چاوخشانێک بەسەر شانۆی هەڵبژاردنی ئەمسال لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ١١ی رەشەمەی ئەمساڵ (١٤٠٢) شانۆی هەڵبژاردنی خۆی ئەنجامدا. بە پێچەوانەی بانگەشەی دەسەڵاتدارانی ئەم رژێمە، لە کۆی ٦١ ملیۆن کەسی شایستەی دەنگدان، تەنیا نزیکەی (5) ملیۆن کەس بەشدارییان لەم نومایشەدا کردووە! ئەو ئامارانەی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە راگەیاندراوە، پێشتریش پێشبینی کرابوو. رێژەی بەشداربووانی ئەم نومایشە هەرگیز ئاماژە نیە بە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم رژێمە! زۆربەی بەشداربووان ئەوانەن کە بە شێوەی جۆراوجۆر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە "بە بارمتە" گیراون!
ناشەرعییەتی دیکتاتۆرییەت لە ئێران
لە رەوتی هەڵمەت لە یەکێک لە ئەڵقەکانی ئەمدواییەی شانۆی هەڵبژاردنی دەسەڵات، پاسدار (محەمەدباقر قالیباف) کە ئێستا سەرۆکی مەجلیسی رژێمە، رایگەیاندبوو کە دەسەڵاتی ئێران نوێنەرایەتیی ٤٪ی دانیشتوانی ئێران دەکات! ئەمەش پێش راپەڕینە مەزنەکانی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریی ئایینی بوو. خەڵکی ئێران لە راپەڕینەکانی ئەم دواییانەدا، خاوەن دەیان هەزار شەهید و بریندار و بێسەروشوێنە. کەوایە سروشتییە ئەم رێژەیەی پاسدار قالیباف وتبووی، ئێستا "بچووکتر" بێت!
بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنی ویلایەتی فەقیهی! بۆتە ریسوایی و ئابڕووچوونێکی جیهانی بۆ دەسەلاتی دیکتاتۆری ئێران و خەڵکی ئێرانیش بە پشتگوێخستنی ئەم شانۆگەرییەی دەسەڵات، ئیرادەی نەتەوەیی و "نا"یەکی گەورە و مێژوویی خۆیان بۆ دەسەڵاتی ئێران نیشان دا.
لە رۆژانی پێش ئەم شانۆگەرییەدا، (عەلی خامنەیی) و سەرکردەکانیتری ئەم رژێمە لە خەڵک دەپاڕانەوە کە بەشداری ئەم پلانە بکەن و تەنانەت داوایان لە نەیارەکانیان دەکرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. چونکە ئەوەی بۆ رژێم گرینگ بوو، "جۆری دەنگدان" نەبوو بۆ ئەم کاندید یان ئەو کاندید،(چون هەموویان ئاڵقە لە گوێی خامنەیین)، بەڵکو "بەشداریکردن" بوو لەم شانۆگەرییەدا بۆ ئەوەی بتوانن رژێمەکەیان بە شەرعی دەربخەن. ئەم داخوازیەی رژێم پێش هەموو شتێک ئاماژەیە بە لاوازی و دۆخی لەرزۆکی ئەم دەسەڵاتە.
بەپێی زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی ناو خولە جیاوازەکانی نومایشی هەڵبژاردنەکان لە ئێران، چەند مانگێک پێش ئەوەی ئەم نومایشکردنانە ئەنجام بدرێت، ئەنجامەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە "بڕیاریان لەسەر دراوە" و دیاری کراون! لە هەر خولێکدا "پێکهاتەی پەرلەمان" نوێترین دیمەنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی پێوە دیار بووە و بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە "نەگۆڕ" و بە رواڵەت، هەندێکجار "جیاواز" بووە، بەڵام دۆخەکەی ئێستا زۆر "ناسک"ە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەیش، ئاستی "وریایی و راپەڕینی جەماوەری" و گەشەسەندن و پێشکەوتنی "بزووتنەوەی موقاومەت"ی خەڵکی ئێران بووە!
ڕێژەی بەشداریکردنی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا لە ئێران
لە کاتێکدا بەشێک لە کۆڕ و کۆمەڵەی سیاسییەکان، سەرقاڵی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی راگەیەندراوی دەسەڵات بوون، ناوەندی کۆمەڵایەتیی موجاهیدینی خەلق، کە هێزی سەرەکیی ناو موقاومەتی ئێرانە، رایگەیاند کە "لە ١٩٤١ بنکەی دەنگدان، لە ٢٤٣ شار لە ٣١ پارێزگای ئێران"، ژمارەی دەنگدەران ١٥٦ هەزار و ٥٩٧ دەنگ بووە. واتە بە تێکڕا نزیکەی 4,779,000 کەس لە سەراسەری وڵات دەنگی داوە، کە دەکاتە نزیکەی 5 ملیۆن کەس. بەم شێوەیە رێژەی بەشداریکردن لەو ٦١،١٧٢،٢٩٨ کەسەی مافی دەنگدانیان هەبووە، وەک لە لایەن ناوەندی هەڵبژاردنی رژێمەوە راگەیەندراوە، ٨.٢%ە، جا ئەو کەسانە بێت کە خۆبەخشانە یان بە ناچاری دەنگیان داوە.
ئەزموونێکی گرینگ!
لە رەوتی راپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵانی ١٣٩٨ (2019) و ١٤٠١ (2022) لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، لە کاتێکدا لە لایەن کۆڕ و کۆمەلە سیاسی و رۆژنامەوانییەکانیەوە ئامار و ئەژماری جۆراوجۆر تایبەت بە شەهیدان و برینداران و بێسەروشوێکراوان رادەگەیەندرا، موقاومەتی ئێران لەسەر بنەمای ئەو ئامارانەی لە سەرچاوەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەوە دەستیکەوتووە، ئاماری شەهیدانی راپەڕینی ساڵی ١٣٩٨ی بە (١٥٠٠) شەهید و ئاماری شەهیدانی راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ی بە (٧٥٠) شەهید راگەیاند و دواتر ئەم ئامارە لەلایەن ناوەندە دەسەڵاتدارەکانی جیهانەوە پشتڕاستکرایەوە!
دۆخی بزووتنەوەی موقاومەتی خەڵکی ئێران
لەم ئامارەدا راستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە. تاکە هێزێکی سەراسەری کە رێکخراو و خاوەن بنکەی جەماوەرییە لە ناوخۆی ئێران، موقاومەتی ئێرانە، کە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگای ئێراندا داکوتاوە و نوێنەرایەتی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتیک دەکات!
خۆشبەختانە بە هۆی چالاکیی بەربڵاوی شانەکانی شۆڕش لە ناو شارە جیاجیاکانی ئێران و هەروەها رۆژنامەنووسانی خۆبەخشی جەماوەری، موقاومەتی ئێران هەمیشە توانیویەتی ئاماری راستەقینەی چالاکییە جەماوەرییەکان و هەروەها هەنگاوەکانی دەسەڵات لە ناوخۆی وڵاتدا بخاتە روو!
دەنگی خەڵکی ئێران، رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە
خانمی مریەم رەجەوی رۆژی هەینی ١١ی رەشەمەی ساڵی ئەمساڵ (1402) پاش بەڕێوەچوونی نومایشی هەڵبژاردنەکانی رژێمی ئێران رایگەیاند کە "ئەم شانۆگەرییەی رژێم، لە راستیدا (ریفراندۆم)ە و دەنگی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی"یە. خانمی رەجەوی بە پیرۆزباییکردنی ئەم سەرکەوتنە لە خەڵکی ئێران وتی: بێ گومان خامنەیی و رژێمی ویلایەتی فەقێ دوای ئەم شانۆگەرییە زۆر لاوازتر و ناسکتر دەردەکەوێت و پڕۆسەی رووخاندن خێراتر دەبێت. لە دۆخێکی وادا، ساختەکاری هیچ سوودێکی نەماوە و دەبێتە هۆی ئابڕووچوونی زیاتری رژێم و، بە لای خەڵکەوە گاڵتەجاڕانەترە. لە کۆتاییدا جەختی کرد: "(نا)یەکی گەورەی خەڵکی ئێران نیشانەی ئەو راپەڕینانەیە کە لە ئێستاوە دەنگی پێیان دێت و هەڵگری موژدەی رووخاندنی فاشیزمی ئایینییە".
ڕەنگدانەوەی شانوی هەڵبژاردنەکان دەسەڵات لە ئێران
بایکۆتی ئەم شانۆگەرییە کە بەر لە هەمووان، موقاومەتی خەڵکی ئێران بانگەشەی بۆ دابوو، هێندە کاریگەر بوو کە میدیاکانی حکومەت بە ناچاری دانیان بەوەدا ناوە کە شانۆی هەڵبژاردن لە ١١ی رەشەمەی ١٤٠٢، "چۆڵترین" بووە لە مێژووی ٤٥ ساڵەی رژێمی ئێراندا.
ئەم راستییە حاشا هەڵنەگرە لە لایەن چاودێرانی سیاسی و ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان و میدیاکانەوە باس کراوە. رۆیتەرز نووسیویەتی: "لە رەوتی ئەو ناڕەزاییەدا رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا". رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نووسیویەتی: "ئاستی بەشداریکردن گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی". ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس بڵاویکردەوە: "ناوەندەکانی دەنگدان لە تاران رێژەی بەشداریکردن کەم نیشان دەدەن". ئاژانسی هەواڵی (ئانسا)ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، "بەپێی راپرسییەکان، 77%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، رەتیانکردووەتەوە دەنگیان دابێت، 8%یشیان هێشتا بڕیاری دەنگدانیان نەداوە".
ئاسۆی رووداوەکان!
بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە پەیامێکدا روو لە خەڵکی ئێران و هێزە شۆڕشگێڕەکان رایگەیاند کە دروشمی دێرینی موقاومەت بریتی بووە لە "رووخاندنی دیکتاتۆرییەت" و دەرئەنجامی کردەیی دۆخی ئێستا بۆ ئێمە، گڕگرتن و گڕدانی راپەڕینەکانە. بە هەموو شێوەیەک ئامادەکاری بۆ بکەن و بە کەمی مەزانن. شۆڕشگێڕان سەردەکەون".
دوا وشە!
بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن لە ئێران، جارێکیتر ئەوپەڕی لاوازبوونی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیی نیشان دا و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە دان بە داواکاریی خەڵکی ئێراندا بنێت بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران و پێویستە بەڕەسمی ناسینی مافی رەوای گەل بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و رژیمی ویلایەتی فەقیهی بە دەسەڵاتێکی ناشەڕعی رابگەیەنیت! لێهاتوویی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەنگاوێکی وادا دەردەکەویت و پێگەی راستەقینەی بەم شێوەیە تۆمار دەکرێت!