رۆژی حەجە گەورەكە 4ی كانوونی دووەم,ئەو رۆژەی بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلێكی بندەستدا 4 شاندی جیاجیا لە رۆژێكدا بگاتە پایتەختی ئیحتلالی نیشتمانەكەی نەك بۆ مفاوەزات بگرە بۆ زەلیلی و پاڕانەوە, كە كەمتر لە 2 مانگ پیش ئەو رۆژە ئەم پایتەختە یەك دەست فەرمانی لەشكركێشی بۆ سەر وڵاتەكەی دەركرد و دژ بە هەوڵی سەربەخۆیی بە گەلەكۆمەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وەستایەوەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی ئەنجامداو سیاسەتی برسیكردن و تەعریبكردنی لە هەمبەری گرتە بەر, مافی خۆیەتی ئەو رۆژە بكرێتە رۆژێكی مێژویی لێ وەك زەلیلی, ئەو رۆژەی 4 شاندی كوردی هاوزەمان لە بەغدا بوون و سیانیان بەجیا خەریكی هێنانەوەی دەستكەوتە گەورەكە معاشە حەیاتەكە بوون بۆ بەشێك لە موچە خۆرانی كوردستان تا لە هەڵبژاردنەكان دەنگیان پێ بدەن, لە لایەن چاودێرانی سیاسی عێراقەوەو بە تەوسەوە كە دەربڕی زەلیلی نەتەوەیەكی بن دەست و كەرامەت شكێنراو بووو ئەو رۆژە ناو نرا بە رۆژی حەجی كوردان بۆ بەغدا, لە راستیشدا ئەو موچەیەی كە لە ژێر پاڵەپەستۆی سندوقی دراوی جیهانیدا بڕیار وایە بۆ فەرمانبەرانی كوردستان بێت, هیچ پەیوەندی بەم حاجیانەوە نییە و تەنها هیوا دارم خودا حەجەكەیان قەبوڵ بكات و لە ئاگری ئەم میلەتە بیانپارێزێت.
لە هەواڵی چالاكی شاندی دوز بۆ بەغدا" رێزم بۆ نوێنەرانی خەڵكی دوز هەیە ئەگەر نوێنەر بن", كە ئەوانیش یەكێك بوون لە شاندەكان, لە ماڵپەڕێك كوردی مانشێتێكی سەیر بڵاو كرابوەوە بە ناونیشانی" سەركردە شیعەكانی عێراق ئاگاداری سوتاندنی ماڵە كوردەكانی خورماتو نین", رۆژی دواتر لەبەر خاتری شاندەكە, سەركردە شیعەكانی عێراق لە رێگای 67 گروپە میلشیا تاوانكارەكەی حەشدەوە, خانوی كەریم بچكۆلیشیان لە دوز تەقاندەوە, بۆ ئەوەی هەواڵەكە مسباقیەت و راستگۆیی زیاتر بێت, ئەوە بەخشیشی 4 شاندە كوردییەكە بوو لە حەجەكەی بەغدایاندا .
خۆی لە راستیدا هەواڵەكە هەم راستە, چونكە بڕیارەكە لە شوێنێكی باڵاتر لەوانەوە دەرچووە كە تارانەو هەموو ئاگاداری تاوانەكە هەن بە سەركردە شیعە هەزارەكانی هەراتیشەوە, هاوكات هەم درۆیە, بەهەمان ریتمی سەدامیانە وەڵامیان داوەتەوە, وەك چۆن سەدام حسێن و سەرانی بەعس لە گفتوگۆی ساڵی 1991 دا, رایان گەیاند ئاگاداری هەواڵی بێسەروشێنكردنی 182000 ئەنفالكراو 8 هەزار بارزانی و دەیان هەزار فەیلی و . . . . نین, ئەم درۆیە لە كاتێكدا دەكرێت و دەڵاڵەكانی مەلاكان داكۆكی لێدەكەن, كە راپۆرتەكەی یۆنامی دەریخست كە مانگە دەستكردەكان وێنەی تاوانەكەی دوزیان گرتووە.
ئەم كارتێلانەی سیاسەت, كە بۆچون و ئامانج و باوەڕیان یەك شتە, ئەوەی جیایان دەكاتەوە, ناوو رەنگیانە, قەت فێری شەڕی موقەدەس نابن بۆ باشتر, ئەوەی لە ئێستادا دەیان جولێنێتەوە, ژمارەی كورسیەكانی هەڵبژاردنی داهاتووە , بە نیاز نین دەست و دەمیان لەم درۆو هەڵخەڵەتاندنانە بسڕنەوە, تا سەری ئەمانە سەلامەت بێت, ئەوا نەك تەنها سەرو ماڵمان دەڕوات, بگرە كەرامەتیشمان روشاوتر دەبێت, دەنا گەلێك ملیۆنێك قوربانی دابێت ئێستا بەهۆی هەندێك زەعتوتەوە ئاوا زەلیل دەكرێت كە ناویان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە.
009647503714620