پێگە و ڕۆڵی ئافرەتان لە شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا ... نارین عەبدولقادر

پێگە و ڕۆڵی ئافرەتان لە شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا ... نارین عەبدولقادر

بە درێژایی دیرۆکی بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان، ئافرەتان هاوشانی پیاوان لە سەرجەم بوارە ئیداری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پێگە و ڕۆڵی کارا و بەرچاویان هەبووە و لەو پێناوەشدا بە هەموو تواناوە تێکۆشاون و پشتگیریی شۆڕش و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیان کردووە و سەرسەختانە ڕووبەڕووی دوژمنان و ناحەزان و نەیارانی خەونی مەزن و ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد بوونەتەوە. 

لە شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵانیشدا، کە لە 26ی ئایاری 1976دا هەڵگیرسا و بەردەوامی و كۆڵنەدان و پێداگری بوو لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و درێژكراوەی شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو، ئافرەتانیش تێیدا وەک سەربازی ون، هاوشانی برا و هاوسەرەکانیان شۆڕشگێڕانە و قارەمانانە بوونە داینەمۆی شۆڕش و چەکی شەرەف و بەرگرییان لە نەتەوە و خاک و نیشتمان کردە شان. 

 

ئافرەتان، کە وەک هەمیشە لە شۆڕشەکاندا ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان سەلماندووە، لە شۆڕشی گوڵاندا شان بەشانی پێشمەرگە، لە ڕێکخستنی نهێنیدا چالاک بوون و پۆستیان بۆ شۆڕش دەهێنا و دەبرد، هەروەها کۆڕ و کۆبوونەوە لە ماڵەکانیان ڕێکدەخرا و خواردن و خواردنەوەیان بۆ هاوسەر و برا پێشمەرگەکان ئامادە دەکرد و سەرباری هەموو ئەمانەش، بەرپرسیارێتیی پەروەردەکردن و بەخێوکردنی خێزان و منداڵەکانیان هەڵدەگرت و بەوپەڕی ئیرادەوە ژیانیان لە چیاکان بەڕێ دەکرد. 

هەر لە شۆڕشی گوڵاندا، ئافرەتان درێژەیان بە خەباتی نەپساوەیان دا و کاریان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكانی شۆڕش کرد، کە بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی زوڵم و زۆرداری و بەردەوامیدان بە خەباتی سیاسی و چەکداری، تا مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بن. 

بێگومان یەكێك لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان، هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز بوو بە ئامادەیی چالاکانەی ئافرەتان لە بەرەکانی جەنگ و کایە سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکان، کە سەلماندیان ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە. 

بەرهەمی شۆڕشی گوڵان، کە زادەی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردە، یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو بۆ ڕاپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و هەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگای هەرێمی كوردستان، كە هەر هەمووی دەستكەوتی گرانبەهان و بە خوێن و فرمێسك و قوربانیدان هاتوونەتە دی. 

شۆڕشی گوڵان، سەرەڕای زۆریی ئاستەنگ و پیلانە نێودەوڵەتییە گەورەکان، پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستانی بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەیاند و پێویستە خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا بێت، كە بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی و ڕێبازی پیرۆزی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانیی نەمر، شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بەفیڕۆ ناچێت و ڕۆڵ و ماندووبوون و ئاوارەیی و گیانفیدایی ئافرەتانی پێشمەرگە و هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانانەی، كە بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلی كوردستان تۆمار كرد، بە بایەخەوە لێی دەڕوانرێت و گەلی کوردستانیش بە ئیرادەبەرزی و دەستگرتن بە ئامانجە باڵاکان، لە خەباتی سیاسی و مەدەنی ناوەستێت و بەرەو ئاسۆیەکی گەش هەنگاو دەنێت. 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu