ئیسلامی و ڕاستڕەو و چەپی توندڕەو چی پێکەوە کۆیان دەکاتەوە؟؟؟....هەڵۆ بەرزنجەیی

ئامانجی ئەم نووسینە گەڕانە بە دوای وەڵامی تایتلی باسەکەدا، بە واتایەکی تریش دوورە لە هەموو هێڕش و هەست بریندارکردنێک! ئەمە لە لایەک و بە دیوێکی تردا پاڵپشتی و دژایەتی کەسیشی لە خۆی نەگرتووە!...

دوای کارەساتی هۆڵۆکۆست کە نازییەکان بەسەر جوویاندا هێنا، هێرشەکەی ڕێکخراوی حەماس لە 7.10.2023 دا بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل بە هۆلۆکۆستی دووەم هەژمارد دەکرێ. لەم هێرشەدا1200 کوژراو 5431 بریندار و نزیکەی 240 هاولاتی وەک دیل کەوتنە دەست حەماس.

زۆرینەی زیان لێکەوتووانی ئیسرائیل خەڵکی سڤیلن ، یەک لە چواریان کۆرپە و ساوا و منداڵ و خێزانن و چارەکێکی تریان کەسانی پەککەوتەن و حەماس زۆر نامرۆڤانە و تیرۆرستانە ژنی دووگیانی کوشت و لاقەی کچ و ژنانی کرد و کوشتن و بڕین و ئازاردان و توندوتیژی بەرانبەریان بەکارهێنا. ئەم پێشێلکارییە مۆڕاڵییە،کە ڕەوشتی دابەزاندە ئاستێکی ترسناکەوە بووە مایەی ناڕەزاییەکی گەورەی نێودەوڵەتی و کارەکە بە کردەوەیەکی تیرۆریستی و بێ ڕەوشتی لەقەڵەم درا!..

دیارە ئەگەر حماس توانای هەبووایە زۆر لەوە زیاتری دەکرد کە کردوویەتی و لەم شەڕەشدا باڵادەستبوایە/ باڵادەست بێت بەدڕندانەترین شێوە ڕەفتاری لەگەڵ خەڵکی سڤیلدا کردووە و دەکرد، زۆر لەوە خراپتری ئەنجام دەدات، کە ئێستا ئیسرائیل دەرهەق بە غەزە ئەنجامی دەدات..

" هەموومان خاوەنی هەمان جۆر چاوین،بەڵام تێڕوانیمان هاوشێوەی یەک نییە". جوبران خەلیل جوبران

ئەو رووداوە جیهانی هەژاند و رۆژهەڵاتی نێوینی هێنایە قۆناغێکی نوێوە.. لەلایەک چۆن ڕێکخراوێک دەتوانێ لەماوەی چەند خولەکێکدا بەو شێوە بەرفراوانە بۆ نموونە 00012, هەزار ڕاکێت بە ڕووی دەوڵەتێکی وەک ئیسرائیلدا بتەقێنێ؟! و زۆر پرسیاریی تریش!! لەوە بگەڕێ چەند پرسیاری گەورە و هەستیاری سەربازی و هەواڵگیریی لەسەر توانای ئیسرائیل و دەزگە بەناوبانگەکەی موساد دروست بوو!..

ئیسرائیل لە پەرچە کردارێکی خێرادا کەوتە خۆیی و بە توندترین شێوە پەلاماری ئاسمانی و زەمینی بەشە دەسەڵاتی حەماسی لە کەرتی غەزە دا و کوژران و کاولکاری زۆر لێ کەوتەوە!..دیمەنەکان هێندە دڵتەزێنن هەستی مرۆڤایەتییان بۆ دەجووڵێ!

زۆر بەرە و لایەن و کەسایەتی فەرمی و لەسەر رووداوەکە هاتنە دەنگ! و لە گۆشەنیگای خۆیانەوە حوکمیان لەسەر کارەساتەکە دا.. وەک دەڵێن " حماس بەم شەڕە چووە مێژووە ،بەس فەلەستین لە جوگرافیا دەرکرا"...

ئەم شەڕە خۆتڕێن و نابەرپرسانەی حماس بەڵگەیەکی تری بەهێزە لەسەر ئەوەی حماس بە فەرمانی ئاغایەکی دەرەکی بەم کارە هەڵساوە!،دەنا شێت و گەمژەی نەخۆشخانەکانیش دەزانن، لە کرەدەوەیەکی لەو شێوەیەدا پەرچەکرداری ئیسرائیل زۆر توند دەبێت و خەڵکی سڤیلی بێ گوناح دەبێ چاوەڕوانی چارەنووسێکی خوێناوی و تراژیدیایی بکەن!!.

ئەوەی زۆر جێی سەرنجە و لە هەموو شتێ زیاتر مشتومڕ و سەرسووڕمانی بەرپا کردووە هەڵوێستی بەشێکی بەرچاوی چەپ و بەرەی چەپە لە جیهانداو لە ئەڵمانیا بەتایبەت کە هاوسۆزی حەماسن و بە ڕێکخراوێکی رزگاریخوازی دادەنێن و کردەوەکانی ئیسرائیل بە جینۆساید باس دەکەن!..لەکاتێکدا راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەڵمانیاش یاخود نیونازییەکانیش هەمان تێڕوانینیان هەیە و ئاشکراشە ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەو و سیاسییە تیرۆریستییەکان لە هەمان سەنگەردان.

جوولەکە لە ئێستادا لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاشدا ناتوانن بحەسێنەوە و بەردەوام هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێ . لەدوای رووداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە سەدان حاڵەتی هێرشبردن و سووکایەتی و شەڕفرۆشتن بە جوولەکە لای پۆلیس لە بەرلین تۆمار کراوە. فەلەستینییەکان بەتایبەت و عەرەب و موسڵمانە سیاسییەکان منداڵەکانیان بەم گیانی رک و کینە تۆڵەیە بەرانبەر بە جوو پەروەردە دەکەن، ئاخر جوولەکەش ئافەریدەی خواوەندە ئەم کوشتن و بڕینە لەپای چیییییی و تا کەی؟!؟!؟.

ئیسلامی حماس و داعش و قاعیدە و چەند فەلەستینییەکی تر لەگەڵ کۆمەڵێ چەپی ئەڵماندا ڕێکخراوێکیان هەبوو بەناوی صامدون ـ Samidoun بەتەنیا خەریکی دژایەتی و شەڕی جوولەکەبوون لەم سەروبەندی شەڕەدا بەفەرمی قەدەغە کرا.

ئەم ڕەفتار و بیرکردنەوەی ئیسلامی سیاسی چەپ لەمەڕ دژەجولەکە Antisemitmus چۆتە فۆڕمێکی ڕاسیستی و بیرکردنەوەی فاشستانەوە. لەم ڕووەوە پڕۆفیسۆڕ و توێژەری هۆلۆکۆست Yehuda Bauer دەڵێ: “ ئیسلامی سیاسی لەنێو گەنجەکاندا دژە جوولەکەن و بە مەترسیدارترین فۆڕمی دوژمنایەتی دەست نیشان دەکات".

" بەرژوەوەندی کەسی ئەو گابەردەیە کە بەهێزترین پرنسیپ و باوەڕ لەسەری وردوخاش دەبێت". تۆفیق حەکیم

لەم میانەدا دێینە سەر کرۆکی ئەم نووسینە و باسی هەڵوێستی گەورەترین فەیلەسووفی هاو چەرخ و نوێنەری بەرچاوی قوتابخانەی تیۆریی ڕەخنەیی فرانکفۆرت ' Jürgen Habermasیورگەن هابەرمازی تەمەن 94 ساڵەیە و 3-4 هاوڕێ و قوتابیی خۆیNicole ، Dietelhoff, Rainer Forst ,Juristen Klaus Günther, Judith Butler کە لە ڕۆژی 17.10.2023 دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی Grundsätze der Solidarität.

فەیلەسووفی ناوبراو خاوەن دیدی مارکسیانەیە و بە زەبری ئەم ئایدۆلۆژیایە هەڵسوکەوت دەکات. پێش ئەمیش بە کورتی و نەرمتر سلاڤۆی ژیژیک Slavoj Zizek بە بۆنەی بەشداری لە کردنەوەی پێشانگای کتێبی فرانکفۆرتدا هەڵوێستی خۆی دەربڕی.*١

" ئەو مرۆڤە عاقڵە کە دەزانێ کەی قسە دەکات؟ لە کوێ دەپەیڤێ؟ و لەگەڵ کێدا دەدوێ".سوقرات

ئەوەی زانراوە هابەرماز زۆرجار خۆی لە سیاسەتی نێوخۆیی ئەڵمانیا و جیهانی هەڵدەقورتێنێ و هەڵوێست نیشان دەدا.. پێشتریش لەسەر شەڕی رووسیا لە دژی ئۆکراینا دوو بەیاننامەی دژی ئەڵمانیا دەرکرد لە ژێر پەردەی ئەوەی دژی ڕەوانەکردنی چەکی ئەڵمانیایە بۆ هاوکاریی ئۆکراینا، بۆ ئەوەی سێیەمین جەنگی جیهانی سەرهەڵنەدا،بەڵام نابێ لەوە بێ ئاگابین کە ئەم ڕەفتارانەی بە ئاشکرا و لە بنجدا مەیلدارییان بۆ پۆتین پێوە دیارە!! ..

ئەم هەڵوێستە تژی لە پارادۆکسەی ناوبراویش کە لەلایەک وەک پرنسیپ هەق بە ئیسرائیل دەدات داکۆکی لە خۆی بکات و لەلایەکیش کوشتنی حماس / فەلەستینیەکان بە جینۆساید ناو دەبات. زۆری نەبرد بێدەنگی جیهانی شکاو و بەیاننامەکەی هابەرماز و هاوڕێکانی بووە مایەی مشتومڕێکی زۆر و دەموودەست لەلایەن نزیکەی 107 فەیلەسووف و زانستکار و ئاکادیمستی جیهانییەوە بەیاننامەیەک بە ناوی Principles of Solidarity دەرکرا لە نێویاندا Adam Tooze ,Samuel Moyn,Alice Crary,Nsncy Fraser ,Diedrich Diederichsen ,Quium Slobodian,Mirjam Müller.Beate Rossle بە توندی و سەرسوڕمانەوە بەرپەرچ درایەوە و ڕەخنەی لێ گیرا!.... تەواوی ڕەخنەکەش لە رۆژنامەی The Gardian لە 22.11.2023 دا بڵاوکرایەوە. وەک گاڵتەجاڕی و بە تەوسەوە لە نووسراوەکەی دژ بەهەڵوێستی هابەرمازدا ئەم دروشمە هاتوو :

Free Gaza from Ha(ber)mas.

بۆ ئەوەی هەموو دیمەنی شەڕەکە بهێنیننە بەرچاومان لەوەوە دەست پێدەکەین:

بنەمای بیرکردنەوەی ئەو بەرە سێکوچکەییە لەوە سەرچاوەی گرتووە، ئیسرائیل زادەی پرۆژەیەکی کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستییە و ئەمەریکا خاوەندارێتی لێ دەکات!!..لەبەرانبەردا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی حماس دەبێتە جیهادی و رزگاریخواز و تەنانەت پێشکەوتنخوازیش!!..

لەم بوارەدا ئاکادیمیستی و خاوەن بیرەکانی ئەم ڕێبازانە کەوتوونەتە شرۆڤەکاریی و دەیانەوەی لەژێر پەردەیەکی ژەهراویی ئایدۆلۆژی و مەبەستێکی گڵاو و گەمژانەی سیاسیدا،ڕەوایەتی ببەخشنە ئەم دیاردەیە.

 

" کۆلۆنیالیزم بە کۆن و نوێیەوە لە مێشکی تێکۆشەر و ڕێژیمی شۆڕشگێڕ شوێنی شەیتانی ناو عەقیدەی ساغ و سەلیمی سەر بە غەیبی گرتەوە تا بوو بە نەریتێکی سیاسەتەی چەپ چ پێوەندییەکی بە واقیعەوە نەما. وەک دیاریشە ، بایی ئەوەی بوونی شتێک بە ڕاستیی زیندووی بەرھەستەوە نەبەسترابێتەوە دەوامیشی پەکی لەسەر شتێک ناکەوێت کە لە چوارچێوە/ زیمنی ئۆرگینال/ ئەسڵە سەرچاوەکەی نەبێت، لێرەشدا سەرچاوە خەیاڵگەی تێکۆشەرانی چەپە{ نەک حەقیقەتی واقیعی زەق}" .  مەسعوود محەمەد

هەر خودی ئەم دەستەوتاقمە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی هەمان پرۆژە کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستییەی ناومان هێنا لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتە بیژوو و زۆلەک و حەرامزادانەدا {تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا} بە ئامڕاز و پێوەر و دیدێکی تر هەڵسووکەوت دەکەن، نەک هەر خۆیان دەکەنە باڵاگەردانی بستێک لە یەکێتی خاکی ئەو دەوڵەتە زۆڵەکانە و سنوورەکەی دەپەرستن، بەڵکوو ئەوانی تریش!! گەل و نەتەوە و گرووپەکانی تر ش ڕاپێچی دوای خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی هەمان ستراتیژ بکەنە ئامانجیان.

بیر و ڕەفتاری ئەم گرووپە چەپانە و هاوشێوەی هابەرماز بزووتنەوەی چەپی خستۆتە هەڵەیەکی گەورە و ترسناکی مێژووییەوە و تەماشاکردنی هەموو جیهان لە درزی دژایەتی ئەمەریکا و وەهمی ئیمپریالیزم و مۆتەکەی سەرمایەدارییەوە،هێندە ناواقعی و نا پراگماتیکی کردوون، هەتا بێت زیاتر لاواز و بێ کاریگەر دەبن.

لەئەڵمانیادا بۆ نموونە پارتی چەپ کە بەڕێژەکی کەم فراکسیۆنیان هەبوو لەپەرلەمان دا دوای ئەوەی پێش چەند رۆژێ دیارترین کەسایەتییان Sahra Wagenknecht وازی هێنا و پارتێکی نوێی بۆخۆی دروست کرد،لە پەرلەمان نەمان و فراکسیۆنەکەیان هەڵوەشایەوە. دیارە ئەمەش بە قازانجی پارتی ڕاستڕەو AFDە کە خەریکە دەبێتە پارتێکی میللی ژمارە یەک لە ئەڵمانیا و بەم پێودانگە بڕوا هەمان سیناریۆی ساڵانی سی سەدەی ڕابووردوو دووبارە دەبێتەوە!!.

هەڵبەت بەشێکی بەرچاو لە ڕێکخراو و کەسایەتی چەپ هەن تێڕوانیان تەواو جیاوازە لە هابەرمازییەکانی دەروێشی مۆسکۆی قیبلە کەسایەتییەکی وەک (نوام چۆمسکی) سەد هێندەی ڕێکخراوە چەپەکانی زۆربەی دنیا ڕەخنە لەئەمەریکاش دەگرێ و خەوش و تاوانیش ئاشکرا دەکات، کەچی دژی سیاسەتی شەڕانگێزی پۆتین و دوژمنکارانەی ئێران و تورکیایە و دۆستی کوردە و باوەڕی بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردییە.

چەپی ئێرانی بەردەوام خەریکی کوتانی تەپڵی تەمامێتی خاکی ئێرانە! هەر جووڵە و داوایەک لەلایەن کورد و بەلەج و ئازەروو و تورکمان سەحراوییەکانەوە بە تەجزیەتەلەبی لەقەڵەم دەدەن. چەپی تورک دژی ناتۆ نییە! کەچی جەزبەگرتووانە دژی کوردە جیاخوازەکانە چونکە وڵاتەکەی پارچەپارچە دەکەن و هی عەرەب بزووتنەوەی کورد بەبەشێک لە هی عێراق دەزانێ و هی عێراقیش دەڕژێتە ناو ئەستێڵکی عروبەوە و ئەرکی هەرە پیرۆز و سەرەکی سەرشانی ئەوەیە دژی زایۆنیزم بێ! دیارە لەم هاوکێشەیە دۆزی کوردبوونی نییە و دەبێت ئێمە لە قەندیل و چۆمی مەجیدخان و باخچەی دار زەیتوونەکانی عەفرین و بەرزاییەکانی ئامەد و مێردینەوە بچینە شەڕی ئیسرائیل و جوولەکە کوشتنەوە!! پارتی کۆمۆنیستی سووریاش لە دروستبوونییەوە هاوپەیمانی حیزبی بەعسی عەفلەقی ئەسەدییە!.. ئیتر ئەم هاوڕێیانە تێمان ناگەیەنن بۆ ئەم تێز و بنەما و دروشم و سیاسەتە( یەک بان و دوو هەوایە)؟؟!! یان هەزار هەوایە؟؟..

مەودا و بەرزی و قووڵی ڕووبەری جیاواز و دووری جیهادی ئیسلامی و چەپ لەیەکتر زۆر گەورە و فراوانە تا ڕادەی دژ بەیەکن.. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خاڵە هاوبەشە قێزەونە ساختەیە لەم وێستگەیەدا کۆی کردوونەتەوە! با ئەوە بڵێین هەڵوێستی هابەرماز لە ڕووی سیاسەتی کوشتنی فەلەستینییەکانەوە دروستە و مۆڕاڵییە! لێ پێویستە ئەوە ڕوون بێ ئیسرائیل شەڕ دژی حماس بەڕێوە دەبات، نەک گەلی فەلەستین. دەسەڵاتی فلەستین و وڵاتانی عەرەبی بێدەنگییان لە بەرانبەر ئەم کردەوانەی حماس هەڵبژاردووە. لەوەش گرنگتر ئیسرائیل پێشوەخت دانیشتوانی سڤیل ئاگاداری بۆمبارانکردن و چۆڵکردنی شوێن و ناوچەکان دەکاتەوە. کەچی لەبەرانبەردا حماس هەڵگری ستراتیژی لەناوبردنی ئیسرئیل و نەهێشتن و قڕکردنی جووە. ئەمەش بەڵگەی زیندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی بۆچوونەکەی هابەرماز.

ئەوەی نابێت لەم دۆخە هەستیارەدا لە بیر بکرێ هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەیە وەک پرنسیب و باوەڕ ئێمە لەگەڵ مافی ژیان و چارەسەریی کێشەی فەلەستینین بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتەوە وەک باشترین ئەڵتەرناتیف بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەم کێشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا. ئێمە دژ بە بیر و ستراتیژ و ڕەفتاری حماسین نەک مافی فەلەستین.

ئەوانەی بە دیقەت و هوشیارییەوە لە شەڕەکە دەڕوانن لەم پاشخان و فاکتانە ئاگادارن و هەژماردی بۆ دەکەن و دەزانن:

ـ ڕووسیا دەیەوێ سەرنجی جیهان لەسەر شەڕە داسەپاوەکەی بەسەر ئۆکراینادا بگوزێتەوە بۆ بۆ بەرە و دیمەنێکی تر..

ـ ئێران لەگەڵ فراوانکردنی بەرەی شەڕدایە دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

ـ نزیکبوونەی سعوودیە و ئیسرائیل هاوسەنگی هێزی ناوچەکەی بەتەواوی دەگۆڕی.

ـ دوای ڕێکەوتنی ئیسرائیل و سعودییە ئێران کارتی فەلەستینی لەدەست دەردەچوو!.

ـ بڕیارێک لە ئیسرائیل هەبووە کە بەزووترین کات لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدرێ!..

ـ ئێران دەستپێشکەری تێکدانی بەرنامەی ناوبراو بووە!.

نەتەوەی کورد بە دڕێژایی چەندین ساڵ و سەدەیە لە خەباتێکی بێوچانی خوێناویدایە، بە دڕندەترین شێوە لەلایەن داگیرکەرانی وڵاتەکەیەوە پەلامار دەدرێ . خۆی قڕ دەکرێ و نیشتمانی سوتماک دەکرێ، کەچی زۆر دەستە و تاقم و وڵاتی جیهانی لە ئاستیدا بێدەنگن!.. بۆ؟!.. جا پرسیار ئەوەیە ئایا هەر دەبێ دژی ئەمەریکا و دۆستی مۆسکۆ بیت،ئیجا چەپی نێونەتەوەیی هاوسۆزت دەبێت؟؟!..

ئەی مرۆڤبوون و مافی ڕەوای گەلان و نەتەوەی بندەست و خاکی داگیرکراو و خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم و پرنسیپە جوانەکانی تری شارستانێتی ڕوو لە کوێ بکەن؟؟!!.. لەکاتێکدا چەپ و داگیرکەران و هێزە کۆلۆنیالیستەکان باش دەزانن کە بزاڤی رزگاریخوازی کورد بۆ ئازادیی و بەخاوەنی دەوڵەتبوون، بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆیی گەورەترین شەڕە لەگەڵ هێزە کۆلۆنیالیستەکانی جیهان (ئینگلیز و فەرەنسا) و دوای ئەوانیش ئەمەریکا و رووسیا کە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سنوورە دەستکردەکەی دەوڵەتە حەرامزادەکانی داگیرکەری کوردستانن.

ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ئێفرین دا ئەنجامی دا، کار گەیشتە ئەوەی باخچەی دار زەیتونەکانیشیان وێران کرد و دزیکردن و سڤیل پێش پێشمەرگە و شەڕڤان دەکران و دەکوژران؟ تەعریب دەکرێ ، ئەوەی ئێڕان دژی کورد دەیکات بێ نموونەیە. لە عێراق گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی دژ بە کورد ئەنجام درا و ئێستاش کورد بە مافێکی خۆی نەگەیشتووە و لە سووریا خراپتر،ئەی بۆ هابەرماز جارێ دژی ڕەوانەکردنی چەکی کوشندەی ئەڵمانیا بۆ تورکیا و عێراق نەهاتە دەنگ؟ تورکیا چی بە تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی دەکات؟ تۆ بڵێی گەشتیارانی ئەڵمانیا لە جەزیرە و شەڕناخ پیاسەی پێ بکەن و لە نێوان ئاسیا و ئەوروپای ئەستەمبوڵدا بەکاری بهێنن، یان لە مۆزەخانەکانی تورکیا دانرێن و بچنە دیدەنی؟؟!!

عێراق گازی ژەهراوی و چەکی کیمیاوی بۆ چییە ؟!

ئاخر مردووی ناو گۆڕستانەکانیش ئاگایان لە ستەم و دڕندەیی تورک و فارس و عەرەب لەسەر کورد هەیە!!.. ئەو ڕۆژانەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کەوتنە بەر هەڵمەتی دڕندانە و خوێناوی و تاریکستانپەرستی (داعش) ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی تر بە ناردنی هاوکاری بۆ کورد هاتنە پێشەوە.. پارتی چەپی ئەڵمانیا دژ دەرکەوتن! بە بیانووی ئەوەی ئەم هاوکارییانە بۆ خزمەتی ئەمەریکا و مەرامە گڵاوەکانی شەڕە!

کورد دەکوژرا و کوردستان کاول دەکرا و ژن و کچان لاقە دەکران و گرووپی ئاینی قڕ دەکران ، کەچی برالەی چەپ!! هەر خەریکی ڕێسانی خەڕەکی خۆیەتی و لە بیری شەڕ و دژایەتی ئەمەریکادایە هەموو دنیا و شتەکانی تر نادیدە دەگرێ… چ گارەسات و بێ مۆڕاڵییەکە پیرۆزی مرۆڤ و خاک بگۆڕیتەوە بە قوربانی چەند تێزێکی شەختەگرتوودا؟!..

لەم ڕووەوە هەڵوێستی پارتی سەوز کە لە دەسەڵاتیشدایە زۆر واقعی تر و هومانیستتر بووە لە چەپ!!

ئەوەتا تورکیا لە پەسا و بەدەنگی بەرز هەڕەشە دەکات و دەڵێ:

هاکا لە شیرن خەوی نیوەشەوێکدا دامان بەسەر کوردەکان دا.. ڕەوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کوردستان بۆمباباران دەکات و ڕۆژانە کورد لەسێدارە دەدا، کەچی هابەرماز و هاوشێوەکانی نقەیەک ناکەن و ئێستاش پێیان وایە ئێران مادامێکی هاوپەیمانی رووسیا و چینە، لەسەنگەری دژە ئەمەریکادایە و پێشکەوتنخوازە و ڕەوایە دەست بخرێتە دەستییەوە!. ئەم هیوا و ئاواتەی بە شەوارە کەوتنە ،جگە لەوەی خەونێکی نەزۆکە ، هاوکات هەرگیز هیچ بەرێکی لێ شین نابێت!!..

هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و رابەرەکەی خومەینی و هاوپەیمانێتی پارتی تودەی کۆمۆنیستی ئێران لەگەڵ ئەم دەستەوتاقمەدا بە بیانووی ئەوەی گوایە خومەینی دژی ئەمەریکا و ئیمپریالیزمە، ئەو گاڵتەجاڕییەی لێکەوتەوە نورەدین کیانوری سکرتێری پارتی ناوبراو و حیزبەکەی لە زیندانەکانی تاران بەسەرییاندا هات ..ئاخر هەموو لە بیرمانە دروشمی کۆماری ئیسلامی بریتی بوو لە:

“ لا شرقی ، لا غربی، جمهوری اسلامی” !!.!

بەدڵنیاییەوە: مرۆ مشتێ بەنگی نەکێشا بێ، خەیاڵپڵاوی وای لا دروست نابێ.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • خەریکی تایپکردنی ئەم بابەتە بووم بەیاننامەیەکی چەند پارتێکی کۆمۆنیستی ترم بەرچاوکەوت لەم خولگەیەدا دەسووڕێنەوە: بەرەی خەباتی فەلەستین، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ،حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان،حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ـ حیکمەتیست(خەتی ڕەسمی)..
  • ڕەنگە گەلێ پارت و ڕێکخراوی تری لەم جۆرە هاوهەڵوێست بن .ژاردووە

8.12.2023

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu