نامەی مافیایی 12 سەناتۆری ئەمریکا بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوان ... عامر سابیر

نامەی مافیایی 12 سەناتۆری ئەمریکا بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوان ... عامر سابیر

دوازدە سەناتۆری حیزبی کۆمارییەکان لە ئەمریکا، لە 24/4/2024 دا نامەیەکیان نارد بۆ کەریم خان (داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی تاوان) . نامەی ئەم دوازدە سەناتۆرە لە نامەی باندێکی مافیایی ئەکات، نەک لە نامەی ئەندامی پەرلەمان کە هەڵبژێردراوی خەڵک بن. لە سەرەتای نامەکەیاندا ئەڵێن "ئەو ڕاپۆرتانەمان پێگەیشتووە کە پێدەچێت بیرلەوە بکەنەوە کە داوای فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەربکەن بۆ گرتنی بنیەمین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و کەسانی تری حکومەتەکەی". ئەمانە بەردەوام ئەبن و بە کەریم خان ئەڵێن "ئەم جۆرە کارانە ناشەرعین و بنەمای یاساییان نییە و ئەگەر کارێکی وا بکەن ئەوا چاوەڕێی سزای توندی ئێمە بکەن لە دژی خۆت و دامەزراوەکەت". هەروەها ئەڵێن "بەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، تۆ شەرعیەتی یاسا و سیستەمی یاسایی و فۆرمی حکومەتی دیموکراسی ئیسرائیل، ئەخەیتە ژێر پرسیارەوە". وە پێی ئەڵێن "ئەم کارەی تۆ ناڕەوایە و هیپۆکراسی ڕێکخراوەکەت دەردەخات لە کاتێکدا داوای دەسگیکردن بۆ (خامنەئی و ئەسەد و سەرۆکەکانی حەماس وەک ئیسماعیل حەنییە و سەرۆکی چین) ت دەرنەکردووە کە جینۆسایدیان کردووە". ئەم دوازدە سەناتۆرە هەڕەشە ئەکەن و ئەڵێن "ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردنی سەرکردایەتی ئیسرائیل دەربکەیت، ئێمە ئەمە نەک تەنها وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەری ئیسرائیل بەڵکو بۆ سەر سەروەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکدەدەینەوە". وە لە کۆتایی نامەکەیاندا پێی ئەڵێن "ئیسرائیل بکەنە ئامانج، ئێمەش ئێوە ئەکەینە ئامانج"، وە هەڕەشەی شەخسی لە خۆی و لە خانەوادەکەی ئەکەن و ئەڵێن سەفەرت لێ قەدەغە ئەکەین1. سەرەڕای ئەم نامەی هەڕەشەیە، ڕۆژی دووشەمە 20/5/2024 کەریم خان (داواکاری گشتی ئای سی سی) ئەپلیکەیشنەکەی لەسەر داوای دەسگیرکردنی (سەرۆک وەزیران و وەزریری بەرگری ئیسرائیل و سێ کەس لە ڕابەرانی حەماس) پێشکەش بە دادگای نێودەوڵەتی تاوان کرد2. ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەی ئەو سێ دادوەرەی دادگای نێودەوڵەتی تاوان لە کەیسەکە بکۆڵنەوە و لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا بڕیاری لەسەر بدەن. کەریم خان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سی ئێن ئێن) ئەڵێ3، بەشێوەی ڕەسمی و نارەسمی چەندین جار هەڕەشەم لێکراوە. ئەڵێ کەسی زۆر باڵا تەلەفۆنی بۆ کردووم و وتوویەتی (ئای سی سی) هەر بۆ ئەفریقا و چەقۆکیشی وەک پۆتین دامەزراوە، نەک بۆ سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی دیکموکراسی وەک ئیسرائیل، وە داوایان لێکردووە کە هەڵەی وا نەکات. پێدەچێت ئەم هەڕەشە و فشارانە بێ کاریگەری نەبووبێت لەسەر (ئای سی سی) و کەریم خان، بۆیە کەریم خان لەگەڵ داوای دەستگیرکردنی بنیەمین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆڵاڤ گەلانت وەزیری بەرگری، لە هەمانکاتدا داوای دەستگیرکردنی سێ لە ڕابەرانی حەماسیشی کردووە (یەحیا سینوار و ئیسماعیل حەنییە و محمەد دیاب ئیبراهیم ئەلمیسری) . ڕەنگە هەر لە ژێر ئەو فشارانەدا بێت، کە کەریم خان لە ڕیزکردنی تاوانەکاندا بۆ نەتەنیاهۆ و گەلانت، وشەی جینۆسایدی بەکار نەهێناوە و لە جیاتی ئەمە کۆمەڵکوژی بەکارهێناوە. لە باری یاساییەوە جینۆساید تاوانێکی گەورەترە، کە دەوڵەت بە ئەنقەست و بە بەرنامە بۆداڕێژراوی کوشتنی بە کۆمەڵ ئەکات، بەڵام ئەگەر تاوانەکەی هەر کۆمەڵکوژی بێت، ئەوا وەک لێکەوتە و تاوانی جەنگ لێکدەدرێتەوە. لە ژێر فشاردا کەریم خان لە 20ی مەی 2024دا (لە پاش کوژرانی زیاتر لە چل هەزار فەلەستینی و خاپورکردنی هەموو غەزە) تاوانی جینۆساید ناداتە پاڵ نەتەنیاهۆ و گەلانت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 28/10/2023 (کرەیگ مەکایبەر-کە بە ڕەچەڵەک جووە) 4 کە کاربەدەستێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە نیویۆرک، دەستی لە کارکێشایەوە، وەک ناڕەزایەتیەک لە دژی بێتوانایی و بێدەربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئەو تاوانەی کە بە جینۆساید ناوی ئەبات کە ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین ئەنجامی داوە. مەکایبەر کە خۆی پارێزەرێکی بەئەزموون ولێهاتووی مافی مرۆڤە، ئەڵێ ئەوەی ئیسرائیل کردوویەتی بە (بەپێی یاسا و دەقی کتێبەکان جینۆسایدە) 5. هەروەها کاتێک کە باشوری ئەفریقا لە 29ی دیسەمبەری 2023 دا، کە لە غیاب و لە ڕیسوایی وڵاتانی عەرەبیدا، شکاتی لە ئیسرائیل کرد لە دادگای دادوەری نێودەوڵەتی (ئای سی جەی)، ئەفریقای باشور داوای دادگاییکردنی ئیسرائیلی کردبوو لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لە دژی خەڵکی فەلەستین، بەڵام کەریم خان لە 20/5/2024دا خۆی لە بەکارهێنانی وشەی جینۆساید ئەپارێزێ بۆ ئەو تاوانانەی حکومەتی ئیسرائیل لە فەلەستیندا ئەنجامی داوە. هەر چۆن بێت، ڕاگەیاندنی ئەم داوای لێکۆڵێنەوەیە لە سەر تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستن، کە فشاری بەرەی ئازادیخوازی دنیادا لە دژی شەڕ و تاوانەکانی ئیسرائیل پاڵنەرێکی گرینگێتی. ئەم داوایەی (ئای سی سی) هەنگاوێکی ڕوو لە پێشە و ڕیسوایی و تەریککەوتنەوە و ملهوڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دەردەخات و سەرلمێنەرێکی تری ئەوەیە کە دنیای تاک جەمسەری بووە بە دوو جەمسەری و ئەمریکا و ئیسرائیل بێ بەربەست تاوانەکانیان بۆ ناچێتە سەر. لێرەدا بە پێویستی ئەزانم کە زۆر بە کورتی چەند جیاوازییەکی دادگای نێودەوڵەتی تاوان (ئای سی سی) و دادگای دادوەری نێودەوڵەتی (ئای سی جەی) بکەم، کە زۆر جار تێکەڵکردن و سەرلێشێواندن دروست ئەکات. International Criminal Court (ICC) & International Court of Justice (ICJ) 1 – (ئای سی جەی)، کێشە و ناکۆکی نێوان دەوڵەتەکان چارەسەر ئەکات، بەڵام (ئای سی سی) تاکەکان (شەخسەکان) بە هۆی تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە دادگایی ئەکات. 2 – (ئای سی جەی) لە ساڵی 1945دا دامەزراوە و لە 1946ەوە دەستبەکارە، بەڵام (ئای سی سی) لە 1998 وە دامەزراوە و لە 2002وە دەتبەرکارە. 3 – (ئای سی جەی) ئۆرگانێکی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام (ئای سی سی) تا ڕادەیەک سەربەخۆیە هەرچەندە لە لایەن ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری لێکراوە. 4 -لە کاتێکدا هەموو ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە 193 وڵاتن، هەمویان بەشێکن لە (ئای سی جەی) بەڵام تەنها 124 وڵات ئەندامی (ئای سی سی) ن، زیاتر لە چل وڵات ئەندام نین لە (ئای سی سی) دا لەوانە ئەمریکا و ئیسرائیل و هیندستان و ڕوسیا و چین و ئێران و ئەندەنوسیا و ئەسیوپیا وعێراق و تورکیا و سعودیە و کۆریای باکور. . . . هتد. سەرچاوەکان: 1 لینکی نامەی 12 سەناتۆری حیزبی کۆمارییەکان بۆ کەریم خان https://www. politico. com/f/?id=0000018f-4e0e-d759-a9ff-ff4ee9420000 2 ڕاگەیاندنی (ئای سی سی) لە لایەن داواکاری گشتییەوە (کەریم خان) لە 20/5/2024 دا بۆ داوای دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی حەماس و نەتەنیاهۆ و گەلانت. https://www. icc-cpi. int/news/statement-icc-prosecutor-karim-aa-khan-kc-applications-arrest-warrants-situation-state 3 چاوپێکەوتنی کەریم خان لەگەڵ سی ئێن ئێن لە 21/05/2024 دا https://www. youtube. com/watch?v=6BquEw4kNNE 4 چاوپێکەوتنی کەناڵی (دیموکراسی هەرئێستا) لەگەڵ گرەیک مەکایبەر لە 02/11/2024 Craig Mokhiber https://www. youtube. com/watch?v=wiGp2mvFLY0 5 Graig Mokhiber accused the United Nation of falling to address what he calls a “Textbook case of genocide” unfolding in Gaza. عامر سابیر 20/05/2024   ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu