خوێندنەوەی کتێب بەشی -١- ناسیۆنالیزمی کوردی لەڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەرەوە

و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح تۆفیق چاپی مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و ھوشیاری سلێمانی - ٢٠٢١ بەرگی - ١ - ٥٤٤ لاپەڕە

هەڵۆ بەرزنجەیی. 18,1,2024

ئەگەر باسی یەکێ لە گرفتەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەین ئەوەیە ھێشتا سەرچاوەیەکی تێروتەسەلی گشتگر نییە، بەرھەمی خوێندنەوە و تۆمارکردنی ئەم ھزر و بزاڤە بێت. .

لێرە و لەوێ لە کۆنتێکسی ھەندێ بابەتی مێژوویی یاخود سیاسی دا، ئاماژەی سەرپێی بەم دیاردەیە کراوە.

کەمی سەرچاوەش جگەلەوەی بۆ خۆی دیاردەیەکی خراپ و زیانبەخشە، ھاوکات بۆتە ھۆی نامۆیی و ناشارەزایی و لێ حاڵی نەبوون و شێواوی لای خەڵک و خوێنەر بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی کوردی !. .

ئەم گرفتە لێرەدا جێی نابێتە و لێدەگەڕێین کارێکی سەرومڕ لەم ڕووەوە بتوانێ بابەتییانە و زانستانە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی و خزمەتێ بە بیر و رۆشنبیریی کوردی بکات!.

سەرەتا ڕوونکردنەوەیەکی پێویست . . بەگشتی من خۆم لە بەکارهێنانی زاراوەی ناسیۆنالیزم بەتایبەت لە فۆرم و مۆدێلی ئەوانەی داگیرکەرانی کوردستاندا باش دەپارێزم. . ئەم دیاردەیە کە مۆدێرنە پێناسەیەکی حەتمی خۆی پێداوە، جێی بایەخی من نییە. . من پتر وەک بیر و ھەستی نەتەوەیی و بە کوردییەکەی کوردایەتی ناوی دێنم و باوەڕم پێیەتی . بەڵام لەبەرئەوەی ناونیشان کتێبەکە و وتارەکان و باسەکە ناسیۆنالیزمە، بۆیە منیش ھەر ناسیۆنالیزم بەکار دێنم.

سەرەتا وەرگێڕ پێشەکییەکی خەستوخۆڵی بۆ نووسیووە و گەشتێکی وردی بەم مێژووەدا کردووە و ئەو تاوانانەی نەتەوەپەرستانی داگیرکەر لەژێر ناووناونیشانی ناسۆنالیزمدا دژ بە کورد ئەنجامی داوە ئاماژە پێ دەدات. .

ئینجا کۆمەڵێ پرسی تریش دەورووژێنێ. بۆیە لە پێشڕا دەستخۆشی لە برای وەرگێڕ و ئەم خزمەتە بەرچاوەی دەکەم. .

ئەم بەرھەمە لە 10 وتار یان توێژینەوەی جیاجیای کۆمەڵێ نووسەر پێکھاتووە. . من لەبەرەوە هەوڵ دەدەم بڕگە سەرەکییەکانی شەنوکەو بکەم. .

١- پاشخانی مێژوویی:ڕەگوڕیشەی ناسیۆنالیزمی نوێی کورد. پرۆفیسۆر مایکل ئەپەڵ

توێژینەوەکە زانستییە و گێڕانەوەیەکی مێژووی بزاڤە کوردییەکانە. .

باس لە ناوەڕۆکی ناسیۆنالیستانەی ڕاپەڕین و داواکانی شێخ عوبەیدوڵا دەکات لە ساڵی ١٨٧٨ دژ بە دەوڵەتی عوسمانی. دەنووسێ: “عوبەیدوڵا لەبارەی سەربەخۆیی کوردەوە داواکانی تەمومژاوی بوو و پاڵنەر و ڕەفتارەکانی نەریتی و خێڵەکی و فیوداڵانە بوون. لە ھەندێ بۆنەدا زاراوەی نەتەوە یان تایفەی کوردی بەکاردەھێنا و ئاواتی خۆی بۆ یەکگرتنی کورد و دەوڵەتێکی کوردی دەردەبڕی لەژێر سایە و حوکمی خۆیدا. . .

ئاماژە بە حاجی قادر و مەموزینی زانی وەک دەقێکی ئەدەبی نەتەوەییانەی ساڵی ١٦٩٥ دەکات. . واتە پێش شۆڕشی فەرەنسا و سەرھەڵدانی سەرەتاکانی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا. .

ئەوروپاییەکان پێیان وایە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکە لە ئەوروپا سەری ھەڵداوە، بۆیە ئەو بیر و ئەندێشانەی خانی بەھەند وەرناگرن!. . نووسەر پێی وایە ناتوانرێ ناسیۆنالیزم بسەپێنی بەسەر ئەم دەڤەرەدا چونکە ئەو دیاردەیە زادەی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری مۆدێرنەیە. .

وەک ئاماژەمان پێدا بەشێکی زۆری مێژوونووس و کۆمەڵناسەکان شتێک نابینن بەناوی باسیۆنالیزم لەدەرەوەی مۆدێرنە. ئەمەش حوکمێکی نالۆژیکییە و مەرامێکی سیاسی وا لە پشتەوە. . .

نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد ھەرگیز ملی نەداوە بۆ داگیرکەرەکانی و بەھەر نرخێک بێت بەرەنگاری کردووە.

کاتێ ئیسلام ھاتووە کورد بە شەڕ بۆتە ئیسلام!. . ئەگەرچی ئەمیش نەیتوانی بەتەواوی زاڵ بێت بەسەر کورددا. . باس لەوە دەکات کورد خواستی باڵادەستی و فراوانخوازی نەبووە و لەبەرئەوەی:" چونکە لەلایەن خێڵەکانەوە جموجوڵی گەورە نەبوو بە ئاڕاستەی ناوچەکانی ژیان و گوزەرانکردن لەدەرەوەی چیاکانی کوردستان، لە لایەکی تریشەوە نەھێزی خێڵەکان پەرەی سەندبوو و نە پێکھاتەی سیاسی تۆکمە و ڕێکخراو یان ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی پاڵنەری بوو".

بەواتای ئەوەی کورد لەبیری خۆیدا نەبووە و گرفتاری ململانێ و ھەراکانی ناوچەکە بووە بۆ خۆی تێنەکۆشاوە. بەم پێیە دابڕاو لەیەکتری و نەبوونی زمانی ستاندارد و ئاینێکی ھاوبەش و دەسەڵاتێکی سیاسی زیانی پێ گەیاندووە. .

دێتە سەرباسی بنەماڵەی ئەیبووبی کە توانییان لەسەردەمی ئیسلامدا دەسەڵات بگرنە دەست و سەلاحەدین ھەڵکەوت!. . بەڵام لە دەڤەرێکی دووری کوردستان لە میسر . .

دوایی باسی کێشەکانی کورد لەگەڵ تورک/ عوسمانی و شیعە و فارسی سەفەوی دەکات کە زیاتر لە سێ سەدەی خایاند باسی مەولانا ئیدریسی بەدلیسی دێتە ناوەوە و رێکەوتنی قەسری شیرینی ساڵی ١٦٣٩ ی دوای شەڕی چاڵدێرانی نێوان عوسمانی و سەفەوی. لێرەشدا کورد ھیچی پێ نەبڕا.

میرنشینەکانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی پێگە و ڕۆڵیان شیدەکاتەوە باسی داستانی قەڵای دمدم و عەبداڵ خانی بەدلیس دەکات کە چ پێگەیەکی رۆشنبیریی و پێشکەوتوو ھەبووە لەو کاتەدا. . کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند ١٦٥٦. . .

چەند کۆپلەیەک لە ناو شیعری مەموزینی ئەحمەدی خانی دێنێتەوە. .

دێتە سەرئەوەی کەوا : "لە کوردستاندا بارودۆخێک نەڕەخسابوو بۆ پەرەسەندنی بورجوازییەتێکی شارستانی یان ئەرستۆکراتی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بە گوتار و بەرژەوەندییە بان خێڵ و بان لۆکاڵ و بان میرنشینەوە".

باسی رووسیا و داگیرکاری لەناوچەکانی قەوقاز و ھاتنی ئینگلیز و کۆلۆنیالیزمەکردنی رۆژھەڵاتی ناوین و لاوازبوونی ھەندێ میرنشینی کوردی دەکات و بەدرێژی لەسەر میرنشینی سۆران دەوەستێ و باس لە خەون و ئاواتی سەربەخۆی میری سۆران دەکا تا کوشتنەکەی بەدەستی عوسمانییەکان. . دواتر میرنشینی بۆتان شرۆڤە دەکات و راپەڕینی یەزدان شێر بەشێکی تری توێژینەوەکەن. . .

دوابەشی کارەکە لەژێر ناونیسانی:«سەرەتاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد»دا نووسیووە

لەھەمووجی رووخانی دەوڵەتی عوسمانی و جەنگی جیھانیدا سەرکردەکانی کورد نەیانتوانی لەو سەردەمەدا کە نەخشەی ناوچەکە سەرلەنوێ کێشرایەوە شتێ بۆ خۆیان بەدەست بھێنن.

توێژینەوەکە ھەر لە مەودای باسە مێژووییەکان و ھەڵوێستە سیاسییەکان دا ماوەتەوە و کەمتر خۆی بۆ باسێکی تیۆریی و زانستی لەسەر ناسیۆنالیزم تەرخان کردووە. . لەگەڵ ئەوەشدا باسەکەی دەوڵەمەندە . ئەم توێژینەوەیە 70 لاپەڕەی گرتۆتەوە

@@@@@@

٢- ناسیۆنالیزمی کوردی: ڕەگ و ڕیشەکانی چین؟       ژێگەر حەسەن

ژێگەر حەسەن توێژەرێکی کوردە و لە باسەکەیدا نزیک کەوتۆتەوە لە پرس و بابەتی ناسۆنالیزم قسە لە بۆچوونی کوردی دەکات کە پێی وایە ناسیۆنالیزمی کوردی مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە ئەدەبدا ڕەگی داکوتاوە. . .

نووسەر بۆ کارەکەی پشتی بە تیۆریی ئەنتۆنی سمیت و لێکدانەوەکانی ڤان بروسن، ھیزشلەر، سترۆھمێیر بەستووە و زاراوەکانی ناسیۆنالیزم و پریناسیۆنالیزم و مۆدێرنیزم باسەکەی نەخشاندووە. . لەبەر رۆشنایی ئەمانەدا توێژینەوەکەی ئەنجام داوە.

توێژەر پێی وایە:• کە نە ڕێباز و بۆچوونی سەرەتایی و نەمۆدێرنیتەش ھەر یەکەیان بەتەنھا ناکرێت ڕاڤەی ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کوردی بکات". . کەواتە ناسیۆنالیزمی ناوبراو تایبەتە و ھیچ قاڵبێک بە تەنیا بۆی نابێت. .

پێناسەی نەتەوە لەم توێژینەوەیەدا بەرچاو خراوە، کە یارمەتی خوێنەر دەدات لە بابەتەکەدا. . جیاوازی لەگەڵ ئێتنی دا خراوەتە ڕوو بەوەی پێناسەی ئەمیش کراوە!. .

دواتر چەند نمونەیەک لە بیروبۆچوونی ئەمیری حەسەنپوور دێنێتەوە و ناسییۆنالیزمی فیۆداڵ ئەو مۆرەی حەسەنپوور لە بیرکردنەوەی شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی دەدات. . حەسەنپوور پێی وایە تاوەکو سەدەی بیستەم کۆمەڵگەی کوردی فیۆداڵ بووە، لە کاتێکدا مێژووی سەرھەڵدانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن دەگێڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم. .

ئەم باسوخواستی فیوداڵەی کۆمەڵگەی کوردیی مشرومڕی نێوان ناوبراو و مامۆستا مەسعوود محەمەدیشە و لەو بارەیەوە خوێنەر دەتوانێ تەماشای کتێبی( بۆ ئەمیری حەسەن پوور لە ھەر کوێیەک بێت)! بکات. .

دواتر گەشتیەکەی لە بیروبۆچوونە تیۆریی و بۆچوونە مێژوویی و سایکۆلۆژی سۆسیۆلۆژییەکان و دواتر بۆ جەختکردنەوە لەسەر تایبەتێتی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆچوونی ئێدمۆندز و حەسەنپوور دێنێتەوە. . ئەوجا باس لەوە دەکات کە دوای رووخانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی چەند بیرمەندێکی تر دێنە سەرشانۆی ناسیۆنالیزمی کوردی لەوانە: ئەمین زەکی بەگ و جەمال نەبەز. . نەبەز لە کتێبێکی سەربەخۆیدا جەخت لەوە دەکاتەوە "بیری نەتەوەیی نە ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایە و نە قەومی رۆژھەڵاتی" . .

نووسەر بیروڕای خۆی ھاوجووتی ھی ڤان برونەسن دەکات سەبارەت بەوەی ناکرێ بیروبۆجوونەکانی خانی بەس بێت بۆ سەلماندنی بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی. . پێشتر ئاماژەمان بە جەوھەری ئەم خاڵەدا .  .

لە بەشێکی تری توێژینەوەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ پرسی مۆدێرنە و بیروڕاکانی برۆلی و ھۆبسباوم و ئەندسن و گێلنەر . . ئەمانە بێ چەندوچوون جەختیان لەسەر ئەوە کردووە مۆدێرنە مامانی ناسیۆنالیزمە لە ڕێی چاپ و چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و پیشەسازی و سێکۆلاریزم و دەزگەی دەوڵەتەوە. .

نموونەش لە بۆچوونەکانی ئەندرسن دێنێتەوە . . ئەمانە بەتێکڕا دەیانەوێ ناسیۆنالیزم لەمێژوودا بەدرۆ بخەنەوە و لە مۆدێرنەی مارە بکەن!. . ھاوکاتیش بیکەنە موڵکی رۆژئاوا. . ھەر ئەم بڕیار و بۆچوونەشە وا دەکات د. عرفان مستەفا پێی وابێت ‘مۆدێرنە کوردی بە شەیتان کردووە. بە دیوێکی تریشدا مۆدیرنە دەستووسانە لەئاست خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ڕەگوڕیشەی دۆزی نەتەوەی کورد !.  .

ھەروەھا نووسەر چەند بۆچوونێکی سمیت دێنێتەوە كە ڕەخنەی توندن لە مۆدێرنیزمە:" مۆدێرنیزم ڕۆڵی کولتوور و زمان و سیمبۆڵ و ئەفسانە کەمدەکاتەوە لە پرۆسەی پێکھاتن و دروستکردنی گەل و نەتەوەدا". . پێی وایە بیر و تێزەکانی سمیت گونجاوترن بۆ خوێندنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. .

لەڕوانگەی سەرەتاییناسیی/ پریناسیۆنالیزم جارێکی تر دێتەوە بۆ لای کتێبێکی (حەسەنپوور و مینۆرسکی لە کتێبی ڤان برونەسن و حەسەنپوور). . پێی وایە بە چەمکی مۆدێرن کورد ھەستی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی نییە، با خاوەنی دوانەی کولتوور و زمانێکی کۆنیش بێت!.  .

لەژێر سەرباسی ئەنجام دا، نووسەر پووختەی بیروڕای نووسینەکەی داڕشتووە. . دەنووسێ :" خێڵ و ھۆزە کوردەکان هەمیشە خۆیان بە بەرپرس زانیوە لە پاراستنی خەڵک و دانیشتوان و ئەمەش بەڵگەیە بۆ خاڵێکی گرنگ ئەویش ئەوەیە کە ناسنامەی کوردی، پەرچەکردار نەبووە و بۆ مەیل و ڕەفتاری داگیرکەران، بەڵکوو بەردەوامییە بە پەیڕەویکردنی پراکتیزەی زمان و کولتووری ھاوبەش و توانای کورد".

ئەم خوێندنەوە و شرۆڤەیە نیشانە پێکە و بەدرێژایی مێژوو لە بندەستی و بێدەسەڵاتیشدا کورد ھەر گیانی بەرەنگاری تێدا بووە و دژایەتی بێگانەی کردووە و ھەوڵی خۆپارێزی داوە. . .

پێش کۆتاییھێنان بە توێژینەوەکەی ھەندێ تێزی مۆدێرنە دەداتە بەر تیشکی ڕەخنە و پێی وایە ئەو دیاردەیە واتە مۆدێرنیزم: یەکەم. . . ناتوانێ لێکدانەوە بۆ ھەستی نەتەوایەتی بکات لە پێش سەدەی ھەژدەدا. دووەم. . مۆدێرنیزم ناتوانێ لێکدانەوە بۆ ھەست و پەیوەندی سۆزداریی تاکەکەسان بکات لە پێناوی نەتەوە و میللەتەکەیاندا. .

پێی وایە لە مۆدێرنیزم و پریناسیۆنالیزم دا کەمووکورتی ھەیە .  .  .

ئەم توێژینەوە بەوە دەوڵەمەندە لە گەشتێکی باشدایە لەناو سەرچاوە و بۆچوونە تیۆرییەکاندا و بەشێکی بۆ خوێنەر لێ خستووەتە بەرچاو. . بەداخەوە سەبارەت بە کاری بیرمەندە کوردەکان کەمتر خۆی لە تخووبی باسەکان داوە و چ کارەکانی نەبەز و گەلێ لە بیر و جیھانبینی و بۆچوونەکانی مەسعوود محەمەد قسەیان لێ نەکراوە، تەنیا بەکورتی ھەندێ بۆچوونی حەسەنپوورمان پێشکەش دەکات لەکاتێکدا خوێندنەوەی حەسەنپوور لەو چوارچێوە تێنەپەڕیوە کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگییە و زەمینەی دەرکەوتنی ھیچ دیاردەیەکی مۆدێرنیزمی تێدا نییە. . .

بە کورتی دەکرا خانمە توێژەر بەڕێز «ژێگەر حەسەن» زیاتر خۆی ماندوو بکات و باسە زانستییەکەی تێروتەسەل تر بکات و زیاتر بۆ واقعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کورد بگەڕایەوە و شرۆڤەی بیروڕای شارەزایان و بیرمەندانی ئەم بوارەی بکردایە!.  .  .

باسەکەی ئەم توێژەرە 41 لاپەڕەی گرتۆتەوە. .

§§§§§§§§

 

٣- شێخ مەحموود. . سەرھەڵدان و شکستی سەربەخۆیی باشووری کوردی لە کوردستانی عێراقشا، پاش جەنگی جیھانی یەکەم

وەدیع جوەیدە

ھەڵبژاردنی ئەم باسە و بەدواچوونی لەو سەردەمە ئاڵۆزەی داڕمان و ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی یەکەم جەنگی جیھانی و ھاتنی گەورەترین ھێزی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز بۆ ناوچەکە و لە ئاستێکی باڵاتریشدا سەردەمی بزاڤی نەتەوەیی و گەرمەی ناسیۆنالیزم و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر شانۆی جیھان و بڵاوبوونەوەی بەندەکانی ولسۆن و زۆر گەشە و پێشکەوتنی تریش بایەخ و سەنگی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە بەپێزە زیاتر دەکات!.  .  .

لە ڕاستی ئەم لێکۆڵینەوەیە زۆر بابەتی و زانستییە و نووسەر بە دەستپاکانە و تەواو بەدیقەت و بەوردی پانۆڕامایەکی ئەو رۆژگارە ئاڵۆز و تژی لەباس و رووداوی ھەڵبەز و دابەزی ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانییەمان پێشکەش دەکات .  .

باسەکە لە دووتوێی 71 لاپەڕەدا خراوەتە روو کە نووسەر پشتی بە 136 سەرچاوە و پەراوێز بەستووە. . . وەرگێڕ ھەموو پەراوێزەکانی کردۆتە کوردی و بیۆگرافیایەکیشی بۆ نووسەر ئامادە کردووە.

دەبێ پێشەکی ئەوە لای خوێنەر روون بێت، ئینگلیز پێش ئەوەی بێتە ناوچەکەی ئێمەوە ساڵی 1916 لەگەڵ فەرەنسییەکاندا ڕێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ)یان لە نێوان خۆیاندا مۆرکردووە بۆ دابەشکردنی سەرزەمینی دەوڵەتی عوسمانی وەک میراتێک بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و کێشانی سنوورێکی سیاسی بۆ ناوچەکە کە بەرژەوەندی کوردی تێدا ڕەچاو نەکرا!. . . لە دەستگەیەکی گرنگی وەک دەوڵەت بێبەش کرا و بەزۆر کرایە چوار بەشەوە و بەخشرایەوە بەسەر دەوڵەتە تازە دروستکراوەکان دا! بەواتایەکی تر جانتای دیبلۆماسی و نەخشەی ناو ھەگبەکەی ئینگلیز و فەرەنسا ھیچی بۆ کورد تێدا نەبووە!.  .

باسەکان باسی پێشڕەوی ئینگلیز بۆ ناوچەکە ھەر لەسەرەتاوە پەیوەندییان بەسەر ھۆزەکانەوە کردووە و سۆزیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و کاریان بۆ بکەن. . . دیارە ئینگلیز خاوەنی زیاتر لە 200 ساڵە مێژووی داگیرکاری بووە و وڵاتێکی پانوبەرین و فرە گرووپ و ئێتنیکی وەک ھیندستانی لەژێر دەست دابووە. . کە ھاتۆتە ناوچەکەوە ھێشتا تورک ھێز بووە و کاریگەریی لەسەر دەڤەرەکە ھەبووە و پرسی ھاوئایینی ئیسلام فاکتێک بووە بە سوودی تورک لەمەیداندا کاری کردووە!.  .

لەمەودای باسی پەیوەندی ئینگلیز بە ھۆزەکانەوە ناوی ھۆزەکانی باجەلان و تاڵەبانی سنجابی دێ . ئینگلیز وەک ھێزێکی نوێ و براوە لە شەڕ و ھەڵگری پەیامی ئاوەدانی و بونیاتنانەوە و پشتیوانی گەلان، سۆز و ھەستی زۆری خەڵکەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. .

شێخ مەحموود وەک نوێنەری سەرەکی کوردی باشوور و رۆژھەڵاتی نیشتمانەکەی، ئەم بیرکدنەوەی کە ڕەھەندێکی نەتەوەیی ھەیە گرنگە و دواتریش داوای ئەوە دەکات کوردی ئەوبەر سنوور بەشداری حوکمدارییەکەی بن، لێ ئینگلیز زۆر دژ دەبێت . شێخ ھەوڵی داوە لەسەر زەمینەیەکی تۆکمە و تەندروست کار لەگەڵ ئینگلیزدا بکات . . ئینگلیز سەرەتا دڵخۆش بوون، دواتر ویستوویانە ملکەچی مەرامەکانی خۆیانی بکەن، شێخیش ئامادە نەبووە. . بەم پێیە کێشمەکێشی سیاسی و شەڕ دروست بووە و جارێ شێخ سەردەکەوێ و دواجار ئینگلیز .

نووسەدر ئاماژە بەوە دەدات سیستەمێکی خێڵەکی لە کوردستاندا کارا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شێخ وەک نوێنەری دۆزێکی نەتەوەیی لە خۆی دەڕوانی و لە نامەکانیدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئینگلیز « داوای دەکرد کوردستان لە لیستی گەلانی رزگارکراو دەرنەکرێت»!!

مێجەر نۆئێڵ کە بەوە ناسراوە دۆستی کوردبووە، دێتە سلێمانی ئەرکی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی پێسپێردراوە. .

جوەیدە باس لە سیستەم دەکات ساندیمان و برووس یان مەلیکی کە دوو ئەزموون بوون ئینگلیز لە ھندستان پێڕەوی کردوون و ڕایگوێزابوون بۆ کوردستان، لێرە شکست دەخۆن.

لە 1. 12. 1918 سێرئەرنۆڵد ویڵسنی دەچێتە سلێمانی و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ئامادەبوونی سەرۆکی 60 سەرۆک ھۆز کە بەشێکیان لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتبوون لە ناوچەکانی سننە و سەقز و ھەورامانی تەختەوە ھاتبوون گفتوگۆ دەکەن و شێخ بەسەرۆک ھەڵدەبژێرن. دیسان ئامادەبوونی ھۆزەکانی رۆژھەڵات لەسەر پێداگری شێخ بووە و ھاوکات ئاماژەی ڕەگەزێکی نەتەوەییە لە بیرکردنەوەی شێخ دا و ئەو دەسەڵات و حوکمدارییە ھەیبووە.

لە کۆبوونەوەی ناوبراودا وەک نووسەر جەختی لەسەر دەکاتەوە دوو بۆچوون ھەبووە:

١- ھەندێ ھۆز وا خۆیان نیسان دەدا کەوا دەسەڵاتی بەریتانیایان لا پەسەندە

٢- ھەندێکی تریان داوایان دەکرد کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن لەندەنەوە بەڕێوە ببرێ

ویڵسن دەڵێ: ھەندی لەسەرەک هۆزەکان بە دزی پێیان وتووە دەسەڵاتی شێخیان پەسەند نییە. . بەڵام دواجار ڕێکەوتنامەکە لەلایەن 40 سەرۆکەوە مۆرکراوە. . .

دەمودەست شێخ و سەرۆکە ھاوڕێیکانی وەک نوێنەری کوردستان بەڵگەنامەیەک دەدەنە حکومەتی بەریتانیا. . دواتر چەند نامەیەک لەنێوان شێخی حوکمداری کوردستان و ویڵسن دا ئاڵوگۆڕ دەکرێ!. . لەیەکێ لەنامەکانی شێخدا ھاتووە:“داوا دەکات ئەفسەرە بەریتانییەکان بکرێنە بەرپرسی ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەت بن و وەکوو مەرجیش داوای کردووە لە خوار ئەوانە کاربەدەستی کورد نەک عەرەب دابنرێ“ !.  .

نووسەر باس لەوە دەکات کەوا نوێنەری ھۆزەکانی رۆژھەڵای کوردستان بەفەرمی داوایان کردووە ببنە بەشێک لە حکوومەتە سەربەخۆکەی کوردستان، بەڵام بەریتانیا دژ بووە. . گەر بھاتایە ئەم داوایە قبوڵ بکرایە ئەگەری بەھێزبوونی حکومەتەکە زۆر دەبوو. رەنگە لە دوارۆژدا ھۆزەکانی تریش داوای ئەوەیان بکردایە ببنە بەشێک لەدەسەڵاتی کوردی! ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکی گەورەیی نەتەوەیی دەبوو، ئەرکی ئازادیخوازی کوردی ئاسانتر دەکرد!.  .  .

دوای ئەم پێکھێنانە، ھەتا دەھات دەسەڵاتی شێخ و حکوومەتەکەی بەھێز دەبێ و ھۆزەکان لەدەوری کۆدەبنەوە! شێخ وردە وردە گوێی بە ھەموو فەرمانێکی بەریتانیا نادات!. . کاروبار بەم شێوە بەڕێوە دەچوو. . ئەم دەسەڵاتە کوردییە ڕەخنەی توندی لەسەر ئەوە لێ دەگیرێ، لەم میانەی دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان بەشێکی زۆری دەداتە خزموکەسوکاری خۆی! . . دیاردەی گەندەڵی سەری ھەڵدابوو! بەم جۆرە نیگەرانی خەڵکی لێ کەوتەوە و لەولاشەوە ئینگلیز نیگەران بوو لەوەی شێخ لەخۆی گۆڕاوە و بۆتە جێی مەترسی! بەدوای بیانوودا دەگەڕان سزای شێخ بدەن و وەک نووسەر ئاماژەی پێداوە مێجەر سۆن حاکمی شار زۆر ڕقی لەشێخ بووە. .

ھەبێ و نەبێ لەھەوڵە کوردستانی و فراوانخوازی و بەھێزکردنە خودییەکانی شێخ ناڕەحەت بوون و شێخ ھەموو شتی بەدڵی ئەوان نەکردووە!! وەک لە باسەکەدا ھاتووە گوایە شێخ پرسی دیموکراسی کردۆتە قوربانی پرسی نەتەوەیی، ئەمەش بەڵگەیەکی بەھێزە کەوا شێخ لەخەمی دۆزە نەتەوەییەکەیدا بووە و ئینگلیزیش خۆشییان بەم ھەوڵ و تێکۆشانە نەھاتووە!. و دوور نییە شێخ ھەواوخەیاڵی ترشی لە مێشکدا نەبووبێ، بەقازانجی بەھێزبوونی دەسەڵاتەکەی . لەم بارودۆخەدا پەیوەندی حکومەتەکەی شێخ و بەریتانییەکان تێک دەچێ .

ئینگلیزەکان ھێندە ناڕەحەت دەبن و شێخ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە شێتە یان منداڵە!. . ھەوڵ دەدەن لەکەداری بکەن و ناوبانگی بزڕێنن .

کرۆکی بیرکردنەوە و ئامانجی شێخ ئەوەبووە کوردیش وەک گەلانی ناوچەکە بێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی! ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی پلان و نەخشەی ئینگلیز بووە! ئیدی گرژی و ئاڵۆزی و لێکتر حاڵی نەبوون سەری ھەڵداوە. .

نووسەر دەڵێ : شێخ لەسەر بنەمای ناووناوبگی بنەماڵەکەی پێگەی بەھێز بوو! باپیری گەورەی شێخ مارفی نۆدێ زانایەکی گەورەبووە! حاجی کاک ئەحمەدی شێخی باپیری شێخێکی گەورە بووە! باوکی شێخ سەعید لە ھەرای موسڵ گیانبەخت دەبێ! ھەڵبەتە خۆیشی ڕێچکەگری ئەوان و گیانی کوردایەتی تێدا زۆر بەھیز بووە بەدوای خەونی

ھێنانەدی ئاواتی نەتەوەکەیەوە بووە. . شێخ ئاگاداری گۆڕانەکانی جیھان بووە، دڵی بە 14 خاڵەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ویڵسن و مافی چارەنووسی گەلان خۆش بوو. . ئاگاداری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بووە و ھاوکات بەچاوی خۆی بزاڤی پان ئیسلامی عەرەبی و تورکی دەبینی! ئەمانە ھەموو کاری تێدەکەن و ئەویش دەیەوێ لە خزمەتی کوردایەتی دوانەکەوێ!!

ئینگلیز ھەوڵ دەدەن دەسەڵاتی کەمکەنەوە . . گرژی ڕووداوەکان بە ئاستێک دەگات شێخ ڕازی نابێ و پەلاماری ئینگلیزەکان دەدات و شاریان لێ پاک دەکاتەوە!. . لە یەک قۆناغی گرژییەکاندا ئینگلیز دەشکێ و شکۆی ئیمپراتۆرێتی بەریتانی دەرووشێ، بەڵام لە دووەم گەڕدا بەھێز و سوپایەکی گەورە دێنەوە شێخ دەبەزێنن و 48 لە سوپاکەی گیان بەخت دەکەن و لەدەربەندی بازیان بەبرینداری لەگەڵ 100 کەسی تردا دیلی دەکەن!. .

سزاکەی سەرەتا بە لە سێدارەدان دەدەن و پاشان بۆی دەکرێتە زیندانی ھەتاھەتایی و دواجار بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ ھیندستان دەدەن. .

نووسەر ھۆکاری شکستەکەی شێخ دەگێڕێتەوە بۆ: لاوازی ڕێکخستن و ناتەواوی سەرچاوە و دەرامەتی ژیان! کەمی و سادەیی چەک و تەقەمەنی و نزمی ورەی سوپاکەی بەھۆی نادڵسۆزی بەشێکی زۆری ئەوانەی لەگەڵی بوون!. . لەھەقەتیشدا بۆ دەسەڵاتێکی بچووکی وەک حکومداری شێخ سەخت بووە، شەڕی شکۆی ئینگلیزی گەورە ھێزی کۆلۆنیالیستی جیھان بکات!. .

نووسەر دەنووسێ: "ھەڵبەت کاتی زۆر دەوێ بۆ کورد لەتەواوی ناوچەکەیاندا کە جیاوازییان بخەنە لاوە و کینە و ناحەزییان بەرانبەر بەیەکتر لەبیر بچێتەوە بۆئەوەی لەدژی نەیاری دەرەکی یەکگرن". .

ئەوەش ھەقیقەتێکی بەھێزی تێدایە، چونکە دواتر زۆر سەرەک ھۆز لەلایەن ئینگلیزەوە بە پارە لە شێخ ھەڵگەڕانەوە وازیان لە پشتیوانیکردنی ھێنا! دەبێ ئاماژە بەرۆڵی( مەحمودخانی دزڵی مەحموود خانی کانی سانان و کەریمی فەتا ح بەگ) و چەند سەرەک ھۆزێکی بدەین کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پشتیوانی دەسەڵاتی کوردبوون . . تەنانەت مەحمود خانی دزڵیش وەک شێخ بۆ ھندستان دوورخاوەتەوە!. .

لەم خوێندنەوەیەدا تێدەگەین دڵسۆزانی شێخ جگە لە موریدەکانی خۆی کەم بوون لەچاو تەواوی میللەتدا لە باشوور. ئینگلیزەکان ھەموویان ئاماژە بەم خاڵە دەکەن!. . ڕەنگە شێخیش توانای پێویستی نەبووبێ بۆ مامەڵە لەگەڵ ئینگلیزدا و تورکیش لەولاوە بەردەوام ھەوڵی ئاژاوە نانەوە و ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی داوە! با لەبیرمان نەچگێ دۆخی گەلانی تری ناوچەکە لە ھی کورد باشتر نەبووە، بەڵام ئەوان (لۆڕانس)یان بۆدروست کردن و کوردیش (بێل و کۆکس) تاسەر ئیسک کەوتنە دژایەتی !. . بۆنموونە کاتێ فرۆکەکانی ئینگلیز سلێمانی بۆمباران دەکەن بێل لە خۆشیدا بۆ مەرگی شێخ شایی گێڕاوە و بروسکەی ناردووە وەک هەواڵێکی خۆش بۆ دایک و باوکی !.  .

باسەکەی وەدیع جوەیدە لە چوارچێوەی مێژوودا ماوەتەوە و دوورە لە ھەموس باسە تیۆرییەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزم و شرۆڤە و پێناسەی ئەم دیاردانە و ڕاڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی ناسیۆنالیزمی کوردی . . لەگەڵ ئەوەدا باسێکی بەپێز و چڕ و بەسوودە و مادبوونێکی زۆری نووسەری پێوە دیارە. .

§§§§§§

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu