوەندی سوپای هەمایۆن، بیر لەوە کراوەتەوە بکرێت بە ناوەندی ویلایەتی جێگەی باسیش. دامەزراندنی نەزمی هەمیشەییی هەرێمی کوردستان (کوردستانی عوسمانی) کە لە ئاکامی موەفەقیەتی سەنییە و بەرەکەتی سوڵتانماندا لە دەستی تاقمێك موتەغالیب و ستەمکار دەرهێندرا، بۆ کامەرانی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی دانیشتووان پێویستە و لەبەرئەوەی دەزانرێت کە ئەوەیش بە ڕێکخستنەوەی هەرێمەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتدا مەیسەر دەبێت؛ ئەم شوێنانە وەك ویلایەتێك نەخشەی بۆ دادەڕێژرێت و بەمەبەستی ئەوەی بیرهێنەرەوە بێت بۆ ئەوەی کە جەنابی سوڵتانمان فاتحی ڕاستەقینەی ئەم دەوروبەرەیە، ناوی دەنرێت ’’ویلایەتی کوردستان’’ و ئەگەر شوورای سەربازی بڕیار بدات بکرێت بە ناوەندی سوپا، بە پێویست دەزانرێت ناوەندی ویلایەتیش هەر لەوێ بێت و زاتێکی بژاردە و خاوەن ئەزموون لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ بەڕێوەبردنی ویلایەت بێتە دامەزراندن. والیی موسڵ عاتیفەتلی ئەسەد پاشا کە بە درایەت و بەنامووسی و ڕاستگۆیی ناسراوە و کاتێکی زۆر لەم دەوروبەرە خزمەتی کردووە و زاتێکی شارەزای بارودۆخی مەملەکەتە، هەڵبژێردراوە بۆ ویلایەتی کوردستان و مووشیر پاشایش سەبارەت بەم زاتە گەواهی باشەی داوە. لەبەرئەوەی هەردوو کارەکە پێکەوە دەبێت، ئەگەر ئارەزوو لەسەر دامەزراندنی ئەسەد پاشا هەبێت و فەرمانی دامەزراندنی ئەسەد پاشا بە والیی کوردستان لەلایەن زاتی شاهانەوە دەربچێت، ئەو کاتە نۆرە دێتە سەر پێویستیی دامەزراندنی کەسێکی تر بۆ موسڵ."
لە درێژەی یاداشتنامەکەدا ئاماژە دەکرێت بۆ دامەزراندنەکانی هەرێمی کوردستان (کوردستانی عوسمانی). بەو جۆرە بڕیار درا وەجیهی پاشای والیی پێشووتری بەلگراد بکرێت بە والیی موسڵ، حەمدی پاشا بە والیی ئەرزەڕووم، سەبری پاشا بە والیی خارپووت، محەمەد ڕەشید پاشا بە قایمقامی وان و سلێمان پاشا بە قایمقامی دیاربەکر. هەروەها بڕیار درا قەزاکانی جزیرە-بۆتان و ماردین یەك بخرێن و مستەفا پاشای قایمقامی ئەو کاتەی وان بۆ ئەوێ دابمەزرێندرێت و تۆفیق ئەفەندیی دەفتەرداری ئەرزەڕومیش وەك دەفتەرداری ویلایەتی کوردستان بێتە دامەزراندن.
شاری خەلات لەسەر کەناری باکوری دەریاچەی وان ماوەی چوار ساڵ ناوەندی ئەو ویلایەتە بوو تا لە تەمووزی ساڵی ١٨٥١دا قایمقامیەتیی دیاربەکر هەڵوەشێندرایەوە و ناوەندی ویلایەتی کوردستان بۆ دیاربەکر گوازرایەوە. شاری دیاربەکر نزیکەی ١٦ ساڵ ناوەندی ویلایەتی کوردستان بوو. بەپێی ڕێکخستنێکی نوێ کە ساڵی ١٨٦٧ دەستی پێ کرا، ویلایەتی کوردستان و ویلایەتەکانی "ماموریەتولعەزیز" یەکخران و ویلایەتێکی نوێ بەناوی دیاربەکر پێكهێندرا. بەو جۆرە دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە ویلایەتی کوردستان هات.
سەرچاوەی زانیارییەکان: کورد و بەرخۆدانەکانی لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانیدا (١٨١٧-١٨٦٧)، سینان هاکان، و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، هەولێر ٢٠١٢
*بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی-بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، ٢٠١٦
* بەکالۆریۆسی زانستی نەوت و کانەکان، زانکۆی بەغدا، ١٩٩١

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu