ئەردۆغان لە کۆتاییدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ڤلادەمیر پۆتین سەردانی ڕووسیەی کرد و خۆی لە بۆنبەستی ئەدڵیب رزگار کرد، ئەویکە بەسەر ئەردۆغانی هات لەو سەفەری چەند رۆژ پێش ئێستای بۆ مسکۆ، جیاوازییەکی یەکجار زۆری لەگەڵ ئەردۆغانی ئەنکارا هەبوو. لە کۆتاییدا "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆککۆماری تورکیە لەگەڵ"ڤلادەمیر پۆتین"لە پایتەختی ڕووسیە چاویان بەیەکتری کەوت و لەسەر بارودۆخی سووریە و پرسی ئەدڵیب پێکەوە گفتوگۆیان کرد بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست.
بێگومان ڕوخساری ئەردۆغان لەو سەردانەیدا بۆ مسکۆ هەڵگری تەواویی شتە نەگوتراوەکان بوو و سەرنجی هەموو شرۆڤەکارانی بۆ ڵای خۆی ڕاکێشا. تەواویی نووسەر و شرۆڤەکارانی جیهان بۆچوونی جیاوازییان هەبوو، کە پێویست ناکات بەدوای لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو سەردانەی ئەردۆغان و شاندەکەیەوە بین بۆ ڕووسیا. چوونکە زمانی جەستە دەرخەری هەموو ڕاستیەکان بوو و زمانی جەستە تەنیا زمانێکە هەرگیز درۆمان لەگەڵ ناکات.
هەر بۆیە ئەگەر بمانەوەی بەدوای شرۆڤەیەکی ڕاستەقینە و خێرای نێوان ئەردۆعان و پۆتین دا بگەرین، یانیش ئەگەر پێویستمان بە تێگەیشتن لە ڕای گشتی شەقامی تورکیە هەبی و لە کۆتایشدا ئەگەر دەتانەوی لە حەقیقەتی ڕێککەوتنامەی"ئەدڵیب"تێبگەن، تەنیا ئەوندە بەسە سەیری ڕوخساری داماو و تێکشکاو و زەڵیلبووی ئەردۆغان بکەن.
ئەو کەسەی بە ساڵ و مانگ و رۆژ خەریکی هات و هاواڕ بوو، هەڕەشەی دەکرد و خەت و نیشانی دەکێشا و داوای لە ڕووسەکان دەکرد، نەبنە ڕێگری تورکیە وگروپە تیرۆریستەکان، لەو لای ترەوە پڕچەکی دەکردن، بۆ شەڕ لەگەڵ کورد و دەوڵەتی سووریە. ئەو جارە تەواو تووشی شکەست بوو و چیتر کەس باوەڕی بە لێدوان و نەخشەکانی نەماوە لە سووریەدا، هەتا ئەوەی گروپە چەتە و تیرۆریستیەکانیش کە نزیکی نۆ ساڵە بە چەک و جەبەخانەی تورکیە شەڕیان دەکرد، لێ هەڵگەڕانەوە و چاوەڕییان دەکرد، سوڵتانەکەیان دوای گەڕانەوەی لە مسکۆ و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕووسیە دونیا بکاتە یەک پارچە ئاگر بەسەر هێزەکانی بەشەر ئەسەد و هاوپەیمانەکانیدا. بابەتەکە تەواو پێچەوانە بووە، ئەردۆغانی ئەنکارا لە لەگەڵ ئەردۆغانی مسکۆ تەواو جیاوازی هەبوو و گۆرا بۆ ئەردۆغانێکی تر لە ڕووسیا، بەشێوەیەک تووشی گۆران بوو، هەر کەس بیری لێنەدەکردەوە، ئەوە هەر ئەو ئەردۆغانە بێ کە لە شەقامەکانی تورکیە هەڕەشەی ئاگرینی دەکرد لە ڕووسیە و بەشار ئەسەد.
ئەگەر ئەردۆغان بەڕاستی کەمێک ئەقڵی بەکارهێنابایە و لە ڕووی ئەقڵانیەتەوە نەوەک ڕق و توڕەیی و ئاژاوە نانەوە بڕیاری دابایە و هەنگاوی هەڵگرتبایە، ئیتر پێویستی بەو ڕیسوا بوونە نەدەکرد، لەپێش چاوی کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی جیهانەوە، خۆی لە وەها بارودۆخێکی پڕ لە ڕیسوایی و رەزاڵەت دا ببینێتەوە. هەروەک چۆن پێویستی بەسەفەرکردن بۆ مسکۆ و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادەمیر پۆتین ـ نیش، نەدەکرد.
ڕیسوایی ئەردۆغان پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ پۆتین؟
گەمژەترین و نەزانترین تیرۆریستی دونیا وەکوو (ئەبوو محەممەد ئەڵجوڵانی) سەرکردەی گروپی تیرۆریستی (بەرەی نووسرە) پێوایە؛ کە رۆژئاوا و ئەمریکا هیچکات دەربازی رووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ڕووسیا نابن، بەڵام نابنە ڕێگریش لەپێش کەسێکی وەکوو ئەردۆغان، کە تەواویی ئاکام و دەرئەنجامە خراپ و مەترسیدارەکانی ئەو رووبەڕوبوونەوەیە لەگەڵ ڕووسەکان بە دڵ و گیان بۆ خۆی دەکرێتەوە. هەر بەو شێوەیەش بارودۆخی ئەدڵیب بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە و هەموو دەزانین کە هاوپەیمانانی ڕووسیە بستێکیش لە خاکی ئەدڵیب چاوپۆشی ناکەن و هاوتەڕیب لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو دەزانن جەنگ لە سووریە کۆتایی پێهاتووە و گەمە گەورەکە دەمێکە تەواو بووە. ئەویکە ئێستا لە ئارادایە یاری لەکاتی زیادکراو دایە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەرئەنجامەکانی بەدەستهاتوودا دروست ناکات.
زۆر جێگەی سەرسووڕمانە هەتا لەناوخۆی تورکیەش لەو ڕاستیە تێدەگەن. ئەگەریش جیاواز بێت لەوی، ئەوە ڕاگەیاندنەکانی تورکیە بەگشتی چ ئۆپۆزسیۆن و چ هاوبیرەکان، لە دەرئەنجامی چاوپێکەوتنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادەمیر پۆتین هەست و خۆشحاڵی خۆیان دەرنەدەبڕی. ئەوەش ئەو ڕاستیەمان پێشاندەدات، کۆمەڵگەی تورکیە تێگەیشتنێکی دروستی لە بارودۆخی ئێستا و هاوکێشەکانی زاڵبوو بەسەر پانتایی نێودەوڵەتی و ناوچەیی سووریە و پێگەی هەر یەکە لە گەمەکەرانی ناو گۆڕەپانی سووریە و بەتایبەتی تورکیە هەیە. . .
هیچ گوومانی تێدا نییە، ئەردۆغان خۆی باش ئاگاداری ئەو هاوکێشەیە بوو، بەڵام لووت بەرزی و حەماقەتی نەتەنیا پرێستیژ و متمانە و ئابڕوی بەـ باـ دا، بەڵکوو بۆ هۆی هەڵگیرساندنی شەڕ و ناکۆکی زیاتری نێوان باڵە جیاوازەکانی سیاسی ناوخۆی تورکیە. ئەوی لەناو هۆڵی پەرڵەمانی تورکیەدا ڕوویدا لەچەند رۆژی ڕابردوو و تێکهەڵچوونی ئەندام پەرڵەمانەکانی تورکیە لەگەڵ یەکتری، دەرخەری ئەو قەیرانەیە کە تورکیە هەر رۆژ لەناو بازنەی گەمارۆ دراوی خۆیدا بچووکتر و بچووکتر دەبێتەوە ودەرئەنجامەکەشی هەر ئەوە دەبێ کە لەناو پەرڵەمانی ئەو وڵاتەدا ڕوویدا وئەگەریشی هەیە لەناو هەموو ماڵی هاووڵاتیانی تورکیەدا ڕووبدات و دوبارە بێتەوە.
دەستەکەوتەکانی حەماقەتی ئەردۆغان؛
ئاکامی سیاسەت و هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ نەتەوەی تورک هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، جگە لە سووکایەتی و ڵاوازکردنی کەرتی ئابووری و بەکووشتدانی هەزاران ڕۆڵەی خەڵکی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی خزمەتی بەزۆرەملێ سەربازییدا لە تورکیە، بەڵام لە بەرابەردا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی متمانە بەخۆبوونی هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتی سووریە لە درێژی سیاسەت و ستراتیژییەکانی تورکیە لە دەرەوی سنوورەکانی و بەتایبەتی هێرشی بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان و ئەورۆش شاری ئەدڵیب. بەڵام ئەردۆغان لە هێرشی بۆ سەر شاری ئەدڵیب ئەوجارە تەواو تووشی شکەست و داڕمانی متمانەی ناوخۆیی جەماوەری حیزبەکەی بۆوە، چۆن ئەو جارە وەک هەموومان دەزانین هێزی ڕووسیە هاتە مەیدان و وەڵامی زیادەخۆازییەکانی ئەردۆغانی دایەوە بۆ زیندوکردنەوەی خەڵافەتی ئیسلامی تورکیە لە چوارچێوەی مێژووی شکەستخواردوی ئیمپراتۆرییەتی عووسمانی.
تێنەگەیشتوویی ئەردۆغان بۆ هۆی ئەوەی، ئیتر شتێک بەناوی هەست بەشانازی کردن و خۆبەزلزانی لەناو دەروونی ئەرۆغاندا نمێنیتەوە و وەها سووکایەتی پێکراوە کە ڕێککەتنەکەشی بۆ ڕاگەیاندنی بڕیاری ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیە زۆر خۆشحاڵی نەکرد و زۆریش لەبەردەم چاوی کامێراکانەوە دووبارەی نەکردەوە. بابەتێک کە لەهەمانکاتدا لەناو میدیاکانی تورکیەدا جێگای باس و مشتومەری زۆر بوو لەدوای ئەو دەنگدانەوەی دروستی کرد لە جیهاندا. بەشێوەیەک ئیتر هیچ باس و خواسێک لە وشە پڕ لە سووکایەتی و توندەکانی ئەردۆغان لەدژی سووریە و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ئارادا نەما و بۆ یەکەمین جار ئەردۆغان لەدوای واژۆکردنی بڕیاری ئاگربەست ئاماژەی بە ڕێککەوتنی دوو وڵاتی مووسڵمانی ناوچەکە تورکیە و سووریە کرد و باسی لەو ڕێککەوتنە کرد بۆ ڕاگرتنی شەڕ وخوێن ڕژتن لەناو ئەو دوو وڵاتە مووسڵمانەدا لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. .
ڕەزایەتی تورکەکان لەو ڕێککەوتنە تەنیا لایەنی سەربازی و ئاسایشی نەبوو، بەڵکوو لایەنی ئابووری و یەک لە گرنگترین پرۆژەکانی ئابووریشی لەگەڵدا بوو، ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەک دارێژراوە کە ڕێگا بۆ پرۆژەی دروستکردنی بۆری گوازتنەوەی گاز لە ڕووسیە بۆ دەریای سپی (مەدیترانە)کە بەناو خاکی تورکیە دەرباز دەبێت و تورکەکانیش زۆر بەقوورسایی حیسابێکی تایبەتیان لەسەر داهاتەکانی کردوە، هیچ خەسارێکی لێناکەویت وئەو دەپارێزن.
دروستکردن و وەگەرخستنی هێڵی بۆری گاز بۆ تورکیە زۆر جێگەی بایەخ و گرنگیدان بوو لەوی ئەردۆغان بخوازی بۆ شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بیخاتە مەترسیەوە، چوونکە ئەردۆغان بەباشی لەو ڕاستیە گەیشتووە، ئەوی خەڵکی تورکیە پێویستیان پێیەتی باشترکردنی بواری ئابووری و وەبەرهێنانە، نەوەک شەڕ و لەشکەرکێشی بۆ ناو خاکی سووریە و رۆژئاڤای کوردستان کە تەنیا دەبێتە هۆی ڕووخان و ڵاوازبوونی کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان بەگشتی لەتورکیەدا، کەواتە سیاسەتی شەڕخوازی ئەردۆغان لەبەرابەر چاڕەسەری پرسی ئابووری وڵاتەکەیدا شکەستیخواردوە و خەڵکی تورکیەش ئامادە نین جارێکتر باجی زیادەخۆازی دەسەڵاتی ئاکپارتی و ئەردۆغانی بدەن و رۆژلەگەڵ رۆژ لەناو قەیرانی بێکاری و داکەوتنی بەهای دڕاوی نەتەوەیی خۆیاندا نووقم بن. پێگەی پرۆژەی گوازتنەوەی گاز لە دەریای سپی لەداهاتوودا قازانجێکی یەکجار زۆری دەبێت لەسەر بوژانەوەی کەرتی ئابووری تورکیە.
پەراوێزی پیکەرەکانی پشت سەری ئەردۆغان و پۆتین؛
سەرەڕای ئەوەش، ئەو چاوپێکەوتنە پڕ لە هات و هاواری ئەردۆغان و پۆتین لە ناو جیهانی مەجازیدا و بەتایبەتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاکانی تورکیە ئەو هەنگاوی پۆتین ـ نیان، بە هۆشیاری و لێهاتوویی پێناسەکردوە بۆ زیاتر تێگەیاندنی ڕای گشتی تورکیە لەمەر پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە بواری سەربازی و ئابوریدا. بەڵام لایەنەکانی دژبەری ئاکپارتی ئەو هەنگاوەیان لەلایەن ڕووسیەوە بە سووکایەتی و بچووکردنەوەی مێژووی ئیمپراتۆرییەتی عووسمانی و ئەردۆغان لەقەڵمداوە. هەر دوو تابڵۆی (کاترێنی دووهەم)کە وەک سیمبۆلی نەتەوەیی ڕووسیە لە شکەستی عووسمانیەکاندا لە دوورگەی کڕیمە لە ساڵانی 1774"ی" زاێنیدا، لەژووری چاوەڕوانی ئەردۆغان و شاندەکەیدا هەڵواسرابوون و لەناو ژووری کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری تورکیە و ڕووسیەدا بەهەوڵێکی زیرەکانە لەلایەن ڤلادەمیر پۆتین دانرابوون، بەڵام ئەو تابڵۆیانە بۆچی لەو سات و کاتەدا لەوی هەڵواسرا بوون؟ئەو دوو تابڵۆیە وەک سیمبۆلی مێژووی جەنگە بێپایانەکانی هەر دوو ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا و عوسمانیی لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا و شکەستی عووسمانیەکان لەو شەڕانەدا چاو لێدەکرین و هێمایەک بوون بۆ بەرچاو ڕوونی ئەردۆغان لە مێژووی شەڕی ڕابردووی نێوان ئەو دوو وڵاتە. ڕووسیە بەو شێوەیەی سووکایەتی بە ئەردۆغان کرد و بچووک و لاوازتر لەوی زانیوون کە بیانەوی شەڕی ڕووسیە لە سەردەمی ئێستادا وەک زلهێزێکی جیهانی و ناوچەیی بکەن. سەرەڕای ئەوەش ڕێککەوتنی مسکۆ و دەرکەوتن لە زڵکاوی ئەدڵیب زۆر گرنگتر بوو لەوی بۆ ئەردۆغانی، بەشێوەیەک کە زۆر گرنگی بەو تابڵۆیانە نەدات، کە بۆ هۆی وروژاندنی کۆمەڵگەی رۆژئاواییش بەگشتی. .
ئاژاوەگێری رۆژئاوا تەنیا بەوەندە بەسەندەی نەکردوە، بەڵکوو هەندێک لە رۆژنامە و گۆڤار و کاناڵەکانی تێڤی بە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە لە ژووری چاوەڕوانی چاوپێکەوتنی ئەردۆغان و پۆتین دا، هەوڵیانداوە ببنە هۆکارێکی بەهێز بۆ وروژاندنی ڕای گشتی شەقامی تورکیە لەدژی سیاسەتە زیادەخوازییەکانی ئەردۆغان و ئاکپارتی، بۆ نموونە ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا ئەو سەردانەی ئەرۆغان ـ یان، بۆ مسکۆ بە زەلیلی و داماوی تورکیە پێناسە کردوە.
کەمبوونەوەی هەژموونی دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکپارتی؛
یەک لە خاڵە گرنگەکانی تری ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیە لەبەرابەر سووریە، کەمبوونەوەی خۆشەویستی ئەردۆغانە لەناوخۆی تورکیەدا. بەپێی ڕاپرسییەکی ئەنجامدراو لە لایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی "میترۆپۆل"پێشانیدەدات، ئەردۆغان زۆرێک لە لایەنگرانی خۆی لە تورکیە لەدەستداوە و ئاستی خۆشەویستی و باوەڕی جەماوەری لە ساڵی ڕابردووە هەتا ئێستا گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی. زۆربەی بەشداربووانی ئەو ڕاپرسییە هۆکاری ئەوەیان گەڕاندۆتەوە بۆ هەوڵە ناعەقڵانیەکانی ئەردۆغان بەناردنی هێزی سەربازی بۆ سووریە و هێرش وئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوی سنوورەکانی تورکیە، بەتایبەتیش لە هێرش بۆ سەر شاری ئەدڵیب و رۆژئاڤای کوردستان لەچەند ساڵی ڕابردوودا. لەسەر بنەمای ئەنجامی بەدەستهاتوو لەو ڕاپرسییەدا(48. 8)لە سەدی بەشداربووانی ئەو گشتپڕسیە دژی پرۆژە و پیڵانەکانی ئەردۆغان دەرکەوتوونە.
هەر ئەوەش نییە کە بۆتە هۆکاری دابەزینی ئاستی جەماوەری ئاکپارتی و ئەردۆغان لەناوخۆی تورکیە، بێگومان کۆمەڵێک هۆکاری تریشی هەیە، وەک داخرانی فەزای ئازادی ڕادەربڕین، زیندانیکردنی خەڵکێکی زۆر لەدژبەرانی ئاکپارتی، لەناویاندا نووسەر، رۆژنامەنووس و ئەکتەری مەدەنی و کوڵتووری، چاڵاکانی بواری ئەتنیکی و مەزهەبی، کورد و نەتەوەکانی تر، چوونکە دەوڵەتی ئەردۆغان لە ڕێچکەکانی دیمۆکراسی رۆژئاوایی بۆ داخراوبوونی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری تورکیە هەنگاوی هەڵگرتووە و زۆر لە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و ئازادی خستۆتە ژێر پرسیارەوە بەگشتی، هەموو ئەوانەش کاردانەوەی قووڵ و ستراتیژی هەیە لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان. هەر ئێستاش دەوڵەتی تورکیە ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی و نەتەوەیەکگرتووەکان لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا و بەگشتی هەر کەس و لایەنێک لەو بوارەدا بابەت و ڕاپۆرتیش بڵاو بکاتەوە تووشی زیندانی وسزای قورسی یاسایی دەبێتەوە.
لە ئێستا تورکیە بۆتە ناوەندێکی گەورەی زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا، بەگشتی فەزای سیاسی تەواو بەرەو داخراو بوون و تاک ڕەهەندی رۆشتووە و هیچ زەمینەیەک بۆ قەبووڵکردنی دەنگ و ڕەنگی جیاواز بوونی نییە. بەکورتی پێش سەردانی ئەردۆغان بۆ ڕووسیە زۆرێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماری کوژراو و بریندارەکانی سوپای تورکیەـ یان، لە هێرشی هاوبەشی ڕووسیە و سووریە دا، بۆ سەر هێز و کەرەستەکانی سەربازی سوپای تورکیە بڵاو کردبووە تووشی سزای سەختی یاسایی بوونەوە و قۆڵبەستکراون و ئێستاش لە بەندیخانەکانی تورکیە دانە. داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و سانسۆری فەزای مەجازیش یەکێک لە میکانیزمەکانی ترە بۆ سەرکووت و بێدەنگ کردنی دەنگی ئازادی کۆمەڵگە لە تورکیە کە ئەردۆغان و ئاکپارتی لە ئێستادا پەیڕەوی لێدەکەن.
کەواتە سەیروسەمەرە نییە، ئەگەر ئەمرۆ ئێمە شایەدی دەسەڵاتێکی زۆر داخراو و فەزایەکی لێوانلێو لە ترس و تۆقاندن و بێدەنگین کە باڵی بەسەر کۆمەڵگەی تورکیەدا کێشاوە، بەتایبەتی فەزای ئازادی بەیان و ئەندێشە و ئازادی ڕاگەیاندنەکان تەواو بەرتەسک بۆتەوە. لەو ناوەشدا بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتی پێوەندیدار بە کۆبوونەوەکانی پەرڵەمانی ئەو وڵاتە کە زۆر بەنهێنی و لەپشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوەدچێت، بۆتە شتێکی ئاسایی ڵای میدیاکارانی تورک بەگشتی. لە کاتێکدا لە ڕابردوو تەواویی کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی تورکیە مافی ئەوەیان هەبوو لەناو هۆڵی پەرڵەمانی ئەو وڵاتەدا ڕووماڵی ڕاستەوخۆیان هەبێت.
شەپۆڵێکی تری ڕەخنە وگڵەییەکانی خەڵکی ناڕازی لە حکوومەت و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دروست بۆوە، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی یەکێک لە پەرڵەمانتارەکانی حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ئاکپارتی چەند رۆژ پێش ئێستا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ئەردۆغان گرت و تاوانباری کرد بەوی کە بۆتە ڕێگا خۆشکەر و جێبەجێکاری پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی"ئیسرائیل" لەناوچەکدا و لەهەمبەر قەتڵووعامی سێ ملیۆن مووسڵمان لەناوچەکدا بێدەنگ بووە. ئاڵۆزی وتێکهەڵچوونەکانی ناو پەرڵەمانی تورکیە دەنگدانەوەی زۆری لەئاستی جیهانیدا دروست کرد و بۆ هۆی ئەوەی هەر دوو حیزبی سەرەکی تورکیە جەهەپە و ئاکەپە پەنجەی تۆمەت درێژ بکەنە سەر مەڵەفی گەندەڵیەکانی یەکتری و زۆر نهێنی یەکتری ئاشکرا بکەن. بەگشتی فەزای سیاسی وڵاتی تورکیە لە ئێستادا ڕێگە خۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانەوەی کۆدەتایەکی تریش لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە. شەڕی دەسەڵاتی سێبەر یانیش دەوڵەتی شاڕاوە ئێستاش بوونی هەیە و هەموو لە شەڕێکی نەرم دانە بۆ شکەست و لەناو بردنی یەکتری. .
نەخشە شوومەکانی تڕامپ بۆ ئەردۆغان:
بەدیوێکی تردا دەتووانین بەو شێوەیە دەرئەنجامی هەوڵەکانی ئەم دوایانەی ئەردۆغان شرۆڤە بکەین، سەرۆککۆماری تورکیە تووشی تەڵەیەک بووە کە ئەمریکا لەناو خاکی سووریە و رۆژئاڤای کوردستاندا بۆی داناوەتەوە، لەکاتێکدا پێش ئەوەش ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆ، بەچاوی هاوپەیمانی خۆیان سەیری تورکیەیان دەکرد و داخوازی ئەوەیان دەکرد، بەهەموو شێوەیەکی پشتیووانی لە ستراتیژیی سیاسی و سەربازی ئەنکارا دەکەن لەناو خاکی سووریەدا بەگشتی، بەڵام بینیمان چلۆن دوای پاڵپێوەنانی ئەردۆغان بۆ ڵای هەڵدێرەکە(سووریە)، پشتیان بەتاڵ کرد و لەهەر جۆرە دەستیوەردانێکی سەربازی دەرەکی لە پرسی سووریە خۆیان دەبوێری و مەحکوومیان دەکرد، و لە دوای پارانەوە و هەڕەشە و ئۆلتیماتۆمەکانی ئەردۆغان بەیارمەتیدانی سنوردار ڕازیبوون.
هەر لەسەر ئەو مژارە کاناڵی"فۆکس نیوز "هەفتەی ڕابردوو، بەگەڕانەوەیەک بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد تڕامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لەسەر پرسی رووبەڕووبوونەوەی تورکیە ـ ڕووسیە لە ئەدڵیب کۆمەڵێک زانیاری ئاشکرا کرد، کە ئاماژەی بەوەش کردبوو"ئەگەر تورکیە پێخۆشە لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەست بەشەڕی سەربازی بکات، هیچ پێویستیەک نابینم بۆ ئەوەی ئێمە ناوبژیووانی بکەین لە نێوانیاندا و هەروەها نابینە ڕێگریش لە بەردەم تورکیە".
"دۆتاڵد تڕامپ" لە کاتێکدا ئەو باسەی هێنایە گۆری کە هەوڵیدەدا، سەربازانی وڵاتەکەی لەهەر چەشنە رووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەمەشق لەناو سووریەدا خۆیان بپارێزن، چۆن باش لەوە تێگەیشتووە، هەر جۆرە دەستیوەردانێکی سەربازی ڕاستەوخۆ لە کاروباری سووریە، لێکەوتەی قەرەبوو نەکراو لەگەڵ خۆیدا دەهێنی. بەڵام ئەوە نەتەنیا بەمانای پێشگرتن لە هاوپەیمانان، بۆ نموونە تورکیە بە ئاقاری دەربازبوونی ڕاستەوخۆ بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نییە، بەڵکوو هاندانی ئەنکارایە بۆ چوونە ناو خاکی سووریە لەبڕی ئەمریکا بۆ هەڵگیرساندنی شەڕەکە.
هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە بە ڕواڵەت سیاسەتی ئەمریکا و ئەوروپا لەبەر نەبوونی متمانە و پشتیووانی هەمەڵایەنە لە ئەردۆغان لەشەڕ لەگەڵ رێژێمی سووریە دەخرێتە ژێر گوومان و پرسیار، چۆن تەنیا ئەردۆغان بووە کە لەبەرابەر رێژێمی بەشار ئەسەد وەستاوەتەوە و شەڕی کردوە، بەڵام ئەوەش کۆی بابەتەکە نییە و دەزانین پرسی تورکیە لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد تەنیا گڕیدراوی بوونی ستاتۆی کوردی رۆژئاڤایە کە هاوسنوور لەگەڵ تورکیە توانیویانە هەرێمێکی ئارام و حکوومەتێکی نیمچە سەربەخۆ دابمەزرێنن. ئەوەش بۆ هۆکارێک کە ئەردۆغان زیاتر و زیاتر لەناو قەیران و بۆنبەستی شەڕ لە سووریەدا گرفتار بێت. . .
هەر لە ئاراستەی ئەو سیاسەتەدا، کۆشکی سپی، نوێنەری تایبەتی خۆی بەناوی "جێمز جێفری"بەرپرسی دۆسییەی سووریە ڕەوانەی ئەستەنبۆڵ کرد، ئەویش وێرای چاوپێکەوتن و گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیە و دەربڕینی پشتیووانی وڵاتەکەی لەڕووی سەربازیەوە لە تورکیە بۆ درێژەپێدانی شەڕ لە ئەدڵیب و کۆتایی هێنان بەتەواویی ئەندامانی گروپە تیرۆریستیەکان لەناو ئەدلیب دا و گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە بەڵێنی تەواویی پێدابوون.
بەڵام ناوەندەکانی بڕیار بەدەستی تورکیە چیتر تاقەتی گوێگرتنیان لەو جۆرە سۆز و لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکایی نەماوە و ناخۆازن چیتر گوێ لەو قسانەی بەرپرسانی ئەمریکا بگرن. هەر بۆیەشە شایەدی وەرچەرخانێکی ئاشکرای هەڵوێستی دەوڵەت باغچەڵی و پارتی نەتەوەپەرەستی تورکیە مەهەپە بووین لەبەرابەر نەتەوە و سیستەمی دەسەڵاتی سووریە، بەڵام لە ئێستادا کە تێگەیشتن ڕووسیە وەکوو ئەمریکا تاقەتی گەمەکردنی تورکیەی نییە و هەر هێرش و لێدوانێکی بەرپرسانی تورکیە لەدژی سووریەی بەشار ئەسەد بە بۆمب و تۆپ وەڵام ئەداتەوە، جەماعەتی دەوڵەت باغچەڵیش بەناجاری تەسلیم بوون و پشتیووانیان لە ڕێککەوتنی نێوان پۆتین و ئەردۆغان کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشی ئاسمانی و ئاگربەستی کاتی.
کاردانەوەی ڕێککەوتنی پۆتین و ئەردۆغان لە ئەوروپا:
وڵاتانی ئەوروپا هاوشێوەی ئەمریکا ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیە و ئەردۆغان ـ یان، خستۆتە ژێر پرسیار و گومانەوە و هەڵوێستی ناڕەزایەتی خۆیان پێشانداوە. بەتایبەتیش بەریتانیەکان زۆر بەتووندی ئەو ڕێککەوتنەیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە و بەتەواویی دژکردەوەی خۆیان لەبەرابەر ئەو چاوپێکەوتنەی ئەردۆغان لەگەڵ پۆتین پێشانداوە و هەموو لەسەر ئەو خاڵەش کۆکن کە ئەردۆغان بەو هەڵوێستەی لەپشتەوە خەنجەری لە ناتۆ داوە و بۆتە هۆکاری دروستبوونی بۆشایی لەناو هاوپەیمانێتی ناتۆ دا. تەنیا بەوەش بەسەندەیان نەکردوە، بەڵکوو "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"یان، تاوانبار کردوە بەوی کە بەناردنی شۆپۆڵێکی تری کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئاژاوە و ناکۆکی دەخاتە ناو ماڵی وڵاتانی ئەوروپایی و کۆمەڵێک کێشەی قووڵی ئابووریشی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروستکردوە.
لەناو ئەو ڕەخنە و دژکردەوەی وڵاتانی ئەوروپادا، بەتایبەتی لەسەر ناردنی شەپۆڵێکی گەورەی کۆچبەران بۆ ناو خاکی وڵاتانی ئەوروپا، ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا دەستیان بەبڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەسەر شێوازی هەڵسووکەوتی پۆڵیسی وڵاتی تورکیە لەدژی کۆچبەران کردوە، لەو ڤیدیۆیانەدا بەئاشکرا دەردەکەوێت چۆن پۆڵیسی تورکیە بەزۆری چەک کۆچبەران لەناو خاکی خۆیدا دەردەکات، بۆ ئەوەی برۆن بۆ یۆنان ولەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو لەو ڤیدیۆیانەدا کە ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا بڵاویان دەکردنەوە، زۆربەی کۆچبەرانی ئێرانی بوون کە لە هەوڵی پڕینەوە دابوون بۆ وڵاتانی ئەوروپا و لەلایەن پۆڵیس و هێزە چەکدارەکانی تورکیەوە سووکایەتیان پێدەکرا و ئازار دەدران. .
حیکایەتی ئەردۆغان و پشیڵە ڕەشەکە:
ئەو کاتەی ئەردۆغان لەگەڕانەوە دابوو لە ڕووسیاوە بۆ کۆشکی خۆی لە تورکیە، لەسەر هەڵوێست و گۆرانکاری لە ڕوانگەکانی لەبەرابەر سووریە و ڕووسیە رۆژنامەنووسان پرسیاران لێکرد، ئەو لە وەڵامدا باسی پشیڵەیەکی ڕەشی دەکرد، کە بۆتە هۆکاری تێکچوون و ڕەشکردنی پێوەندییەکانی نێوان ئانکەرا و مسکۆ. لێرەدا گرنگە بزانین ئەردۆغان مەبەستی لە پشیڵە ڕەشەکە چیە و کامە وڵاتە کە"ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" بەناوی پشیڵە ڕەشەکە پێناسەی دەکات، کە بۆتە هۆکاری تێکچوونی پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان تورکیە و ڕووسیە. ئایا مەبەستی ئەردۆغان ئێرانە، یانیش عێراق و ئیسرائیلە؟هەرچەندە ئەردۆغان بەئاشکرا ئاماژەی بەناوی هیچ وڵاتێک نەکردوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەمەر ئەو پرسیارە گرنگە بگەڕینەوە بۆ قەڕەبالغی هاتووچۆی دیپلۆماسی چەند مانگی ڕابردوو لەنێوان ڕووسیە و ئیسرائیلدا. بەڵام پرسیاری پشیڵە ڕەشەکە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە لەسەر پرسی دەوڵەتی سووریە و هاوپەیمانەکانی ناوچەیی. چۆن هەروەک دەزانین ئەمریکا هیچکات پێخۆش نەبووە و نییە تورکیە دەست بەئۆپەراسیۆنی دەرەوی سنوور بکات بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەناوچەکدا، بەتایبەتی کوردەکانی رۆژئاڤای کوردستان و هێزەکانی دیمۆکراتیکی سووریە کە هەتا دوایی لەپاڵ هێزەکانی ئەمریکادا شەڕیان کرد لەدژی تیرۆریستانی داعش و بەرەی نووسرە و کەتیبەکانی سوڵتان موراد و گرووپەکانی تریش، هەر ئەوەش وایکرد کە ئەمریکا خێرا بەخۆداچوونەوەیەکی جیدی بکات بۆ مەسەڵەی پەیوەندی و هاوکارییەکانی لۆجیستێکی و چەک و چۆلی سەربازی بۆ هێزەکانی هەسەدە و پەیەدە. بەڵام تورکیە دەیزانی ئەمریکا دەست لە هاوکاری کوردەکان هەڵناگرێت، بەناچاری هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژئاڤای کوردستان. داگیرکردنی شاری عەفرین و گڕی سپی و سەڕیکانی کە نزیکترینی ئەو شارانە بوون لە رۆژئاڤای کوردستان کە هاوسنووری تورکیە بوون. ئەوەش بۆ ئەمریکا کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا ئاراوە و کار گەیشتە ئەوەی ڕای گشتی ئەمریکاش لەناوخۆ لەدژی ئەو سیاسەتەی"دۆناڵد تڕامپ" هەڵوێست نەرێنی وەربگڕن و بەخیانەتی سەدەی ناوەزد بکەن. چۆن ئەو کاتیش هەر ڕووسیە بوو پشتیووانی لەو سیاسەتەی ئەردۆغان دەکرد بۆ داگیرکردنی بەشێک لە خاکی رۆژئاڤای کوردستان و ئاوارە و لەناو بردنی مووڵک و ماڵی خەڵکی بێتاوانی کورد. هەر بۆیەش زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕنە لەنێوان (ڤلادەمیر پۆتین و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)دا، جگە لەو خاڵانەی لەناو ڕێککەوتنە فەڕمیەکەدا بەزمانی تورکی و ڕووسی نووسراوە، کۆمەڵێک ڕێککەوتنی شاڕاوەش لە ئارا دایە کە ئاشکرا نەکراوە بۆ ڕای گشتی. .
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی تورکیە و ڕووسیە:
بەچاولێکردن لە ناوەڕۆکی پرۆتۆکۆڵی نێوان تورکیە و ڕووسیە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە تیمی تورکی لەو سەردانیدا بۆ مسکۆ بەهیچ یەک لە داخۆازییەکانی نەگەیشتووە و تەنیا مەرجەکانی ڕووسیەیان قەبووڵکردوە؛
ــــ هێزەکانی ڕووسیا ئاسایش و ئارامی ناوچەی سەراقێب دابین بکەن.
ــــ سوپای سووریە ئاسایشی ئازاد ڕێ شام و حەڵەب دەپارێزن.
ــــ دروستکردنی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ پێراگەیشتن بە کێشە و پرسی کۆچبەران.
ــــ تورکیە ئەرکدار کراوە لەو ماوەیەدا کە ڕووسیە بۆی دیاری کردوە، تەواویی گرووپە چەکدارەکان (تیرۆریستەکانی)لە ناوچەی ئەدڵیب بێ چەک بکات.
ــــ تەواویی ئەندامانی دەرەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بگەڕینەوە بۆ وڵاتی خۆیان لەوێش دادگایی بکرن.
ـــ ئەنجامی گەشت لێدان و مانۆری هاوبەشی سەربازی نێوان هێزەکانی تورکیە و ڕووسیە. لە دوو کیلۆمەتری رۆژئاوای شارۆچکەی سەراقێب هەتا دەگاتە عەین عیسا.
ــــ ڕاگرتنی شەڕ لەتەواویی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی تورکیە. .
ـــــ دروستکردنی کۆلیدۆرێک بەدرێژایی شەش کیلۆمەتر لە باکوور و شەش کیلۆمەتر لە باشوور کە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێودەوڵەتی ئێم چوار، لەسەر بنەماکانی بنەڕەتی و شێوازی چاڵاکی ئەو کۆلیدۆرە وەزارەتی بەرگڕی ڕووسیە و تورکیە هەتا حەوت رۆژی داهاتوو بڕیاری کۆتایی ئەدەن.
یەکێک لە گەورەترین بەشەکانی ئەو ڕێککەوتنامەیە کە کێشەی زۆری دروست کرد لە ئەدڵیب و شەڕەکەش لەو خاڵەدا کۆبۆتەوە، پێگەی ستراتیژی ڕێگاکانی نێودەوڵەتی (ئێم چوار و ئێم پێنج) بوو. ئەو ڕێگایانەش پێش ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە باشووری ئەدڵیبەوە، بەتەواویی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی سەر بەتورکیە دابوون. لەدوای ئەو ڕێککەوتنەی نێوان مسکۆ و ئەنکارا بەتەواویی کەوتۆتەوە ژێر دەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد.
ـــ لە پەراوێزی ئەو خاڵانەی لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە، پرسی بوونی بنکەکانی سەربازی تورکیە لە خاکی سووریەدا بۆتە مژاری سەرەکی و گوومان دەکرێت، یەک خاڵی گرنگ و شاڕاوەی ناو ڕێککەوتنامەکەش دەرکەوتنی تەواویی هێزە چەکدارەکانی تورکیە بێ لە ناو خاکی سووریەدا بەیەکجاری کە تورکیە نزیکی دوازدە بنکەی سەربازی لە ئێستادا لەناو سووریە هەیە.
چەند کاژێر دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی بەشار ئەسەد و ڕووسیە و تورکیە، یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە بڕی هاوکاری (پێنج سەد ملیۆن)یۆرویی تورکیە دەکات، ئەوەش لەلایەن بەشێک لە پسپۆرانی بواری سیاسی نێودەوڵەتیەوە بە جۆرێک بەرتیلدان بە ئەردۆغان چاو لێدەکرێت، بەمەبەستی جێبەجێکردنی هەموو خاڵی ناو ڕێککەوتنامەکە و هەوڵێکیش بۆ ئەوەی چیتر سەرۆککۆماری تورکیە ئەردۆغان بڕوبیانوی نەمێنی و چیتر وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە بەبارمتە نەگرێت، لەمەر هەڕەشە و بکارهێنانی کۆچبەران وەک کارتی گوشار بۆ کردنەوە و داخستنی سنوورەکانی بەڕوی کۆچبەرانی نایاساییدا.
هەروەها ناتووانین لە دژکردەوەی "جێمز جێفری" لەمەر ڕێککەوتنی نێوان تورکیە و ڕووسیا بەئاسانی چاوپۆشی بکەین، ئەو وێرای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕێککەوتنامەیە، ئەگەری جێبەجێکردنی وەک بڕیارێک بەدوور زانیوە و گریمانەی ئەوەشی کردوە کە ئەگەری هەی، لە رۆژانی داهاتوودا دووبارە هێزەکانی ڕووسیە و تورکیە تووشی شەڕ و پێکدادان ببنەوە لەگەڵ یەکتری. هەرچەندە میدیاکانی تورکیە ئەو لێدوانەی "جێمز جێفری"یان، بەهەوڵدانێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەمەبەستی کۆسپ و تەگرە خستنە سەر ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیە لێکداوەتەوە و ڕاکێشانی تورکیە بۆ شەڕێکی بەوەکاڵەت لەناوخۆی سووریە هەڵسەنگاندوە. بەپێی سەرچاوەکانی کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی تورکیە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو پێوەندییەدا، رووبەڕوو کردنەوەی ئێران و تورکیە و تێکدان و ئالۆزکردنی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە و بەتایبەتیش عەرەبستانی سعوودی لەو چوارچێوەیەدا لەهیچ یارمەتییەک دەرێغی ناکات.
لە ئێستەدا تورکیە لەسەر ئەو باوەڕیە، هەنگاوی دواتری ئەمریکا لە سووریە و لەدوای شکەستی نەخشەی ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تورکیە و ڕووسیە، دروستکردنی هاوسەنگی نێوان ئێران و تورکیە و هەتا هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دایە. هەر بۆیەش وێرای دەربڕینی نیگەرانی تووندی لەسەر ئەو بابەتە، هۆشداری داوەتە دەوڵەتی تورکیە کە نەکەوێتە ناو تەڵەی ئەو پیڵانە ئەمریکایی ـ ئیسرائیلی ـ عەرەبستانی سعوودیەوە.
چەند رۆژ دوای ئەو ڕێککەوتنامەیەی لەنێوان ئەردۆغان و پۆتین واژۆ کرا، ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە ئاکپارتی بەتەواویی دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ئاماری کووشتە و توشبووانی نەخۆشی کۆرۆنا لە ئێران و وەزیری تەندروستی تورکیە لە پێوەندی تەڵەفوونیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی خۆی باسی گەیاندنی هاوکاری کەل و پەلی دەرمانی و پزشکی کردبوو و هەروەها لەو پێوەندەییە تەڵەفوونیەدا کۆمەڵێک لە زانیارییەکانی ناو گفتوگۆکەی لە ڕاگەیاندنەکانی تورکیەدا بڵاو کردبووە، ئەوەش بۆ هۆی توڕەبوونی بەرپرسانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و نێگەڕان بوون لە بڵاو کردنەوەی ئاماری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران. ئەوەش هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی تورکیە دابوو بۆ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی لەمەر هێرشی تورکیە بۆ سەر ئەدڵیب و دەوڵەتی بەشار ئەسەد. چۆن هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی فۆرات و شاری ئەدڵیب نیگەڕانی و تووڕەبوونی ئێرانی لێکەوتەوە و شەڕیش لەنێوان چەکدارانی شیعەی نزیک لە ئێران و چەتەکانی سەر بەدەوڵەتی تورکیە دروستبوو. لەم چەند ساڵەی دواییدا تورکیە لەناوخۆ تەواو شێواز و سیستەمی بەرێوەبەرایەتی ئێرانی پیادە و کۆپی کردوە و هەموو شتێک دەبێ بە ئیزنی بەرپرسانی باڵای سوپا و کاربەدەستانی نزیک لە حیزبەکەی ئەردۆغان بڵاو بکریتەوە و ڕابگەیندرێت.