چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێش سه‌باره‌ت به‌ ته‌ڵاق ... وه‌رگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والی عه‌لی

 

جیابونه‌وه‌ی هاوژینان له‌یه‌كتر (ته‌ڵاق) دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌و هۆكاره‌كانی جیاوان. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشی په‌یوه‌ندیدارن به‌و دیارده‌یه‌.

1. پیاوانی خیانه‌تكار به‌ده‌گمه‌ن به‌ هاوسه‌ره‌كانیان ده‌ڵێن كه‌ خیانه‌تیان كردووه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیاریان لێبكرێت، ته‌نها له‌سه‌دا حه‌وتی پیاوان له‌لای هاوژینه‌كانیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ خیانه‌تیان كردووه‌. نزیكه‌ی له‌سه‌دا 68ی پیاوان هه‌رگیز دان به‌وه‌دا نانێن كه‌ رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژییان له‌گه‌ڵ خانمێكی تردا هه‌بووه‌، یان ته‌نها ئه‌و كاته‌ دانی پێدا ده‌نێن كه‌ خانمه‌كانیان به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گریان له‌لا بێت بۆ ئه‌و خیانه‌ته‌.

2. به‌گشتی ناپاكیی هاوسه‌رگیریی هۆكاری سه‌ره‌كیی جیابونه‌وه‌ نیه‌. هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ی خێزان ده‌توانێت هاوسه‌رگیری وێرانبكات، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی جیابونه‌وه‌، پاره‌یه‌.

3. نزیكه‌ی له‌سه‌دا شه‌شی هاوژینه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن و پاشان جیاده‌بنه‌وه‌و دواتریش بایئه‌یه‌نه‌وه‌ بۆ یه‌كترو جارێكی تر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌.

4. له‌و ئه‌مه‌ریكایه‌ی لای خۆمان، رێژه‌ی ته‌ڵاق له‌یه‌كه‌م هاوسه‌رگیریدا نزیكه‌ی له‌سه‌دا 41ه‌. له‌دووه‌مدا له‌سه‌دا 60و له‌سێیه‌مدا له‌سه‌دا 73یه‌.

5. له‌ناو ئه‌و چینانه‌ی كه‌ كه‌مترین ته‌ڵاق تیایاندا روده‌دات، ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵ، فرۆشیاران، ئه‌ندازیارانی چه‌كی ئه‌تۆمی، چاویلكه‌سازان، پیاوانی ئاینیی مه‌سیحی و پزیشكانی منداڵ هه‌یه‌.

6. هاوسه‌رگیرییه‌ك كه‌ خانمه‌كه‌ دوو ساڵ یان زیاتر له‌پیاوه‌كه‌ گه‌وره‌تر بێت، به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 53 ئه‌گه‌ری جیابونه‌وه‌ی زیاتره‌ له‌وانه‌ی كه‌ پیاوه‌كه‌ سێ ساڵ یان زیاتر گه‌وره‌تربێت یان ته‌نها ساڵێك بچوكتر بێت له‌خانمه‌كه‌.

7. سه‌ره‌كیترین پێنج هۆكاری جیابونه‌وه‌ له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مانه‌ن: كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و هاوشێوه‌كانی، ناپاكیی هاوسه‌رگیری، كێشه‌ی دارایی، ده‌ستدرێژی ده‌رونی و سۆزداری و فیزیكی، نه‌مانی حه‌ز بۆ چڕوچاوو بیچم و بۆنیدی یه‌كتر!!!

8. به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك، سه‌ماكاران و دیزاینه‌رانی سه‌ما، به‌ به‌راورد به‌ هه‌ر چینێكی تر، زۆرترین رێژه‌ی جیابونه‌وه‌ تێیاندا روده‌دات كه‌ زیاتر له‌سه‌دا 43یه‌. به‌دوای ئه‌ماندا مه‌یگێڕان دێت كه‌ رێژه‌كه‌ی نزیكه‌ی له‌سه‌دا 38و نیوه‌. پاش ئه‌مانیش چاره‌سه‌ركاران به‌ مه‌ساج، دێت كه‌ رێژه‌كه‌یان نزیكه‌ی له‌سه‌دا 38و چاره‌كێكه‌. هه‌ر له‌لیستی ئه‌و 10 چینه‌ی زۆرترین رێژه‌ی ته‌ڵاقیان تێدا روده‌دات، كرێكارانی گازینۆكان و كارپێكه‌رانی هێڵی ته‌له‌فۆن و په‌رستاران و یاریده‌ده‌ره‌ پزیشكییه‌كانی ماڵه‌وه‌، هه‌ن.

9. به‌گشتی خانمان پاش جیابونه‌وه‌ ته‌نها سێ ساڵ و یه‌ك مانگ و كه‌مێك چاوه‌ڕێده‌كه‌ن، پاشان ناسكه‌شویه‌كی لێده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام پیاوان نزیكه‌ی سێ ساڵ و چوار مانگ چاوه‌ڕێده‌كه‌ن ئینجاكونێ ناسكه‌ژنێكی تر ده‌هێنن.

10. ته‌ڵاق له‌ ماڵتا قه‌ده‌غه‌یه‌. ئه‌م وڵاته‌ له‌لایه‌ن ڤاتیكانه‌ چكۆله‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و یه‌كێكه‌ له‌و سێ وڵاته‌ كاسۆلیكییه‌ی جیهان كه‌ تیایاندا ته‌ڵاق قه‌ده‌غه‌یه،‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ش به‌گوێره‌ی ئاینزای كاسۆلیكی ئه‌نجام نه‌درابێت.

11. له‌ساڵی 2012 پیاوێكی ئیتاڵی له‌مانگی هه‌نگوینییه‌كه‌یدا دایكیشی له‌گه‌ڵ خۆی برد، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ سێ هه‌فته‌ دواتر، بوكه‌خان داوای جیابونه‌وه‌ی كرد. ره‌نگه‌ زۆر ناحه‌قی نه‌بێت، چونكه‌ له‌حاڵه‌تێكی وادا ره‌نگه‌ خانم له‌و ماوه‌یه‌دا مه‌جالی هیچی نه‌بوبێت و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ به‌ ئاخ و داخه‌وه‌ وتبێتی ئـــــــــــــــــاخخخخخخخخخخخ بۆ یه‌كێ (مه‌خسه‌وی شه‌ریفم یه‌ك ماچی بێسانسۆره‌!).

12. به‌ته‌مه‌نترین ژن و مێردی جیابووه‌وه‌، پیاوێكی خنجیلانه‌ی ته‌مه‌ن 99 ساڵی ئیتاڵی و خانمه‌ ته‌مه‌ن 96 ساڵه‌كه‌ی بووه‌. پاش 60 ساڵ له‌هاوسه‌رگیری، پیاوه‌كه‌ بۆیده‌ركه‌وت كه‌ خانم له‌ساڵه‌كانی 1940كاندا نامه‌ی حوبحوبێنه‌ی ناردوو بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، وه‌ڵا ئه‌میش نه‌یكرده‌ نامه‌ردی فڵق سێوه‌سێ ته‌ڵاقیدا (به‌ڵام به‌ ئیتاڵی!!!).  ئه‌م دوانه‌ له‌ساڵی 1934 هاوسه‌رگیرییان كردووه‌و له‌ 2011 له‌یه‌ك جیابونه‌وه‌.

13. یاسای بورگوندی ده‌ڵێت، هه‌ر ژنێك هه‌وڵیدا مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاقبدات، ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ناو زه‌لكاوێكدا بخنكێنرێت.
 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu