هەر لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر لە غەززە، لە ناوچەکە بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی، ڕۆژانە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی وڵاتان دەبینرێت و گرژییەکان بە ئاراستەیەکن، کە قۆناغی دووەمی (سایکس بیکۆ) جێبەجێ بکرێت لە دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە، بە شێوەیەک کە نەتەوە زوڵملێکراوەکان بگەن بە ئامانجەکانیان، بە جۆرێک لە داهاتوودا رۆژئاوایی و ئیسرائیلییەکان بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیەی هەیە بمێنێتەوە و مەترسی بۆ ئەوان دروست بکات.
ناکرێ نکۆڵی لەوە بکەین، کە یەکدەنگیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشدارینەکردن لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە عێراق، دەبێتە دەستپێکێکی باش بۆ یەکهەڵوێستیی کورد لە داهاتوودا، کە دەکرێ ئەم هەنگاوە لە پرسی یەکلاکردنەوەی هەمواری بودجە و دانانی پارێزگارێکی کوردی بێلایەن لە کەرکووک لە نێوان هەردوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان بەردەوامیی پێ بدرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم یەکهەڵوێستییە کاردانەوەی دەبێت لەسەر دانانی سنوورێک بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی کوردستان لە هێرش و بۆردوومانەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە هەمووشی گرینگتر ئەم یەکهەڵوێستییە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامنەدانی، کاریگەری دروست کردووە لەسەر پێگەکەی لە ڕووی یاسایی و مەعنەویشەوە.
بەو پێیەی کە مەترسییەکان لەسەر وڵاتانی سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و ئێرانن، بۆیە کورد بە تایبەتی لە باشوور دەتوانێ سوودمەندی یەکەمین بێ لەم گۆڕانکارییانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە توانیویەتی دۆستایەتییەکی هاوسەنگ و درێژخایەنی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا بنیات بنێت و نەچێتە ژێر باری هیچ ئەجێندایەکی وڵاتانی هەرێمی و بەردەوام بێت لەسەر بنیاتنانەوەی کوردستان سەرباری هەموو ئاستەنگەکان، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا زۆر پێویستە، کۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمە، کە دەکرێ پشکی شێرمان هەبێت لەم گۆڕانکاریانەی کە لە داهاتوودا ڕوو دەدەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە نەبوونی یەکهەڵوێستی، کوردستان دەخاتە بەر مەترسی لەدەستدانی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەست هاتوون، ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەریش باشترین بەڵگەن بۆ ئەم ڕاستییە، کە بە هەنگاوی پێچەوانەی یەکتر، هەمووان زەرەرمەند دەبن، لە بڕینی بودجە و دووبارە تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان و هێرشە درۆنی و بالیستییەکان بۆ سەر هەرێم.
گۆڕانکارییەکی هەر گرینگیش بەو ئاراستەیە، کۆتا هەڵسەنگاندنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بوو تایبەت بە هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە ئاماژە بە پێشوەچوونی باش دەکات بە ئاراستەی یەکگرتنەوەی هێزەکان، ئەمەش دەکرێت بە دەستپێکێک هەژمار بکرێت بۆ پشتپێبەستنی هاوپەیمانان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ناوچەکەدا، ئەمە سەرباری ئەوەی بوونی هێزێکی یەکگرتوو، کوردستان لە مەترسییەکان دوور دەخاتەوە و پاڵپشتییەکانیش بەردەوام دەکات، لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی زیاتربوونی متمانەی نێودەوڵەتی و نێوخۆییش بە هێزەکانی پێشمەرگە، کە بەدڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا، لە بەرامبەردا لە ئەگەری یەکنەگرتنەوەی ئەم هێزانە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە لە داهاتوودا و دەبێتە ئامانجێکی زۆر ئاسانی وڵاتانی ناوچەکە.
ئەگەر بە وردی سەیری گۆڕانکاری و پێشهاتەکان بکەین، بە تایبەتی لەسەر ئاستی عێراق، دەبینین کە گرژییەکان گەیشتوونەتە ترۆپک و بە ڕۆژی ڕووناک سەرکردەی میلیشیاکان لە عێراق دەکوژرێن و شیعەکانیش داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، لێرەدا دوو ئەگەر بوونی هەیە، یەکەم، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کە دەکرێ کورد ئەو هەڵوێستەی لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت، لە ئەگەری دووەمیش بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، عێراق هاوشێوەی لوبنان و یەمەنی لێدێت و دووبارە کورد دەتوانێت سوودمەند بێت لەم بارودۆخە، بەو مەرجەی کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێ، ئەمە جگە لەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ کوردیش چەند هێندەی بەغدا مەترسی هەیە، بە شێوەیەک کە دەستی وڵاتانی هەرێمی و عێراقیش واڵا دەکات بۆ لەباربردنی هەرێمی کوردستان و دووبارە گەشەکردنەوەی داعش لە ناوچەکەدا، بۆیە بە یەکدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، مەترسییەکان لە کوردستان دوور دەخرێنەوە و لە هەمان کاتیشدا هەرێمی کوردستان دەتوانێ بگات بە ئامانجەکانی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە.