شەڕی (بریکاریی)ی پارتی و پەکەکە. ... دارا خونچە

 لە سەدەی رابردیی وە تایبەتییش لە سەردەمی شەڕی ساردی نێوان دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و سۆڤیەت (شەڕی بریکاریی) وەک زارەوەیەکی رامیاریی و سەربازیی وە تەواویی جێی خۆی گرت (شەڕی بریکاریی سوریا وەک نموونەیەک لەورۆدا)، ئەو شەڕە لە راستییدا شەڕی نێوان زلهێزەکان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەوانە، لێ وە هۆی گوشار و پالەپەستۆی ئاشتییخوازانەی خەڵک و نەگونجانی بەرپاکردنی شەڕەکە لە نێوان خۆیان کە دڵنیان بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسیی خۆیان ناتوانن شەڕەکە ئەنجام بدەن. . ئیدی هێزە گچکەکانی سەر وە خۆیان هاندەدەن و شەڕەکەیان پێ دەکەن.

ئەو شەڕەی ئەوڕۆ ٣\٣\٢٠١٧ کە لە دەوربەری شارەدێی (خانەسوور)ی سەر وە دەڤەری شنگال و سنوونێ و لە نێوان وە ناو (پێشمەرگەی رۆژاوا) و (هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە) روویدا، بێجگە لەوەی شەڕەکی ئەوپەڕی کۆنەپەرستانە و دژەگەلییە. . شەری (بریکاریی)ە و لە راستییدا شەڕی نێوان (پارتی و پەکەکە)یە، هەڵبەتە ململانێ و دوژمنداریی ئەوانیش لەژێر کارتێکردنی ململانێی هەردوو داگیرکەری کوردستان (تورکیا و ئێران)ە کە درێژکراوەی هەردوو ئیمپراتۆریەتی ستەمگەریی (عوسمانییەکان و سەفەوییەکان)ن و هەمیشە شەڕیان لە نێوان جوولانەوە چەکدارییەکانی کوردان بەرپاکردیە و لە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەلکی کوردستانیان دابڕینە.

وەکوشتدانی خەڵکی هەژار و بێ دەرەتانی خەڵکی کوردستان لەو شەڕە کۆنەپەرستیی و دژەگەلییەی پارتی و پەکەکە زۆر وە رۆنیی و ئاشکرایی ئەوە دەردەخا کە پارتی و پەکەکە بەر لە هەر تشتەک وەدووی ئەو ویست و ئامانجە تەسکانەی حیزبەکانی خۆیانەوەن کە دوورن لە ئامانجەکانی گەل. . واتە تێکۆشان لە پێناو گەل و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان لە کنە وان تەنێ ئەوەیە کە خۆیان دەسەڵاتدار بن و خەڵکی کوردستان وەک مێگەل رابدەن! رەنگە کەسانەک هەبن لایەک تاوانبار بکەن و کەسانەکی دیکەش لایەکەی دیکە، لێ ئەوانە بیانووی بێ واتا و پووچی لایەندار و بەرژەوەندپارێزەکانە و هەرگیز ناتوانن دان بەو راستییەدا بنێنن کە ئەو شەڕە داگیرکەران بەهێزتر و ملهوڕتر دەکا و ئامانجەکانی گەل و سەروەخۆیی کوردستانیش دوور دوورتر دەخاتەوە.

٣\٣\٢٠١٧

daraxunce@yahoo.  com

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu