خوێندنەوەی کتێب: بەشی ـ٣ـ   ناسیۆنالیزمی کوردی لەڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە 

و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح تۆفیق چاپی مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و ھوشیاری سلێمانی- ٢٠٢١ بەرگی- ١ - ٥٤٤ لاپەڕە

هەڵۆ بەرزنجەیی. 18,1,2024 

٦- کوردایەتی: ھاوکاریی نێوان کوردان و تێپەڕاندنی سنوورەکان لەسەردەمی جەنگ و ھێدمەکاندا.. 

ولیەم گۆرلەی، پرۆفیسۆری زانکۆی مۆناش کۆڵفیڵدی رۆژھەڵات- ئوسترالیا

توێژینەوەیەکە مێژوو و ڕووداوە ھاوچەرخەکانی کورد باسکردنی بنەماکانی کوردایەتی دەکات کە سەرباری داگیرکاری و سنوور و دەسەڵاتی زەبەلاحی دەوڵەتە تورک و فارس و عەرەبەوە، کاری خۆی دەکات و سەرچاوەی بزوێنەری رووداوەکانە.

نووسەر لەناو سەرەتایەکی کورت لەمەڕ بندەستی و دواکەوتوویی کورددا ئاماژە بە یەکەم دابەشکاری کوردستان لە سەدەی 16 ی نێوان عوسمانی و سەفەوی دەکات و بۆ جاری دوەەمیش 4 سەدە دواتر لەسەرووبەندی دوای یەکەم جەنگی جیھانیدا بۆ 4 بەش و بەستنەوەی بەزۆرەملێ بە دەوڵەتە دەستکردەکانی پرۆژەیەکی کۆلۆنیالیستییەوە بە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریاوە ..

بۆ ئەم باسەی دوو نموونەی ھەڵبژاردووە لە پارتی پەیەدە لە رۆژئاوا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە باشوور و دەیەوێ بڵێ لەسەردەمی قەیران و کێشەکاندا ناسنامەی کوردی باشتر و بەھێزتر دەردەکەوێت.. ڕوون تر بڵێین ئەو دوو بکەرە/ ئاکتۆرە لەسەردەمی داعش دا باش ھاتنە سەر تەختی شانۆی سیاسی ناوچەکە و جیھان...

توێژەر.. ئاگاداری ئەوەشە کە کورد ناوبانگیان بە نایەکگرتوویی و یاخی رۆیشتووە... ھەر زوو دێتە سەر ھێنانەوەی بۆچوونێکی مێژوونووس و رۆژنامەوان (دێڤید ماکدواڵ) کە تایبەتمەندی مێژووی کورد بە دوو خەسڵەت دیاری دەکات:

١- دژی حکومەتی ئەو دەوڵە نەتەوەییانەیە کەوا گەلانی کوردیان تێدا دەژی.

٢- بۆ ھێنانەدی ھەست و ھۆشێکی پتەو بە کۆمەڵگە و میللەت لەناو خۆی دا..

پاشان باسێکی تەواو ھەستیار و جێی سەرنج لەسەر ناسنامەی کورد لەڕێی بۆچوونی چەند پسپۆڕێکەوە خراوەتە بەردەم ھاوکێشەیەکی دوولایەنی، لایەک پێی وایە ئەو ناسنامەیە " پڕو تەواوە" و یەکێکی تریش بەھۆی دابەشبوون بۆ فرەئایین و فرەزمان و پارچەپارچەیی جوگرافیاوە بە ناکامڵ و ناتەواوی دەزانن...

کاتێ ناسنامەی کورد بێ کێماسییە واتە کوردایەتی لە فۆڕمی پانکوردیزم دا بەرجەستە دەبێت، باوەڕ و بۆچوونی کوردستانی مۆرکی بیرکردنەوە و رەفتار و بزاڤی کورد و رزگاریخوازانەی دەنەخشێنێ!.. بە پێچەوانەشەوە ئەوە کوردایەتی یەکەکی یەکگرتوو نییە و لەھەر بەشێکی ئەو دەوڵەتانەدا خەسڵەت و سیمای جیاواز و تایبەتی بەدەوڵەتەکەوە ھەیە! واتە تورکیایی، ئێرانی، عێراقی و سووریایی!.. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی پرس و کێشەی نەتەوەیی کورد بۆ چوار بەش دابەش بێت و لەوێدا دۆزی نەتەوەیی کورد بەھا و نرخ و تێڕوانین لەدەست دەدات .

نووسەر لەگەڵ ئەوەی وا دەنوێنێ کوردایەتی وەک چەمک و ڕێباز قبوڵ بێت، پێی وایە لە مێژووی سەردەم دا بەتایبەت لەم ساڵانی دواییدا لەنێو قەیران و رووداوەکانی رۆژھەڵاتی ناویندا بەتایبەت لە شەڕی سووریا و سەرھەڵانی داعش و دژوەستانەوەیدا لە ساڵی2014 بەدواوە، کوردایەتی ڕەھەندێکی تری وەرگرت و ئەو ڕۆڵە گرنگەی گێڕا مەسەلەی کوردی زیاتر تۆکمەتر نیشان دا و واقعی ناسرووشی بەزۆر سەپاوی دەوڵەتەکانی بە کردەوە ڕەت کردەوە! . ھەڵبەت ناشیرینترین تاوانبارترین ھەڵەی کورد زۆربەی جار پەنای بۆ ھەڵگرتنی چەک بردووە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی ناو دەروونی خۆی، لێ ئەوە چەند دەیەیەک دەچێت ئەو کردارە تابوو کراوە.. ئەمەش بەدەستکەوتی کوردایەتی دادەنرێ!.. 

وەک نووسەر دەنووسێ: دەوڵەتە نەتەوەییەکانی کورد تێیاندا دەژی ئارەزووی پارێزگاریی لە کورد ناکەن لەڕووی فیزیکییەوە و بەرژەوەندی کوردیان فەرامۆش کردووە" 

ئەم خاڵە لەلایەن کوردەوە بەھێزی کوردایەتی پڕکراوەتەوە و خۆیان لێک نزیک دەبنەوە و ھاوکاری یەکتر دەکەن!... شەڕی داعش لە کۆبانی و کۆمەک و ھاوکاریی حکومەتی ھەرێم باشتر بڵێم کوردی باشوور نموونەی ئەو ڕاستییەن!...

دواتر پێناسەیەکی دەوڵەمەندی کوردایەتی دەکات و دوو پرسیار گرنگ ڕووبەڕووی شارەزایان دەکاتەوە و خوێنەریش دەبزوێن:

١- ئاخۆ ئەو ڕووداوانە چیبوون و بۆچی و چۆن ھاندەری ھەماھەنگی و ھاوکاری بوون؟؟؟

٢- ئەی چۆن گەڵاڵەی کوردایەتییان کردووە؟..

نووسەر باس لە ھەڵشان و خورتبوونی ھەستی کوردبوون دەکات و لەمەڕ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرێ دەڵێ" من وای بۆدەچم کە قەیرانەکان لەو ژینگە ستراتیجییە ئاڵۆزەدا بووە بە ھاندەری کوردەکان بۆئەوەی ھاوکاریی یەکتر بکەن وەک کاردانەوەیەکی بەرگریکارانە" 

لەم ھەلومەرجەی تەبایی و بوونی قەوارەیەکی فەرمی و دانپێدانراو لە ڕووی نێو دەوڵەتییەوە بەدەستھێنانی کۆمەکی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش و لەژێر ئەو پەردەیەشدا بۆ گەشەپێدان و بەھێزکردنی پێگەی کورد لەو ھەڵکەوتە جیۆستراتیژی و جوگەرفییەی تێیدایە... پێویستی کورد بایەخی پەیدا کردوەە.

نووسەر.. بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکەی بۆچوونی زانا و بیرمەند و پسپۆڕەکان دەکاتە پاڵپشتی توێژینەوەیەک و نموونە لە (تۆماس ھایلاند ئەریکسن) لەسەر شوناس دێنێتەوە. ناوبراودەڵێ: شوناس لە میانەی دوو پرۆسەی یەکتر تەواوکەردا دروست دەبێت:

١- ھەستێکی "ئێمە"_ we لە میانەی پشت بەیەکتر بەستن و کۆکبوونی ناوخۆیی دروست دەبێت، کەوا ئەوەی ئێمە دەیکەین و لەگەڵ ئەوانیتردا ھاوبەشین ئەوە دیاری دەکات ئێمە کێین وەک نەتەوە.

٢- ھەستکردن بە "خۆمان" us بە دژواری لەگەڵ ئەویتر دروست دەبێ.

بە کورت خۆناسی و ئەوان ناسی و کێشانی سنوور لە نێوان خۆت/ ئێمە لەگەڵ تۆ/ ئەوان دا...

نووسەر پێی وایە ئەم دوو میکانیزمە ھەردووکیان لە کوردایەتیدا کار دەکەن.، ئەگەر کوردەکان تیشک بخەنە سەر مەسەلە ھاوبەشەکانیان و جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە " ئێمە" ی کورد. 

ئەم بۆچوونەی ئێرکسن، نووسەر ڕادەکێشێ بۆلای یەکێ لە بیرمەندە ھەرە دیارەکانی بواری نەتەوە و ناسیۆنالیزم ئەویش "ئەنتۆنی سمیث"ە. پێناسەی ناوبراو بۆ گرووپێکی ئێتنیکیکە کە خاوەنی ( ئەفسانەی بنەچە و ڕیشەی ھاوبەش، یادەورییە ھاوبەشەکان، فەرھەنگ و کولتووری ھاوبەش، نیشتمان و ھەستی یەکگرتن و کۆکبوون و وێک دێتەوە".. واتە جووت دێتەوە...

سمیث، پێی وایە خاسییەتی جیاکاری ناسنامە نەژادییەکە کاریگەریی بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێ، بەھەمان شێوە( ڕۆجەرز بروبەیکەر )دەڵێ: "گروپبەندی یان پێناسەی کۆمەڵگەیی جێگیر نییە و دەگۆڕێ و چاوەڕوانکراو نییە". ئەمەش بەو واتایەی ڕووداو و پێشھاتەکان دروستکەری گرووپبەندین و بە نەمانی ئەو ھۆکارانە گروپبەندییەکەش پەرتەوازە دەبنەوە!.. ئەمەش یەکگرتنێکی سرووشتی و پرۆسەیەکی خوڕسکی پێداویستییەکانی یەک شوناس نییە و بەکورتی یەکگرتنێکی نائاساییە ئەگەر تاکتیکیش نەبێت!.. 

(جۆرج سیممێڵدا) دەڵی" یەکگرتنی پتەوی ناوخۆیی گرووپێک بەستراوە بە ڕادەی ئەو فشارەوە دەرەکییەوە کە دەکەوێتە سەر گرووپەکە". 

نووسەرێکی ئەڵمانیش دەڵێ:" کەوا پێکھێنانی یەکێتی ئەوروپا بەرھەمی ھەڕەشەی دەرەکی سۆڤیەت بوو بە شێوەیەکی سەرەکی".. بەڵام ھەندێ ڕاستی ھەیە ھۆکاری تریشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە ئەویش ئەقڵ و ئیرادە و لێک تێگەیشتنی واقعی لە پەیوەندییەکان ڕۆڵی تەندروستیتریان ھەیە!.. ئێستا بۆ نموونە ھەڕەشە و ترسی کۆمۆنیزم و شورەوەی نەماوە، کەچی یەکێتی ئەوروپا ژمارەی ئەندامەکانی زیاتر دەبن و یەگکرتوو تر دەبن،ئەگەرچی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی 28 وڵات و جیاوازییەکانیان کارێکی سەختە!..

ڕەنگە بەدیوێکی تریشدا ئەو بۆچوونە وا ڕاست بێ بۆچی کورد ھەڕەشەی چوار دەوڵەت و سێ ناسیۆنالیزم و یەک سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەرە،کەچی وەک پێویست یەکگرتوویی پێک نەھێناوە!. 

توێژینەوەکە چەند ناونیشانێکی لابەلای ھەیە کە بەبایەخەوە سەرنجیان لێ دەگرین و لەبەرەوە بەسەریان دەکەینەوە.. لەوانە: سنوورەکان: ئاخۆ دابەشبوون یان ھەر ناوە؟

باسی [سنوور] ناونیشانێکی ترە نووسەر ژیرانە دایناوە!..توێژەر زیرەکانە یەکێ لە پیرۆزە ناسرووشتییەکانی بەسەر کوردا داسەپاوە بۆتە دیواری قەفەزێ ناتەڵێ باڵندەکانی کوردستان بەئازادی بخوێنن نەک ھەر دەخاتە ژێر گومانەوە بەڵکوو پرسیارێکی گوماناو تەواو گرنگەوە.. نووسەر پێی وایە ئەو سنوورانە نەیانتوانیووە ھەستی نەتەوایەتی و باوەڕی کوردبوون بتاسێنن و رێگر بن لەبەردەم کوردایەتی دا!.. 

ئەو سنوورانە دەشێ خێزان و خێڵە کوردییەکانی دابەش کردبێ، بەڵام باوەڕی کوردایەتی لەق نەکردووە.

لەباشورەوە خەڵک بۆ بەھاناچوونی شۆڕش و ڕاپەڕینی باکوور چووە، لە رۆژھەڵاتەوە بۆ پشتیوانی باشوور ھاتوون، لە باکوورەوە بۆ رۆژئاوا و لە رۆژئاوا بۆ باشوور بۆ بەھانەوە چوونی رۆژھەڵات تێکۆشەران چوون..

رووداوەکانی چوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ باکوور، سمکۆ بۆ پشتیوانی شیخ مەحمود و بارزانی و حیزبی ھیوا بۆ کۆمەکی کۆماری کوردستان، پکک بۆ رۆژئاوای کوردستان و باشوور بۆ رۆژئاوا ... نموونەی بەرجەستەی زیندووی ئەم بۆچوونەن...

توێژەر جەخت لەوە دەکاتەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم ھەستی کوردایەتییە بەھێزتر بووە و جموجوڵ بەزاندنی سنوورە دەستکردەکان ھەر بۆ بەقاغبردنی شمەک نییە، بیر و ئایدۆلۆژیای سیاسیش سنوورەکان دەبەزێن.. ھەڵبەت کوردایەتی وەک باوەڕ و کردار و بیری نەتەوەیی و ھەستی کوردبوون ڕەگی لە ھەموو کوردێکدا ھەیە، کورداتەتی لە بنڕا رەتی ئەو سنوورە دەستکردانەی کردۆتەوە و باوەڕی پێیان نەبووە.. ڕەگی ناوبراو پێویستی بەخزمەت و پەروەردەکردن و پتەوکردن و دەوڵەمەندتر بوون ھەیە! تەنیا فاکتی ئایین و ئایدۆلۆژیای دەرەکی و نامۆ، بیروباوەڕ و ھەستی ھەندێ کوردی لەبار بردووە!.. 

لەنموونەیەکی زیندوو دا نووسەر زرنگانە ئاماژە بە ڕۆڵی ڕادیۆی (یەریڤان) دەکات، کاریگەرێتی بەسەر کوردی باکوورەوە، شایانی ئاماژە پێدانە کە ئیزگەی ڕادیۆی بەغدا رۆڵ و کاریگەری بەسەر بەشەکانی تری کوردستانەوە ھەبووە بەھەمان پێوەریش ڕادیۆی کرمانشان بەھەمان پێوەر!...

دیارە لە ڕووی ئەدەبیشەوە سەیری بکەین شیعرەکانی جگەرخوێن لە رۆژئاواوە بۆ بەسەر باکوور و ھەژار و ھێمن لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆسەر باشوور و پیرەمێرد بێکەس و گۆران لە باشوورەوە بۆسەر ڕۆژھەڵات و خانی و حاجی قادر و مەلای گەورە بەسەر تەواوی کوردستانەوە نموونەی تری دەوڵەمەندکردنی بۆچوونەکانی توێژەرن!..

نووسەر دەمانباتە ناو بازنەیەکی تری تەواو ھەستیار و گرنگی ھەمان باسەوە ئەویشی ئاماژەدانە بە ھەست و مێژوو و یادەوەریی ھاوبەشی سیمبۆلی و تەنانەت بەرژەوەندی ھاوبەش

یادەوریی کورد بۆ لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ سەعید و سەید رەزا و پێشەوا و کوژرانی سمکۆ و دوورخستنەوەی شێخ مەحمود و زۆر ڕووداوی تری مێژوویی ھیچ کات ھاوسۆز و ھاوھەست و ھاوبەش نییە لەگەڵ ھی تاکێکی تورک و فارس و عەرەب دا! تێڕوانی کورد بۆ دەوڵەتەکان و زاراوەی ناسنامەی تورکیایی و عێراقی و ئێرانی و سووریایی لەگەڵ ھی ئەو میللەتە سەردەستەکاندا جیاوازی ئاسمان و ڕێسمانی ھەیە !.. 

بەڵام ھاوھەستی و ھاوچارەنووسی تاکێک لە سلێمانی و کۆبانی ھاوبەشە، ھەولێر و مەھاباد ھاوبەشە، قامیشلۆ و ئامەد وەک یەکە!.. مێژوو یەکە و چارەنووس یەکە! لە تورکیا کورد لەسەر مەیل و سیمپاتی بۆ شۆڕشی باشوور زیندانی دەکرێ، لە سووریا لەسەر لایەنگریی کورد بۆ باکوور زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێ و دەدرێ ! لە ئێران ملی کورد بە پەتا دەکرێ ئەگەر مەیلداری ھەبێ بۆ باشوور ! ھتد..

لەم پانتاییەدا بیروباوەڕ و ھەستی نەتەوایەتی/ کوردایەتی بە زمان و مێژوو و فەرھەنگ و ڕۆحەوە ڕۆڵ لەو جیاوازییەدا دەگێڕن و ھەموو ئەمانەش ژێرخان و سەرخانی عەقڵی و جیھانبینی مرۆڤ/ کورد پێکدێنن!...

دەرکەوتنی کوردایەتی..

ئەم ناونیشانەیەشی دەرگا بەرووی مێژوویەکی دوورودرێژی بیری کوردایەتیدا ئاواڵە دەکات!. ئاماژە بەسەرەتای ئەم بیرە لای ئەحمەدی خانی دەدات و ڕێک باز دەداتە لای باسی شیعرێکی کامیل ژیر ، بڕگەیەکی بریتییە لە:

کاکی برا هۆ کاکی برا،              لە هەر کوێ هەی، شەنی یان گرد

من پێت بڵێم ڕاست و پەتی         بیری پوختی کوردایەتی

بیرێکە پاک و بێگەردە              هەڵگری ئاڵای نەبەردە

کوردایەتی واتا ژیان                واتا خەبات و تێکۆشان  

کوردایەتی شانازییە                بۆ بەختیاری و ئازادییە   

نووسەر پێی وایە ئەم شیعرە وەرچەرخانی دروست کردووە و تەواوی ئایدۆلۆژیای کوردی پەرچەکردارێکە بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و سۆسیالیزمی بەعس !. دەڵێ کوردایەتی لە بنەڕەتدا وای دەگەیاند کە بابەتی چین و توێژی رۆشنبیرانەبەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەناو کورددا تەشەنەی کرد!. دینامیکییەتی ئەم بیرە خێڵ و فیۆداڵ و دەسەڵاتی ئایینی کوردی لاواز دەکات و کورد بەرەو شارستانییەت دەھێنێ. سیاسەتی فەرامۆشکردنی کورد لەلایەن حکومەتەکانی ئەو دەوڵەتانەوش کوردایەتف زیاتر دەرخست.. لێرەدا وتەیەکی (دینیس ناتالی) دێنێتەوە:" کۆمەڵگە کوردییەکان زیاتر پێیان لەسەر کوردێتی یان کوردبوونی خۆیان دادەگرد لەئاست ھەوڵ و تەقەلای ڕژێمی تورکی و ئێرانی و عێراقیدا بۆ تواندنەوەیان و بەو پێیە بەخشینی مۆرکی کوردبوون بە ناسنامەی نەژادی و زمان خاک و وەک بەشێکی پێکھاتەی کوردایەتی .

لەم دحخەدا ھەردووک " ئێمە "و "خۆمان "ی شوناسی کوردی دەردەکەون. داکۆکیکردن لە کوردبوونی کەسێک لەبەرانبەر چەوساندنەوەدا بوس بە خاڵێکی بنەڕەتی و لەھەمان کاتیشدا کوردایەتی وەک مۆدێلێکی یەکخستنی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیلھامبەخشی سووککردنی ستەم و سەرکوتکردن بوس بە فریادڕەس و ماتەی ھاوکاری و یەکگرتن و دواتریش ئاسایش و ئارامی بۆ کوردە پەراوێزخراوەکان ". 

توێژەر درێژە بە لێکۆڵینەوەکەی لەسەر کوردایەتی و ئەم قۆناغەی تێیدا دەرکەوتووە و گەشەی کردووە دەدات .. ھەروەھا بۆ توێژینەوەکەی چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ خەڵکی سادەدا کردووە تاوەکوو بیروڕات شەقامیش بزانێ!.. ھەستی کوردبوون لای کورد لەھەر شوێنێ بێت ھەر یەکە . قسەیەکی سەلاحەدین دەمیرتاش دێنێتەوە کە لەسەروبەندی بیستنی روودانی کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەلەبجەدا وتوویەتی " لەو ڕۆژەدا مانای کوردبوونم بۆ دەرکەوت و تێگەیشتم کەوا کوردبوونم بەرپرسیارێتییەکی قورسە و لە ناسنامەی خۆم تێگەیشتم" . لەکاتێکدا ئەو کوردی باکوورە و دەوڵەتی عێراق نەک تورکیا ئەو تاوانەی ئەنجام داوە!..

توێژەر داکۆکی لەوە دەکات ناسنامەی کورد ئەنجامی پاسیڤبوون و بێتوانایی نیتە بەرەنگاری دەوڵەت بێتەوە! .. بەو واتایەی ھەر کە ستەم لە کورد دەکرێ بێتە دەنگ! بەڵکوو ئەم گیان و ھەستە پێش رووداوە دڵتەزێنەکان ھەبووە و دوای ئەوەش ھەر دەمێنێ !.. بەڵام ڕاستی ئەوەیە لە چرکەساتی رووداوەکاندا بە گوڕ و تەوژمتر دەبێ .. ئەمەش حاڵەتێکی سرووشتییە لە مرۆڤ دا.. 

بۆیە نووسەر دەنووسێ" ئەزموون و تاقیکردنەوە ھاوتەریبەکان و مێژووی نادادی و یارمەتیدەرن لە پێکھێنانی شوناس یان ناسنامەیەکی بە کۆمەڵدا کە کوردایەتییە و ھەستێک دروست دەکات کە پێویستە کورد پشت بەخۆیان ببەستن لە جیاتی حکوومەتە نیشتمانییەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان "..

کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر شوناس

توێژەر باس لە گرنگی قەیران و شەڕ دەکات لە بەرزکردنەوە ھەستوخرۆش، نموونەی سۆنەر کە مێردمنداڵێکی کوردی باکوورە دەڵێ: تا ئاوارەکانی عێراق لەساڵی ١٩٨٨ دا نەمزانیوە لەدەرەوەی تورکیا کورد ھەیە..

مەبەستی ڕەوەکەی دوای ئەنفالە و بەلای نووسەرەوە کارەساتی ھەڵەبجە کاردانەوەی چڕی لای کورد دروست کردووە.. بووە مایەی یەکگرتنێکی بەھێزی کوردان.. بێگومان لەھەلومەرجی ئیستا و سەردەمی تەکنەلۆژیادا ھەر ڕووداوێک لەبەشێکی کوردستان روو بدات بە خێرایی سنوورەکان دەبڕێ دەگاتە بەشەکانی تریش!!..دەمودەست ھاوخەمی و ھاوسۆزی و ھاوچارەنووسی بەدیار دەکەوێ! کوردانی دوورە وڵاتیش لە تاراوگە بێبەری نین لەو حاڵەت و پرۆسێسە !.. بنۆڕن شەھیدکردنی قاسملۆ و ڕفاندنی ئۆجەلان لەسەرتاسەری کوردستان چ کاردانەوەیەکی ھەبوو! ھەڵەبجە و سنەی خوێناوی ا کۆبانی خۆڕاگر و ئەفرینی کوردایەتی چ فاکتێکی ورووژاندن و ھەڵچوونێکی دەروونی و ھەستی کوردبوون بووە!.. 

کوردایەتی بەرەنگاریی پێشڕەوی داعش دەبێتەوە..

لەم چیرۆک و بەسەرھاتەی شەڕی کورد لەگەل داعشدا بەراوردێکی زیرەکانە دەکات و باسێکی ھەستیار دەورووژێنێ!..

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە داعش بەچکەزادەیەکی زۆڵە و باوکی زۆری ھەیە!.. بەباوەڕی بەندە ئێران و سووریا و بە ئۆتۆماتیکی عێراقیش مامانی یەکەمینی و تورکیا بەشە شێری تێیدا ھەبووە و ئەمەریکاش دنەی داوە!. ئەم شائشە ئەگەر بەدوای دەسەڵاتی خەلافەتەوە بووایە دەچوو شام و بەغدای داگیر دەکرد نەک پەلاماری کۆبانی و شەنگال بدات و جینۆساید ێەنجام بدات!.. 

ھەردوو تراژیدیای کۆبانی و شەنگال بوونە خەمی گەموس کورد و ئیستا سیمبولی بەرخۆدان و مانەوەن!.. کەچی لەبەرانبەردا تورک فارس و عەرەب خۆیان داعش و ھاوکاری ئاشکرا و نھێنی داعش بوون!.. ئالێرەدا دەپرسین چ ھاوبەشییەکی کورد جگە لەگەڵ کورددا ، لەگەڵ کێی ئەوانی! تردا ھەیە؟؟!!

نووسەر دەڵێ: گوایە ژمارەیەک کورد بۆخۆیان چووبوونە پاڵ داعش! بۆیە ناتوانین بۆچوونەکان بۆ ھەموو کورد گشتگیر بکەین!.. لەوەڵامدا دەڵێم ڕێژەی ئەو کوردانەی لەتەک داعشدا بوون و ئەوانەشی لەناوەوە ھاوسۆزی داعش بوون، ڕێژەیەکی یەکجار زۆر نزم و کەمە لەچاو ئەو سۆز و ھاوخە و پەرۆشییەی بۆ قوربانییەکی دەستی داعش ھەبوو!.. 

لەسەر تاوانەکانی داعش زۆرمان نووسیووە و گرنگە ئاماژە بدەینە ئەوەی کەوا نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکات: ئەو رووداو و کارەساتانە کوردایەتی بەھێزتر دەکەن و خاڵ و نیشانە جیاکەرەوەکانیان لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب دا تۆختر و زەقتر دەبنەوە!.. ناسنامەی کوردی یەکپارچە دەبینێ ، بە بەپێچەوانەی سەرنجێکی مارتن ڤان برونەسن کە نایەوێ ئەوە بسەلمێنێ!.. 

ئینجا باس لە چوونی پێشمەرگە لە باشوورەوە بۆ بەھاناچوونی کۆبانی لە ڕۆژئاوا دەکات بەگرنگ دەینرخێنێ!.. خۆی ئەو کاتە لە باکووری کوردستان بووە و لەنزیکەوە خۆشی و شادی کوردی باکووری دیووە بەرانبەر بەکاروانی ھێزی پێشمەرگەی بەرەو کۆبانی کەوتبوونە ڕێ!.. زۆرێک لە کوردی باشوور لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانی و شوێنەکانی تر گیانیان بەخشی لەوانە د. ڕزگار حەمەومین ئاغای برای فەتاح ئاغا و چەندانی تر!.. ئەمەش ئەوپەڕی شانازی کوردایەتی و تێپەڕاندنی ئایدۆلۆژی شتگەلێکی تری نامۆن!..

نووسەر ئەم چیرۆکە دەگێڕێتەوە و باس لەوەش دەکات ئەم تەبایی و ھاوئاھەنگی و کورداتەتی لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کەوا ھیزەکانی یەپەگە ڕاستەوخۆ وابەسرەی پککن و حکومەتی ھەرێمیش بەدەسد پارتی دیموکراتەوە و ئەو دوو حیزبە پکک و پارتی لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناتەندروستن لەگەڵ یەکتردا!.. 

بەڵام ئەمەش سەلماندی ئەگەر بێت کوردایەتی بکرێ دەتوانرێ کێشە لاوەکییەکان بکرێنە قوربانی کوردایەتی.. دۆست و دوژمنیش تێڕوانینی بۆ پێگەی کورد گۆڕا و دەگۆڕێ! 

سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی کۆبانی بۆ ھەموو کورد وەک یەکە!..  لەم کۆنتێکەدا توێژەر باسی یەکگرتوویی کورد لەوەدا دەکات کەوا ھێزەکانی حکومەتی ھەرێم و یەپەگە و پکک لەبری ئەوەی بە تورکی یان عەرەبی لەنێو خۆیاندا بدوێن بە زمانی کوردی قسەیان کرد!.کەواتە زمانی کوردیش ئامڕازێکی تری ھاوبەشی کوردایەتی کردنە!!...

نوسسەر وتەیەکی (بروبەیکەر) دێنێتەوە:" ئەم بارودۆخە بوو بە پاڵنەری " یەکگرتنێکی پتەوی نائاسایی و ھەستکردن بە توندوتۆڵێی ھاوکاری و ھەماھەنگیی بە کۆمەڵ" و گەڵاڵەبوونی ھەستی برایەتی لە کوردایەتی دا"..

لە پاش کۆبانی!

نووسەر باس لە ڕۆڵی کورد لەشەڕی شائش و گرتنی رەقە و موسڵ دا دەکات و دێتە سەر بڕیاری ڕیفەراندۆمی باشووری کوردستان! پەرچەکرداری عێراق و ئێران و تورکیا بەرانبەر بەو ھەوڵە!.. ئەم سێ دەوڵەتە ناکۆکی قووڵ لەنێوانیان ھەیە، بۆ دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان لە 16.Oktober بە ئاسانی یەککییان گرت!..و گرووپێکی کوردی ناوخۆش ھاوکاریان بوو!..

توێژەر دەنووسێ" بێگومان ترسێکی ئیزافی ھەمیشە ئامادەیە لای وڵاتانی ناوچەکە، ئەویش لە خولیا و ئاواتی ھەموو کورددا خۆی دەبینێتەوە کە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتووە"..

ئەنجامگیریی توێژەر ئەوەی تێدا نەخش بووە کوردایەتی گەشەی کردووە و بەتایبەت دوای ئەوەی سیاسەتی باننەتەوەیی کورد بەھێز بووە .. جەخت لەوە دەکاتەوە ھێز لە یەکگرتن و ھەماھەنگیدایە و ئەمەش دەبێ خاڵێکی گرنگی ستراتیژێکی نەگۆڕ بێت!.. 

دواتر جەخت لەسەر سەرکەوتنەکانی کورد دەکاتەوە و ستاتوی ھەردوو بەشی کوردستان باشوور و ڕۆژئاوا گەشبینانە دەنرخێنێ و پێی وایە لەئاستی نێودەوڵەتیدا ھەنگاوی گەورەیان ناوە..

نووسەر بە ھوشیارییەوە جەخت لە دیوە پۆزەتیڤەکەی دەستکەوتەکانی کورد لەو دوو بەشەدا دەکات و ھەمووی دەگێڕێتەوە بۆ دەستکەوتی کوردایەتی کردنی ئەو لایەنانە.

پێش ماڵئاوایی بەم دەربڕینە جوان و پڕ لە مانایە جارێکی تریش تیشک دەخاتەوە سەر چەمکی کوردایەتی وا پێناسەی دەکات:

"کوردایەتی وەک فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی ھاوکۆیی و ھاوکاری بەھێزتر دەبێت و ھانی شکۆی تاک و ڕابوونی کوردێتی دەدات و لەکاتی تەنگانەدا بانگاشەی بۆ دەکرێت وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ھەڕەشانەی لەسەر کوردن"

توێژینەوەیەکی ورد و پڕ لەزانیاری و مەیدانی بە میتۆدی زانستی لەسەر چەمکی کوردایەتی و ھێز و کاریگەریی و ڕۆڵی وەک باوەڕ و ھەست و ھەوێنی کوردبوون.. پێگە و گرنگی لە پانتایی یەک گووتاری و یەک ناسنامەیی کوردیی و ھاوکێشەی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردی دا... 

زۆر بابەتی و زانستانە و بێلایەنانە ئەم توێژینەوەیەی ئەنجام داوە لەژێر کاریگەری ھیچ بیر و قوتابخانەیەکی فیکرییدا نییە...

دۆزینەوەی فاکتەرەکانی بەھێزبوونی بنەماکانی کوردایەتی و ناسنامەی کوردبوونی نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراو لە دەوڵەت و بە پارچەکراوی کارێکی بەرزی شایستەی پێزانینە! .

خاڵێکی گرنگ ناساندنی کوردایەتییە وەک باوەڕ س دفنامیکییەت بۆ جۆشدان و یەکخستنی یەک چارەنوسسی کورد و ئاڵنگاری کردن لەگەڵ ئەوە دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستاندا بە خەتی سووری سنوورە دەستکردەکانیانەوە کە زاڵمانە کێشاویانە!... 

دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە ھەموو توانای دامودەزگا مرۆیی و سەربازی و ئابووری و ڕاگەیاندنەکانیانەوە گەلێ جارانیش ھێزی ئایین و ئایدۆلۆژی پاننەتەوەیی بوونی خۆیانەوە شەڕی کوردیان کردووە، کوردایەتی بە تواناتەکی خاكەڕایی لێ ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ھەم شەڕی ئەم ھەموو ھێزانە دەکات و ھەمیش خۆی ھەر ڕاگرتووە و ھەمیش بزوێنەری تاک و کۆ و ھێزی کوردایەتییە..

ئەم توێنەوەیە بەھەق شایانی ئەوەیە بکرێتە سەرتۆپی وتارەکانی تر و ناونیشانی کتێبەکەش ، ئاخر لەو بنەما فیکرییە دەدوێ کە زادەی ئەقڵ و رۆح و واقعی بیر و ھزری خۆڕسکی کوردییە و بە نموونە و توێژینەوەی زانستی وزە و باندۆڕی روون دەکاتەوە و پیشانمان دەدات چەند گرنگە بەم چەمک و پرنسیپەی کوردایەتی کار بکەین!...

توێژەر، بە 62. لاپەڕە لە باسەکەی بۆتەوە و 74 پەراوێزی ورد تۆمار کردووە و 55 سەرچاوەی بەکارھێناوە..

Related Articles

نووسەرە کۆنەکان