عەفرین: خاڵی کۆتایی تێکبەزینی کورد و تورکیە ... مەولود ئافەند (نووسەر و رۆژنامەنووس)

هێرشی تورکیە بۆ سەر شاری کوردنشینی عەفرین لە باکووری رۆژئاوای سووریە هاوکێشەکانی بۆ تەواویی گەمەکەرانی بەشداربوو بەشێوەیەک ئاڵۆز کردوە کە هەر چەشنە بڕیار و هەڵوێستێک ئەگەری هەیە، ببێتە هۆی دابەشکردنی‌هەرێمێکی نوێ لە ناوچەکدا و بەئەنجامی جیاواز و چاوەڕوانکراویش کۆتایی پێ بێت.

ئەمرۆ نزیکی یەک مانگ بەسەر هێرشی بێ ڕاوەستانی سوپای تورکیە و گرووپە چەتەــ تیرۆریستیەکانی پێکهاتوو لە (ئەلقاعیدە، داعش، ئەلنووسرە، ئەحرار وشام، سوڵتان موراد، سۆڵتان فاتح و. . . )لەژێر ناوی"گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە"بۆ سەر بەشێکی رۆژئاڤای کوردستان (سووریە)لە ناوچەی عەفرین تێدەپەرێت. لەو ماوەیەدا سوپای تورکیە لە ڕێگای بۆمبارانی ئاسمانی و زەمینی توانیویەتی خۆی بخزێنێتە ناو چەند گوندی سەر سنووری عەفرین و چەند تەپۆڵکەی ستراتیژیک بۆمباران بکات، ئەویش لە ڕێگای هەزاران کاتژمێر فڕینی فڕۆکە جەنگیەکانی "ئێف شانزدە"ی دروستکراوی دەستی ئەمریکا، بۆمبارانی ئاسمانی تورکیە تەنیا شوێن و جێگای نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژن و زارۆکی بێتاوانی کوردی کردۆتە ئامانج و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری لە بریندار و شەهید کردونە.

هەرچەند بەپێی زانستی سەربازی ئەمەش جۆرێکە لە شکەست بۆ دووهەمین ئەرتەشی زەمینی ناتۆ، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێ دەوڵەتی تورکیە و ئەردۆغان رۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانی زمانحاڵی خۆیانەوە وەک سەرکەوتنی گەورە باسی دەکەن.

بەبۆچوونی من، بۆ شرۆڤە و لێکدانەوەی دیاردەکان، پێویستمان بە کەڵک وەرگرتن لە بیرکردنەوەی "دیالێكتیكی"یانی لێكۆڵینەوی ژیربێژی و وردی مەسەلەکان بۆ گەویشتن بەئەنجام هەیە. بەو مانایەی کە لە لێکۆلینەوەی دیاردەکاندا تایبەت ئەژمارکردنی هۆکار و کاریگەرییان لەسەر بابەتەکە ناسینی دروستمان دەست ناکەوی، بەڵکوو دەبێ بزانین هۆکارەکان لەسەر یەکتری هاوپۆشیان هەیە و لە گەڕانی دیالێکتیکیدا لەناو یەکدا ئاڵقەرێز و بەست دەبن، کە لە کۆتاییدا خوێندنەوەکی دروست لە شیکاری کردنی کردەوەکان دەخاتە بەردەستمان، هەر بۆیە پێویستە سەرەتا باسی سەرەکی لەچەند بەش دا پێناسە و پۆڵێنبەندی بکەین و دواتر بچینە سەر سیناریۆکانی تورکیە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی؛

یەکەم: تورکیە کایەگێڕێکی بەهێزە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا دا کە هەم بازنەی پێوەندی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتە و هەمیش کاناڵی دەربازبوونی وزەیە لە ـ نیوەی تۆپی زەوی ـ رۆژهەڵات بۆ نیوەی تۆپی زەوی رۆژئاوایە، هەر بۆیە ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا لە لێپرسینەوە لە سیاسەتی شەڕخوازانەی "ئەردۆغان"سەرۆککۆماری تورکیە هاتوهاواری زۆر بەخەرج نادەن، لەبەر هۆکاری ستراتیژی بوونی جۆگرافیای سیاسی تورکیە لەناوچەکدا، تورکیە باش تێدەگات لە کەڵک وەرگرتن لە ناوێکی وەکوو شەڕ لەگەڵ "تیرۆریست"قەوانێکی سواو و بەتاڵە، بەڵام کاتێک بەحەربەی"ژیۆپۆلۆتیک"سیاسەت دەکات، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی بەهێزی خستۆتە ناو(کرانەوەی سیاسی)وە؛

ڕووسیای بە بابەتی گواستنەوەی غازی سروشتی و کاناڵی هێمنی وزە کێشاوەتە سەر مێزی دانووستان و رۆژئاوا و ئەوروپا"شی، بەبیانووی داخستنی سنوورەکانی بەرووی کۆچبەران دا ناچار بە تەنازوڵی سیاسی کردوە. کەواتە پێگەی ژیۆ ستراتیژیکی تورکیە حەربەی سەرەکی وەرگرتنی ئیمتیازاتە لە زلهێزەکان.

دووهەم: ستراتیژی تورکیە لە سووریە، هەمان ستراتیژی سەرەتای جەنگی ئەم وڵاتەیە لە سووریە. لە ڕاستیدا هیچ شتێک لە خەیاڵی تورکەکان بۆ بەتەسلیم دەرهێنانی دەسەڵاتداری سووریە و هێنانە سەرکاری دەسەڵاتێکی نزیک لەخۆی کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو شێوازی سیاسەتی "ڕیسێرچی"تورکیە لە هەمبەر ئەم ئامانجە ستراتیژییەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، رۆژگارێک تورکیە لە هەر دەرگایەکی دەدا و بەجۆرەها شێوە گرووپە تیرۆریستیەکانی ڕێکدەخست و پڕ چەکی دەکردن و بۆ ناو سووریەی ڕەوانە دەکرد. هەتا پێ ئەمریکا و رۆژئاوا"شی بۆ ناو سووریە ڕاکێش کرد و گرووپە میانەڕەوەکانی بەسەرپەرشتی ئەمریکا ئامادە و پڕچەک کرد بۆ شەڕی"بەشار ئەسەد"، بەڵام لە بەرامبەر بەرەی بەرهەڵستیکار(محور مقاومت) تووشی شکەست بوون. لە ڕاستیدا ئەردۆغان پیاوی "پرۆژە وەستۆ گرتنە"و پیلانی شکەستخواردو زۆر بەخێرایی دەکاتە "پیلانی سەرکەوتن".

سێهەم: ئۆپەراسیۆنی تورکیە لە باکووری سووریە تەنیا تایبەت بەهێرش کردنە سەر تەڤگەری نەتەوەیی کورد "پەیەدە"ی، نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان نییە و چاوڵێکردنی ئەم بابەتە لەبەر ئەوە هەڵسەنگاندنێکی دروست نییە. هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکردوە، ئەنکەرە بە گۆڕینی"سیاسەتی لەناوچوون بۆ سیاسەتی ژیانەوە"بەدوای شانۆ گێڕانی زیاترە لە سووریە دا. دەستپێکردنی" دانووستانی ئاستانە"بۆ هۆکاری ئەوەی تورکیە بە جووڵاندنی یەکەکانی سەربازی سوپای خۆی بۆ ئەدلیب دەست بکات بە بەهێزکردنی سەنگەر و دروستکردنی هێڵی ئاسایشی لە سنوورەکانی رۆژئاوای عەفرین و بەڕێکخستنی گرووپە تیرۆریستیەکانی (ئەلقاعیدە، داعش، ئەلنووسرە، ئەحراروشام، سوڵتان موراد و سوڵتان فاتح و. . . )لەژێر ناوی سوپای ئازادی سووریە و دانەرەکانی دەسەڵات پەیدا کردنی بەسەرکەوتوویی تێپەرێنی. لەحەقیقەتدا ئەوەی ئەنکەرە بەدڕێژایی ئەم حەوت ساڵە نەیتووانیبوو بەدەستی بێنی لە سەروبەندی گفتوگۆی ئاستانە و سوچی توانی پێبگات. بەڵام دەبێ ئەوەش بخەینە پاڵ لاوازی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ئاستانەدا. ترسی ئێران لە ئامادەبوونی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فۆرات، دەرفەتی"هاۆسەنگی پێچەوانە"ی، بە ئەنکەرە دا بۆ مەشرووعییەت پێدانی هێرشی سەربازی بۆ باکووری سووریە و ئەوەش لە کاتێک دابوو کە ئێران و هاوپەیمانەکانی"بەرەی بەرهەڵستکار" بیریان لەوە نەدەکردوە کە تورکیە لە ڕەق و کینەی خۆیدا نموونە هەڵنەگرە.

سیناریۆکانی ئەردۆغان لە باکووری سووری:

 1ـ لەڕاستیدا هێرشی تورکیە بۆ عەفرین بازنەی پێکەوەڵکاندنی بەرپەرچی گۆڕانکارییەکانی ئەنکەرەیە لەبەرابەر سووریە. پەیوەندی سێ خاڵی (جەرابڵۆس ـ عەفرین ـ ئەدلیب)هەمان سیاسەتی بۆ مەرگ بگری بە لرزوتا ڕازی بە، تورکیە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە لەناو دڵی وڵاتانی تردا، دەیەوی بەداگیرکردنی عەفرین بگاتە دەوڵەتی دەست ڵێدراوی خۆی.

2ـ سیاسەتی وەدرنانی بزووتنەوەی کوردی لە "رۆژئاوای فۆرات تا دەریای ناوەڕاستە". تورکیە بە ئۆپەراسیۆنی "چڵە زیتوون"دەیهەوی مەترسیەکانی سەر ئاسایشی لەرزۆکی خۆی لە سنوورەکانی دوور بکاتەوە و ئەوەش لە کاتی ئێستادا بە دروست نەبوونی ستاتۆیەکی کوردی بەدڕێژایی باریکایی سنوورەکانی مسۆگەر دەبێت و بازنەی پێکەوەڵکاندنی ئەوەش، پچڕاندنی عەفرینە لە هەر دوو کانتۆنی تر.

 3ـ دروستکردنی ناوچەی تورکی لەتەواویی سنوورەکانی کانتۆنی عەفرین، لە ئۆپەراسیۆنی "چڵە زیتوون"ئەوەیکە زیاتر بزوێندراوە، کەڵک وەرگرتنی تورکیە لە گرووپە چەکدارە جیهادی و تەکفرییەکانە لەژێر ناوی "سوڵتان موراد"و "سوڵتان فاتح"و. . . . تا کۆریدۆری کوردی لەڕێگەی ئەم "ماکانەی تورکی" کۆنترۆڵ بکات و هیوای کوردەکان لە گەویشتن بە دەریای ئازاد زیاتر و زیاتر ناهومێد بکات.

 4 ـ گۆڕینی پێکهاتەی نەتەوەیی لە شوێنەکانی کێشە لەسەر و جێگیر کردنی هاووڵاتیانی تورک و عەرەب لەجێگای هاووڵاتیانی کورد لە سنوورەکانی "رۆژئاوای فۆرات"تاکوو "مەدیتەرانە"بەمەبەستی هەرچی زیاتر شکەست پێدانی پرۆژەی کوردی لە داهاتووی باکووری سووریە دا. . .

5ـ تورکیە لە سیاسەتدا بەتووندی پراگماتیکە و هەر ئەوە بەرژەوەندی حوکم بکات دیکاتە یاسای بنەڕەتی. بەڵام بۆچی ناتوانی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی یەکێتی دیمۆکراتی"پەیەدە"لە رۆژئاڤای کوردستان قەبووڵ بکات؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە مۆدێڵی بیر و ئەندێشەی تەڤگەری دەسەڵاتداری رۆژئاڤای کوردستان پێکهاتووە لە هەمان دڵەڕاوکی ئاسوودەیی کە ئەنکەرە ترسی لێ هەیە. بەو مانایەی چۆن کوردەکانی رۆژئاڤا ڕێبازی ئایدۆلۆژی "سەرۆک ئاپۆ" و "پارتی کرێکارانی کوردستان"یان قەبووڵکردوە، تورکیە ناچارە مەترسیەکانی ئاسایشی خۆی لە شوێنێکی تر دابین بکات، هەر لەبەر ئەوەشە گورز وەشاندنی لە "پەیەدە"قەڵمکراوە و لەکۆتاییدا نابوودکردنی مێنتاڵیتەی "پارتی کرێکارانی کوردستان"لە ستراتیژییەکانیدا کە هەمان "سیستەمی کۆنفدڕالیزمی دیمۆکراتیکە". . .

6ـ ئامانجی تورکیە لە داگیرکردنی شاری عەفرین هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردوە، تەنیا "پرسی کورد"لە باکووری سووریە نییە؛بەڵکوو لە بنەمادا بیانووگرتنە بۆ گەویشتن بە ستراتیژی گەورەتر لە ئاستی سووریە و ناوچەکە و کارتێکەری دڕێژخایەن لە دابینکردنی سەقامگیری داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەر ئەوەش کوردستانی رۆژئاڤا ـ سوریە دەبێ وەک "دەروازی گەشەنەکردنی تورکیە لە سێگۆشەی لایەکسانی هێزی داهاتووی ناوچەکە" بزانین. . .

ڕۆڵی ڕووسیا و ئێران و عەرەبستانی سعوودی؛

ڕووسەکان چ ئامانجێکیان لە مێشکیاندا دابەستە کردوە؟کوردەکان بۆچی بە یەکجارەکی تەنیا مانەوە؟عەرەبستانی سعوودی بۆ چی بێدەنگە و لەکۆتاییدا ڕۆڵی ئێران لە داهاتووی گۆڕانکارییەکانی سووریە و عێراق چ دەبێت؟

بۆ تێگەیشتنی زیاتر و گەویشتن بە وەڵامی دروستی ئەم پرسیارانە لە خوارەوە هەوڵدەدم بەشێوەیەکی بابەتیانە شرۆڤەی ئەم دۆخەی ئێستای سیاسی سووریە بکەم. . .

لەژێر پێستی گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایەدا ئامانجێکی شاڕاوە هەیە کە بە دیپلۆماسی شاڕاوە و بەرژەوەندی دڕێژخایەنی هەندێک لایەنی کاریگەر و دیاریکردنی چاڕەنووسی ئەوان سەیر دەکرێت، ئێران و کوردەکان گەر درەنگ بجووڵینەوە دۆڕاوی خامۆشی ئەم گۆڕانکارییانە دەبن.

لێکدانەوەی ڕەفتارەکانی ڕووسیا شایەتی ئەوەیە کە ئەم وڵاتە بەدوای شێوە پێدانی ڕێژیمێکە لەسەر بنەمای سەقامگیری هەژموونی لە ناوچەکەدا کە خۆی بەناوی هێزی هەژموونی و سەقامگیری لەسەروەی هەرەمەکەدا جێگای گرتووە و بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە کۆمەڵێک لە وڵاتان نە لە پانتایی بەڵکوو لە دڕێژایی خۆیدا هەیە. بەپێی تیۆری سەقامگیری هەژموونیک، لە درەجەکانی قووچی ئەم سیستەمەدا؛"هێزی هەژموون"، "بەهێزی ناڕازی"، "بەهێزی ڕازی"، "لاوازی ناڕازی"، و "لاوازی ڕازی" بوونی هەیە کە لە شێوەی تێکەڵبوون هەر یەک لە دۆخەکان دەگۆڕدرێن بۆ دۆخێکی تر.

هەر بۆیە ڕووسیا پێشگیری دەکات لەهەر چەشنە هاو زیادبوونی هێز لەژێر(Subsystem)ی، خۆی و بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەدۆخێکی" بەهێزی ڕازی"لەناو ئەو ڕێژیمەدا جێگای گرتووە، چۆنکە گۆڕان لە دۆخی هێزی ئێران، ئێران دەکاتە "بەهێزی ناڕازی"و لە داهاتوودا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەژموونی و ڕۆڵی سەرۆکایەتی ڕووسیا. هەر بۆیەش ڕووسیا، ئێرانێکی لاواز بە ئێرانێکی بەهێز پەسەند دەکات و هەوڵدەدات ئەگەری زیادبوونی زەمینەکانی بەهێزبوونی ئەم وڵاتە کەم ڕەنگ بکاتەوە.

بە پێچەوانەی دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان کە لەسەر بەستێنێکی ڵیبراڵ دروستبوونە حکوومەتی قەبووڵکراوی ڕووسەکان لە فەزایەکی ڕئالیست دا پشتئەستوورە بە ڕەشبینی.

لە لایەکی ترەوە ئیتر ڕووسیا کە ئەزموونێکی دڵخوازی لە جیهانی دوو جەمسەری، خۆڕاگری لەبەرانبەر ڕۆژئاوا و تێچوونەکانی نییە، بەچاوڵێکردنێکی مامناوەندی و ئامرازی چاو لە ڕێژیمێکی وەها دەکات و ئامانجی حەقیقی ئەو پشک خوازی زیاترە لە سیستەمی نوێ جیهانی. کەواتە بەڕاوردکردنی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی دەیەکانی شەست و حەفتا کە سەراپا لەپشت هاوپەیمانانی خۆی ڕادەوستا هەر لە ئەمریکای باشوور هەتا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، چاوەڕاونییەکی بێئاکام و پووچ بوو.

ــ بێدەنگی و پشتیوانی نەکردنی بەمسۆگەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایش دا پێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی(بەرجام).

ــ حەزی شاراوەی بۆ دڕێژە پێدانی گەمارۆکانی سەر ئێران.

ــ دواخستنی دڕێژ ماوە بۆ پێدانی سیستەمی مووشەکی s300.  

ــ کەم ڕەنگ پێشاندانی ڕۆڵی ئێران لە سوریە و بەدەرکەوتنی وەک ڕۆڵی سەرەکی و چاڕەنووسساز لە دانووستاندنەکان دا.

وەک بەڵگەی سەڵمێنەری پاراستنی ئێران لە ڕۆڵێکی گرێدراو و لاوازترە.

فەراهەم کردنی بارودۆخەکە بۆ هاتنی سوپای تورکیە بۆ باکووری سووریە یەکێکی تر لەم بابەتانەیە کە نەتەنیا دەیەوی بوونی هاوسەنگی لەنێوان تاران و ئەنکەرە بەرقەرار بکات، بەڵکوو پێشگیری لە دروستبوونی کۆلیدۆری قەبووڵکراوی ئێران ئامانجی سەرەکی بەهەژمار دێت، چوونکە ڕووسەکان بەزانستی ئەوەی لە عێراقدا هیچ پێگەیەکیان نییە دروستبوونی کۆلیدۆری ئێرانی و زۆربوونی دەسەڵاتی ئێران ڕەنگە لە داهاتوودا هەژموونی ئەوان لە سیستەمی نوێ دا لەگەڵ مەترسی ڕووبەڕوو بکاتەوە. بۆیە ئەوان ئێران و سووریە بەشێوەی دوڕگەیەکی سەربەخۆ لەیەکتری سەبارەت بەکردەوەکانی نفووزی زیاتری خۆیان بەباشتر دەزانن. .

تورکیە ڕەنگە زیاتر لە ڕووسیا، ئێران لە داهاتوودا لەگەڵ مەترسی رووبەڕوو بکاتەوە، ئاشکرایە و روونە کە بەرژەوەندییەکانی تورکیە و ئێران بەهیچ شێوەیەک پێکەوە کۆ ناکرێنەوە و دەستکەوتی پێکەوە هاوکارییان هەر سیفر دەبێت. کێبەرکی ژیۆپۆلۆتیکی، کێشەی ئایدۆلۆژی، ناکۆکی بەرژەوەندی و کێشمەکێشی مێژوویی بەڵگەیە لەسەر ئەم بانگەشەی سەرەوەیە کە ئاماژەم پێکردوە و سەڕەرای ئەوانەش ڕووسیا بەشێوەیەکی زۆر لێزانانە ئەم دوو وڵاتەی هەرچەند بۆ کورتخایەن تا دەست ڕاگەیشتن بە پێداویستی دڕێژخایەنی خۆی، لە تەنیشت یەکتری رێز کردوە کە وێدەچی ئەڵمان و فەڕەنسەیەکی تر لە رۆژئاوای ئاسیا لەحاڵی دروستبوون دانە. ئێستا ئەوەی کە پێوێست بە شرۆڤە کردن ناکات، نە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوروپای "رۆژئاوا"یە و نە جۆری پێوەندی ئێران و تورکیە لە ڕەگەزی نیئۆلیبراڵی ئەڵمان و فەڕەنسا بەهەژمار دەێت.

سەڕەرای ئەوانەش، دەروونناسی کەسایەتی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"؛پێشبینی هەڵنەگری، پاشگەزبوونەوە و بڕیارە لەناکاوەکانی کە نەزانی لە (پاڕانۆیای) تووندی ئەوە سەبارەت بەهەر شتێک و هەر کەسێک و هەر چەشنە هاوپەیمانی و نزیکایەتیەکی لە گەڵ تورکیە هەبێت، دەخاتە ژێر تیشکی گومان و بەدبینی خۆیەوە و زەریبی ڕیسکی ئەو زیاتر دەکات.

وەها چاوەڕوان دەکرێت ڕەهەندی ئەم مەسەلەیە، فەزای دەسەڵاتی سەر پێوەندی ئێران و تورکیەیەشی بەتووندی خستۆتە ژێر ئاخێکی شاڕاوەوە، چ سەبارەت بە گەمارۆی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای پرۆسەی ڕێفراندۆم، کە"ئەردۆغان"دەستی ئێرانی لەوێش خستە ناو "خەنەوە" و ئێرانی ناچار بە داخستنی سنوورەکانی کرد و سنوورەکانی وڵاتی خۆشی لەسەر کوردستان بەکراوەیی هێشتەوە.

"مەتەڵۆکی زیندانی"لە تیۆری گەمەکەری پێوەندییە نێودەڵەتیەکان ڕەنگە پێوەندی نوێ ئێران لەگەڵ تورکیە باشتر ڕوونبکاتەوە؛

دوو کەس تاوانێکی هاوبەشیان ئەنجامداوە و هەر یەکە لە ژوورێکی جیاواز لە یەکتری زیندانی کراون، لەگەڵ گرنگیدان بە بەدبینی سەبارەت بەیەکتر، لەکاتی لێکۆلینەوەدا نیگەرانن کە نەوەک یەکێکیان لەدژی ئەویتر درکاندن بکات لەبەر ئەم هۆیەش ڕێگای دەستپێەوەگرتن هەڵدەبژێرن و بۆ پێشگیرکردن لە زەرەری ئەگەری دانپێدانان دەستپێشخەری دەکەن و لەدژی یەکتر شایەدی ئەدەن.

"ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەلماندویەتی کە هەتا سەبارەت بە نزیکترین کەسەکانی خۆی هەر ئەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە گەیاندنی بەلووتکەی دەسەڵات لە تورکیە دوای ساڵی 2003، هیچ چەشنە باوەڕییەکی نەبێت و هەموویان بەنوێرە دوای ئیکسپایەر بوون لە دەمی تێغ تێپەڕێنی.

لەدوای پاکسازی هاوڕێیانی حیزبی بەشێوازی ڕەوشی ئیستاڵینی. ئەمجارە نوێرەی "مەسعوود بارزانی"بوو تاکوو ببێتە جێ تووڕەیی، لەکاتێکدا زەمانێک بوو "مەسعوود بارزانی" وەک هاوڕی و نزیکترین کەسی خۆی دەناسی و بانگهێشتی دەکرد بۆ ئەنکارا و ڕاوێژی پرسی کورد و هاوکاریکردنی بۆ لەناو بردنی پرسی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد لەو وڵاتەدا.

هەروەها لەسەر ئەم ڕەواڵە خیانەتی دەست پێشخەری بە ئێران لە داهاتوو دا ڕەنگە ئەگەرێکی زۆر ئەستەم بێت.

ئەردۆغان سەردەمانێک کە خولیای "تورکستان"ی، گەورەی لە خەیاڵ دابوو و نەخشەکانی بڵاوکراو لە ڕێکخراوە پەیڕەو لێکراوەکانی بەشێکی زۆریان لە باکووری ئێران هەتا باکۆ بەڕەنگی سوور دەرهێنابوو و لە ڕێگای دەریای خەزر بە ئاسیای ناوەڕاست بەستبۆوە، و بۆ ئەم مەبەستە ساڵانی پێشوو بەهاوکاری باکۆ بەهاندانی بزووتنەوە شوناسخوازەکانی پان ـــ تورک و بەهێز کردنی پچڕاندنی قەومی لە باکووری رۆژئاوای ئێرانیان ئیستارت لێدابوو. گەڕەنتیەک بوونی نییە کە دوای گەویشتنی بەئامانجەکانی لەسووریە و عێراق، دووبارە فیلەکەی یادی هێندستان نەکاتەوە.

هەرچەندە ئامانجی ئەنکەرە لە داگیرکردنی شاری عەفرین و هێرشی پێشوەختەی بۆ هەڕەشەی کوردەکان ڕاگەیاندوە، بەڵام لە دوا نییەتەکانیان کۆنترۆڵی ئێران شاردراوەتەوە. ئەوان باش تێدەگەن ئەگەرچی لە دۆخی ئێستادا، لەگەڵ گرنگیدان بە تێگەیشتنی نادروستی ڕووداوەکانی ڕابردووی نێوان ئێران و کوردەکان دوو لایەن بۆ قۆناغی جیاواز هەنگاویان هەڵگرتووە. بەڵام پتانسێلی بەهێزی هاوکاری سەڕەرای هاوبەشیە زۆرەکانی نێوانیان هەمیشە بوونی هەیە.

بێدەنگی ماناداری عەڕەبستانی سعوودی لە مەسەلەی کەرکووک وعەفرین هەر لەو ئاڕاستەیەدا دەبێ شرۆڤە بکەین، ئەویش عەرەبستانێک کە لەم ساڵانەی دواییدا پێی ڕاوەستاوی ئەم بانگەشانە لە گۆڕانکارییەکانی سووریە و عێراق بووە. هەرچەندە عەرەبستان و تورکیە خاوەنی کێشەی تایبەتمەندین لە جیهانی سونەدا، بەڵام ئێران وەک دووژمنی هاوبەش و بوونیادی دەزانن و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران لە یەک ڕێباز پەیڕەوی دەکەن.

لە ڕاستیدا تورکیەی دەبێ وەک "ئەسپی ترۆوا"ی بەرەی دژە ئێرانی لەبەرچاو بگرین. چ ئەوەیکە ئێستاش وەک ئەندامێکی ناتۆ و هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەحیساب دێت، تورکیە ئەگەرچی لە ئێستادا لەبەر هەندێک بەرژەوەندی کاتی لە بەرەی ئێران دا جێگای گرتووە. بەڵام بەشێوەی هێز بەشێک لە کەمپی رۆژئاوایە و دەڕنگ یا زوو هەر دەگەڕێتەوە باوەشی.

عەرەبستانی سعوودی بەدوای دروستکردنی "هەرێمی ئۆتۆنۆمی سوننە"یە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدڕال دا کە لە باشووروە لەگەڵ ئۆردن و عەرەبستان و لە باکووری موسڵ لەگەڵ تورکیە هاوسنوور دەبن، هەرێمی سوننە کە تەواویی ناوچەی ناوەندی و رۆژئاوای عێراق و هەروەها کەرکووک و موسڵ بەشێک لەم هەرێمە دەبن، لە نیشانەکانەوە وا خۆیا دەکات کە بە هەماهەنگی ویڵایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا هێشتوویانەوە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق. لەو لای تریشەوە تورکیەش خولیایەکی لەوشێوەی بۆ ناوچەکانی سوننی لە مەرکەز و رۆژهەڵاتی سووریەی فیدڕال لە مێشکدا ڕازاندۆتەوە کە باکووری"ڕەقە"و "سەری کانی"بۆ تورکیە و لە باشوور بۆ "ئۆردن" پێکەوە دەبەسرێتەوە، بەم شێوەیەش ڕێگری دەکات لە پێش دروستبوونی کۆلیدۆری ئێرانی لە جۆگرافیای سوننە و هەروەها کوردەکان.

چاوپێکەوتنەکانی دەرەوی عورفی بەرپرسانی ڕووسی لەگەڵ هاوتاکانی سعوودی، ئیسرائیلی و تورکی خۆیان لە یەک ساڵی ڕابردوو دەرخەری ڕەزایەتمەندی ڕووسەکانە لەم زەمینەدا و ڕەنگە لە بەرابەر کۆمەڵێک دەستکەوت دابێ.

بەدڕێژایی قۆناغی جەنگی ناوخۆیی سووریە شەڕی شاڕاوە لەسەر دوو هێڵی بۆری وزەی رۆژهەڵات ـ رۆژئاوای ئێران بۆ دەریای ناوەڕاست و باشوورـ باکووری عەرەبەکان بۆ تورکیە و ئەوروپا لە جووڵە دابووە کە بەیەک تیر و دوو نیشان، هەم کۆلیدۆری ئێرانی و هەم هێڵی گۆاستنەوەی وزەی ئێران رووبەڕووی بۆنبەست دەکەنەوە.

بەدڕێژایی شەڕی ناوخۆیی سووریە و شەڕی بێدەنگی ئەمریکا و پشتیووانی بەئاماژەی بەرپرسانی بەریتانیا و ناتۆ لەسەر بنەمای مەشرووعییەتی تورکیە لە پاراستنی خۆی دەتوانی بەڵگەی ئەم بانگەشانە بێت. پیڵانی یەکەم داگیرکردنی عەفرینە، ئەگەر کوردەکان لەهەمبەر پیڵانگێری نێودەوڵەتی هەروەک کە تاکوو ئێستا پێشانیانداوە ملکەچ نەبوونە و توانایی بەرخۆدانیان هەیە، جێبەجێکردنی قۆناغەکانی تری ئەم سیناریۆیەش ڕەنگە لەگەڵ بەڵام و ئەگەرەکان رووبەڕوو بێتەوە. . .

دەرئەنجام:

دەسەڵات بۆ خەڵک؛ ئەزموونێکی نوێ لە دیمۆکراسی لە رۆژئاڤای کوردستان، گەلی کورد لە رۆژئاوا لەحاڵی ئەزموونکردنی مۆدێڵیکی دیمۆکراتیکی وەرگیراو لە فەڵسەفەی سیاسی ئیکۆـ ئەنارشیزمی ئەمریکاییە، ڕەنگە کوردستانی رۆژئاڤا ـ سووریە دواهەمین شوێن بێت کە ئێمە چاوەڕوانی ئەزموونێکی پێشکەوتووی لە دیمۆکراسی ڕاستەوخۆی تێدا دەکەین، بەڵام شتێکی ڕادیکاڵ لەحاڵی ڕوودان دایە. کە بۆتە جێگەی بایەخپێدانی زۆری دونیا لە رۆژهەڵاتی وڵاتێکی وێرانبوو و ناوچەیەکی پەراوێزخراودا.

بەڵام گەلی کورد، بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا، نەتەنیا خۆی لە گەویشتن بە مافە زەوتکراوەکانی کە بەدڕێژایی مێژوو بێبەریکراوە نزیک کردۆتەوە، بەڵکوو لە فیکری دروستکردنی کۆمەڵگە، حکوومەت و ئابوورییەکی تەواو سەربەخۆش دایە.

ئارمانجەکانی شۆڕشی رۆژئاڤا بەشێوەیەک ئاڵۆزترە لە خەیاڵی کوردستانی سەربەخۆ، پێچەوانەی ئەوەیکە لە کوردستانی باشوور بوونی هەیە، شوێنێک کە ڕێبەرانی هیچ ملنەدانێکیان بۆ ڕاگەیاندنی حەزی خۆیان بۆ جیابوونەوە نییە، بزووتنەوەی کوردەکانی سووریە بانگەشەی پێداویستبوون بەیەک ئەزموونی دیمۆکراتیکی ڕادیکاڵ هەیە کە بتووانن کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو لای یەکسانی ڕەگەزی، بەڕەوازانینی ماڤی کەمینەکان و دابەشکردنی یەکسانی سامان و خاوەنداڕێتی هانبدات.

رۆژئاڤا، لەسەر بنەمای ئەوی لایەنگرانی دەڵێن، یەک دیمۆکراسی جەماوەرییە کە تێدا یاسا و ئەمنییەت سپێردراوە بە دەستی شووڕاکانی خۆجێیی، گەڕەنتی بەشداری ژنان و کەمینەکان دەکات، ئەو سەرەوت و سامانە زۆرەی لەژێر پاوانکاری ڕێژیمی بەشار ئەسەد بوو، ئەمجارە بەشێوەیەک یەکسان بەپێی پێویستیەکانی هاووڵاتیان دابەشدەکرێت.

پاڕێزەرانی بزووتنەوەی رۆژئاڤا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خەبات و تێکۆشانیان تەنیا بۆ ئازادی کوردستان نییە، بەڵکوو بۆ دروستکردن و پێشکەشکردنی مۆدێڵێکی باشتر لە حوکمڕانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تێدا دەستەخوازی بەرەو نەمان دەچێت.

ئەوی جێگای بایەخ و گرنگی پێدانە ئەمرۆ لە جیهانی ڕۆژئاوا دا، بوونی هێزی تۆکمە و یەکگرتووی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان ـ سووریە، کە بەدڕێژایی شەڕی ناوخۆیی سووریە، لەدژی تیرۆریستانی تاریک پەرەستی داعش لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان دابوون و توانیان سەڕنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن.

شکەستی داعش و کۆتایی خەڵافەتی ئەبووبەکر بەغدادی لە سووریەدا ئاسۆیەکی نوێ بەرووی کوردی رۆژئاڤا دا کردۆتەوە کە گەورەترین زلهێزی دونیا دەرگای پێوەندی و یارمەتیەکانی خۆی بۆ واڵا کردونە و ئامادەیە هەتا کۆتایی سەقامگیری ناوخۆیی لە سووریە و هەڵبژاردن و ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەوڵەت لە جۆگرافیای نزیکی ئەوان جووڵە بکات و چاوەدێری ڕەوشی سیاسی و پێشکەوتنەکانیان بکات. . .

یەکێتی و کۆدەنگی ناوخۆیی گەل و پەیەدە ئیرادەیەکی بەهێزی دروست کردوە بۆ پاراستنی شوناس و دەستکەوتەکانی مێژوویی گەلی کورد لەم پارچەی کوردستان کە بۆتە هیوا و ئومێدی زۆری هەموو گەلی کوردستان.

هەر ئەوەش وایکردوە کە گەورەترین دووژمنی کورد مەبەست تورکیە چاوی بەم نزیکایەتیە و پێوەندییانە هەڵنەێت و دەست بکاتەوە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی تر لەناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و شاری عەفرین دا بە کۆمەڵێک سیناریۆی دواخراوی خۆی کە دەبوو دەست بەپراکتیزە کردنیان بکات لەو ساتە دا. .

نزیک لە یەک مانگە تەواویی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و بەرژایی تەنیا شوێنی ماڵ و نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی کردۆتە ئامانج و هیچ دەستکەوتێکی تری نەبووە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە فەڕمانڕوای شەڕە دۆڕاوەکانی تورکیە بووە لەماوەی ئەم پانزدە ساڵە لە ئەزموونی حکوومەتداری خۆی و پارتەکەی دا.

ئەوەی ئێستا زیاتر بۆتە مژاری سەرەکی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازی دەوڵەتانی جیهان سڕینەوە و پەراوێزخستنی تورکیەی ئەردۆغانیزمە، چۆن هەموو دەزانن ئەردۆغان ئیتر کۆتایی پێهاتووە و زوو یا درەنگ کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی خۆی و پارتەکەی دێت لەناوخۆی تورکیەدا. . .

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu