كوڕی جاش‌و به‌عسییه‌كان ده‌بنه‌ به‌رپرس. . رابه‌ر ره‌شید

رێك ده‌وروبه‌ری ناوه‌ڕاستی مانگی (11)ی ساڵی 1985 بوو، كاتێك زیاتر له‌ 20 پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌وله‌یه‌كمان به‌ره‌و ناوچه‌كانی چه‌مجوو و ئه‌ودیوی شێلادزی‌و سنووری نێوان باشوورو باكووڕی كوردستان، یه‌كه‌م ئێواره‌ی جه‌وله‌كه‌مان گه‌یشتینه‌ گوندێك، من‌و هه‌ڤاڵ (پێشه‌وا) –یادی به‌خێرو خۆشه‌ویستیم بۆی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌واڵی نازانم، له‌ هه‌ر شوێنێكه‌ چاوی ماچ ده‌كه‌م- پێكه‌وه‌ به‌ر ماڵه‌ هه‌ژارێك كه‌وتین‌و له‌ چاوه‌ڕوانی نانی ئێواره‌دا بووین، كه‌ دیاربوو كه‌مێك دواكه‌وت، ئێمه‌ هه‌ردووكمان له‌گه‌ڵ دوو سێ كوڕی پارچه‌ڵه‌ی ماڵه‌كه‌ گفتوگۆمان ده‌كرد كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 10 ساڵان كه‌متر بوو و پێمان ده‌گوتن سه‌دام بڕووخێت‌و كورد رزگاری ببێت، تۆ ده‌بیته‌ به‌رپرسێكی گه‌وره‌و تۆش ده‌بیته‌ پارێزگارو دوور نییه‌ تۆش ببیته‌ وه‌زیر، ئێمه‌ له‌و گفتوگۆو خۆشباوه‌ڕییه‌ی خۆماندا بووین، خاوه‌ن ماڵ كه‌ ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌یه‌كی له‌ ئێمه‌ به‌ ته‌مه‌نتر بوو و پێشمه‌رگه‌ی پارتی بوو، به‌ بێده‌نگی گوێی له‌و گفتۆگه‌یه‌ی ئێمه‌و كوڕه‌كانی گرتبوو، له‌ ناكاو ده‌ستی به‌ پێكه‌نین كرد، وا بزانم كاك پێشه‌وا بوو گوتی: هه‌ڤاڵ به‌ چی پێده‌كه‌نی، ئه‌ویش به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ گوتی: وه‌ڵا بڵێم چی؟ ئیدی زۆر داوامان لێكرد هه‌ر ده‌بێ بزانین به‌ چی پێده‌كه‌نێت، زۆر به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ گوتی: ببوورن، به‌و ئاخافتنه‌ی ئێوه‌. ئێمه‌ش به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ گوتمان بۆ، شته‌كی خه‌راپمان گۆتییه‌؟

گوتی نه‌خێر: برا با به‌ وردی بۆتانی روون بكه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو حه‌قی خۆتانه‌ گازانده‌م لێ بكه‌ن.

گوتی: وا گریمان كوردستان رزگار بوو، كورد بووه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تیش، ئه‌و كاته‌ هه‌رچی كوڕی جاش‌و موسته‌شارو به‌عسی هه‌یه‌ ده‌بنه‌ به‌رپرسی ئه‌و كوڕانه‌ی من‌و ئێمه‌و ئێوه‌ش. .

ئه‌و قسانه‌ی خاوه‌ن ماڵ شۆكی كردین، ئاخر چۆن؟

گوتی: كاكی من هه‌موو شتێك به‌ عه‌قڵ نییه‌؟

گوتمان به‌ڵێ.

گوتی: باشه‌، با من تێتان بگه‌یه‌نم: وا داماننا ئه‌م كوڕانه‌ی من هه‌تا كوردستان رزگار ده‌بێت گه‌وره‌ ده‌بن‌و ئێوه‌ش ئه‌و كاته‌ پیر ده‌بن، ئێ كوڕه‌كانی من به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وارن، قابیله‌ بكرێنه‌ چی؟ یان حه‌ره‌س، یاخود باخه‌وان، ، یانژی فه‌ڕاش. به‌ خودای ئێوه‌ش ئه‌و كاته‌ پیر ده‌بن‌و به‌ كه‌ڵكی هیچ نایه‌ن. .

ئه‌و كاته‌ش به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات پێویستیی به‌ خه‌ڵكی خوێنده‌وارو خاوه‌ن شه‌هاده‌ هه‌یه‌، وایه‌؟ گوتمان: به‌ڵێ وایه‌. گوتی: كوڕی جاش‌و موسته‌شارو به‌عسی‌و خائینه‌كانیش ده‌بنه‌ خوێنده‌وارو خاوه‌ن شه‌هاده‌ی قانون‌و شتیتر وایه‌؟ به‌ كزییه‌كه‌وه‌ گوتمان به‌ڵێ وایه‌، گوتی: بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌وان ده‌كرێنه‌ به‌رپرس‌و ئێمه‌ومانانیش ده‌بێ پاسه‌وانییان بكه‌ین. .

هه‌زار سڵاو له‌و پیاوه‌ به‌ڕێزه‌و منداڵه‌كانی، له‌ هه‌ر كوێیه‌كن چاوتان ماچ ده‌كه‌م، به‌ راستی ئه‌و براده‌ره‌ راستی فه‌رموو، ده‌ تۆ سه‌یری كه‌، هه‌رچی بوارێك ده‌گریت‌و سه‌یری به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ده‌كه‌یت، یان كۆنه‌ به‌عسییه‌، یان كوڕه‌ موسته‌شارو جاشه‌، حاڵ گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری باره‌گاكانی حزبیش ته‌ژی بوون له‌و بیچمانه‌. .

دروود بۆ گیانی شه‌هیدان‌و ریسوایی‌و رووڕه‌شی بۆ جاش‌و خۆفرۆش‌و ئه‌نفالچییه‌كانی كوردستان‌و ئه‌وانه‌ی ئه‌وانیش ده‌كه‌نه‌ به‌رپرس‌و كاربه‌ده‌ست.

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu