کۆمەڵێک (۳۰) ساڵ و هەندێک بەراورد . . . ئامانج نەقشبەندی

 

گەڵێک لە ئێمە دەزانین کە حەزرەتی مەسیح سڵاوی خودای لێ بێت تەنها (۳۰) و وردەیەک ساڵ تەمەنی بردە سەر لەم سەر زەمینە، مێژووش پێمان دەڵێت ژمارەی قوتابیەکانی کە ڕایسپاردن دوای خۆی پەیامەکەی بگەیەنن بە خەڵک تەنها (۱۲) حەواری بوون ؟! سەرباری ڕاوەدونان و زوڵم و زۆر ئاینی مەسیحیان لە هەموو جیهاندا بڵاوکردەوە . . .

بەهەمان شێوە پێغەمبەر درودی خودای لەسەر بێت سەردەمی خۆی و هەر چوار خەلیفەی راشید کە بە هەمان شێوە تەنها (۳۰) و وردەیەک ساڵی خایاند دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەی فارس و رۆمیان شکست پێ هێنا، لە ڕۆژهەڵات نزیک بوونەوە لە سنوری هیند و چین و لە ڕۆژئاوا دەسەڵاتیان گەیشتە ووڵاتی تونسی ئێستا، لەو (۳۰) ساڵەشدا بە دەیان کەسانی لێهاتوو بلیمەت و جەنگاوەر و پلاندانەریان تێدا هەڵکەوت کە ناوی گەلێکیان لە مێژوودا بە پیتی زێڕین نوسراوەتەوە . . .

لە مێژووی کوردیشدا گەر وەک نموونە و ئاماژەیەکی کورت باسی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بکەین کە سەرباری تەمەنێکی کورت (٤۸) ساڵ و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، سەرباری پیلان و شکات و هاندانی دەسەڵات بۆ دژایەتی کردنی و مردن لە غوربەت دا، ڕێبازێکی ئاینیی لە کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردەوە کە ئێستاشی لەسەر بێت پەیڕەوانی ڕێبازەکەی بە ملیۆنان کەس ئەژمار دەکرێن . . .

بەڵام لێرەدا و لە پاش نزیکەی (۳۰) ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی کوردیی پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئاخۆ لە سێ دەیەدا چیتان کرد ؟ ئاکامەکە چی بوو ؟ ئێمەتان بە کوێ گەیاند و دەستکەوتەکانتان کامەن ؟ چەند بیرمەندتان پێگەیاند کە باس کردنیان چێی شانازی میللەتێک بێت ؟ لە ماڵوێرانی زیاتر چیتان خوڵقاند ؟ بەدەر لە کۆیلە دروستکردن و خۆدەوڵەمەند کردن و جەهل زیاتر ؟ بەرهەمەکەتان کامە ؟ ئاخۆ دەزانن (۳۰) ساڵ لە ژیان تاک و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا چەند زۆرە و چ جیاوازی و ئەفراندنێک دەتوانرێت ئەنجام بدرێت ؟ ئاخۆ هیچ کەسێک لەو دەسەڵاتە بۆ ساتێکیش شریتی عومری بابردووی ئەم میللەتە دێنێتەوە پێش چاوی کە جگە لە خوێن و خیانەت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی مادیی و ڕۆحی و جەستەیی و وێرانکردنی مۆڕاڵ و لێکترازانی خێزان و کوشتنی ڕۆحی ئینتیما و وابەستەبوون بە خۆشەویستی خاک و نیشتیمان و نەتەوە زیاتر هیچی دیکەیان تێدا ئەنجام نەداوە . . .

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu