ململانێی ناوخۆی لایەنەسیاسییەکان بە هەموو پێوەرە سیاسی و لۆژیکییەکان ئەمرێکی ئاساییە و، بەشێکە لە دیموکراسییەت و باوەڕمەند بوون بە پڕۆرالیزمی سیاسی، ئەمە تەنیا تایبەت بە وڵاتێکی دیاریکراو نییە بەڵکو لە هەموو دونیا هەیە و هەر وڵات و نەتەوەیەک بەتایبەت مەندی خۆیەوە لە تەک ئەم واقیعە موعامەلە دەکات.
دیارە ئەو وڵات یا نەتەوانەی کە خاوەن دەسەڵاتی سیاسی خۆیانن و سنووری جوغرافی سیاسی دیاریکراوی خۆیان هەیە، لە تەک نەتەوە وڵات داگیرکراوەکان بێ جیاوازی نین، بەڵام ئەسڵێکی سیاسی و ئەخلاقییە بە تایبەت بۆ ئەو لایەنە سیاسی یانەی کە ولاتەکەیان داگیرکراوە و، هەوڵ بۆ رەزگاری نەتەوەیی و دەستە بەر کردنی مافە زەوت کراوەکان دەدەن، پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی بەرژەوەندییە بالاکان لە سەرووی بەرژەوەندی حیزبییەوە دابنێن .
هەر وەک دەبینین بەپێچەوانەی سەرجەم وڵات و نەتەوەجیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، کورد وەک نەتەوەیەکی وڵات داگیرکراو سەرەڕای خەباتی دەیان و سەدان ساڵەی خۆی لە بارودۆخێکی هەستیارترلەوە دایە کە لەم کات و ساتەدا ململانێی سیاسی ببێتە ئەرکی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی بە هەموو بەشەکانییەوە، رەوتی کۆرانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بەرادەیەک بە کوتووبڕەی تێدەپەڕێت کە ئەگەر بە وشیارییەکی تەواوەوە مووعاملە لە تەک وەزعەکە نەکرێت هەل و دەرفەتەکان وەک شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان لە دەست دەچێت .
بێ گومان لایەنە سیاسییەکان بە باشی لەوە تێدەگەن کە حزووری زلهێزەکان و سیاسەت و ئامانجی ئەو وڵاتانەی کە وڵات و نەتەوەی کوردیان بە سەردا دابەش کراوە چییە، کەوا بوو ناتوانین ئەوە لە بەر چاو نەگرین کە هەم ویلایەتەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی و هەمیش وڵاتانی ناوچەکە لە سوود و بەرژەوەندییەکانی خۆیان غافڵ نین، و ئەوەی کە بۆیان گرینگە تەنیا دەسکەوتە لەم ئالۆزییانەی کە لە ناوچەکەدا بەدیان هێناوە.
یەکێک لە عەقلییەتە سیاسیەکانی زلهێزەکان و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش بەدیهێنانی ئالۆزی و ئاژاوەیە بۆ دەستەبەر کردنی مورالە سیاسی و ئابورییەکانیان، ئەوەی کە هیچ کات عەقلییەتی سیاسی کورد نەیبڕیوە، واتە نەیتوانیوە لە تەک واقیعە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی، خۆی تەتبیق بدات و سوودی لێوەر بگرێت.
دەیان وسەدان ساڵە ئێمەی کورد خەبات دەکەین شۆڕش بەرپادەکەین لە پێناو ئەوەی کە بە مافە سروشتی و ئینسانییەکانی خۆمان بگەین، مخابن هیچ کات دەرسمان لە مێژوو و رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، مێژوومان پڕە لە ناکۆکی و ناتەبایی ناوخۆیی، ئەمە بە کارەسات دێتە ئەژمار بۆ گەلێک کە وڵات و گەلەکەی دابەشکراوە.
بە بڕوای من ئەگەر وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی ئاوڕێک لە مێژوو و رابردووی خۆمان بدەینەوە، بەبێ سڵکردنەوە لە کردەوەی دوێنێ و، لە پێناو بەرژەوەندی ئەمڕۆی گەلەکەمان، پێویستە سەرجەم ململانێی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلا بنرێن و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکاندا یەک هەڵوێست و یەک دەنگ و هەواهەنگ بین، جیا لەمە جگە لە مال وێرانی و کاولکاری بۆ ولاتەکەمان هیچمان دەست ناکەوێت و وڵاتانی رۆژئاواو و ناوچەکە وەک کالایەک موعامەلەمان پێدەکەن و مێژووش حاشا لەم راستییە ناکات.
کەماڵ مام خزری
2017/1/29