ستراتیژییەکی باڵاتر: "پانکردنەوەی سەری مارەکە لە ئێران"
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
یەکێک لە تاکتیکە دیارەکانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، شەڕهەڵایسان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە بۆ پەردەپۆشکردنی سەرکوت لە ناوخۆی ئێراندا. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتانەی کە لە ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویانداوە، هیچ حکومەت و هێزێک هەڕەشەکانی ئەم رژێمە بە جددی وەرناگرێت!
ئێستا چەند مانگ و چەند ساڵێکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، رێوشوێنی سەربازی لە دژی هێز و سیما ناسراوەکانی ئەم رێژیمە دەگیرێتەبەر و دەکوژرێن. لە سەرەتای شەڕی غەزەوە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامدەرانی "نادیار" نین، رژێمی ویلایەتی فەقیهی جگە لە "بێدەنگی" کاردانەوەی نەبووە و نەیتوانیوە هیچ بکات. ئەگەریش کارێکی کردبێت، بە رێگەی هێزە نیابەتییەکانیەوە کردوویەتی. ئەم "تابلۆ"یەش چەندین راستییەکی تێدایە!
پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی 2024 (1403)، ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان هەواڵی بۆردومانی سەختی کونسوڵخانەی رژیمی ئێرانیان لە دیمەشق بڵاوکردەوە! ئەم رووداوە لە گەرماوگەرمی شەڕی غەزەدا روودەدات کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستی پێکردووە و رۆژانە ژماری قوربانییەکانی روو لە زیادبوونە. شەڕێک کە هێشتا بەردەوامە و کۆتاییەکەی نادیارە!
هۆکاری سەرەکی ئەم شەڕە کێیە و ئاسۆکانی چییە؟ ئاگربەست دەکرێت یان ئاشتی؟ ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت یان کۆتاییەکەی پێشبینی کراوە؟ براوە و دۆڕاوی شەڕەکە کێیە و چارەسەری بنەڕەتیی ئەم شەڕە چییە و چۆنە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دێنە مێشکی هەموو کەسێکەوە!
فەلەستین خاکی فەلەستینییەکانە!
ئەگەرچی شەڕی فەلەستین مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا لە ئاڕادایە، لە راستیدا شەڕێکە پان و بەرینتر لە خاکی فەلەستین. چونکە هەر لەو رۆژەوە خومەینی بە فێڵکردن، خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند، ئەم شەڕەی کردە سەکۆیەک بۆ فراوانخوازی و فرەخوازی وڵاتەکەی بۆ باڵ هاویشتن بەسەر ناوچەکەدا و بەرەو (دەریای مەدیتەرانە). شەڕفرۆشتن لە دژی عێراق و پاراستنی دیکتاتۆرییەت لە سوریا و پێکهێنانی گروپی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا و لەوانە لە (لوبنان) پەیوەندی بەمەوە هەیە. هەربۆیە زۆر روونە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران، داتاکانی دیمەنی فەلەستینی گۆڕیوە و خۆی کردۆتە لایەنی سەرەکیی شەڕەکە. لە کاتێکدا خاوەنی سەرەکیی فەلەستین، گەلی فەلەستینە. بەپێی دەقی روونی (قورئانی پیرۆز) زەوی هی ئەو کەسەیە کە کاری لەسەر دەکات! واتە هەموو زەوییەک خاوەنی رەسەنی خۆی هەیە. بەڵام مەبەست لە پێکهێنانی هێزی بە وەکالەت، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا!
حیساباتی هەڵە!
دوای راپەڕینە مەزنە سەرتاسەرییەکەی ساڵی 2022 (١٤٠1)، خامنەیی بە شێوازی خومەینی، کە بە مەبەستی پێشگرتن لە سەرهەڵدان و راپەڕین لە دژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، هەڵایسان شەڕ و شەڕفرۆشتنی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە، هەنگاوی نا. بەڵام ئەمجارە هێڵی شەڕفڕۆشی لە دەرەوەی سنوورەکاندا بۆتە زلکاوێک کە سەرەڕای سیاسەتی (سازان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران)، هەرگیز رژێمی ویلایەتی فەقیهی لێ دەرناچێت! بۆ؟
ئەگەر خەڵکی ئێران و بەرخۆدانە رێکخراوەکەی لە سەرەتای رێگادا بوون، کاتێک رژێمی ویلایەتی فەقیهی هاتە سەر کار و هێشتا بە کردەیی دەستەویەخەی ئەم رژێمە نەبووبۆوە، بەڵام ئێستا، بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوەی ئێران، خەڵک و بەرخۆدانەکەی بە زانیاری و ئامادەکارییەکی تەواوەوە، هەر زوو درکیان بەم هەڵەیەی حیساباتی وەلی فەقیهی کرد و بانگەشەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا کە نزیک ببنەوە لە فۆرمولەی "سەری ماری ویلایەت لە تارانە"! ئەمەیش راستییەکە کە هەموو مرۆڤ و رەوتێکی سەربەست دەتوانێت رۆڵی تێدا بگێڕێت. تا ئەو رۆژەی کۆمەڵگای جیهانی ئەم "شێرپەنجەیە" کە پێی دەوترێت "ویلایەتی فەقیهی" لە جەستەی خۆی بکاتەوە!
خامنەیی لە یەکەم رۆژی خاکەلێوەی ساڵی تازەی ئێرانی (1403)دا وتی: ئەمڕۆ پرسی سەرەکیی، پرسی فەلەستین و غەزەیە. ئەمڕۆ موقاومەت لە رۆژئاوای ئاسیا، پرسێکی بنەڕەتییە." چونکە ئەوەی بۆ خامنەیی گرنگە، "پاراستن و مانەوەی رژێمی ویلایەتی فەقیهیە"، کە بە وتەی خومەینی "لە هەموو فەڕزێک فەڕزترە".
دیمەنێک لە شکستی رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران!
خێرابوونی قەیرانەکانی دەسەڵاتی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران، لەوانەش قەیرانی نومایشی هەڵبژاردنی رژێم کە زیاتر لە 75%ی خەڵکی ئێران بایکۆتیان کرد، پێشەکییەکە بۆ خێراتربوونی پێشهاتەکانی ئێران لە ساڵی نوێدا، کە وریایی و ئامادەیی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کۆمەڵگای ئێران و شۆڕشی دێموکراتیک بە دووقات زیاد دەکات.
شەش مانگ لەمەوبەر، کاتێک خامنەیی لە ترسی راپەڕینێکی جەماوەری و بە مەبەستی گرتنەوەی ئەم سەرهەڵدانە، شەڕێکی بێ وێنەی لە ناوچەکەدا دەستپێکرد، سازشتکارانی رۆژئاوایی گوتیان: "هیچ نیشانە و بەڵگەیەک نییە کە رژێمی ئێران دەستی لە شەڕی غەزەدا بێت!" (بەرپرسێکی کۆشکی سپی 17ی رەزبەری 2022 (1402)) کەوایە چی وای لێکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومانکردن، هەنگاو بە هەنگاو، ناوەند و سەرکردەکانی هێزی تیرۆریستیی قودس لە سوریا و عێراق و یەمەن بکەنە ئامانج و بەردەوام جەخت لەسەر رۆڵی ئەم رژێمە بکەنەوە لە شەڕی غەزەدا؟
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر:
راستییەکان سەرسەختن و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. ئەو راستییەی کە بەرخۆدانی ئێران، راستەوخۆ دوای شەڕفرۆشتنی خامنەیی لە غەززە رایگەیاند: "پێویستە سەری رەشەمار و فاشیزمی ئایینی لە تاران بکرێتە ئامانج!" (١٥ی رەزبەری 2022 (1402)). ئێستا، مەترسییەکە، خۆ دوور راگرتنە لە پان کردنەوەی سەری رەشەمارەکە! راستییەک کە رۆژانە پێویستی و راستییەکەی زیاتر دەردەکەوێت و بانگەشەی هەمووان دەکات کە سەرنجیان لەسەر "پانکردنەوەی سەری رەشەمارەکە بێت لە تاران".
لەمدواییانەدا شارەزایەکی بەسیجی لە تەلەفزیۆنی رژێمی ئێران وتی: "ئەوان (قاسم سولەیمانی)یان لێکوشتین، گوتمان تۆڵەی توند، (سەید رەزی)یان لێکوشتین، گوتمان تۆڵەی توند، (عەراوی)یان لێکوشتین، بەرپرسانی (حیزبوڵڵا) و (حەشدی شەعبی)یان لێکوشتین، گوتمان تۆڵەی توند و گوتمان لە کوێ بیرتان لێ نەکردۆتەوە لەوێوە تۆڵەی توند دەکەینەوە! بەڵام نازانین لە کوێ و کەی؟!" بە وتەی ئەو ئەندامەی مەجلیسی رژێم (ئاخوند رەسایی) کە وتی: ئێستا مرۆڤ رشانەوەی دێت بەو رستەیە!".
دوو رێیانی چارەنووس!
لەسەر هێڵی نەگەڕانەوە بۆ رابردوو و گۆڕینی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و راپەڕینە جەماوەرییە بەربڵاو و سەرتاسەرییەکان و پەرەسەندنی بەرخۆدانی سەرتاسەری لە ئێران و ستراتیژیی موقاومەت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، تا رادەیەک وڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە روون دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکیی شەڕفرۆشی و هەلایسانی شەڕ لە ناوچەکەدا "رژێمی ویلایەتی فەقیهیە کە ئێران". ئاگربەست و ئارامی و ئاشتییەکی بەردەوام لەگەڵ ئەم رێژیمەدا نایەتی دیتن و هەروەک موقاومەتی ئێران زۆر جار رایگەیاندووە، "دۆڕاوی ستراتیژیکی ئەم شەڕە" خامنەیی و رژێمەکەیەتی!
رژێمی ئێران لە بەرامبەر ئەو گورزە کوشندانەی بەریکەوتووە، جا وڵام بداتەوە یان نا، "پانکردنەوەی سەری رەشەمارەکە" وەک "ستراتیژییەکی باڵاتر" لەسەر رێیەتی و گەل و بەرخۆدانی ئێران ئاڵا هەڵگری ئەم فۆرمولەیە و هەرواش دەردەچێت و رژێمی ئێران ناتوانێت لە چارەنووسێکی وا رزگاری بێت! ئەمساڵ، ساڵی هاتنە دیی ئەم راستییەیە و خەڵکی ئێران و رۆڵەکانی سوێندیان خواردووە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕوخێنن!
***