بڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە كشانەوەی تەواوی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە كەركووك و جێگرتنەوەی بە هێزەكانی لیوای ٦۱ی ئەنجوومەنی وەزیران، هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەی تایبەت لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بۆ دووبارە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان.
هەڵوێستە ئەرێنییەكانی حكوومەتی عێراقی تایبەت بە بودجەی ساڵی ۲٠۱۹ و پشكی هەرێم لە بودجە و مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە، كاریگەریی فشارەكانی ئەمەریكا لەسەر حكوومەتی عێراق دەردەخات بە ئاراستەی باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم و چارەسەركرنی سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا.
ڕێككەوتنەكەی نێوان عێراق و ئوردن تایبەت بە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی ئەم وڵاتەوە، لە كاتێكدایە كە (شاعەبدوڵڵا) بە جێبەجێكار و پارێزەری سەرەكیی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا هەژمار دەكرێ، بۆیە دەكرێ سەردانەكەی سەرۆك بارزانیش بۆ هەمان مەبەست و هەماهەنگیی زیاتر بێ، ئەم هەنگاوەش كاردانەوەی ڕاستەوخۆی شیعەكانی لێكەوتەوە و لە یەكەم كاردانەوەشدا لەسەر زاری (قەیس غەزعەلی ) ڕایانگەیاند، رازی نین لەوە زیاتر عێراق ڕادەستی ئوردن بكرێت.
هەوڵەكانی هێزە شیعیەكان بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەك بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، مەترسیی شیعەكان دەردەخات لە پلانی داهاتووی ئەمەریكا بۆ عێراق كە سیما سەرەكییەكەی پەراوێخستنی رۆڵی ئێران و پاڵپشتیی زیاترە بۆ كورد و سوننەكان، بە تایبەتی هاتنەوەی حیزبی بەعس بۆ شانۆی باسەكان لە رێگەی رەغدی كچی سەددامەوە، دوو مەبەستی هەیە، یەكەمیان دروستكردنی مەرجەعێكە بۆ سوننەكان و دوومیش ئامادەكردنیانە بۆ ئەگەرەكانی داهاتوو.
هاوكات چڕبوونەوەی هەوڵەكانی بەهەرێمكردنی پارێزگای بەسڕەش، لە كاتێكدایە كە پڕۆژەی بەستنەوەی پارێزگا سونییەكان بە ئوردنەوە، زۆرترین باسی لێوە دەكرێت، گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاش بۆ ناوچە سونییەكان، لە كاتێكدایە كە گۆڕەپانی شیعەكانی بە كراوەیی هێشتووەتەوە، لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین، بۆ پاراستنی ناوچە سونییەكانە لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، هەروەها لە باشووریش مەبەست لێی رێخۆشكردنە بۆ پێكدادانی نێوان هێزە جیاوازە شیعەكان.