نامەیەکی کراوەی درەنگوەخت بۆ پێشمەرگە دێرینە شیوعیەکان . . . هیوا ڕەش


گەلێ جار پەنجەی تۆمەت بۆ ئەم ڕێکخراو و ئەو حزب دریژ دەکەین و سەرۆکەکانیان بە نادیموکراسی و دیکتاتۆریان ناو دەبەین، ڕەخنەکان ختوخۆڕایی نیە و لە جێی خۆیدایە لە هەمبەر قۆرخ کردنی پۆست و دەساودەس نەکردنی دەسەلات . . .
زیاد لە 20 ساڵە ( کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان )ی حزبی شیوعی دامەزراوە و چەند بە ناوکۆنگرەی بەستوە، بە درێژایی ئەو مێژوە کەسێکی بە ناو ( حەمە ڕەشید قەراغی ) کە لە پێشمەرگایەتیشدا خۆشەویست نەبوە چونکە خۆپارێز و لەمپەر بوە لە بەردەم دەیان هاوڕێی جەربەزە و ئازا، کەچی باڵی کێشاوە بە سەر کۆمەڵەکە و پۆستی کەسی یەکەمی رێکخراوەکەی پاوان کردوە و بەری نادا، گەرچی لە سەرەتادا چاوەڕوانی ئەو کارە نەشیاوەی لێ دەکرا، لە کۆنگرەی دامەزراندنی کۆمەڵەکەدا هەرچەندە من نەمدەویست تێیدا بەشدار بم بەڵام بە پێداگری هەندێ لە سەرانی حزب بە پاساوی ئەوەی حەمە ڕەشید بەدمەرامە و بە کۆمەڵەکە سەنگەر لە حزب دەگرێ، ڕویان لێ نام بەشداری کۆنگرەکە بم و ڕێگە نەدەم بەو کارە دزێوە هەستێ، بە ئەندامی کۆمیتەی باڵا هەڵبژێردرام، ئەوانەی لە خەیاڵمدا بن و ئەندامی کۆمیتەکە بون ( حەمە ڕەشید قەراغی - زیرەک کەمال - مەحمودی حاجی نادر - عەتا و من و . . . . ) بوین . . .
بۆچونی سەرانی حزب ڕاست دەرچو، گەرچی حزبی نەبوم بومە پارێزەری بەلاشی حزب، بەڵام حەمە ڕەشید بە لێهاتویی خۆی توانی ڕای بەرامبەرەکانی دەمکوت بکا و بە پلەی سەربازی باڵای خانەنشینی بێدەنگ بکا و منیش بێ پشتیوان بهێڵێتەوە و دەستم لە بنی هەمبانەکەوە دەرچێ و پیاوخراپیش بەرۆکم بگرێ و هەتا لە مافی خانەنشینیش بێبەش بکرێم . . .
بە هەر حاڵ، ئەو هەویرە ئاوی زۆری دەوێ و ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، وێڕای ئەو هەمو گەندەڵی و نادادپەروەری و ستەم کردنە لە پێشمەرگەی دێرین و پێشخستنی خەڵکی ناشایستە و ناپێشمەرگە و جاش لە پلە و موچەدا لە سەروی پێشمەرگە گیانبازەکان، بۆچی دەبێ لەو ماوە دور و درێژەدا لە باتی سزا دان حەمە ڕەشید هەر بمێنێتەوە و دەسبەرداری عەرشی
گەندەڵی نەبێ . . . ؟ !
بۆیە دەبێ هەمو ئەو پێشمەرگە دێرینانەی لە شاخ بە گژی مەرگدا دەچونەوە ئێستا قۆڵی لێ هەلماڵن و بە گژی حەمەڕەشید و دار و دەستەکەیدابچنەوە و لە کۆنگرەیەکی پاک و بێگەردا پاڵی پێوە بنێن و نەهێڵن چیتر گەمە بە میژوی شکۆداریان بکا و دەبێ جگە لە وەدەرنانی، هەڵدانەوەی دۆسیەی نادادپەروەری و گەندەڵیەکانی خانەنشینی و ستەمکاری لە پێشمەرگە دێرینە ڕاستەقینەکان بکەنە ئەرکی کۆنگرەی داهاتو و ڕیسوا بکرێ . . .
ئاخر کەی لۆژیکە چەندین هاوڕێی نەبەردی مەفرەزە سەرەتاییەکانی ساڵی 1979 و پێشمەرگەی دانەبڕاو لە خوار خەڵکی ناشایستەوە پۆلێن بکرێن، بە کام ویژدان کەسێکی وەکو شەهید ( مولازم بڕوا ) کە لە شاخدا هەم مولازم و هەم سەرلق بوە و لە داستانی بەرگری ( وەسمان لەکە ) دا شەهید بێ و لە دوای شەهیدی بە پلەی ( نائب ضابط ) موچەی بۆ دیاری بکرێ ؟ ئەمەو جگە لە بێبەش کردنی دەیان کچ و ژنی پێشمەرگە کە هاوشانی باوک و مێرد و براکانیان جارەنوسیان بە نەهاتەوە گرێ دابو . . . !
هەروەکو ئاگادارن چەندین چەکداری بەزیوی پارتی و یەکێتی پەنایان وەبەر خیانەت برد و خوێنی چەندین پێشنەرگەی حزبیان شەهید کردن و ئێستا لە کوردستان دەسوڕێنەوە، دەبو هیچ نەبێ حەمە ڕەشید و بەردەستەکانی سکاڵای یاسایی و پەلکێش کردنیان بۆ دادگا لە ئەستۆ بگرتایە نەک بێدەنگیان هەلبژاردایە . . .
سا بێنە مەیدان بە دڵ و بە ویژدان، نەفرەت بکەن لە گەندەڵکاران . . .
جارێکیان بە کارێک ڕێم کەوتە لقی کەرکوکی کۆمەڵە لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی حزبی شیوعی بوم دەبوایە نوێنەری حزبی شیوعی کارەکەم ڕایی بکا، ناو براو نەیدەناسیم و منیش ئەوم نەناسی، کەوتە پرسیار و سۆراغ لێم تا بزانێ بە ڕاست من پێشمەرگە بوم یان درۆ دەکەم، پرسی : لە کوێ پێشمەرگە بوی ؟ ئەوەی ڕاستی بێ پرسیارەکەیم پێناخۆش بو بۆیە منیش لێم پرسی : تۆ لە کوێ پێشمەرگە بوی، وتی : لە لقی شوان، وتم : ئەدی من بەرپرسی سەربازی و جێگری سەرلقی ئەو لقە بوم بۆچی تۆ ناناسم . . . . ؟ !
بە هەرحاڵ بە لە ڕو دامانەوە کارم جێبەجێ بو . . .

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu