سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم, ئەمە كورتە یاداوەرییەكە لە بەشەكەی لای خۆمەوە, سەدانی دیكەش چ تاك و چ گروپ هەوڵی دیكەیان داوەو یادگاری و یاداشتی لەم چەشنەیان لایە, هەمووشیان ئامادە بوون لەو رۆژگارە گیانی خۆیان بەخت بكەن, ئەوێ رۆژێ روو لە بەغداكردن عەیبەیەكی تا مردن بوو, تەنانەت مانمان گرت لە دژی لەبەر كردنی بەرگی جەیشی شەعبی لە دوا مانگەكانی خوێندن, رەنجی هەمو شانزە ساڵی قوتابیەتیمان بە بادا دا.
لێ جیاوازییەكە ئەوە ناگۆڕێت خۆپیشاندانەكان ئەێ رۆژێش نەخشە داڕێژراوی پێشتر نەبوو, بەڵكە سەرەتا هەوڵێكی بە كۆمەڵی قوتابیانی هەردوو كۆلێجی ئەندازیاری و كۆلێجی زانستی چەند كۆلێژێكی دی بوو كە رۆژی دواتر هەموو كۆلێجەكان و بەشێك لە قوتابیانی شاری هەولێریشی گرتەوە, دیارە لە هەموو بزووتنەوەو هەوڵێك كۆمەڵێك خەڵك پەیدا دەبن هەلپەرستانە دەیانەوێت كارەكان بەناوی خۆیانەوە تۆمار بكەن, ئێمە خۆمان لەوە بەدور دەگرین, لەناو جەرگەی روداوەكان و مەترسیەكانین لێ خاوەندی نین, بەڵكە بەشێكی بچووكین لە كۆی هەوڵەكان, قەبوڵیشمان نییە ئاراستەكان و راستییەكان لە پشكەكەی ئێمە بشێوێنرێت, كەسیش خۆی بكاتە خاوەندی هەوڵەكانمان, كەسانێك بڵێن هەر خۆمان بووین, كەچی درەنگ و دەستبەتاڵی هاتبێتن و زووش رۆیشتبێتن بەرهەمیشیان نەبووبێت.
رۆژ 2ی ئایاری 1982, كاتژمێر 9ی بەیانی, سیروان مەحمود قوتابی پۆلی دووی كیمیا لە شاری سلێمانی گەڕابوەوە, چونكە 1ی ئایار پشو بوو , لە سلێمانییەوە نەهاتبونەوە بۆ دەوامی زانكۆ, لەسەر دەرگای كافتریاكە راوەستا بوو, منیش لە دەرەوە و لە بەرامبەری, بە فسكە فسكی سیاسیانەی ئەوكاتەوە, وەلێ كەمێك بەرزتر و بە لەخۆبایی بوونی نەترسانەوە, چونكە خۆپیشاندانەكان قەڵادزێ و سلێمانی و شارو شارۆچكەكان دیكە كەمێك ورەی زیاتری خستبووە سەر ورە بەرزەكەی رابردووی وتی" خۆپیشاندان گەرمە لە سلێمانی و بەشداریمان كرد, بۆ لێرە دەست پێ نەكەین", چووینە ناو كافتریاكەو لە گەڵ برادەران كەوتینە گفتوگۆ" یاسین حوسێن, لوقمان سدیق, عوسمان غەریب , حیكمەت حەكیم, سەباحە سور , نیشتمان , سەردار و ...." بە گروپ و تاك تاك, هەندێكمان پەیوەندی رێكخراوەییمان لە گەڵ یەكتردا هەبوو, پەیوەندی رێكخراوەیی ئەوكات پەیوەندییە كەسایەتیەكانی تا ئاستی خۆشەویستی دوو عاشق بەرز دەكردەوە چونكە ژیان و مردنی ئەوكەسانە پێكەوە دەبەسترایەوە, زۆریشمان لە رێكخستنەكان ئەو رۆژگارە پلەی باڵامان هەبوو لەچاو پلەبەندی ئەو كاتە "هەرچەندە من لە ناوەوە بەرەو روخان دەچوم لە روی رێكخراوەییەوە لەو رۆژگارە, چەپی رادیكاڵ هێواش هێواش گەرای لەناو بیرو هزرم دادەنا", ساڵی پێشتر كاتێك بەعسییەكان هاتن بۆ پۆلەكەمان تەتەوعمان پێبكەن بۆ هەڵگرتنی چەك, بینیم چۆن قوتابیانی كوردی پۆلەكە هەموو زۆر ئازایانە بە كۆمەڵ بەرەو رووی بونەوە, بەراستی بە ئازایەتیان غیرەتیان دەدا بە مرۆڤ , سانا نەبوو لە ساڵی 1981دا, راستەوخۆ لە بەرامبەر بەعسییەكان بە خەتی خۆت بۆیان بنووسیت" لا ارغب ان اتگوع ڵادافع عن أرچ العراق و شعبە", ئەو رستەیە ئەوكات مل پەڕانی لەسەر بوو, بۆیە متمانەم بە قوتابیانی پۆلەكەمان هەبوو, دواتریش هەمان هەڵوێستی پێشەنگانەیان لە هەمبەر مانگرتنی قوتابیان لە رەتكردنەوەی جەیشی شەعبی هەبوو ساڵی 1983 و 1984دا, هەردوو بزوتنەوەكە لەناو قوتابیان بەشێوەی خورسكیانە سەری هەڵدا هەرچەندە رێكخستنەكانی حیزبەكان لەناو ریزی قوتابیاندا بە هێز بوون بەتایبەت ینك, من و لوقمان و سیروان, ئەو رۆژانە زۆر جار لەناو بەرازیلیەكەی كۆبونەوەی حیزبیمان دەكرد و شەوانیش گەلەك جاران لەناو تاریكە ئەنگوستە چاوەكەی شاری هەولێر لە كۆڵانە تاریك و تەسكەكانی تەعجیل و دەوروبەری دەستمان بە چالاكی دەكرد.
دوا نیوەڕۆژی 2ی ئایار, نزیك كاتژمێر 1ی دوا نیوەڕۆ , وا لە پۆل دانیشتوینە و مامۆستا كینتی هیندی وانەی كیمیای شیكاری دەڵێتەوە, لە پڕ دەنگی گولەی نزیك هات, گروپەكەی ئێمە سەیرێك یەكترمان كرد و هەڵساین, بە دوایدا نزیك بە هەموو قوتابییە كوردەكان پۆلمان بەجێهێشت, مامۆستا و قوتابییە توركمان و عەرەبەكان چاویان زەق ببوەوە, چوینە گۆڕەپانی كۆلێژ, لە بان تەلاری كولێژەكەوە, بۆ بۆشایی نێوان كۆلێژی زانستی و هەندەسە كە ئەوكات ماڵ نەبوو بەشی زۆری, قوتابییە بەعسیەكان كە پێشتر چەكدار كرابوون, بە ئار بی كەی و كڵاشینكۆف راستەوخۆ روو لە خۆپیشاندانی قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری تەقەیان دەكرد, كە ئەوان بە دروشم و ئەی رەقیبەوە بەرەو كۆلێژی زانستی دەهاتن, كاك حیكمەت حەكیم هەڵچوو, هاوارێكی لێوە هەڵسا, حەرەكەتێكی ناڕەزایەتی كرد, كە یەكەم كاردانەوەی راستەوخۆش بوو لە كۆلێژەكەی ئێمە بەرامبەر تەقەكان , كۆمەڵێك بەعسی یەكسەر پەلاماریان داو كەوتنە لێدانی بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە, من و نیشتمان خۆمان دایە بانیا بۆ ئەوەی لێدانەكەی بەر نەكەوێت, چونكە زۆر بە توندی بە كۆمەڵ بەرببونە گیانی, نەمانتوانی لە دەستیان دەریبكەین, ئەوان زۆر بوون و چەكداریش بوون, بە لێدان بردیان, شەهید سەفا لە بن هەیوانەكەی نێوان ئیدارەو بەشی كیمیا سەدریەیەك بە بن هەنگڵییەوە راوەستابوو, هەناسەیەك قولی هەڵكێشا, روی لە من كرد وتی: غیرەتمان نییە, رۆژی پاشتر سەفا گیانی بەخشی و دواتر بووە هەوێنی خۆپیشاندانە جەماوەریەكەی 6ی مانگی كەركوك, من و سەفا سدیق رەشید پێشتر قوتابی یەك قوتابخانە و گەڕەك بوین لە كەركوك, زۆرجاریش پێكەوە لە زانكۆوە دەگەڕاینەوە بۆ كەركوك, ئەوە دواجار بوو بینیم.
لە هاتنی خۆپیشاندانی قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری رو لە كۆلێژی زانست قوتابی حەمەی شێخ تاڵیب"حەمە راغب" كە ئەوكات رێكخستنی حشع بوو بریندار بوو, حەمە راغب بووە یەكەم برینداری خۆپیشاندانەكەی هەولێر و حیكمەتی شەهید مامۆستا حەكیمی شۆرَیجەش كە قوتابی بەشی كیمیای كۆلێژی زانستی بوو, سەر بە رێكخستنەكانی ینك بوو بووە یەكەم زیندانی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 1982ی هەولێر.
دوای گرژییەكەی ناو كۆلێژی زانستی گەڕاینەوە بەشی ناوخۆیی قادر بلە, من و حیكمەت لە یەك ژور بووین لە گەڵ كۆمەڵێك برادەری دی, شەو بەشی ناوخۆیی قادر بلە بووە شوێنی كۆبونەوەی سیاسی و خۆ ئامادە كردن بۆ خۆپیشاندانی رۆژی دواتر, هەر گروپە بوو لە لایەكەوە كۆبونەوەیان دەكرد, بڕیاردرا سبەی بەیانی لە شێخەڵا لای میوانخانەی هێمن خۆپشاندان بكرێت, نازانم كێ ئەو كات و شوێنەی دیاریكرد لە یادم نییەو ئاگاداری نیم.
رۆژی دواتر لە سبەی زووەوە قوتابیانی كۆلێژی كشتوكاڵ لە كەڵەك یاسین ئاغاوە گەیشتنە هەولێر, بە حەماسی بەرزەوە, لە یادم نییە چۆن من لەگەڵ ئەوان بە یەك گەیشتم و بوینە یەك گروپ" ئاراز, رزگار شوانی, حەمە خێروڵا, سەردار سۆفی ,حوسێن, خالە عارەب و عەلی كاكەیی و عەلی بروسك"عەلی مامی" و ..... ", كاتێك چووینە شوێنی مەبەست بەرەو روی پەلاماری دڕندانەی بەعسییەكان بووینەوە, لە كۆڵانی پاسكیل فرۆشەكانەوە"شێخەڵا" خۆمان كرد بەو گەڕەكەیا, دەرگای حەوشەیەك كرابوەوە چوینە ژورەوە بۆ سەربان, بە بان خانەییەكانا چوینە بان خانییەك دیكە لە دورتر, لەوێ ماینەوە تا ماوەیەك زۆر, كاتێك دەنگی تەقە و زیقەو زاقی نەجدە و هات و هاوار نەما, جەلادەكانیش بەو كۆڵانانەیا كەوتبوونە راوە قوتابی و ماڵانیان دەپشكنی, نزیك كاتژمێر 11 بۆ 12 قوتابییەكی كچ بە عەباوە ماڵ بە ماڵ بۆ رزگار كردنی قوتابییەكان دەگەڕا, لەو كۆڵانە دەرمانی كرد تا ناو بازاڕ, ئیتر بە سەلامەتی گەڕاینەوە بۆ بەشی ناوخۆیی قادر بلە, دواتر خەبەر گەیشت وتیان سەفا بریندارە, دوایی بەدەم برینەوە پاش دوو رۆژ گیانی بەخشی.
عەسری رۆژی سێیەم گروپێك لە قوتابیان خۆپیشاندانێكی خێرامان ئەنجامدا لە سەر شەقامی باتا, دیسان بەرەو روی ئەمنەكان بوینەوە, بە دەمانچەی روت بە تەقە كەوتنە دوامان, بە راكردن بەو كۆڵانانەیا خۆمان دەرباز كرد, جار جارەش هەواڵ دەهات لە قوتابخانەكانی هەولێر ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرا لە لایەن قوتابخانە ئامادەییەكانەوە, ئەوەش ورەیەكی بەرز بوو بۆ ئێمە.
هەر وا بەشە ناوخۆییەكان وەك سەركرایەتی مەیدانی لێ هاتوووە, سەرجەم كۆلێژو بەشەكان وەك ئێمە لە جموجۆڵدان, هەموو ورە بەرز.كار بۆ درێژەدانی خۆپیشاندانەكان دەكەن, كۆی جموجۆڵ و ناڕەزایەتییەكان سەدان گەنجی ناو كۆلێژەكان و قوتابیانی شاری هەولێر بە كوڕو كچەوە كاری بۆ دەكەن, ناڕەزایەتییەكان سەدان سەركردەی مەیدانی هەبوو, شەوی چوارشەمە لەسەر پێنج شەمە لە پڕ ئەمینداری لقی بەعس و سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین خۆیان كرد بە بەشی ناوخۆیدا لە قادر بلە بە هەڕەشەوە داوایانكرد زانكۆو بەشی ناوخۆیی بەجێی بهێڵین بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە, رۆژی دواتر قوتابیان گەڕانەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی خۆیان, بەم شێوەیە كڵپەی راپەڕینیان لە شاری هەولێر كوژاندەوە.
كە ئێمە گەڕاینەوە بۆ كەركوك پێش ئەوەی بچمە ماڵەوە لە باخچەی قەڵا لامدا, ئەیوب كوێخا رەزای هەمیشە نەمر" گەنجێكی ژیرو ئازاو لە خۆبردوی چەپی حەساری بوو لە دوای راپەڕین بە نەخۆشی دڵ سەری نایەوە" و كاك عەبدوالخالق سدیق" فەرمانبەر لە شەهیدانی كەركوك" و قەهار عەلی و هاوڕێ كرێكار و بەرەو پیریم هاتن, وتیان نیازمان هەیە لە كەركوك خۆپیشاندان بكەین, لێرەوە بەشی دی دێتە پێشەوە كە لەسەریم نووسیوەو زۆریش باسكراوە, پێویست بە دوبارە كردنەوە ناكات, كە خۆپیشاندانە خوێناوییەكەی 6ی ئایاری شاری كەركوكە.
لە كۆتادا داوای لێبوردن دەكەم هەر هەڵەیەك كرابێت, 42 ساڵ زۆرە بۆ زاكیرە لاوازەكانی ئێمە, هەموو وردەكارییەكان وەك خۆی وێنا بكاتەوە, لێ پێویستە وەك شانازییە یاداوەری لە زاكیرەمانا بیپارێزین.