بەتێبینی کردنی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی لە جیهاندا، چاویان بڕیوەتە بۆشایی ئاسمان، ئەمە وادەکات بپرسین.. ئاخۆ ئامانجی کۆتایی لە داگیرکاری لەبۆشایی ئاسماندا چییە؟
ئایا هەر بەراست، مرۆڤ ئاوا بە ئاسانی تەنها دەیەوێت سەرکێشی بکات لەبواری گەردون و بۆشایی ئاسماندا؟ یاخود مەبەست گەلێکی تر لە پشتی ئەو هەموو هەوڵانەی دەوڵەتە زلهێز و پێشکەوتووەکانەوە هەیە؟
گەڕان و دۆزینەوە و لێکۆڵینەوەکان، لە پێناوی بەرەوپێشبردنە.. لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی؟
یاخود مرۆڤ بۆنی شتی تری کردووە لە بۆشایی ئاسماندا..!
یەکێک لە هۆکارەکانی پەل هاویشتنی مرۆڤ بۆ دەرەوەی هەسارەی زەوی بریتییە لە بەردەوامی دان بەژیانی ڕەگەزی مرۆڤایەتی لەئەگەری هەرجۆرەکارەساتێکی سروشتی کە ببێتە هۆی قڕبونی مرۆڤایەتی و سەرجەم بونەوەران لەسەر هەسارە شینەکەمان.. بۆ نمونە پیاداکێشانی گەڕەستێرۆچکە یاخود کۆمێتێک بە زەویدا، هاوشێوەی ئەوەی کە لە 65 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بەسەر دایناسۆڕەکان و بەشێکی زۆری بونەوەرەکانی تری سەر هەسارەی زەویدا هات.
لەبەر ئەو هۆکارە، مرۆڤ دەیەوێت بنکەیەکی تری یەدەگی ئارام بۆ خۆی سازبکات و درێژە بە ڕەگەزەکەی خۆیبدات لەدەرەوەی هەسارەی زەوی.. لە کاتی ئێستا دا هیچکام لە هەسارە و گەرەستێرۆچکە و مانگەکانی کۆمەڵە خۆرەکەمان لە زۆنێکی گونجاودانین بۆ ژیانکردن، جگە لە هەسارەی زەوی، هەر بۆیە هەمو هەوڵی زانایان ئەوەیە، کەبتوانن زۆنی یاخود ناوچەی گونجاو بۆ ژیان (habitable zone)، هەر بەهۆی هەمان پێکهاتە و کانزاو ماددەکانی خودی ئەو هەسارەیەوە کە مرۆڤ نیازیەتی بیگونجێنێت بۆژیان، دەستەبەر بکات.
ئامانجی ڕەوانەکردنی کەشتی پێرسەڤێرەنسیش لەلایەن ئاژانسی ئاسمانی ناساوە لە 30/7/2020دا بۆ سەر هەسارەی مەریخ (بارام) و دواتر لە 18/2/2021 دا بەسەرکەوتوویی لەسەر هەسارەکە نیشتەوە، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە لەو بارەیەوە،
هۆکارێکی تری پەل هاویشتن و دەستبردن بۆ تەنەکانی تری دەرەوەی هەسارەی زەوی بریتییە لەوەی دەوڵەتە زلهێزەکان، نیازیانە پەرەی زیاتر بە هەژموونی خۆیان لە بواری داگیرکاری و قۆرخکاریدا بدەن و لەورێگەیەوە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکەن لە داهاتووی دووردا..
بەڵام ئەوەی کە لەکاتی ئێستادا ئەو دەوڵەتانە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان هەوڵی بۆدەدەن بابەتێکی ترە و لە دوو دەیەی داهاتوودا بە ئاشکرا درکی پێدەکرێت.
بابزانین چی هەیە لەدەرەوەی هەسارەی زەوی تاکو شایەنی ئەوەبێت مرۆڤایەتی دەستی پێی بگات..؟!
لەوانەیە لە فیلمە زانستییە خەیاڵییەکاندا دەربارەی گازی هیلیۆمی سێ، زۆر یاکەم شتێکمان بیستبێت، بەپێی توێژینەوەکان هیلیۆمی سێ گازێکی نمونەیی خاوێنە لە هەموو کارلێکێکی ناوەکی و هاوکات دوورە لە تیشکدانەوە مەترسیدارەکان.
هەروەها لەبوارەکانی پزیشکی و ئامێرەکانی دۆزینەوەی تیشکیدا بەکار دەهێنرێت، گازی هیلیۆمی ٣ زۆر دەگمەنە لەسەر زەوی و بە شێوازێکی سروشتی لە پاشماوەی گازی سروشتیدا بەدەستدەهێندرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەرهێنان و دەستخستنی کارێکی گرانەو ئاسان نییە.
لە گازی سروشتیدا لە یەک بلیۆندا، تەنها 100 بەش هیلیۆمی ٣ هەیە، با وای دابنێین یەک بلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتیمان هەیە، ئەوا دەتوانین تەنها 15 کیلۆگرام هیلیۆمی ٣ مان لێوەی دەستبکەوێت.
ئەو بڕە کەمەی دەسخستنی هیلیۆم ٣ لە یەک بلیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتیدا.. لە ڕووی ئابوورییەوە کەمەو بەدەستکەوتێکی گەورە هەژمارناکرێت.
لەلایەکی ترەوە و بەتێچونێکی کەمتر، دەتوانرێت هیلیۆمی ٣ لە شیبونەوەی رادیۆسۆنی و تیشکدانەوەی مادەی تریتیۆم وەک بەرهەمێکی لاوەکی بەرهەم بهێنرێت، بەڵام تریتیۆم ماددەیەکی بنچینەیی گرنگە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و لەئێستاشدا بەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی جیهان لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا لەو ساڵانەی دواییدا سست بوون و خاوبونەتەوە.. بۆیە بەرهەمهێنانی گازی هیلیۆم ٣ ش بەهەمان شێوە رووی لەکزی کردووە و کەمی کردوە.
مادام بەرهەم هێنانی تریتیۆم پێویست و گرنگ نییە، بەوهۆیەشەوە بەرهەم هێنانی گازی هیلیۆمی ٣ کەمیکردووە، لەبەرامبەردا مرۆڤ دەبێت بگەڕێت بۆ سەرچاوەی تر بۆ بەدەست هێنانی هیلیۆم ٣، بەڵام ئەوە لەکاتێکدا دەبێت.. کە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا بۆ پەرەپێدان بەو مادە گرنگە زۆر زیاتر پێش بکەوێت.
خۆشبەختانە، لە کاتی ئێستادا بەهۆی خۆری کۆمەڵە خۆرەکەمانەوە، لە خولگەیەکدا بەدەوری زەویدا لەدەرەوەی هەسارەی زەوی، بەهۆی خۆرەبای خۆرەوە، لەماوای زیاتر لە 3 بلیۆن ساڵەوە تاکو ئێستا، جیهانێکمان لە گازی هیلیۆمی ٣ بەشیوازی جیاواز جیاواز هەیە.
بواری ماگناتیکی زەوی ئەو هیلیۆمە ٣ یانەی کە لەگەڵ خۆرەبای خۆرەوە دێن لادەدات و لاریان دەکاتەوە بەرەو بۆشایی، لەکاتێکدا مانگ بەهۆکاری ئەوەی بواری ماگنەتیکی ناوەکی نییە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی.. لەخۆرەبای خۆر، بۆیە بە ئاسانی چینەکانی سەرەوەی مانگ کە بە رێگەڵث ناسراوە ئەو هیلیۆمە سێیە کە لەگەڵ خۆرەباوەدێت.. هەڵدەمژێت و لەخۆدەگرێت.
کەباس لە گازی هیلیۆمی سێ دەکەین لەسەر ڕووی مانگ، باس لە بڕێکی زۆر ناکەین، بڕی تێبینیکراوی هیلیۆمی ٣ لەسەر رووی مانگ 50 بەشە لە هەربلیۆنێک، بەڵام تێبینی کراوە هیلیۆمی ٣ لەسەر رووی مانگ لە هەموو کونو کەلەبرێکدا بەربڵاوەو دەتوانرێت کانزاسازی تیادا شانبەشانی هەرجۆرێکی تری کانزاسازی تیایدا بکرێت.
ئەو بڕەی گازی هیلیۆمی سێ کە لەسەر مانگ دەستدەکەوێت، دەتوانرێت وزە و کارلێکی ناوەکی بۆ بنکە ئاسمانییەکەی مرۆڤ لەسەرمانگ لێی بەرهەم بهێندرێت.
هەندێک پێیان وایە کانزاسازی لەسەر مانگ ئەستەمە و پێناچێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام دەوڵاتی چین جەخت دەکاتەوە کە کانزاسازی بۆ بەرهەمهێنانی هیلیۆمی ٣ یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆگرامی گەڕان و دۆزینەوەکان لە سەر گەڕەستێرۆچکەی مانگ.. لەلایەن چینەوە.
زاناکان لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەوروپاو هیندستان بۆچونیان وایە کە ئەو بابەتە گرنگی خۆی هەیەو بەگرنگییەوە لێی دەڕوانن، حاڵی حازر دەوڵەتی روسیا و بەشێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە جیهاندا ئامادەکاری بۆ توێژینەوەی چر و پڕ لەبابەتی کانزاسازی بەتایبەتی لەبابەتی دەستخستنی گازی هیلیۆمی سێ لەسەر مانگ دەکەن.
بەلەبەرچاوەگرتنی ئەوەی کە چەند بڕێکی کەم لە هیلیۆمی سێ لە بلیۆنانی ماددەکانی سەر ڕووی مانگ بڕیکی کەمە، بەڵام لەهەمان کاتدا هەرلایەنێک کە کانسازای هیلیۆمی سێ بکات لەسەر مانگ، ئەوە لەپاڵ دۆزینەوەی هیلیۆمی سێ، هاوکات کانزاسازی لەبوارەکانی تری ماددەی تردا لەسەر ڕووی مانگدا دەکات.
بەڵام ئاخۆ دەبێت چ کانزایەکی تر لەسەر رووی مانگ کە بە (رێگەڵث) ناسراوە شانبەشانی دەستخستنی هیلیۆمی سێ.. بونی هەبێت؟
سەر رووی مانگ کە بە (رێگەڵث) ناسراوە دەوڵەمەندە بەچەندین جۆری تری ماددە، ئەگەر لەڕێگەی ئامێری ناسینەوەی ماددەکانەوە لە ڕێی ڕەنگەکانیانەوە بڕوانینە سەر ڕووی مانگ، قەبارەی گەورە لەماددەکانی ئاسن و تیتانیۆم و ئەلەمنیۆم و سلیکۆن و کالسیۆم و مەگنیسۆم تێبینی دەکرێت، لەلایەکی تریشەوە بەشێکی زۆری کانزاکان لەسەر مانگ لەناوەخنی کانزاکانی تردان و گەیشتن پێیان ئەستەم و گرانە.
هەرچەندە جیاکردنەوەی ئەو کانزایانە لەیەکتر، دەبێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی بەرهەمی لاوەکی سوود بەخشی سەرەکی هەروەک ئۆکسجین و هایدرۆجین، کەوەک دەزانین لەسەر هەسارەی زەوی ئەو دوو توخمە دەگمەن نین.
دەرهێنانی ئەو کانزاو ماددانە لەسەر ڕووی مانگ کە بە (رێگەڵث) ناسراوە، دەتوانێت کەرەستەی پێویست بۆ بنکەکە ئاسمانییەکەی مرۆڤ لە سەر مانگ دەستەبەربکات، چونکە بەرهەم هێنانی ئۆکسجین مانای دەستەبەر کردنی ژینگەیەکی تەندروستە بۆ هەناسەدان، هاوکات دەتوانرێت توخمی هایدرۆجین بگۆڕدرێت بۆ سوتەمەنی، هەروەها بە لێکدانی توخمەکانی ئۆکسجین و هایدرۆجینیش، دەتونرێت ئاو بەرهەم بهێندرێت.
دواتر لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاک و بەردەکانی سەر رووی مانگ کە کانزاسازییان تیادا کراوە، دەکرێت کۆنکرێت بەرهەم بهێندرێت و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەتوانرێت ژێرخانێکی بەسوود لەسەرمانگ دابمەزرێندرێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات پشت بەهەسارەی زەوی ببەسترێت بۆ هاوردەکردنی هەر جۆرە ماددە و کەرەستە و کانزایەک بۆ بیناسازی لەسەر مانگ، هەوکات هەر لەوپاشماوانە دەشتوانرێت شوشە دروست بکرێت، پاشان دوای دەرهێنانی ئەو کانزاو ماددەو گازانەی سەر رووی مانگ، دەشیت هەندێک لە جۆری ڕووەک بڕوێنرێت و گەشەبکەن، ئەمەش وادەکات کە تیمی بنکەکەکەی مرۆڤ لە سەر مانگ، بتوانن پشت بەبەرهەمهێنانی خۆراکی خۆیان لەسەر رووی مانگ ببەستن، ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانرێت پرۆسەی چاندن لەڕێگای ئاوەوە ئەنجام بدرێت.
بەڵام گرنگترین مادە و کەرەستە وکانزا جۆربەجۆرەکانی سەر رووی مانگ ناسراون بە مادە جۆرەبەجۆرەکانی خاکی نایاب، ئەوەی جێی سەرنجە خاکی نایاب، کەپێک هاتووە لەو بەشەی لە خشتەکەدا هاتووە،
لەسەر هەسارەی زەوی دەگمەن نین، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی لەشێوەی تۆپەڵی گەورەی پاشماوەدا نین و بە توێکڵی زەویدا بڵاو بونەتەوە، کانزاسازی و کۆکردنەوە و هێنانە دەرەوەیان لە قوڵایی توێکڵی زەویدا، ئاسان نییە و کارێکی سەختە.
کەمن ئەو وڵاتانەی لە جیهاندا بڕێکی هێندە زۆری لەو کەرەستەی خاوو پاشماوانە هەبێت، کەبتوانن دەستەبەری سەرجەم پێداویستیەکانیانی پێ بەردەست بخەن، لەلایەکی تریشەوە کانزاسازی و دەرهێنانی ئەو کەرەستەی خاوو ماددانە، هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگەو زیانی زۆریان بۆ سروشت و مرۆڤایەتی هەیە.
یەکێکیش لەو دەوڵەتانەی کە بێگوێدانە زیانگەیاندن بە ژینگەو پرسی پاراستنی سروشت و مرۆڤایەتی لە دەرهێنانی کانزاو کەرەستەی خاو لە توێکڵی زەویدا، بەرهەمهێنان ئەنجام دەدات، دەوڵەتی چینە.
دەوڵەتی چین خاوەنی نزیکەی 30٪ی سامانی کانزایی و کەرەستەی خاوە نایابەکانی تێکڕای هەسارەی زەوییە، بەوهۆکارەشی بەرداوام کانزاسازی دەکات، بۆیە توانیویەتی کۆنترۆڵی 95٪ بازاڕەکانی جیهان بکات، لەلایەکی تریشەوە یەکێک لە کانگا گەورەکانی کانزاسازی چین، لە ژێر خاکی میانماردا یاخود بۆرمادا دۆزراوەتەوە و پێدەچێت لەدوای کودەتا سەربازییەکەی ئەم دواییەی میانمارەوە، بتوانرێت دەستی بەسەردا بگیرێت و لەبن دەستی دەوڵەتی چین دەربهێندرێت.
بەهەرحاڵ، کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی جیهان بە ڕێژەی نزیکەی 95٪ لە لایەن چینەوە، پێگەیەکی گەورەو ئاستبەرزی لەبازرگانیدا بەو دەوڵتە بەخشیوە، لەلایەکی تریشەوە ئەو کانزایانە.. بەهای گەورەیان بۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەیە کە پێکهاتەی جۆراوجۆر و بەسوودن بۆ بوارە ئەلکترۆنییەکان و بەرهەم هێنان لە کارگەکانی بواری دروستکردنی باتری.
بەتێبینیکردنی ئەوفشارە زۆرەی هەیە لە هەوڵەکان بۆ گۆڕینی وزەی ئۆتۆمۆبێل لەسوتەمەنییەوە بۆ وزەی کارەبا لەڕێگەی دابینکردنی باتری گەورەو بەهێزەوە، داواکاری لەسەر کانزاکان زۆرتر دەبێت لە جیهاندا، وەک پێشتر باسمان کرد لەسەر هەسارەی زەوی دەستخستن و وەبەرهێنان لەبواری کانزاسازیدا، کارێکی گرانە و هۆکارە بۆ زیان گەیاندن بە ژینگەو مرۆڤایەتی، لەبەر ئەو هۆکارانە، پێویستە مرۆڤایەتی بیر لەسەرچاوەی تری کانزا بکاتەوە بۆ پڕکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی.
پێدەچێت دەوڵەتانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو کەنەداو ئوستورالیاو باشوری ئەفریقا کە لە قوڵای توێکڵی خاکەکەیاندا پاشخانێکی باشیان لەکەرەستەی خاوو کانزا هەیە، لەبری ئەوەی هەوڵبدەن بۆ هەڵکەندنی خاکەکیان بەمەبەستی کانزاسازی تیایدا، بەلەبەرچاوگرتنی پیسکردنی ژینگەو زیانگەیاندن بە مرۆڤایەتی و گۆڕینی ڕەنگی زەوی لەهەسارەیەکی شێنەوە بۆ هەسارەیەکی وشک و بێکەڵک، پەناببەنە بەر وەبەرهێنان و کانزاسازی لەسەر هەسارە و گەڕەستێرۆچکەکانی تری کۆمەڵەخۆرەکەمان.. بۆ نمونە گەڕەستێرۆچکەی مانگی هەسارەکەی خۆمان.
بەپەل هاویشتنی مرۆڤ بۆ هەسارەو گەڕەستێرۆچکەکانی دەوروبەری، کانزاسازی لەسەر هەسارەی زەوی بەهۆکارەکانی رێگری کردنی پیسبوونی ژینگەو زیانگەیاندن بە مرۆڤایەتی بەرەو لاوازبوون دەچیت، هاوکات داواکاریش لەسەر سەرجەم ئەو توخم و ماددەو کانزایانەش کە گرنگن بۆ ژیانی مرۆڤایەتی زیادتر دەبێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە دەیەکانی داهاتوودا کانزاسازی لەسەر مانگ دەستکەوتی ئابووری گرنگی لەپشتەوەبێت، جگەلەوەش هەر دەوڵەتێک بتوانێت ئامانجی کانزاسازی لەسەر مانگ بەدیبهێنێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوکات کۆنترۆڵی تەواوی بازاڕەکانی جیهان دەکات.
تۆ بڵێی دەوڵەتی چین پارێزگاری لە پێگەکەی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی جیهاندا بکات؟ یاخود زۆرن ئەو دەوڵەت وکۆمپانیایانەی کە کار لە بواری بۆشایی ئاسماندا دەکەن و دەیانەوەێت پارچەیەکی کێکەکەیان بەربکەوێت بەڵام بابەتەکەش لە ئێستادا تەنها پەیوەستە بەکاتەوە.
پرسیارێکی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە، ئایا بەڕاستی کێن ئەوانەی هەق و مۆڵەتی کانزاسازییان هەیە لەدەرەوەی هەسارەی زەوی بەتایەبەتی لەسەر مانگ؟
لێرەدا ئەوەی کە ناڕوونە ئەوەیە، بەپێی پەیماننامەی بەکارهێنانی بۆشایی ئاسمان و دۆزینەوە تیایدا کە بەشێک لە دەوڵەتان لەساڵی 1967 دا واژۆیان لەسەر کردووە و ناسراوە بەپەیماننامەی و مەرجەکانی بەکارهێنانی دەرەوەی بۆشایی ئاسمان، تیایدا ڕێگری لە بەکار هێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی لە بۆشایی ئاسماندا دەکات و هاوکات پەماننامەکە ڕێگری لە دامەزراندنی هەر بنکەیەکی سەربازی دەکات لە بۆشایی ئاسماندا و ڕێگریشە لە مۆڵەتدان بە داواکردن و داگیرکردنی هەر تەنێکی ئاسمانی لە لایەن دەوڵەتانەوە، هاوکات ئەو پەیماننامەیە پاڵپشتی بواری کانزاسازی لە بۆشایی ئاسماندا ناکات، بۆیە چەند جارێک پێشنیاری پەیماننامەی تر کراوە کە تیایدا مۆڵەت بدرێت بەکانزاسازی لە تەنەکان و هەسارەو گەڕەستێرۆچکەکانی تری ناو کۆمەڵە خۆرەکەمان.
بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە، تاکو ئێستا تەنها ئەو دەوڵەتانە ئەو پەیماننامەیەیان واژۆ کردووە کە کار لە بۆشایی ئاسماندا ناکەن یاخود هەوڵ و تێکۆشانیان بە هەر هۆکارێک بێت لە بوارەکەدا نەبووە، دەشوترێت ئەو دەوڵەتانەی کە نەیان توانیوە دەستکەوتی زانستی و ئابوریان لە بوارەکانی بۆشایی ئاسماندا لەدەرەوەی هەسارەی زەوی هەبێت ، لە ترسی داڕمانی بواری ئابووری خۆیان و لەلایەکی تریشەوە بەهۆکاری لاوازیان لەبوارەکەدا.
ناچاربوون ئەو پەیماننامەیە بخوڵقێنن و واژۆی بکەن، لەلایەکی تریشەوە لەوانەیە بابەتەکە بەو جۆرە بێت کە دەوڵتە زلهێزەکان بۆ پەرەدان بە بواری زانستی و هاوکات گەشەکردنی بواری ئابووریان پێیان وایە.. کێ زوو دەستپێشخەری کرد بۆ ئەنجامدانی کانزاسازی لەدەرەوەی هەسارەی زەوی، ئەوا بەری ڕەنج و خزمەتە و دەستکەوتەکەی لەبوارەکەدا بەبێ گوێدانە هەر پەیماننامەیەک بۆ ئەو دەبێت.
ئێستا بۆچونێکمان لەلا گەڵاڵە بوو لەسەر کانزاسازی لەدەرەوەی هەسارەی زەوی بەتایبەتی لەسەر گەڕەستێرۆچکەی مانگ، ئەی سەرنجی تۆچییە؟ پێت وایە کانزاسازی لەسەر مانگ لەئایندەدا گرنگدەبێت بۆ مرۆڤایەتی؟ یاخود خەونێکی گرانبەهاو مەترسیدارە؟ پێم خۆشە سەرنجو تێبینییەکانتان لە کۆمێنتدا بەجێبهێڵن.
ئالان عەلی: شارەزای بواری گەردوون