یەشار کەمال: گەڕان بەدوای بەهەشتی ئەنادۆڵدا ... و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی

 

وەڵامی پرسیاری دوازدەیەمی ئالان بۆسکێ

#ئەدەبییات_شوانی

#کتێب_شوانی

 

"قاز و قوڵینگ، قاز و قوڵینگ، ئەی ئەو قاز و قولینگانەی بە ئاسمانی بەرزدا دەفڕن، سڵاوم بگەیەنن بە دەریاچەی وان، بە ئاوی شینی، بە کانیاوی تەزیوی، بە کارمامزە ڕندەکانی چیا، بەو پێدەشتە سەوزانەی کە شیر و هەنگوینیان پێدا دەڕوات. . . "

ئالان باسکوێ:

١٢. تورکیای سەردەمی گەنجایەتیی ئێوە وڵاتێك بوو پڕ بە واتای وشە خۆی گورجوگۆڵ دەکردەوە: ئیمپراتۆریای عوسمانی زیانی گەورەی بەرکەوتبوو و دابەش ببوو، بەڵام دە ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوو. ژنان چارشێویان نەدەپۆشی، پەرلەمانێك هەبوو و ئەلفوبێتان گۆڕدرا -ئەمە چەمکێك بوو لە مێژووی هیچ وڵاتێکی هاوچەرخدا وێنەی نەبوو-. بیندراوە وڵاتێك لە ئاکامی سەروبنبوونێکی گەورەدا زمان، خوو، ڕێژیم و یاساکانی خۆی بگۆڕێت، بەڵام بەهیچ کلۆجێك ئەلفوبێی خۆی نەگۆڕیوە. تاقانە نموونەی تر، گۆڕانکارییەکانی ئێرانە کە کەمێك بەترسەوە دەست پێ کرا و دواتر یەکسەر لێی پاشگەز بوونەوە. ئێمۆن دێ ڤالێرا بەتەواوی ئەلفوبێی نەگۆڕی، بەڵام زمانی کەلت کە ساڵی ١٩٢٠ ویستی لەبری ئینگلیزی بەکاربهێندرێت، بە پیتگەلی هەندێك جیاواز دەنووسرێت. دەتوانم پێشبینی بکەم ئێوەی خەڵکی دەرەوەی پایتەخت دوای ماوەیەکی وا کورت لەو گۆڕانە نیشتمانییە–ناوی ئەویش گۆڕدرا و کۆستانتینۆپۆل لەبەردەم ئیستانبوڵدا ونبوو- چۆن بیرتان کردووەتەوە: "تورکیای من چی بەسەردێت؟"

یەشار کەمال:

١٢. لە تورکیا ساڵی ١٩٢٨ ئەلفوبێ هاتە گۆڕین. من قۆناغی سەرەتاییم بەو ئەلفوبێیە خوێند. کاتێك دەستم بە خوێندن کرد، تەنانەت نەمبیستبوو شتێك بەناوی ڕێنووسی عەرەبی هەبووبێت. ڕێنووسی عەرەبیمان تەنیا بە ڕێنووسی قورئان دادەنا. ئەو سەردەمە لە تورکیا هیچ ئامارێك نەبوو، بەڵام پێشبینی دەکرا تەنیا دە، یان پێنج لە سەدی خەڵك خوێندەوار بن. توێژێکی بچووك خوێندن و نووسینیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو. تەنانەت مەلای گوندەکەمانیش نەخوێندەوار بوو. من و محەمەد شاهینی برادەرم یەکەمین دوو خوێندەواری گوند بووین.

مەگەر تەنیا بە یەکێك لە بیرەوەرییەکانم وەڵامی ئەم پرسیارەتان بدەمەوە. من و محەمەد هەموو ڕۆژێك لە ماڵ دەردەچووین، بە کەڵەك لە ڕووباری جەیهان دەپەڕینەوە، بە سەعاتێك دەگەیشتینە قوتابخانەی گوندی بورهانلی و ئێوارانیش دەگەڕاینەوە. لە ڕۆژانی تۆف و بارانیشدا محەمەد لە ماڵی خوشکی گەورەی لەو گوندە دەمایەوە و منیش خۆم دەخزاندە ماڵی یەکێك لە خزمەکانمەوە. بەدەم هاتوچۆوە خەیاڵی زۆرمان بنیات دەنا. لە قوتابخانەیش شیعرێکمان پێ لەبەر کرابوو: "ئەگەر ئەنادۆڵ بگەڕێیت، چی جوانییەك دەبینیت؟ ڕووباری بلوورینی هەیە، کانیی بەفرینی هەیە، خاکێکی چەند جوانی هەیە، ئەگەر ئەنادۆڵ بگەڕێیت!" ئەو شوێنەی ئەنادۆڵی پێ دەگوترا، ئیدی ببوو بە دنیای خەیاڵی ئێمە. دەمانگوت ئەگەر گەورە بووین، سواری ئەسپی خۆشڕەوت دەبین و دەچین بۆ ئەنادۆڵ و لەوێ لە دارستانی سەوز و ڕووباری بلوورین و ئەو بەهەشتەدا دەژین. چوکورئۆڤا گەرم بوو. کەس نەبوو گرانەتا نەگرێت. مێشوولە وەك هەور دەهاتن و مرۆڤ و تەنانەت ئاژەڵیشیان خەڵتانی خوێن دەکرد. ئێمە لە کەپرەکانی لە قامیش و گژووگیا بنیاتنراوماندا شان بە شانی ئاژەڵەکانمان دەژیاین. ئاوی جەیهان زۆر جار قاوەیی دەبوو. چەند سەعاتێك ئاومان لە کووپەدا دەهێشتەوە و ئەوسا دەمانخواردەوە، چونکە ئاو نا، قوڕ و لیتاو بوو. هەژاری تا ئەژنۆ هاتبوو. هەموو ڕۆژێك شۆربای ساوەر و ماست و شیرمان دەخوارد و دەخواردەوە. ساڵ بە ساڵ، ئەویش لە جەژنی قورباندا چاومان بە گۆشت دەکەوت. ئا لەو بارودۆخەدا، ئەو شوێنەی ئەنادۆڵیان پێ دەگوت و دەکەوتە پشت زنجیرە چیای تۆرۆسەوە، ببوو بە بەهەشتی خەیاڵی ئێمە. هەموو ڕۆژێك باسی ئەنادۆڵمان دەکرد و تامەزرۆی ئەو بەهەشتە بووین. بە بۆچوونی ئێمە، ئەنادۆڵ شوێنی گشت چیرۆك و داستانی پەریگەلیش بوو. هەر چۆنێك بێت ڕۆژێك زانیمان ئەنادۆڵ ئەم دەوروبەرەی لای خۆمانە. هەرچەندمان کرد، نەمانتوانی بڕوا بکەین. من و محەمەد دەستمان دایە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان. لە پێشدا لە مامۆستامان پرسی داخۆ ئێرە ئەنادۆڵە، یاخۆ نا؟ ئەو گوتی: "ئێرە بەشێکە لە ئەنادۆڵ و بگرە بەپیت و فەڕترین و جوانترین بەشی ئەنادۆڵە. " "ئەی پشتەوەی ئەو شاخە شین و مۆرانە کوێیە؟" "ئەوێش هەر ئەنادۆڵە. خاکی ئەوێ بێ فەڕە و خەڵکەکەیشی زۆر هەژارن. بەئەندازەیەك هەژارن، لە زستان و هاویندا بۆ کار دێن بۆ چوکورئۆڤا. پاش کارێکی زۆر و تووشبوونیان بە گرانەتا، دەگەڕێنەوە. بەشێکیانیش بەرگەی گەرما و مێشوولە ناگرن و دەمرن. " چ مامۆستا و چ ئەوانەی تر کە پرسیارمان لێیان کرد، نەیاتوانی قایلمان بکەن. لە نێوان خۆماندا دەمانگوت ئەگەر ئەم قسانە وابن، ئەدی ئەو کەسە بۆچی ئەو شیعرەی بەو شێوەیە نووسیوە؟ خەڵکێکی زۆر لە لەنگەرگەی گوندی ئێمەوە هاتوچۆیان دەکرد. من و محەمەد لە کاتی بێکاریماندا لە لەنگەرگە ڕادەوەستاین، هەرکەسێکمان بەدڵ بوایە، بەتایبەتی کراڤات لە ملەکان، لێمان دەپرسی ئێرە کوێیە؟ هەموویان وەك یەك دەیانگوت: "ئێرە چوکورئۆڤایە. " "ئەی ئەنادۆڵ لەکوێیە؟" "ئەویش هەر ئێرەیە. " دواجار باوەڕمان کرد ئێرەیش ئەنادۆڵە. من و محەمەد هەرگیز جارێکی تر ئەو شیعرە درۆزنەمان نەخوێندەوە و بیرمان لە ئەنادۆڵ نەکردەوە. دوای ئەوە، دنیایەکی تری خەیاڵیمان بۆ خۆمان بنیات نا. سەرجەم منداڵانی گوندمانیش بە هەبوونی ئەو دنیا خەیاڵییەی خۆمان قایل کرد. ئەو دنیایە بەهەشتی دەریاچەی وان بوو، ئەو بەهەشتەی مامم لە گۆرانی و لاوکەکانیدا باسی دەکرد. گشت منداڵانی گوند بە کچ و کوڕەوە بڕیارمان دا بۆ ئەوێ هەڵبێین. . . دەمانگوت چیمان لە دەست بێت، دەیکەین بۆ ئەوەی بچینە ئەوێ و لەم دۆزەخە ڕزگارمان بێت. مامیشم جار لە دوای جار دەریاچەی وانی کەمێك جوانتر و جوانتر دەکرد. پێشتر شیعرێك خەیاڵی ئێمەی شکاندبوو. بەڵام بەهیچ جۆرێك بیرمان نەدەکردەوە شیعرەکانی مامم خەیاڵشکێن بن. دەریاچەی وان خەیاڵی هەموومانی تەنیبوو و پێمان وابوو تەواوی چیرۆك و داستانی پەریگەل لەوێ دەگوزەرێن. دواجار، ڕۆژێك هەموو منداڵانی گوند کەوتینە ڕێ بەرەو دەریاچەی وان. . . ئەگەرچی نەمانتوانی بگەینە ئەوێ و زۆربەمان دوای چەند ڕۆژێك ڕێکردن گەڕاینەوە، بەڵام دەریاچەی وان بە تەڕ و پاراوی لە خەیاڵماندا مایەوە. دەمانگوت ئەوێش هەر ئەنادۆڵە، بەڵام ئەنادۆڵێکی جیاواز.

لە گوندی خۆمان هیچ ژنێکی چارشێوڕەشم نەدی. ژنان و پیاوان هەمیشە پێکەوە بوون. تەنیا هەڵاواردەیەك هەبوو: لە ئاهەنگ و بۆنە گەورەکاندا ژنان بە جیا و پیاوان بە جیا نانیان دەخوارد. کوردەکانیش کاتێك گۆڤەندیان دەگرت، ژن و پیاو بەتەنیشت یەکەوە ڕیز دەبوون و قۆڵیان بە قۆڵی یەکدیدا دەکرد.

ئەو سەردەمە نە ناوی ئیستانبوڵمان بیستبوو و نە تورکیامان دەناسی. بەڵام لە ژووری ماڵەوەمان وێنەیەکی گەورەی مستەفا کەمال بە جلوبەرگی سەربازییەوە هەڵواسرابوو. مستەفا کەمال پاشا قژ زەرد و چاوشین بوو. ئەسپەکەیشی لە تەنیشتییەوە ڕاوەستابوو. دەریاچەیەکیش لە پشتییەوە بوو. یەکەمجار دەریاچەمان لەو وێنەیەدا بینی. لە پێگەیشتووانمان بیستبوو ئەوە دەریاچەیە. دەیانگوت مستەفا کەمال پاشا لە دژی یۆنانییەکان شەڕی کردووە، ئەوانی بەزاندووە و فڕێیانی داوەتە دەریاوە. ئەوەمانیش لە کۆنە سەربازان و بەشدارانی شەڕی یۆنان بیست. ئەو دەریاچەیە زۆر جوان بوو، بەڵام تەنیا بەشێکی دیار بوو. ئێمەی منداڵ دەمانگوت: "هەبێت و نەبێت ئەوە دەریاچەی وانە، چونکە ناشێت مستەفا کەمال پاشا (ژەنەراڵ)ێکی گەورە و گران لە کەناری دەریاچەیەکی تر ڕابوەستێت. ئەگەر پیاوێکی وا ڕابوەستێت، تەنیا لە کەناری دەریاچەی وان ڕادەوەستێت. " پاش هەڵهاتنمان لە گوند، بۆمان دەرکەوت مستەفا کەمال لە ئەنقەرە دادەنیشێت، خاکی ئەوانیش بێ دار و بێ ئاو و بەیارە. کاتێك ئەمەمان زانی، بەجارێك ڕووخاین. بەڵام من و محەمەد ئەم ڕازەی خۆمانمان بۆ هیچ منداڵێکی تر نەدرکاند و لە ناخی خۆماندا ناشتمان. هاتینە سەر ئەو باوەڕەی هەموو کەسێك درۆ دەکات، بە کتێبەکانی خوێندنیشەوە. . . دەمانگوت کتێبەکان هەر خۆیان درۆزنن، چونکە ئەو شتانەی دەمانخوێندنەوە، هیچ لە ژیانی ئێمە نەدەچوون. . .

پرسیاری "تورکیای من چی بەسەردێت" ئەو سەردەمە تەنانەت لە خەیاڵ و بیرکردنەوەمانیشدا نەبوو. بیرمان لەوەیش نەدەکردەوە داخۆ "ئێمە چیمان بەسەردێت؟" تەنیا بیرمان لە هەڵهاتن دەکردەوە بۆ ئەو زێد و دیارەی کە مامم بە دەنگی خۆشی خۆی لە گۆرانی و لاوکەکانیدا بەسەریدا هەڵدەدا:

"قاز و قوڵینگ، قاز و قوڵینگ، ئەی ئەو قاز و قولینگانەی بە ئاسمانی بەرزدا دەفڕن، سڵاوم بگەیەنن بە دەریاچەی وان، بە ئاوی شینی، بە کانیاوی تەزیوی، بە کارمامزە ڕندەکانی چیا، بەو پێدەشتە سەوزانەی کە شیر و هەنگوینیان پێدا دەڕوات. . . "

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu