دابەشبوونی سیاسیی كوردستان و دوو بەرەی جیاواز ... محەمەد عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا ئەگەر بە وردی سەیری پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە بكەین، دابەشبوونێكی ڕوون لە نێوان هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بۆ سەر دووبەرەی جیاواز دەبینین، بە شێوەیەك (پارێزەرانی قەوارە) و (دژەكانی) كە دژبەرانی قەوارەی هەرێم هەموو هەوڵێكیان چڕ كردووەتەوە بۆ لاوازكردنی و تا ڕادەی نەمانی، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین فشارەكان لەچەند لایەكەوە ڕوون بكەینەوە.

 

ئەگەر لە سنوورمان لەگەڵ توركیا دەست پێبكەین، دەبینین كە پەكەكە بە تەواوەتی هەوڵی هێنانی هێزەكانی توركیا دەدات بۆ قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و ڕاكێشانی هەرێم بۆ ناو شەڕێكی نەخوازراو، هاوكات سەرقاڵكردنی حكومەتی هەرێم بە كێشەی سنوورەوە، بۆ ئەوەی نەتوانێ بەپێی پێویست بەردەوام بێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ناوچەكە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەوڵێكە بۆ دروستكردنی ناڕەزایی لەلایەن دانیشتوانی ئەم ناوچانە دژی حكومەتی هەرێم و دروستكردنی كەشێكی سیاسی و ئەمنیی نالەبار، ئەمە لە كاتێكدایە كە پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ ڕازیكردنی توركیا ئامادە بوو كە هەڵبژادنەكانی دوابخات.

 

ڕەوشی سیاسیی نێوخۆیی هەرێمیش، ئەم ڕاستییەمان بۆ دووپات دەكاتەوە كە ئەم دابەشبوونە بە ڕوونی دیارە، ئەوەتا حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی كاك (مەسروور بارزانی) هەموو هەوڵێكی لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و گەیاندنی خزمەتگوزاری خستووەتە گەڕ، لە بەرامبەردا ئەوانی تر سەرقاڵی بردنی داهاتی نێوخۆیی و هێنانەپێشەوەی كەشێكی نائارامن لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، كە بیانوو بۆ بەغدا دروست بكەن زیاتر دەستێوەردان لە كاروباری هەرێم بكەن، هاوكات لە پرسی ئەنجامدانی  هەڵبژاردنەكانی كوردستان ڕۆڵێكی نەرێنییان هەبووە لە دواخستنی و هێنانەپێشەوەی یاسایەكی تایبەت بە هەڵبژاردن بە ئامانجی زیانگەیاندن بە ناوبانگی دیموكراسیانەی هەرێمی كوردستان و لە نەهێشتنی كورسیی كۆتاكانیش هەمان مەبەستیان هەبوو، كە پرسی پێكەوەژیانیان لە كوردستان كردە ئامانج، پێچەوانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە توانی پارێزگاری لە كورسیی كۆتاكان بكات و هەرێمی كوردستان لە یاسایەك دوور بخاتەوە كە مەبەستیان بوو هەرێم هاوشێوەی لوبنان بێت.

 

پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا باشترین ئاماژەن بۆ ئەو دابەشبوونە، كە كاریگەریی نەرێنیی هەبووە، دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، هەڵوێستەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانن، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە، هەنگاوە پێچەوانەكانی لایەنە ساسییەكانی هەرێمن، ئەوەتا یەكێتیی نشتیمانی لە كەركووك و مووسڵ هەنگاوەكانی تەواو پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێم، لەلایەكی ترەوە نەوەی نوێ و لایەنەكانی تر لە بەغدا هەموو هەوڵێكیان چڕ كردووەتەوە بە ئاراستەی شكستپێهێنانی رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە پێدانی زانیاریی ناڕاست بە بەغدا و دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم لێكتێگەیشتنە هاوبەشەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی عێراق.

 

پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران لە ماوەی ڕابردوودا كە زۆرترین كاریگەری لەسەر دابەشبوونی نێوخۆی هەرێم هەبووە، بە جۆرێك هەندێك لایەنی سیاسی مەبەستیان بووە كە ئەم پەیوەندییە بە ئاراستەی تێكدانی یەكڕیزی بێ، بە پێچەوانەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك چۆن لە ڕابردوو و لە داهاتووشدا ویستویەتی و دەیەوێت ئەم پەیوەندییە بۆ زیاتر هێنانەكایەی سەقامگیریی كوردستان و خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەكانی هەرێم بێت، هاتنی سەرۆككۆماری ئێران (مەسعود پزیشكیان) بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و دواتر دیداری لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و بانگهێشتی فەرمیی جەنابیان بۆ ئێران دوای ئەو ماوە درێژەی لە سەردانینەكردنی ئەم وڵاتە، ئەو ڕاستیەمان بۆ روون دەكاتەوە كە داهاتووی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاراستەیەكی دروستە، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم بكات و هیچ بۆشاییەك بۆ هیچ هێزێك نەهێڵێتەوە ئەم وڵاتە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێم بەكار بهێنێت.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu