کارەساتەکە ھێندە تاڵ و جەرگ برە ھەستی ھەموو مرۆڤەکانی وروژاندووەو ھەزاران کەس لە دڵی خۆیاندا خۆزگە دەخوازن تاوانبارەکە رادەستی ئەوان بکرێت و ئەوانیش وەک تۆڵەسەندنەوەو شکاندنی تامەزرۆیی تۆڵە سەندن بە ھۆکاری جۆراوجۆری نامرۆڤانە لەناوی بدەن ! ئەم بابەتە وەک ھەر تاوانێکی تر یاسای بەرکار کە بریتیە لەیاسای ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ سزادانی عێراقی کە لەکوردستانیش کاری پێدەکرێت لەسەری جێ بەجێ دەبێت . ھەرچەندە کەسانی یاساناس لەوە تێدەگەن کە ئەگەر مرۆڤی ووردەکاری کەیسەکە (ملابسات القضية) ی لەبەردەست نەبێت ناتوانێت بە تەواوەتی دەست نیشان و پێش بینی سزاکە بکات، چونکە بنەمایەکی یاسایی ھەیە دەڵێت (المتهم برئ حتى تثبت ادانته) کەواتە تاکو دێکۆمێنتی تەواو لەبەردەست نەبێت و توھمەی ئاراستە کراو بەپێی پاڵپشتی یاسایی و لێکۆڵینەوە ساغ نەکرێتەوە، تۆمەتبار بێ گوناھە و سزا نادرێت . بەڵام بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوەو ئەنجامە بەراییەکان ئەگەر بچەسپێت بەسەر تۆمەتبار کراودا لەوانەیە مادەی (٤٠٦) لەسەری جێبەجێ بکرێت بە دەلالەتی برگەکانی ( أ، ج، و) کە بریتیە لە کوشتی بە ئەنقەست لەگەل بوونی حاڵەتەکانی (ظرف مشدد) كە بریتین لە :- ١-پلاندانان و ئامادەسازی پێش وەختە بۆ کۆشتنەکە. ٢-کوشتنی زیاتر لە کەسێک لەھەمان کردەوەدا. . . . ٣-بەکارھێنانی رێگای نامرۆڤانە لەشێوازی کوشتنەکە. کەواتە کوشتنەکە بە مەبەستە ( قتل متعمد) لەگەل ھەبوونی چەندین حاڵەتی توند کردنی سزا بۆیە گونجاوترین سزا لەوانەیە بریتی بێت لە سزای لەسێدارەدانی تاوانبار و بەسزا گەیاندنی ئەوکەسانەی ئەگەر ھەبن ھاوکار بوبێتن لەئەنجامدانی تاوانەکەبە خەسڵەتی ھاوبەش . بەڵام ئایا سزای لە سێدارەدان لەکوردستان جێبەجێ دەبێت یاخود نا ئەمە بابەتێکی تری جیاوازە و گفتوگۆی زۆری زانستی و فەلسەفی لەسەرە بەلام ئەوەی گرنگەو پێویستە ھەمووان بیزانن بریتیەلەوەی کە ئامانج لە سزا لە پێناو چاککردن و ئامادەکردنی تاوانبارانە و گەراندنەوەیانە بۆ نێو کۆمەڵگا بەپێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەوە کەوادەزانن سزا لە پێناوی تۆڵەسەندنەوەیە یاخود سزا لە پێناوی سزادان . ھەربۆیەش بەشێکی زۆری زاناکانی بواری یاسای سزادان دژن لەگەل سزای لەسێدارەدان و دەڵێن ئەم سزایە پێچەوانەیە لەگەل ئامانجەکانی سزا کە بیتین لە ( ردع العام، ردع الخاص، تحقيق العدالة). لێرەوە دەمانەوێت بچینەسەر خالێکی گرنگ ئەویش ئەوەیە ئایا ھەبوونی تاوان لەکۆمەڵگایەکدا ئاسایی نیە؟ لەراستیدا تاوان لەھەموو کۆمەڵگایەکدا روودەدات جا کۆمەڵگاکە پێشکەوتوو بێت یاخود دواکەوتوو چونکە تاوانبارەکان ھەرچۆن دەوڵەت ھەوڵدەدات ھۆکارەکانی تەکنۆلۆجیاو پێشکەوتوو بەکاربھێنێت بۆ رێگرتن لەتاوان ئەوانیش لەبەرامبەردا سود لەھەمان ئەوھۆکارانە وەردەگرن بۆ ئاسان کردنی ئەنجامدانی تاوانەکان و داپۆشینیان . ئەو کارەساتەی چەمچەمال وەکو پێشتر باسمان کرد یاسای پێویست ھەیە و لەسەری جێ بەجێ دەبێت بەڵام ئایا رووداوێکی لەو جۆرە ئاساییە باوک منداڵی ساواو ھاوسەری بەو درندانەیە لەناوبەرێت؟ نەخێر ئەمە حاڵەتێکی ترسناکەو شایانی لێکۆڵینەوەی ووردە لەرویی کۆمەڵناسی و پەروەردەییەوە ئایا ھۆکارەکان چین کە مرۆڤ پاڵپێوە بنێن بۆ ئەنجامدانی تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە ! بەبۆچوونی من دەبێت لەکوردستان بیر لە چارەسەری بنەرەتی بکرێتەوە بۆ کۆمەڵێک چەمکی گرنگ لەوانەش :- ١- رێکخستنی پەیوەندی نێوان ئاین و دەوڵەتە کە زۆرجار تێکەڵاوی دین و دەوڵەت توندوتیژی و کاردانەوەی نالۆژیکی بەرھەم دێنێت، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە نوسینەوەی دستوری ھەرێم کوردستان کە دستورێک بێت لەئاستی رووبەروو بوونەوەی ویستەکانی خەلک و قۆناغەکە و گەشەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەڵچەریدا بێت . ٢- پەروەردە لەساتێکی مەترسیداردایە و بونیادی مرۆڤی کورد بەرەو ئاراستەیەکی فشۆڵ دەروات و کۆمەڵگا بەئاراستەی ناجێگیری کەسایەتی و چەند فاقیدا دەبات . ٣- دەس بەردار بوون لە بنەماکانی کۆمەڵگای سەرەتایی و پەیوەندیە خێڵەکیەکان کە رێگرە لە گەشەسەندنی بنەماکانی دیموکراسیەت و دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی ژن و پیاو . خەریکە کۆمەلگایەک دروست دەبێت بەجل و بەرگ و تەلار وئۆتۆمبێل و رووکەش شارستانی و پێشکەوتوو بەڵام بەناوەخن و جەوھەرێکی دواکەوتوو و گۆشەگیر و گیرۆدە بەدەست بیر و کەلتوری خێل و پیاو سالاریەوە . بۆیە دەبێت پەلە بکرێت و ئەم کارەساتە بکرێت بەزەنگێکی ھۆش ھێنەرەوە بەرەو چاکسازی و بونیادنانەوەی تاک و کۆمەلگا تاکو توشی کارەساتی خراپتر و جەرگ برتر نەبین .