چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێش سه‌باره‌ت به‌ زه‌هایمه‌ر ... وەرگێڕانی: والی عەلی

زه‌هایمه‌ر كه‌ ئه‌لزه‌هایمه‌ریشی پێده‌ووترێت باوترین جۆری نه‌خۆشیی خه‌ڵه‌فانه‌. زاراوه‌ی خه‌ڵه‌فان بریتییه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌ماخییانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ له‌ده‌ستدانی یادگاو كه‌مبونه‌وه‌ی توانا زانیارییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشن سه‌باره‌ت به‌ زه‌هایمه‌ر:


· له‌ئێستادا زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن هاوڵاتیی ئه‌مه‌ریكی به‌ زه‌هایمه‌ره‌وه‌ ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. پێشبینیده‌كرێت به‌ هاتنی ساڵی 2050 ئه‌م ژماره‌یه‌ بگاته‌ 13 ملیۆن.

· له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌رده‌می په‌تای كۆڤید19دا مردنی توشبوانی زه‌هایمه‌رو خه‌ڵه‌فان به‌گشتی، به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 16 زیادیكردووه‌.

· له‌هه‌موو سێ به‌ساڵاچویه‌كی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، یه‌كێكیان به‌ زه‌هایمه‌ر یان جۆرێكی تر له‌نه‌خۆشیی خه‌ڵه‌فان، كۆچی دواییده‌كات. واته‌ ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییانه‌ زیاتره‌ له‌ هی قوربانیانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و پرۆستات پێكه‌وه‌.

· ته‌نها له‌ساڵی 2021، تێچووی نه‌خۆشی زه‌هایمه‌رو جۆره‌كانی تری خه‌ڵه‌فان له‌سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، 355 ملیار دۆلار بووه‌. به‌هاتنی ساڵی 2050، ده‌كرێ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه ‌بۆ یه‌ك ترلیۆن و 100 ملیار به‌رزببێته‌وه‌.

· زیاتر له‌ 11 ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی چاودێریی بێبه‌رامبه‌ر بۆ توشبوانی زه‌هایمه‌رو نه‌خۆشییه‌كانی تری خه‌ڵه‌فان دابینده‌كه‌ن. ئه‌م چاودێرانه‌ 15 ملیارو 300 ملیۆن سه‌عات خزمه‌ت پێشكه‌ش به‌و نه‌خۆشانه‌ ده‌كه‌ن و به‌های ئه‌م خزمه‌تانه‌ش نزیكه‌ی 257 ملیار دۆلاره‌.

· له‌هه‌موو 10 هاوڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكیی به‌ڕه‌گه‌ز ئیسپانی، ته‌نها سیانیان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ هێنده‌ ته‌مه‌نیان درێژده‌بێت كه‌ توشی نه‌خۆشییه‌كانی خه‌ڵه‌فان ببن.

· له‌نێوان ساڵی 2000 بۆ 2019، مردن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 7.3 كه‌میكردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی زه‌هایمه‌ره‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 145 زیادیكردووه‌.

· له‌هه‌موو سێ توشبویه‌كی زه‌هایمه‌ر له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نزیكه‌ی دوانیان ژنن.

· ناوی زه‌هایمه‌ر له‌و پزیشكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار نه‌خۆشییه‌كه‌ی ناساندووه‌. بۆ یه‌كه‌مینجار ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ساڵی 1906 له‌لایه‌ن پزیشكێكی ئه‌ڵمانییه‌وه‌ به‌ناوی ئه‌لریس ئه‌لزهایمه‌ر، دۆزراوه‌ته‌وه‌.

· تائێستا هیچ چاره‌سه‌رێكی ته‌واوه‌تی بۆ زه‌هایمه‌ر بونی نیه‌. به‌ڵام ده‌توانرێت په‌ره‌سه‌ندنی نه‌خۆشییه‌كه،‌ خاوبكرێت.
 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu