كیەكەگۆ دژە عەقڵانیزمێکی مەترسیدار و شەڕانگێز .. رزگار سەعید

 

لە زستانی 1841 سورین كیەكەگۆ (یاخود کیرکیگارد)ی بیست و هەشت ساڵە پاش هەفتەیەک لە هەرەسهێنانی پرۆسەی خۆشەویستی لەگەڵ (ریگینا ئۆڵسن) دەزگیرانی کە ساڵانێک بە ئازارەوە بەڕێ کردبوو ئەم کۆتایی پێهێنابوو، لە کۆپنهاگنەوە دەگاتە زانکۆی بەرلین بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕاستییەکی ڕەها کە چۆن بتوانێت جارێکی دی ئارامی بە ڕۆحی ببەخشێتەوە.

سەرەتا ئەم لاوە بە جۆشەوە گوێ بۆ وتارەکانی شێلینگ دەگرێت سەبارەت بە “فەلسەفەی وەحی” تەنانەت لەگەڵ هێرشەکانیشیدا هاوڕا دەبێت  بۆ سەر دیموکراسی سیاسی و لیبرالیزم، بەکارەکانی هیگڵ ئاشنا دەبێت، بەڵام ئەم گوڕ و تینی شەوقە زۆر ناخایەنێت و بە خێرایی بۆ نائومێدییەکی قووڵ پەل دەکێشێت.

ساڵی 1843 لە ژێر ناوێکی ساختەی ڤیکتۆر ئێرێمیتا کتێبێکی گەورە بەناوی(Entweder – Oder) بڵاو دەکاتەوە، لەم بەرهەمەیدا دوو ئەگەری بوون یان تێڕوانین بۆ ژیان لەیەکتر جیا دەکاتەوە ئەوانیش ئەگەری جوانیناسی و ئەگەری ئەخلاقیە کە تێیدا ڕەخنەش لە هیگلیزمی دەگرێت.

ساڵی 1848 بە بڵاوبوونەوەی گوتارەکانی مەسیحیەت، ڕووبەڕووی کڵێسای دانیمارکی دەبێتەوە، تۆمەتباریان دەکات بەوەی مەسیحی بوون چیتر دەرئەنجامی بڕیارێکی هۆشیارانە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە تەنها  خودی کڵێسا کان پشتگیری لێدەکەن.

كیەكەگۆ خەمێکی هەڵگرتبوو کە سەرچاوەکەی لە پرسیارێکی گرنگ و فرە ڕەهەنددا بوو بەوەی ئایا مرۆڤ چۆن دەتوانێت مەسیحییەکی پەرستراو بێت لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی مۆدێرندا؟

هەر بۆیە لە ڕێگەی نووسینی تیۆلۆژییەوە هەوڵیدەدا لە ناڕەحەتیەکانی ڕۆحی خۆی شارەزا بێت، سەرئەنجام ئەم لێکدانەوەی ڕوحە دەیکاتە کارەکتەرێکی کلاسیکی لاهووتگەریی ئەوروپی مۆدێرن و بەردەوام بەدوای مانادا وێڵ دەبێت، تا مانایەک لەسەر خودی خۆی ببینێتەوە.

كیەكەگۆ لە 5 ی ئایاری 1813 لە شاری کۆپنهاگن لەخانەوادەیەکی دەوڵەمەند لەدایکدەبێت کە پێشتر باوکی زۆر هەژار دەبێت و سامانێکی زۆری لە خانەوادەکەیانەوە بۆ دەمێنێتەوە، باوکی دەبێتە بازرگانێکی بەناوبانگ، بەڵام ئەو سەرمایەیەی باوکی نابێتە مایەی خۆشی و نیعمەت، بەڵکو ترسی مردن و گوناە لێی دەبێتە تەقوایەکی خەمناک و خەمۆکیەکی بەردەوامی ژیانی.

ساڵی 1830 لە زانکۆی کۆپنهاگن فەلسەفە و ئیلاهیات دەخوێنێت، پاش هەشت ساڵ دەست دەکات  بەخوێندنی ئیلاهیاتی پرۆتستانت بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ گومانە ئایینییەکان.

ساڵی 1841 لەسەر چەمکی ئایرۆنی کە لێکۆڵینەوەیەکی چڕە لەسەر سۆکرات لە ڕوانگەی زینۆفۆن و ئەرستۆفانیس و ئەفلاتون بەناوی (لەبارەی چەمكی ئایرۆنییەوە بە گەڕانەوەی هەمیشەیی بۆ سوكرات) خوێندنەکەی تەواو دەکات، هەوڵدەدات چیدی وانە نەدات بە بەرامبەرەکەی، بەڵکو هانی بدات سەربەخۆیانە پرسیار بکات و بیربکاتەوە و ڕاستییەکانی خۆی بدۆزێتەوە، گاڵتە بە نیوە زانین بکات و شوێن بۆ زانینی گشتگیر بکاتەوە، ئیدی فۆڕمی ژیانی دەگۆڕێت بۆ ژیانێکی لوکس و بە زانا و نووسەرێکی تایبەتی دانیمارکی دەناسرێت، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ کار نەکردنی و کاتێکی زۆری بەردەست دەبێت بۆ خۆڕاگری و بیرکردنەوەی بەردەوام.

کاتێک ڕەخنە لە ئایدیالیزمی ئەڵمانی بە تایبەت ئیدیعاکانی هیگڵ دەگرێت بۆ ئەوەی حەقیقەتی ئیمانی کۆنی لۆتەران بە زاراوەی عەقڵی مۆدێرن ڕوون بکاتەوە، ئیمان بە بیرکردنەوەی عەقڵانی نازانێت، بەڵکو دەیکاتە بڕیارێکی ناعەقڵانی، ئەمەش دەبێتە مەترسییەکی بێ مەرج “بازدان” بۆ ناو نەزانراو هەر لەم ڕوانگەوەیە بە باپیرەی بوونگەرایی مۆدێرن پێناسە دەکرێت.

زاڵبوون

كیەكەگۆ لە شیکارییەکیدا بۆ قوربانیدان و پلان داڕێژراوی ئەبراهام بۆ ئیسحاق (ئیبراهیم بۆ ئیسماعیل) ڕوونی دەکاتەوە هەموو مرۆڤێک لە ژێر فشاری وجودیدایە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات.

پێویستە هەموو کەسێک بڕیار لە چۆنیەتی ژیانی خۆی بدات نەک تەنها سەرنجی لەسەر بەکاربردن و چێژوەرگرتن بێت، بە پێچەوانەوە هەرگیز ناتوانێت لەو "قۆناغە جوانکارییەدا" بەسەر پووچیی مانا و بێزاری بوونگەرایدا زاڵ بێت، بەواتایەکی دی مرۆڤ دەتوانێت یان خۆی هەڵبژێرێت، یان سنوورداربوونی خۆی بکاتە ڕەها لە خۆ جێگیرکردنی گوناهباریدا، دەتوانێت بوێر بێت و“ باز بدات” ە ناو ئیمان.

ئەم بازدانە بۆ بەرزترین "قۆناغی ئایینی" ژیانە، قسەیەکی فانییە لە جددییەتی ئیمان کە لەلایەن ئیبراهیمەوە وێنا دەکرێت، کە ئامادەبووە بە ویستی خودا قوربانی ئەنجام بدات، بۆ كیەكەگۆیش ئەم ئامادەگی کوشتنە بۆ توندترین گوێڕایەڵ بوونی ئایینیی دەگەڕێنێتەوە.

چەمکی ترس

كیەكەگۆ کاتێک ڕەخنەگرانە باس لە ئیمان دەکات، بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر دەسەڵاتدارانی دنیا چونکە "لە ڕێگەی گوێڕایەڵی بێ مەرج بۆ خودا تێکڕای شتگەلەکان لە دۆخی چەقبەستوویاندا دەمێننەوە." ئیمان تەنها شتە دنیاییەکان لە چەسپاندن و سەقامگیریی دەپارێزێت کە دژایەتی سنوورداربوون دەکەن.

ئیمان تەنها ڕێگە دەدات سنووردارەکان سنووردار بن و بەرەنگاری ڕەهابوونەکان ببێتەوە ئەمەش هێزێکی ڕەخنەگرانەی سنووردارە، واتە ئەگەر هەموو شتێکی دنیایی سنوورداربوونی خۆی هەبێت، ئەوا ئیمانیش دەبێت  بۆ خۆی جێبەجێ بکات، کەواتە نەک هەر عەقڵ سنووری خۆی هەیە، بەڵکو ئیمانیش سنووری دیاری خۆی هەیە و نابێت خۆی بخاتە جێگای خودا، ئەمە ئەو ڕەهەندەیە کە كیەكەگۆ کاری لەسەر دەکرد و بەو هۆیەوە مۆدێلێکی مەعریفی بۆ هەموو ئەو مرۆڤە خواپەرستانە دابین دەکرد کە نەیان دەویست سنوورەکان بناسن و بناغەکانی مەدەنیەت دابمەزرێنن.

ترس وەک پێشمەرجێکی گوناه نەک دەرئەنجام پۆلێکی سەرەکییە لە بیرکردنەوەی كیەكەگۆدا، وەک لە کتێبی"چەمکی ترس" لە ساڵی 1844 باسی لێوە دەکات.

سەبارەت بە جیاوازیی نێوان ترس و شپرزەیی دەڵێت: ترس هەمیشە ترسە لە شتێكی دەرەكی، بەڵام شپرزەیی دۆخێكی بوونخوازانەی مرۆڤە لە ناخیدا گەشە دەکات.

ترس هیچ پەیوەندییەکی بە خودی ترسەوە نییە، بەڵکو وەک گێژاوی ئازادی و واقیعی ئازادیە، بەمکارەی سەرنج بۆ ناڕوونییەکەی ترس ڕادەکێشێت، بۆ ئەو ئەگەرە یەکتر دوورخراوانەی کە لەخۆی دەگرێت، چونکە شتانێک لەخۆدەگرێت لە هەمان کاتدا هەم ترسناکە و هەم سەرنجڕاکێش، بۆیە بە "دژە هاوسۆزی و هاوسۆزی دژە هاوسۆزی" ناوی دەبات، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەوەی فرۆید سەبارەت بە هەستکردن بە تاوانباری تێبینی دەکات: مرۆڤ تاوانبار نییە چونکە گوناه دەکات، بەڵکو گوناه دەکات چونکە ئاگاداری تاوانبارییە.

كیەكەگۆ لە بەشێکی چەمکی ترسدا باس لە ترسی مرۆڤ دەکات وەک سەرچاوەی ئازادی خۆی لێکدەداتەوە، هەوڵدەدات پەیامەکە وەک بەرهەمێکی دەروونی تێبگەین، بەڵام چەندین جار بە قووڵی لە دۆگماتیکدا قووڵی دەکاتەوە، زیاتر هەوڵدەدات ئەم بارەمان بۆ ڕوون بکاتەوە، کاتێک یەکەم مرۆڤ حاڵەتی بێتاوانی خۆی وەک جۆرێک لە خەون ئەزموون دەکات، کاتێکیش لە خەونەکەی بەئاگا دێتەوە، تێدەگات بە هیچ دەورە دراوە، ئەم هیچبوونە دەیترسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونبوونەوەی ئازادییەکەی، بەمەش بەشێک لە چەمکی ناوەندی فەلسەفەی بوونگەراییمان  پێ دەناسێنێت.

تێڕوانینەکانی كیەكەگۆ سەبارەت بە ئاڵۆزی ترس و ئازادی و گوناه و سێکسییەت تاڕادەیەک تێگەیشتنیان سەختە، بەڵام  دەتوانرێت لە ئیلاهیات و دەروونناسی و فەلسەفەی سەدەی بیستەمدا بدۆزرێتەوە.

 

*کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژی پرۆفیسۆر فریدریش ویلهێلم گراف لەزانکۆی میونشن کە یەکێکە لە دیارترین زانایانی ئیلاهیاتی پرۆتستانت لە ئەڵمانیا لە رۆژنامەی کولتوور بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە بە بۆنەی 210 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی سورین ئابای كیەكەگۆدا.

نووسەرە کۆنەکان