* بێوار ڕەحمان - هاوەڵ و هەماهەنگیکاری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.
لە میانەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (١٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) ەوە، بۆ یەکەمجار دوای (١٧) ساڵ هەژمونی ئێران لە عێراقدا بە نزیکەی (٨٠٪) ئاوا بو!. ووڵاتانی ناوچەکەو کەنداو دەرفەتی دەستوەردانیان زیاتری کردوە. هەڵبژاردنەکە کۆمەڵێک سەرکردەو سیاسیی دیاری شیعەو سووننەی بەلاوە خست و ئاسۆی موقتەدا سەدرو حەلبوسی و بارزانی گەشتر کردۆتەوە. لەم شیکارییەدا هۆکارەکانی کەوتنی هەژمونی ئێران لە عێراق و جەمسەرە سووننیەکان و بەهێزبونی کوتلەی سەدریی دیاری ئەکەین.
نەمانی قاسمی سولەیمانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا
لە دوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوە، هەموو کاتێک گروپەکانی نزیک لە ئێران وەزارەتی ناوخۆ و نەوت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و زۆربەی جومگە هەستیارەکانیان لە دەستدا بوە. دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠) دا ئیتر گروپە حەشدییەکانیش گڵۆڵەیان کەوتە لێژی.
بۆیە بۆ یەکەمین جارە ئێرانییەکان بە گروپێکی لاواز لە هەڵبژاردن بە دەرکەوتن، قاسمی سلێمانی وەک ئەو هەورە وا بو کە بە ئاسمانی هەموو عێراقدا ئەهات و ئەچوو، گۆڕانکاریی دروست ئەکرد. بەر لە هەموو هەڵبژاردنێک سولێمانی و مەهدی موهەندیس و کەوسەرانی و ئەلخۆراسانی و ئەلفەیزانی و مالیکی و عامری و ئەسەدی و فالح فەیاز و شەهرستانی و جەعفەری و بەشێکی زۆریش لە مەرجەعیەت ئێران ( لە ڕێگەی قاسمی سولێمانی) یەوە بڕیار بەدەست بو بە سەریانەوە. بەڵام لە دوای نەمانی سولێمانی ئێرانییەکان هەم لە فەرمانڕەوایی هەم لە عێراق زۆر بە لاوازیی دەرکەوتن. قەیس خەزعەلی کە خاوەنی (١٨) کورسی بو لە پەرلەمانی عێراقدا ئێستا تەنانەت هیچ بەربژێرێکی دەر نە چووە. حیزبولڵا کە خاوەنی (١٠) کاندید بو هیچیان دەر نە چوون. کوتلەکانی ئەحمەد ئەسەدی و خالید ئەسەدی هیچ کەسێکیان دەر نە چووە. فالح فەیاز کە بە بەردەوامی بە گروپێکی (٢٠) کەسییەوە دەر ئەکەوت ئێستا زۆر لاواز بوە.
ئەوەی من تێ بی نی ئەکەم، لە گۆڕەپانەکەدا تەنها نوری مالیکی هێلراوەتەوە کە خاوەنی (٣٤) کورسییە. ئەمریکییەکان و کەنداوییەکان بۆ ئەوەی عێراق پڕ نە بێت لە فەوزاو کێشمەکێش تەنها مالیکیان وە بژاردەیەک هێشتەوە.
هۆکارەکانی شکستی پرۆ-ئێرانییەکان لە عێراق
یەک/ سەرکردەکانی حیزبی دەعوە کە بە (٣) قۆناخ حوکمڕانی عێراقیان کرد، ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیکی ئینجا حەیدەر عەبادی لە ئاستی پێویستی شەقامی عێراقیدا نەبون، تەنها لە وەزارەتەکانی ووزەو کارەبادا بڕی زیاتر لە (١٢٠) ملیار دۆلاری تیادا دیار نەماوە!. سەرکردەکانی دەعوە بە گشتی لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵک نەبون. بەتایبەت لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیەکەیدا مالیکی بەرەو دیکتاتۆریەت ڕۆیشت. ئەوەش وایکرد لە سەرەتاییترین لێکەوتەیدا نێو ماڵی حیزبی دەعوە تێک بچێت، بوە هۆی جیابونەوەی حەیدەر عەبادی و گروپێکی تری کاریگەر لە حیزبی دەعوەو هەندێکیشیان لە ماڵەوە دانیشتن.
دووەم/ حەشدی شەعبی بە فتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دامەزرا. بەڵام لە پاش فتواکەی سەید سیستانی حەشدی شەعبی لە مەرجەعیەت و عێراقی بونیان دوورکەوتنەوەو نزیک بونەوە لە ئێران، ئەوەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک سەرکردەی وەک هادی عامری و موهدی موهەندیس و فالح فەیاز و ئەبو فەدەک و قەیس خەزعەلی و زەید شبلی و ئەحمەد هەمەدانی و ئەحمەد ئەسەدی. ئەم سەرکردانە ڕاستەوخۆ بڕیارەکانیان لە ئێران وەرئەگرت و حەشدی شەعبیان لە عێراق بەڕێوە ئەبرد!. ئەوەش نیگەرانی لە نێو ماڵی شیعی دروست کردو، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی متمانەیان لە شەقامدا لە دەست دا.
سێهەم/ لە سەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دا کە سەرۆکوەزیرانی ڕاستەقینە بو، بەڵام تەواوی بڕیارەکان لە لایەن “ جیهاد هاشمی” یەوە دەر ئەچون لە بەرژەوەندی حەشدی شەعبی. حەشدییەکان حکومەتێکی تریان لە چوارچێوەی ئەنجومەنێکدا بۆ خۆیان دروست کردبو، هەموو بڕیارێکیان بەسەر حکومەتدا فەرز ئەکرد. ئەمەش نیگەرانی زۆری لە لای ئەمریکیەکان دروست کرد بو، بە ئاشکرا ئیدارەی ئەمریکا ئەیبینی کە بریارەکانی ئێران سەدا نەوەتی لە عێراق جێبەجێ ئەکرێت و داوای چونە دەرەوەی ئەمریکاش ئەکەن لە گۆڕەپانەکەدا، ئەمریکییەکانیش کەمتر لە سەدا دەیان بە دەست بو!. ئیتر ئەمە نیگەرانی ئوردون و ئیمارات و سعودیەشی لێکەوتەوە. جگە لەمانەش عێراق گرێبەستێکی بە نزیکەی (٥٠٠) ملیار دۆلار لەگەڵ چین واژۆ کرد، ئەوەش وایکردبو کە سەرکردەکانی فەتح و دەعوە زیاتر شۆخی بکەن و ئیدارەی ئەمریکایان توڕە کردبو.
چوارەم/ دەر ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراقی و کوشتنی زیاتر لە (٦٠٠) کەسی خۆپیشاندەر لە لایەن گروپە میلیشیاکانەوەو فڕاندن و ئازاردانی هەزاران کەس، وایکرد موقتەدا سەدر لە شەقامی عێراقی نزیک بکاتەوە. هەر لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی تشرینی -٢٠١٩ لە عێراقدا، موقتەدا سەدر سەردانی قووم ی کرد و، بەدەم گەڕانەوەیدا لە تاران پەیامێکی بە ناوی “ شلع قلع” بڵاوکردەوە. گسکیان لە حکومەتە یەک ساڵییەکەی عادل عەبدولمەهدی دا. بەرئەنجامی ئەمە موستەفا کازمیان دەست نیشان کرد، کە هەموو کاتێک کازمی گوێرایەڵی سەدری ئەکرد. کازمی لە یەکێک لە دیمانەکان سەید موقتەدای بە “ سید مقاومە” ناوبرد، ئەوەش زۆر نیگەرانی لە ناو ماڵی شیعی و حەشددا دروست کرد. کازمی لەماوەی دوو ساڵ حوکمڕانی دا تەنها دڵی دوو کەسی ڕائەگرت، مەرجەعیەت کە هەڵبژاردنی پێشوەختە داوای ئەوان بو، هەروەها موقتەدا سەدر. گەورەترین پرۆژەی سەدرییەکان پرۆژەی شام بو، ئەم پرۆژەیە لەساڵی (٢٠١٠) سەریهەڵدا، ساڵی (٢٠١٣) بۆ یەکەمجار موحەمەد بن سەلمان و موقتەدا سەدر لە ڕیاز یەکتریان بینی کە ئەوە سەرەتای پرۆژەی شامی نوێ بو، بەڵام لە (٢٠٢١) دا پاڵپشتی سەدرو بە ڕێبەرایەتی موستەفا کازمی پرۆژەی شام کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وایکرد بۆ یەکەمین جار ئیمارات و ئوردون و سعودیەو میسر بهێنێتە عێراقەوە. یەکێک لە داواکارییەکانی سەدر لە کازمی ئەوەبو کە ئەنجومەنی ئابوریی عێراقی- سعودی دروست بکرێت و کرا.
بۆیە ئەم هۆکارانە وایکرد نەخشەی سیاسیی و چوارچێوەکە لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا بگۆڕێت.
هۆکارەکانی بەهێزبونی موقتەدا سەدر
هۆکاری هەرە سەرەکی بەهێزبونی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (١٠ی ئۆکتۆبەر) ئەگەڕێتەوە بۆ سێ خاڵی گرنگ:
یەک/ سەدر لە وتارەکانیدا بەردەوام باسی ڕیفۆرم و چاکسازیی ئەکرد، نزیک بو لە شەقام و خەڵکە ڕەشوڕوتەکەوە.
دوو/ سەدر تاکە کەس بو کە بە یەک نامە و بە یەک تویت هەموو هەیئەی تەیاری سەدرو هەموو ئەو سەرکردانەی سەدر لە حوکمڕانی داینابون کشاندنیەوە.
سێ/ سەدر زیاتر خۆی بە عێراقییەکی ڕاستەقینە دائەنات و دەیەوێت عێراق بکاتەوە بە خۆی.
لەگەڵ ئەمانەشدا، چەند رۆژێک بەر لە پرۆسەی دەنگدان، سەدر سەردانی ئایەتوڵڵا سیستانی کرد، لە کاتێکدا سیستانی نزیکەی (١١) ساڵە چاوی بە هیچ سەرکردەیەکی عێراقی نەکەوتوە، ئەمەش بۆ سەدر گرنگ بو کە دواتر مەرجەعیەت ئاماژەیەکی دا بەوەی “ المجرب لا یجرب” ئەوەش کێرڤی سەدری بەرزتر کردەوە.
سووننەکان لە نێوان حەلبوسی و خەنجەردا
کوتلە سووننیەکان دابەشبون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەکی زۆر بەهێز کە موحەمەد حەلبوسییە (٣٧) کورسی پەرلەمانی هەیە، زۆرترین پاڵپشتی ئوردن و ئیماراتییەکانی هەیە، ئەوەی دیکەش خەمیس خەنجەر کە سەر بە قەتەرو ئێران و نوری مالیکیە لە عێراق، هەر لە ڕێگەی مالیکیشەوە گەڕاوەتەوە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق.
لەم هەڵبژاردنەشدا، هاوشێوەی شیعەکان کۆمەڵیک سیاسیی و سەرکردەی سووننی هیچ بەربژێکیان دەرنەچوو، بۆ خۆشیان بەتەنها مانەوە، وەکو ئەحمەد مەساری و جەمال کەربولی و ئەحمەد کەربولی و ئوسامە نوجێفی و خالید ئەنباری و سەباح دلێمی و ساڵەح موتڵەق و ڕەشید عەزاوی و فایەق زێدان. تەواوی ئەم سەرکردە سووننانە بۆ یەکەمین جارە لە هیچ هەڵبژاردن دا هیچ کورسییەکیان نەبێت. هەروەک لە نێو ماڵی شیعەدا سەید عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی و خالید ئەسەدی و ئەیاد عەلاوی لەم هەڵبژاردنەدا کەوتن.
کابینەی ووڵاتانی ناوچەکە لە عێراق
ئەوەی پێشبینی ئەکرێت، ئەم حکومەتە حکومەتی ووڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانی ئەبێت لە عێراق، حکومەتی ئیمارات و ئوردون و سعودییەو تورکیاو بەریتانیاو ئەمریکاو ئێران ئەبێت لە عێراقدا. لەناو عێراقیشدا حکومەتی موقتەدا سەدرو مەسعود بارزانی و موحەمەد حەلبوسی و نوری مالیکی ئەبێت!.
سەدرییەکان، لە دوای (٢٠٠٣) ەوە ئەوەتەی هاتونەتە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە، لە هەموو کابینەکان لە کۆتایی کابینەکەدا ئەکشێنەوەو حکومەت بە جێ ئەهێڵن. بەمانایەکی تر سەدرییەکان لە عێراقدا پیاوی میساق نیین و، لەهەموو ڕێککەوتننامەکان لە پڕ ئەکشێنەوە.
موقتەدا سەدر، کەسایەتیەکە لە هاوکێشەکاندا گۆڕانکاریی زۆری بەسەر دێت، بەردەوام لە ڕا-راییدایە.
کوردو دەرفەتێکی تر
ئەم هەڵبژاردنە، دەرفەتی جۆراوجۆری گەورەی لەگەڵ خۆی بۆ کورد هێناوە. کورد ئەتوانیت بگەڕێتەوە سەردەمی زێرینی خۆی. لەلایەک ئەوانەی هەڕەشە بون لەسەر هەرێمی کوردستان میلیشیاکان بون، بە درێژایی و پانایی ناوچە دابڕاوەکان میلیشیاکانی حەشد هەڕەشەبون لەسەر کورد!. بەڵام هەر لە موسڵەوە تا خانەقین کورد کورسییەکانی زیادی کردوەو لە بەرانبەردا میلیشیاکان یەک کورسییان بەدەست نە هێناوە.
ئەوەی ئەمێنێتەوە، پرسی بە یەکڕیزی ڕۆیشتنی کوردە بۆ بەغدا. ئەگەرچی کورد ئەتوانێت باڵانسەکە وا بەهێز بکات حکومەتەکە لە هەولێر پێک بێت نەک بەغدا.
کورد ماوەیەکی زۆرە ئاشنایە بە مالیکی، مالیکی لە کوردستانەوە گەڕایەوە بەغدا دوای (٢٠٠٣) . هەر کاتێک کورد مامەڵەی لەگەڵ مالیکی کردووە لە کۆتاییەکاندا بڕیارەکانی جێبەجێ کردوە.
ئەوەی تێبیبی کراوە، وڵاتانی ئەمریکاو کەنداو ئەیانەوێت، عێراقێکی دیکە بینا بکەن دوور کە هەژمونی زۆرو زەوەندی ئێران. عێراقێکی شیعی- سەدری- هاوشێوەو گونجاوی وەک وڵاتانی کەنداو پێک بهێنن. بۆیە پێویستە لەهەموو سات و ئەگەرەکاندا کورد لەسەر پێ بێت.
دەرئەنجام
پێکهێنانی حکومەت لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکەی (١٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) دا زۆر ئاڵۆز ئەبێت، لەناوخۆدا لایەنەکان هەمویان ئەجێندای جیاوازیان هەیە، سەدر، بارزانی، حەلبوسی، مالیکی. چوار براوەی سەرەکیین. بەڵام چوار ئەجێندای لەیەک دووریان هەیە. ئاسۆی داواکارییەکانی کورد زیاتر لەگەڵ مالیکی دا گرەنتی پترە. لە ئاستێکی تردا حکومەتی ئایندەی عێراق حکومەتی هەموو هێزە ناوچەیی و دەرودراوسێکانی عێراقە بە بەریتانیاو ئەمریکاشەوە. بۆیە پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندە قورس ئەبێت لە عێراقدا.