ئەو نابێتە تۆڵەئەستێن ... قوبادی جەلییزادە ... خوێندنەوەی ڕێبواری سیوەیلی

ستیانفرۆش٭

"ئەم دەقەم لە مینابەندی موغازەیەکدا، دۆزییەوە"

(1)

بۆم گرنگ نییە لە كوێدا ئەم دەقەی دۆزیوەتەوە. . شوێنەكە دەستنیشانی كۆتاییەك دەكات: هیچ شتێك لە موغازەكاندا تاسەر نامێنێتەوە، مینابەندی موغازەكان شوێنكی كاتین، "ترانزێت"ێكن، كە دەبێت لەم شوێنەوە كاڵا بگوێزرێتەوە بۆ ئەو شوێن: لە فرۆشیارەوە بۆ كڕیار. ئەوێ شوێنی نومایشێكی كاتیی و سەفەرێكی ئاییندەیین. مینابەندی موغازەكان ئەو شوێنەن كە بەتەواوی نازانین ئێمەی لێوە تەماشا دەكرێین، یان ئێمە لێیانەوە تەماشا دەكەین. . هەمیشە ئەوێ شوێنی مانەوەو كۆچە، شوێنێكی ناجێگرە كە وەك شوێنێكی جێگیر خۆی پیشاندەدات. ئەوێ پڕە لە جوڵە و وەستان، مانەوە و جێهێشتن. . ئەوەی ئەمڕۆ لەوێیە، سبەی نامێنێت. . ئەوەی ئامادەیە، كاتێكی دیكە نائامادە. . بۆیە هیچ بۆم گرنگ نییە لەسەر ئەم شوێنی دۆزینەوەیە بوەستم، چونكە لە هەمان كاتیشدا شوێنی ونكردنە. شوێنێكە دۆزراوە تیایدا ئامادە و نائامادەیە. . مینا بەندەكان، جامخانەكان و پیشانگاكان ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆن بە دنیای مۆدێرن، بە پەیوەندییە سەرمایەدارییەكان بە كاڵا و شتەكان و مرۆڤەكان و بگرە بە هەست و سۆزیشەوە، بە دنیایەكی هەمیشە گۆڕاو، ناجێگیر و بێوەفا. . دەقەكە پڕە لە مەترسیی بەدەستهێنان و لەدەستدان. . دەقەكە دڵەڕاوكێ و ترس و ڕاڕایی، هەستكردن بە گوناه و كەمتەرخەمی، هەوڵدانی مرۆڤ بۆ كێبڕكێ لەگەڵ كات و ئەوانیتر، بەدیار دەخات. . دەقەكە ئاماژەی تێدایە بەوەی كە عاشق لە ئان و ساتی دۆڕاندایە، لە هەوڵدایە نابێت بدۆڕێت، پەلەقاژەی خۆسەلماندن دەكات. .

(2)

ئەم دەقە باسی چیی عاشق دەكات؟ زانایی یان نەزانی؟ كاتێك لە ئاستە سادەكەدا دەقەكە دەخوێنینەوە، عاشق خۆی وەك قوربانییەك و غەدرلێكراوێك نومایش دەكات و ئەوەمان لێدەشارێتەوە، كە ئەو باسی نۆ مەیلی خۆی دەكات، كە دەیانزانێت بەڵام هیشتا لە مەعشووقدا نەیدۆزیونەتەوە و پێیان نەگەیشتووە! نۆ، ژمارە تەواوەكەی سێ توان سێ، نۆ وەك بەڵگەی نەزانیی نۆجارەی عاشق. نۆ وەك دوایین ژمارەی پێكهاتەیی (3، 6، 9) لە سیستەمی ژمارەناسیی (10)دا، كە هەموو فەلسەفەی ژمارەیی پیتاگۆراسییەكانی لەسەر بیناكراوە و لە ڕووی دەروونییەوە یەكیكە لە ئەو ژمارانەی كە سێمبوولی سەركەوتوویی و دروستبەكارهێنانی ژیرین. ژیری عاشق و ئەو توانا زۆرەی هەیەتی بۆ یارمەتیدانی ئەوانیتر. بەڵام ژمارەی نۆ، دەتوانێت هەڵگری ناكۆكیی و دژوازییش لە خۆیدا بێت، دەتوانێت ڕیزپەڕبێت و خۆوێرانكەریش بێت، زیادەڕۆیی بكات و ئەمەش یەكێكە لە سیفاتەكانی عاشقێك كە ژمارە نۆ لە چارەی نووسرابێت. . وەلێ بیریشمان نەچێت، ئێمە لەبەردەم عاشقێكی ئاساییدا نین، لەبەردەم ئەڤیندارێكی هونەرمەند و مكوڕ و بوێرداین. .

(3)

بەڵام شەڕی دەقەكە لەسەر ئەوە نییە، كە هەمیشە عاشق نەزان و بگرە كەمتەرخەم و دواكەوتووە لەوەی پێش هەمووان بگاتە سەرزەمینی مەعشووق، بەڵكو شەڕەكە لەسەر ئەوەیە، كە چۆن مەعشووق عاشقەكەی دووچاری جەنگێكی هەمە لایەن دەكات، جەنگ لەگەڵ ئەوانیتر، لەگەڵ ئاژەڵ و لەگەڵ ئاوێنە و مانگ و. . جەنگ لەسەر چی؟ لەسەر شتی ئاسایی، بگرە بەچاوی ئێمە لەسەر شتی بێمانا و لە ڕوانگەی عاشقانەشەوە ئەو شتە بێمانایانە شایانی لەوەش زیاترن كە عاشق ئەو جەنگەیان لەپێناودا بەرپا بكات. . شەڕەكە لەسەر بۆنكردنی سنگە كە شاعیرەكە بە "كێڵگەی عەتر" ناوی دەبات، لەسەر ژمارەی كەوشەكانی مەعشووقە، لەسەر ژماردنی خاڵەكانی لەشی، لەسەر ملیوانەكە، دۆڵابی جل، پەنجەرە، مەمك، ئاوێنە و شتی لەم بابەتە. هونەری شیعرەكە لەوەدایە كۆپلە دوای كۆپلە ئەو بڕوایەمان لەلا دروستدەكات، كە عاشق موستەحەق و مەزڵووم و قوربانییە و مەعشووق زاڵم و بێ وادە. . كەچی لە بنەمادا، عاشق مەیلەكانی بۆ ئاشكرا كردنی پانتایی مەعشووق دەخاتە ڕوو. ئەو نە زوڵم لێكراوە و نە بێوەفایی لەگەڵ كراوە، ئەو تەنیا دەچێتە جەنگێكەوە كە پڕە لە شەیدایی و چێژ. . لایەنی دووەمی شەڕەكە لە چی و كێ پێكهاتوون؟ لە ستیانفرۆش، سەگ، كەوشفرۆش، ئەستێرە، چاویلكەساز، مانگ، ئاوێنە، شنە و. . كەسیش ئەم شەڕەی لێناكڕێت! ئەو تەنیا دەمێنێتەوە. بەڵام تەنیایەكی سەركەوتوو، تەنیایەك بە ئەخلاقی عاشقانەوە، تەنیایەك، كە دواجار نابێتە تۆڵەئەستێن و جوێنفرۆش و كینەلەدڵ، كە پێشتر لە شیعری كوردیدا ئەمجۆرە عاشقانەمان بینیون. .

(4)

عاشق سەرەتا خۆی بە (كەس) ناودەبات چوار جار، پاشان بە (من) سێ جار و ئەمجا بە (نالی) یەك جار. لەم نێوان و دوولەت و پارچەپارچەبوونەدا، عاشق/ شاعیر شوناسی عاشقانەی خۆی دەسەپێنێت، شوناسێكی شیعری پڕ لە وێنەی هونەری بەرز، پڕ لە زمانپاراوی و پڕیش لە ناكۆكی و نەزانی. . ئاخر ئەوە چ عاشقێكە نەزانێت بۆنی سنگی مەعشووقەكەی چییە؟ نەزانێت ژمارەی كەوشەكانی چەندەیە، ژمارەی خاڵەكانی سەر لەشی نەزانێت، واتە هەرگیز ڕووتی نەكردبێتەوە، ژمارەی تەلەفۆنەكەی نەزانێت، ژمارەی چاوی نەزانێت، قەبارەی ستیانەكەی و. . ئەمە زیاتر ئابڕووچوونە نەك نەزانیی، بگرە ئابڕوو بردنی عاشقە بە زمانی خۆی و لە زمان خۆیەوە. . بەڵام ئەمە ڕێك سرووشتی عاشقی دەردەخات: عاشق درۆ ناكات، هیچ ناشارێتەوە، پەردە بەسەر ڕاستەقینەدا ناداتەوە. ئەو مەعشووقی لە سەرجەمییەتی خۆیدا بۆ گرنگە، نەك لە بەشەكیی و پارچەپارچەكانیدا. . ئەمە چارەنووسی عاشقە، چارەنووسێك كە پەڕوباڵی پێوە ناهێڵێت و لەسەر خوانی دەق، بە ڕووت و قووتی دەیخاتە ڕوو. .

چەند زیرەكانە شاعیرەكە باسی عەشقی خۆی، یان عاشقمان لەسەر دەمێكدا بۆ دەكات، كە ئیتر زەحمەتە فیگەری عاشقی تێدا بناسینەوە! چەند خۆ ڕووتكردنەوەیە كە ئیتر تیایدا عوریانی شەرمە، چەندە ڕاستگۆیانەیە، لە زەمەنێكدا كە ڕاستگۆیی عەیبەیە. .

١

دەبوایە من، یەکەم کەس بوومایە،

بۆن بە سینگتەوە بکەم.

کەچی ئەم کێڵگە عەترەت بەخشیوە،

بە سەگە خنجیلەکەی باوەشت.

لێرەوە، شاعیرەكە لەسەر نەرێتی شیعریی كۆن، كە تیایدا شاعیر خۆی دەكاتە سەگ و پشیلە و ئاژەڵی بەردەمی قاپیی یار، پێگەی كەسبوونی خۆی دەبینێت كە چۆن حسابی سەگێكیشی بۆ نەكراوەو "كێڵگە عەترییەكە"، پێشتر بەخشراوەتە ناكەسێك، كە سەگێكی خنجیلانەیە. واتە ئەم ناكەسە، نا مرۆڤەیە كە شوێن و پێگەی ئەمی عاشقی داگیركردووەو ئەوەی دەبوو ئەمی كەس، مرۆڤ و خودێكی عاشق بە نسیبی ببێت، پێشتر بەخشراوە بە سەگێك، لە پێگەی ئاژەڵێكدا. كەواتە ئەمی مرۆڤ خراوەتە دوای سەگەكەوە. بۆیە تۆنی قسەكەش: "ئەبوایە. . ”، كەمێك گلەیی ئامێزە و ئەمەش تا كۆتاییەكانی دەقەكە بەردەوام دەبێت. . ڕقی لەئاست سەگەكەدا دەرنەبڕیوە، بە كەمی نەگرتووە، بگرە شیرینتری كردووە و بە "سەگە خنجیلەكە" ناوی بردووە. لێرەشەوە، پێگەی عاشق مەزڵوومانە دەكرێت و وردە وردە وێنای قوربانییەكی پێدەبەخشرێت. لەبەرامبەر ئەمەشدا وێنەی مەعشووقێكی غەددار دێتە پیشچاومان، كە نازی عاشقە مرۆڤەكەی خۆی داوە بە سەگێك و میوانی نێو كێڵگە عەترییەكەی سەر سینەی كردووە. ناوبردنی سنگ و بەرۆك بە "كێڵگەی عەتری"، ناكۆكێكی تێدایە: وێناكردنەكە هەتا بڵێی جوان و بەرزە، بەڵام "كێڵگە" وەبیرخەرەوەی مڵكایەتی و خاوەندارێتییە، "عەتر"ییەكەش بیرخەرەوەی بەروبوومی بۆنخۆشە، كە لێرەدا ڕەنگە ئاماژەیەكی شاعیرانە بێت بە مەمك، بەتایبەتی "مەمكی قوتی توند وەك بەرد”.

٢

دەبوایە،

بەرلەهەموو کەس من،

ژمارەی پێڵاوەکانت بزانم کە ڕۆژانە دەیانکەیتە پێ خنجیلەکانت

کەچی بەر لە من،

بە کەوشفرۆشت گوتووە.

لێرەدا تۆنی گلەییەكە بەرزتر دەبێتەوەو پێگەی "كەس"یش دەخرێتە ئاستی پێگەی "هەموو كەس"ێكەوە: (دەبوایە، بەر لە هەموو كەس من. . ) ژمارەی پێڵاوەكانی بزانیایە، بەڵام پێشتر "ئەو" ژمارەكەی بە "كەوشفرۆش" گوتووە! لێرەدا دوو شت بە پێچەوانەوە ڕوویانداوە: یەكەم پێگەی ئەوی كەس، لە ئاست هەموو كەسدا بچووككراوەتەوەو پاشانیش گۆڕدراوەتەوە بە پێگەی كەوشفرۆش. . دووەم شاردنەوەی ئەو نەزانییەی كە خۆی لە ئاستدا ئاشكرا دەكات و ناچار دەبێت بڵێت ژمارەی پێڵاوەكانیشت نازانم، كەچی دەڵێت ئەو پێڵاوانەی ڕۆژانە دەیانكەیتە "پێیە خنجیلانەكانت!”، دەی كە ئەوە دەزانیت، بۆچی ژمارەكەش نازانیت؟ پێی خنجیلانە ناگاتە ژمارەی 40 و هەرچی لە خوار ئەو ژمارەیەوە بێت، خنجیلانەیە، لە دوایئەویش دەبێتە پێی نوقڵی و ئینجا پێی چوكلێتی و بەو جۆرە. . من لەو خۆداماڵێنەی عاشق، لەو خۆئاشكراكردنەی باش تێدەگەم، قوبادیش زۆر وەستایانە سایكۆلۆژیای ئەمجۆرە عاشقەمان بۆ ئاشكرا دەكات، سایكۆلۆژیایەك لەسەر ئاستی ئاگایی زمانی، دەیەوێت خۆی لە پێگەی "هەمووكەس"دا دابنێت، كەچی ئەو بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دەگۆڕدرێتەوە بە پێگەی "كەوشفرۆش" و بەمەش ئیگۆكەی بریندار دەبێت؛ لە ئاستی نائاگاییشدا وەك گیلە عاشقێك كە لە ئەنجامی ئەو شۆكەوە، هەڵە دەكات و دەڵێت ژمارەی پێیە خنجیلانەكانت، كە دەكرا لەبەردەمی كەوشفرۆشدا فشەی پێوە لێبدایەو پێی گوتبا: تۆ داوای ژمارەیەكت لێكردووە، كەچی من قەبارەی خنجیلەیی پێیەكانی دەزانم. .

٣

من دەبوایە یەکەم کەس بوومایە

ژمارەی خاڵەکانی لەشتم بزانیبا

کەچی بەر لەمن،

ئەم زانیاریەت داوە بە ئاوێنە.

بزانە چ حەیاچوونێكە بۆ عاشق! بزانە چەندەش بە وریاییەوە ئەو حەیاچوونە لەبەردەم ئاوێنەدا ڕوودەدات، نەك لەبەردەم ئەوانیتردا. . بەڕاست؛ ئەم عاشقە خەریكە تەواو سەری لێدەشێوێت: مەعشووقەكەی ڕووتدەكاتەوەو سەرنجمان بۆلای ژمارەی خاڵەكانی لەشی دەبات و ئاوێنەش دەكاتە ڕەقیب. . ئەمەی زیرەكانەیە، چونكە كەسیتری نەكردۆتە شایەت بەسەر خاڵەكانی لەشییەوە، دەنا بەجارێك ئابڕووی دەتكا. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ژمارەی خاڵەكان ئەوەندە زۆر بێت، چونكە زۆریی خاڵ بە لەشەوە وەك جوانیی لێك نادرێتەوە، لە كاتێكدا چەند خاڵیك دەبنە نیشانەی جوانی، بەتایبەتی خاڵی سەر گۆناو ڕوومەت، خاڵی سەر سك و خاڵی سمت و خاڵی سەر لێو. . لێرە ئاوینە ئەركی داپۆشینی گرتۆتە ئەستۆ، نەك پەرچكردنەوە و ئاشكراكردن. هەرچییەك هەبێت ئاوینەكە دەیبینێت، بەڵام ئێمە هیچ نابینین. .

٤

گوتت ملوانییەکم لە گێلاسی وشە

بۆ بچنەو بیدە بە نالی

بەگەردنمدا شۆڕی کاتەوە

کەچی بەدزیی منەوە،

سەرت داوە لە زێڕینگەر

عاشقی داماو، نە حسابی كەسێكی بۆ كرا، نەك سەگێك و نە هیچكەس و نە كەوشفرۆشیش! بۆیە لێرەدا دەستەودامانی (نالی) دەبێت ئەو ملوانكەیەی بۆ یاری چنیوە بۆی بكاتە ملی مەعشووقەكەی. . كەچی لەمەشدا هەم نالی و هەمیش عاشق بەشوودراون و كارەكە پێشتر لە لایەن زێڕینگەرەوە بە ئەنجام گەیشتووە. . بزانە لە بەكارهێنانی وشەی "بەدزیی منەوە" هەڵچوونێكی ناخەكی عاشقە شاعیریش بەدی دەكرێت، بەڵام لە بەراووردكردنی نالی بەزێڕینگەر، هەم مەعشووقێكی شارەزا و هەمیش شاعیرێكی وریامان بۆ دەردەكەوێت، كە هەم خۆی دەخاتە ئاستی نالی و هەمیشە لەكردەی لەملكردنی ملیوانكەكەدا، زیڕینگەرانە بۆی چووە. .

٥

دەبوایە من،

دۆڵابی جلەکانت لە بەرگی کتێبەکانمت

بۆ چێ کەم.

کەچی ژمارەی تێلی خۆت داوە بە

دارتاش!

دە دانیشە توو خوا. . ، ئەوە ناخوات! دەبوایە وا بكەیت و وا نەكەیت. دەبوو بیكەیت و كە وات نەكردووە كەسانێكی دیكە جێگەت دەگرنەوە. . لەوە دەچێت مەعشووق هیچ چاوەڕێ نەكات و كێ یەكەم كەس لەدەرگای دا، بۆی دەخاتە سەرپشت. سەردەمەكە سەردەمی خێرایی و قۆستنەوەی هەلە، هیچ پەیمانێك پەیمانی تاسەر نییە و كەسیش چاوەڕێی ئەویتر ناكات. ئەڤین لە مەترسییدایە ئەزیزم. . لەو خەونە دۆگماییەی عیشق بێدار بەرەوە. .

هەرچەندە دروستكردنی دۆڵابی جل لە بەرگی كتێب، كارێكی هونەری و شاعیرانەیە و دڵسۆزییەكی پتری تێدایە، بەڵام دروستكردنی دۆڵاپ لەلایەن دارتاشەوە، كردەیەكی پیشەییە. . ئێستە بۆمان دەركەوت، یار دۆڵابی لەبەرگی كتێب ناوێت و لە دار دەیەوێت. . یار كەسێكی ئاساییە و وەك عەوام بیر دەكاتەوە، ئەوە عاشقە ئەوی لە شێوەی ئەفسانەییدا وێناكردووە. .

٦

گفتت پێدام تا من نەیەم

پەنجەرە لەهیچ شتێک نەکەیتەوە.

تەنانەت لە شنەش.

کەچی کەهاتم ژوورەکەت سەرڕێژ بوو لە؛

ئەستێرە.

پەنجەرەكەی ئەوەندە ئاوەڵابووە پڕ بووە لە ئەستێرە. جا چ ئەستێرەی ئاسمانان بن، یان خەونی ئەستێرەیی. . بەڵام ئەم عاشقە ئایدیالیستیەی ئێمە چۆن جڵەو بكەین. . شاعیرەكە جوانی بۆ هۆنیوەتەوە: بێدەنگی باڵی بەسەر ئەم كۆپلەیەدای كێشاوەو ئەستێرەباران بۆخۆی ئاماژەیەكی ڕوونە بە تەنیایی شەوان و ڕامان لە ئاسمان لە بێدەنگییدا. هەڵبژاردنی شنە وەك دەنگێكی هێمن و ئەستێرە وەك ڕۆشناییەكی بریسكەدار، كەشی كۆپلەكەیان بێدەنگ و كپ كردووە، وەكئەوەی شاعیرەكەمان ویستبێتی كەمێك پشوو بە عاشقەكە بدات و لەوەزیاتر تووشی شۆك و نائومێدیی نەكات. .

٧

دەبوایە من هەوەڵ کەس بوومایە

هێزی بینینی چاوەکانت بزانم.

کەچی بەر لەمن،

بە چاویلکەسازت گوتووە؛

شەش لەسەر شەشە!

كێشمەكێشی ئەمجارەی عاشق لەگەڵ چاویلكەسازدایە. كێشمەكێشێكی قووڵ لە نێوان زانینی (نمرەی چاو) لە لایەن چاویلكەساز و دانایی عاشق بە (بینین)ی هێزی چاوەكانی. . من ئیتر هەستئەكەم شاعیرەكە نایەوێت عاشقی نێو دەقەكەی بەتەنیا جێبهێڵێت و خەریكی پاشقوول گرتنە لەوانەی دەقەكە بە براوە دەیانناسێنێت. . ئەمەش خۆشحاڵم دەكات، هەرچەندەش دۆخێكی درەنگوەخت و كاتیی بێت، چونكە ستراتیژی دەقەكە لە ستراتیژی شاعیرەكە جیا دەكاتەوە، وەكئەوەی شاعیرەكە ئێستا گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی كە نەدەبوو ڕێگە بدات عاشقەكەی ئەوەندە بەر تانە و تەشەر بكەوێت و ڕەخنەگران گەمەی پێ بكەن و ئەویش ناچاربێت خۆی ڕووت و قووت بكاتەوە! هەڵوێستی شاعیرەكە، ئەگەر تووڕەییش بێت لە عاشقی ناو دەقەكەی، یان لە عاشقەكەی ناو خودی خۆی، خەریكە دەبێتە هەڵوێستێكی میهرەبانانە و عاشقەكە لە ئامێزی دەگرێتەوە. . دواجار شاعیر دەیسەلمێنێت، كە لە عاشق تێدەگات و نابێت بەتەنیا بەو سارایەی عەشقەدا بەجێی بهێڵێت. شاعیرەكە لە دەرەوەی عاشقەكە دەڕوانێتەوە عەشق و دەبینێت چۆن عاشق بێچارە و دەردەدارە بە دەست مەعشووقە بێ وادە و گفتەكەیەوە.

بۆیە شاعیر، لەم كۆپلەیەدا داوێكی گەورەی بۆ چاویلكەساز ناوەتەوە و بەوە مەستی كردووە، گوایە ئەو پێش عاشق نمرەی چاوی مەعشووق دەزانێت. . واتە پێوانەیەكی ژمارەیی (شەش لەسەر شەش)ی داوەتێ و ئەوەی شاردۆتەوە، كە عاشق خۆی باسی (بینین) دەكات، نەك تەماشا: (دەبوایە من هەوەڵ کەس بوومایە/ هێزی "بینین"ی چاوەکانت بزانم).

من ئەم داونانەوەیەم زۆر پێخۆشە! چونكە زانینی نمرەی چاو زانینە بە حوكمی ژمارەیی چاو، كە ئەوەش ئەركی بایۆلۆژی چاو، واتە (تەماشاكردن) ئاشكرا دەكات و هیچیتر. بەڵام عاشق باس لە (بینین) دەكات و دەبێژێت دەبوو ئەو یەكەم كەس بێت: (هێزی بینینی چاوەکانت بزانم).  .

ئێمە لێرەدا ئەو جیاوازییە گرنگەمان بۆ ئاشكرا دەبێت، كە لە ڕوانگەی عاشقەوە، بینین پێوەری ناسین و زانینە، كەچی لە ڕوانگەی میكانیكیانەی چاویلكەسازەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئاخۆ نمرەی چاوی مەعشووق چەندەیە، كە ئەمەش بە ئاشكرا ڕووە گۆشتییەكەی چاو ئاشكرا دەكات، نەك دیوە مەعنەوییەكەی. چونكە دەكرێت مرۆڤ كوێریش بێت و هەموو شتێك ببینیت، دەشكرێ چاوساخیش بێت و هیچ نەبینێت. . بۆیە لەم كۆپلەیەدا وەكئەوەی عاشق پێمان بڵێت من عەوداڵی زانینی هێزی بینینت بووم، كەچی تۆ شانازیت بە هێزی شەس لەسەر شەشی چاوە بایۆلۆژییەكانتەوە كردووە! ئەوەش جیاوازیی نێوان من و چاویلكەسازە: ئەو بەدوای دەستكەوتی دنیایی و من بە دوای دەستكەوتی مەعنەویدا وێڵم. . لە نێوان ئەم جیاكردنەوەی نێوان (بینین) و (تەماشا) و ئەو پەیوەیستكردنەوەیەی عیشقەوە بە مەعنەوییەت و چاویلكەسازی بە پیشەوە، سەركەوتنێكی گەورە بۆ عاشق تۆمار دەكرێت، سەركەوتنێك كە تیایدا شاعیر جاریكی دیكە عاشق داڵدە دەداتەوە.

٨

دەبوایە یەکەم کەس من بوومایە

قەبارەی ستیانەکەت بزانم

کە مەمکی بەستەزمانی تێدا زیندانی دەکەی

کەچی بەر لە من،

ئەم نهێنیەت لای ستیانفرۆش

درکاندووە،

ئەمەش بە ئاشكرا بەرگرییەكی دیكەی شاعیرە لە عاشقی ناو دەقەكەی. . وەكئەوەی بیەوێت ئەو بوونەوەرە بە قوربانیكراوە بهێنێتەوە مایە و هێزی پێ ببەخشێتەوە بۆ ئەوەی بەرگەی مانەوە لە دنیایەكدا بگرێت، كە هەموو هێزی خۆی بۆ ڕووخاندنی عاشقان و تەرخانكردووە. شاعیرەكە بە هووشیاریی سەردەمیانەوە دەڕوانێتەوە پێگەی عاشق و دەبینێت كە چۆن لەم سەردەمەدا عیشق بەرەو داڕمان دەچێت، بۆیە هەلێكی دیكە بۆ عاشق دەسازێنێتەوە.

ئێستە ستیانفرۆش شتیك لە عاشق زیاتر دەزانێت كە قەبارەی ستیانەكەیە. زانینی قەبارەكە بەبێ ئەو هەستەی كە بۆ مەمك هەیەتی. ستیانفرۆش ئەمە بزانێت یان نەیزانێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە ئاخۆ دۆخی مەمك لە چیدایە. عاشق گلەییەكەی لەوێوە نییە، كە قەبارەی ستیانەكەی بەم نەگوتووەو بە ستیانفرۆشی گوتووە، خەمی عاشقە/شاعیر بۆ ئەوەیە ئاخۆ لە ناو ستیانەكەدا مەمك چۆن زیندانی دەكرێت. واتە عاشق لە خەمی ئازادیی مەمك دایە و دژی مەمكەوانەیە. زانینی قەبارەی مەمكەوانە بۆ ئەو، ئەو گرنگییەی نییە، چونكە دواجار مەمكەوانە هەر قەبارەیەكی هەبێت، وەك زیندانێك وایە بۆ مەمك. مەمك لە ناو مەمكەوانەدا دەبێتە مەمكێكی "بەستەزمان”. مەمكێك كە زمانی دەبەسترێت و ئازادیی خۆ دەربڕینی لیدەسەنرێتەوە. ئازادیی بەملاولادا لەرینەوەو خۆبەرجەستەكردن و سەرنجڕاكێشان. "بەستەزمانی”، دۆخیكە لە دنیای زمانیی ئێمەدا، مەمك لە دۆخی ئاژەڵ و بوونەوەری بەستراوە و زنجیركراو، بێ نان و ئاو نزیكدەخاتەوە، تا لە بەشێك لە جوانیی و ئیرۆتیكییەتی ژن! هەموو بەستەزمانێك بێدەسەڵاتێكە و كورد كاتێك ئاژەڵێك بە بەستەزمان ناو دەبات، بەزەیی خۆی بۆ دەردەبڕێت. . لێرەدا دەمەوێت ئەوەش بڵێم، كە لە دەرەوەی ستراتیژی دەقەكەیە: مەمكی زمانبەستە، یان بەستەزمان، چ مەمكێكە؟ بۆچی مەمك كە دەخرێتە مەمكەوانەوە زمانی دەبەسترێت؟

هەرچەندە وشەی مەمك خۆی لە فەرهەنگی قوباد دا، دەتوانێت هەر مەمكی ئیرۆتیكی بێت نەك هیچ مەمكێكی دی، دەتوانیت مەمكی شیر بێت، وەلێ دەقەكە ئەم مەمكە بە "مەمكی بەستەزمان" ناو دەبات! سێ شت هەن وا دەكەن بتوانین لە دەرەوەی مەمكی ئیرۆتێكی بڕوانینە ئەم مەمكەی قوباد:

یەكەم: زیندانیكردنی لەناو مەمكەوانەدا.

دووەم: بەستەزمانییەكەی و

سێیەم: مەمكبوونەكەی.

پەیوەندیی مەمك بە زیندانەوە، پەیوەندیی ژن و كۆمەڵگەمان بیر دەخاتەوە. هەموو كۆمەڵگەیەك بۆ ژن، كە مەمكدارە، زیندانێكە چونكە ئازادیی بۆ ژنان لە كۆمەڵگەدا هەمان ئازادیی بۆ پیاوان و نێرینە نییە. هەموو "بەستەزمانی"یەك پەیوەندیی خاوەن مەمك، واتە ژن/داییك؛ لە پەیوەندیی ژن كۆیلە، یان دەستبەسەراگیراو نزیك دەخاتەوە. مەمك خۆی سەرچاوی شیرە بەر لەوەی سەرچاوەی ئیرۆتیزمی ژن بێت، واتە وەك سەرچاوەی شیر بۆ شیردانی منداڵ و نەوەی پاشەڕۆژی كۆمەڵگە. پەیوەندیی مەمك و ژیان لە ڕێگەی دەم و میژینەوە دیتە ئاراوە. لێرە دا بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەكانی پێشووی مەمك بە زیندان، بەستەزمانیی و كۆمەڵگەوە، دەتوانین پێشبینی ئەوە بكەین، كە عاشقەكە لە ڕێگەی بەرگریكردنی لە ئازادیی مەمكەوە لە زیندانی مەمكەوانە، بەرگرییش لە ئازادیی گەشە و ژیان دەكات، كە مەمك بۆ نەوەی نوێ و منداڵان سەرچاوەكەیەتی. . ئەگەر ئەم ڕاڤەیەمان پەسەند كرد و ئەو پەیوەندییانەمان پێكەوە لەبەرچاو گرتن، ئەوە هەڵوێستی عاشقەكە لە هەڵوێستێكی ئیرۆتیكیانەی ڕووتەوە دەبێتە هەڵوێستێكی ژیاندۆستانە و ئاییندەباوەڕانە و بگرە ڕزگاریبەخشانەش. . ئەمەش سیحری شاعیرەكە پیشاندەدات، كە چۆن قارەمانە دڵشكاو، گزی لیكراو، ئابڕووتكاوەكەی لە لێواری كەوتنەوە، بەرەو لوتكەی هەستانەوە و بەرگریی دەباتەوە.

٩

چەند حەز دەکەم شەوێک بەر لەمانگ

بگەمە ژوورەکەت.

لێ کە هەر جارێ دێم، پێشی من ئەو لەوێیە

ئەم جارە،

بە بزمارێک بەسینگی دیوارێکەوە دایدەکوتم

ئیدی تاهەتا بۆ خۆت بیکە بە؛

ئاوێنە.

ئەگەر بتەویت بزانیت شاعیر چۆن گرەو لەسەردەمەكەی دەباتەوە، یان پشتگیری لە عاشقەكەی دەكات، پێویستە لەم كۆپلەیە بە وردی تێبگەیت:

مانگ لە ئەدەبیاتی ئێمەدا هەمیشە نیشانە بووە بۆ هاودەمی لە تەنیاییدا. مرۆڤەشاعیری ئێمە هەردەم وەك هاودەردێكی خۆی مامەڵەی لەگەڵ مانگدا كردووە: (ئەی مانگ من و تۆ هەردووك هاو دەردین. . ). دووری مانگی لە خۆیەوە، بە هۆی قووڵی خەمەكانییەوە لێكتر نزیك خستۆتەوە. لەم كۆپلەیەدا عاشق دەخرێتە بەرامبەری مانگ بەڵام نەك بۆ شەڕكردن و حەسوودی پێبردن، بەڵكو بۆ ڕەواندنەوەی تەنیایی یار و مەعشووق. . مانگ هەمیشە پێش عاشق لە ژووری ئەودایە. زۆر پێش ئەو بۆتە هاوەڵی تەنیاییەكانی مەعشووق. كەواتە بێسوودە عاشق كێبڕكێ لەگەڵ مانگدا بكات تاكو لە پێشییەوە بگاتە ژوورەكەی. بۆیە بڕیار دادەت بە دیوارەكەوە دایبكوتێت و بۆ هەتایە هەتایە ببێتە ئاوێنەی یار. واتە بڕیار دەدات مەعشووقەكەی هەرگیز تەنیا نەبێت، هەرگیز بێ هاودەم نەبێت. .

بەمجۆرەش عاشق لە كەسێكەوە، كە خەریك بوو عیشق بیكاتە قوربانی، دەبێتە ڕزگاركەر، عیشق لە جیاتی ئەوەی فێری تۆڵەكردنەوەی بكات، فێری بەخشین و دڵفراوانی دەكات، ئەمەش باشترین جۆری بەرگریكردنە لە عیشق لە دنیای ئێستادا كە عیشق وردە وردە بەرەو كۆتاییەكانی دەچێت و ئاوادەبێت و ڕەفتاری عاشقانەش دەگمەن و بازاڕیی دەبێتەوە.

(10)

دەقەكە شوناسی عاشق لە میانەی كۆمەڵێك گۆڕانكارییەوە دروستدەكات و دەیپارێزێت، كەسێتی عاشق تا ئاستی ئابڕووچوون ڕووتدەكاتەوە و پاشانیش دەیكاتەوە قارەمان. ستراتیژی دەقەكە و ستراتیژی شاعیرەكە دەكەونە ململانێوە، بەڵام پاشان بە قازانجی عاشق تەواو دەبێت و لەو سەرەوە عاشق ناكرێتە قوربانیی ئاكاری بێوەفایانەی سەردەمەكە. هەموو مەیلەكان دەخرێنە ڕوو، بەڵام بە ناكامی دەمێننەوەو نایەنە دی. لەگەڵ ئەوەشدا شاعیر ڕێگە نادات كارەكتەری عاشق دووچاری پەرچەكردار و تۆڵەكردنەوە ببێت و بكەوێتە ئاشكراكردنی ناپاكی و بێوادەییەكانی مەعشووق. لە پێشینەی شیعری ئێمەدا، كاتێك كار دەگاتە ئێرە، عاشق دەبێتە جەللاد و ئابڕووبردنی مەعشووق. لە ناخودئاگای دەقەكەدا شاعیر هێزی بەرگریكردن لە كەسێتی مەعشووق، كە ژنە، دەپارێزێت و نایكاتە خۆراكی سەر سفرەی باوك، یان نێر و مێردسالاری. دواجار ئاكاری دەقەكە ئاكاری پاراستنی ژنە نەك بەرەڵڵاكردنی و ئاكاری عاشق دەبێتەوە بە ئاكاری ڕزگاركەر نەك بە تۆڵە ئەستێن. . ئەی ئافەرین شاعیری خاوەن جیهانبینیی و دوورمەودابین.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu