ماملێ و ئاڵای کوردستان. . ھەڵۆ بەرزنجەیی

{gallery}mamle{/gallery}

  1. 12. 2021

(ماملێ) ناوێکە ھەموو پێی ئاشناین و لە پانتایی ھونەریی کوردیدا پێگەیەکی شایستەی پڕ لە نەمریی ھەیە.
ئەز بۆ خۆم، بە درێژایی تەمەن و سەراسۆییم لەتەک ڕۆشنبیریی کوردیدا، تا ھەنووکە ڕاز و گلەیی و ڕەخنەیەکی دیاریکراوم لە سەر ماملێ بەرچاو نەکەوتووە. ئەم ھونەرمەندە ھێندە بە عەشق و دڵسۆزی و بێگەردییەوە، مامەڵەی لەتەک ھونەرەکەیدا کردووە، نەیھێشتووە دەلایەک بکەوێتە کارەکانییەوە. ئەمەندە بە ڕەوشتەوە کاری لەسەر ھونەرەکەی کردووە، بواری بە ھیچ ناحەزێک نەداوە، بیداتە بەر نەشتەر، مەگەر کوێرانە!!.  .
ماملێ لە بواری نەتەوەیشدا، بە باوەڕی بەرزی کوردانە و خوێن و گیان و ھەڵوێست بەشداریی کردووە و کوڕێکی نازداری کاکە « نەجات» گیان بەختکردووی کردۆتە قوربانی کوردایەتی و دەیان سروودی نەتەوەیی وتووە و وتۆتەوە و بە ھونەرەکەی بەشدارییەکی کارای لە ھۆشیارکردنەوەی خەڵکدا کردووە و ئەوەی لەسەر شانی بووە وەک ھونەرمەندێکی نەتەوەیەکی بێ ناسنامەی، نیشتمان داگیر و دابەش کراو بەزیادەوە ئەنجامی داوە. . لە پاش خۆیشی نەوەیەک لە رۆڵەی کوردپەروەری ھونەرمەند بۆ بەجێ ھێشتووین، کە بەتدەوام لەسەر تێکۆشان و خزمەت لە سەنگەری کوردایەتییەوە. .

لەم ڕۆژانەدا کاک "وریا ماملێ" ی کوڕی ماملێ، کە ھاوکات سەرپەرشتی دەزگای ماملێ دەکات و لە فەیسبووکدا چالاکە، بە بۆنەی ( ڕۆژی ئاڵای کوردستان) ەوە 17. 12. 2021 کورتە باسێک و چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەتەک "جەعفەری ماملێ"ی مامی و برای ماملێ دا بڵاو کردەوە. . . لەوێدا چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێش دەگێڕنەوە:-

" ماملێ وەک گەنجێکی 20 ساڵی پاش روخانی کۆماری کوردستان، ئاڵایەکی کوردستانی دەکەوێتە دەست، بۆ ئەوەی ئەو ئاڵایە لە دەست دەسەڵاتی خوێناوی و چەپەڵی ئێرانی بیپارێزێ، لە ماڵی خۆیان لە شوێنێ دەیشارێتەوە. سیخوڕ و نامەردێکی کوردایەتی ئاگای لەم کارەی ماملێ دەبێ و دەچێ لای دامودەزگاکانی دەوڵەوت سیخوڕی بەسەرەوە دەکات و ھەواڵ لەسەر ماملێ دەدا و بەم بۆنەوە ماملێ دەگیرێت و تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەبێتەوە. .

دایکی ماملێ بەھەر بەرتیل دان و ناڕەحەتی کێشان و چەرمەسەرییەکی بێت، پاش چەندین ڕۆژێ ڕۆڵەکەی لە چنگ دەزگای ئاسایشی دەوڵەت دەردێنێ و ئازدی دەکات. سەرباری گشت مەترسی و ھەڕەشەکان! ئاڵاکەش ھەر لە ماڵی خۆیاندا، دەپارێزێ. . ھیچ گومانێ ھەڵناگرێ. . ئەم بەسەرھاتە و ئەم ھەڵویستە نەتەوەییە و ئەم باوەڕ و ئازایەتییە، جارێکی تر دەبێتە تاجی سەروەری سەر مێژووی ناو و خەباتی مامۆستا ماملێ.

ئەگەر ماملێ بە مێژووە پڕ لە شانازییەکەی نەمر بێت، ئەوا بەم ھەڵوێستەی جارێکی تر شەھادەت و پلەی ھەرگیز نەمریی بەدەست ھێناوە. ئاخر ھەر کەس دەزانێ گیانبازییەکی لەم چەشنە! لەگەڵ داگیرکەرێکدا، کە ترسنۆکانە و بێ شەرمانە بە بەرچاوی دنیا "پێشەوا" و ھاوڕێکانی لە "چوارچرا " لە سێدارە دابێت، خودی ئەو برینەی جەستەی کورد ھێشتا خوێنی لێ چۆڕابێت! شتێکی کەم نییە.


دەبا ئەم لاپەڕە گەشەی تری خەبات و کوردایەتی ماملێی ھەمیشە زیندووی سەرکەش و مێژوو گەش، بچێتە سەر وێستگەکانی تری خەباتی ئەو کەڵە ھونەرمەندە گەورەیەی نەتەوەکەمان. گەر ڕۆژی خۆڕی سەربەخۆیی کوردستان پڕشنگی دا و پەیکەری ھونەری کوردی داڕێژرا، بەشێکی گرنگی ماملێ بنوێنێ. چونکە مێژووی ئاڵای کوردستان و بیر و ھەڵوێستی ماملێ لەم میانەدا ھێندەی تری ھەرگیز نەمر دەکات. . . ئەم گەرمەشینە بۆ ماملێ گەر پەیڤەکانی بە ئاوی زێڕیش بنووسرێ، ھێشتا بارتەقای دانەوەی قەرزی کوردایەتی و قوربانی "ماملێ" ناکات.

کەواتە بێ ھیچ سڵکردنەوە و دڵەڕاوکێیەک دەتوانین بنووسین : مامۆستا ماملێ. . ئارام بنوو، ئاواتت ھەر دێتە دی، سێبەری ئاڵای شەکاوە لە مەیدانی چوارچرادا، بگاتە سەر گۆڕ و کۆتەڵە پیرۆزەکەت. . . دۆست دڵخۆش بکات و دوژمن و ناحەز دیق بەرن. . . ئیدی نە تۆ لەسەر ئاڵای کوردستان زیندانی بکرێت و نەڕۆڵەکەت لەسەر کوردایەتی کردن لە سێدارە بدرێت. گیانی کاکە " نەجات" ی لە سێدارە دراویش مەدالیای سەربەخۆیی نەخشتر دەکا . .

گڵکۆت چراخان و گوڵڕێژی نێرگز و ریحان و بەیبوون بێت. . . مامۆستا ماملێ. . یادت ھەمیشە بەخێر. . .

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu