کاک "فەتاح ئاغا" خاوەن فیکر بوو... بەشی٢ـ٢

کاک "فەتاح ئاغا" خاوەن فیکر بوو... بەشی٢ـ٢

 

ئەو کەسانەی ناتوانن ھۆشیاری بگۆڕن دوورن لە پێشکەوتن" بردنادشۆ

                                                           هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٠٢٤/٤/٢٠ 

ھەربۆیە لەپاش قوڵبوونەوەی فیکریی و تاوتۆکردنی تێکڕای بزافەکانی کورد، لە ھەموویشی گرنگتر شەنوکەوکردنی پێگە و ھەڵکەوتی بەھێز و دڕندانە و نامرۆڤانەی داگیرکەر و بێ مۆڕاڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی، جەخت لەسەر جۆرایەتی/ کوالیتێتی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە پێشمەرگایەتی بەلایانەوە ناونیشانێکی گیانبازییە.. ئەوانەی ئەم چەکی بەرگریی و نامووسە بەدەست دێنێن، نموونەی باڵای شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازیین. بە واتایەکی تر ھەر بەتەنیا چەک لەشان کردن گرنگ نییە، بەڵکوو دەبێ بزانی بۆ و لە پێناوی چیدا پێویستە چەک لەشان بکەیت و بۆ چ ئامانجێک دەتەوێ بەکاری بھێنیت؟.. کە چویتە ریزی خەبات و شۆڕشیشەوە ھوشیار بیت و ھەموو ئەگەرەکانی بەردەم بزاڤی نەتەوەیەکی بندەست، بە ئەرێنی و نەرێنییەوە ! لەبەرچاو بگرییت و باش لە سەختی ڕێگاکەش حاڵی بووبیت... وەک تاکێکی ھۆشمەند و بەئاگا نوێنەرایەتی گەلێکی ستەملێکراو بکەیت..

ھەموو ئەم پێداویستییانەی دروستکردنی کەش و ژینگەی ھوشیاریی و بارگاوی بە زانین و زانیاری کە بەهۆی پەروەردەوە ئەنجام دەدرێ و کادێرێکی ئازادیخوازی شۆڕشگێڕی خاوەن پرنسیپی لێ دەخوڵقێ، ئامڕازی سەرودەر دەرچوونن لە دۆزە ئاڵۆز و فرەرەھەند و جەمسەرە داخراوەکانی دۆزی تاقانەی کورد.. ئەم دروشمە پەلکێشیمان دەکات بۆ ڕابووردوویەکی تایبەت و دەمان گێڕێتەوە بۆ لای چیرۆکی ڕاستی و دروستی ئەو بڕیارەی سەرکردایەتی پاسۆک لەسەرەتای دروستبوونیدا لە ١١ی ئەیلوولی١٩٧٥داویەتی. 

بە وتەی کۆنفشیۆس:  لە ژێرکەوتندا هەزاران وانەی لێوە فێربوون هەیە و لەسەرکەوتندا تەنیا یەک وانە هەیە”. 

پاسۆک بڕیاری وا بوو بەو ڕێباز و نەخشەڕێیەی سەرێ، بۆ ماوەی 10 ساڵی ڕەبەق هەر خەباتی سیاسی بکات و خەریکی خۆپەردوەردەکردن و خۆچەکدارکردن بێت. تا ھەم لەناوەوە لەسەر ئەو زەمینەیەی ئامادە دەکرێ و خۆش و دروست دەبێ و بۆ شۆڕشکردن تۆوی تێدا دەچێندرێ، کورد بە تەواوی ھۆشیاریی و هێزی چەکداری بە مەعریفە و ڕۆحی خەبات بچێتە نێو کۆڕی گەرمی خەباتی نەتەوەیی رزگاریخوازانە و ھەمیش وەک پێشمەرگە و گیانبازێکی قاڵبوو بە باوەڕی پۆڵاینەوە خۆڕاگر بین بەرانبەر سەختی خەبات و دەرفەتە تاسێنەرەکان.

گەر سەرنجێکی خێرای بەشێکی زۆری ماڵوێرانییەکانی دوای هەرەس تا ئیمڕۆی دۆخی باشووری کوردستان بدرێ، بە سیما ھەرە قێزەون و نەفرەتییەکەی براکوژیی دوێنێمانەوە تێدەگەین و دەزانین بەھا و گرنگی ئەم بۆچوونانەی پاسۆک چەندن و لە چیدان و لە کوێدایە؟!...  بە دەربڕینێکی تر ئەگەر بھاتبایە بەو پێودانگ و پێوەر و نۆرم و سیفەتانەوە تاکی پەروەرکراوی مەشقدراوی چەکدار بە بژێوی کوردایەتی و دڵ و دەروون تژی بە خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمان ئامادە بکرایە ، کە هەموو ئان و ساتێک لەبیری بێت ئامانج و ستراتیژی کامەیە و تێگەیشتبێ بۆ چەکی لەشان کردووە، بەرانبەر بە کێ بەکاری دێنێ و چ دەسەڵاتێکی داگیرکەر و دوژمن بە کوردی پێ ڕادەماڵێ و هەرگیزاوهەرگیز نابێت و تابووە بە ڕووی کورد و ھاوخوێن و ھاوسەنگەرەکەیدا بەرزی بکاتەوە، هەروەها چۆن دەتوانێ خۆڕاگرانەتر بەربەرەکانی بکات، بۆ چ خەونێکی پیرۆز ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی کوردستان گیانبازی بە ژیانی خۆی دەکات...ئەو کەسە دەبێتە ئەو شۆڕشگێڕە ڕاستەقینە نموونەییەی کە بە دروستترین و تەندروسترین ڕێباز و بە کەمترین زیان و قوربانی ڕوومەت و ئابڕوی پاراستنی پاراستنی وڵات لە ئەستۆ بگرێ و دەتوانێ هیوا و ئاواتی نەتەوەیەکی بندەست و نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراو بهێنێتەدی.  ئەرستۆتالیس وتەنی: “ڕاهێنان و پەروەردەکردنی ئەقڵ بە بێ ڕاهێنان و پەروەردەکردنی دڵ پەروەردە نییە“. 

بۆ خزمەتکردن و سەرخستنی کوردبوون لە هەر کوردێک داوا دەکرێ هەردوو ئۆرگانەکەی بوون و جەستە، مێشک یاخود ئەقڵ و دڵی بە دروستی بخاتە گەڕ. ئاخر پێشمەرگەیەک بە باوەڕ بێ بیرەکەی بیرێک بێت لە ناخی نەتەوەی کوردەوە ڕسکابێ دەبێت بۆ خزمەتی ھەمان ئامانج بژی و ببەخشێت.واتە چۆن ڕێگە دەدات زەبروزەنگ و چەک بەڕووی تاک و گرووپی کوردیدا بەکار بھێنێ.گەر وای کرد! ئەدی ئەودەم مەودای جیاوازی نێوان سەنگەری خەباتی ڕزگاریخوازی و سەنگەری خۆفرۆشی چەند دەبێت؟.

ئاشکرایە بەرنامە و بیرۆکەیەکی لەم چەشنە وەک پێداویستییەکی مێژوویی، نەتەوەیی، سیاسی ، سەربازی و بۆچوونێکی گردەبڕ و ڕاشکاو و وا قووڵ و ستراتیژیی بۆن و بەرامەی لە ھیچ شوێن و ھەوارێکی تر دەست نەکەوتووە تەنیا لای هاوبیرانی نەتەوەیی نەبێت. ئەمەش دەری دەخات کە لەو سەردەمە جەنجاڵەدا، بەتەنیا خۆی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستییەیە بووبێتە هۆکار و مامانی لەدایکبوونی ئەم دروشمە زیندوو و میکانیزمییە.کاتێکیش پاسۆک دەبێتە پێشەنگی ھەڵگرتن و بڵندکردنەوەی ئەم دروشم و بیروباوەڕە و ئامادەکاری دەکات بۆ پێڕەوکردنی ئەم دروشم و ڕێبازە، ڕاستەوخۆ بەھا و سەنگی کاریگەرێتی فکریی و سیاسیی بۆچوونەکانی کاک فەتاح زیاتر دەدرەوشێنەوە... بە وتەی carl. G. Jung

“لە کوێدا عەقڵ و ژیریی سەردەستەیە،ناکۆکی لە نێوان بیرکردنەوە و هەستدا نییە“ 

کوردایەتی دەڤەری شارباژێر بەشێکی ھەرە زۆری ھێشتا سێبەری قورسایی کاریزمایی کاک فەتاحی لەسەر نیشتووە و ئەمەش لە ڕەوتی مێژووی گەشەکردندا دەمانباتەوە بۆ بەرجەستەبوونی ڕۆڵی تاک و سەرکردەی ھەڵکەوتووی مێژوو. لەنێوان بیری کوردایەتی و بیری مارکسایەتی و تەوژمی ئایینیدا . ئەگەر نیگایەک لە نەخشەی واقعی کوردستان بگرین دەبینین زۆر دەڤەر بەھۆی ھەندێ کەس و بنەماڵەوە سیمایەکی ئەو دیاردانەی سەرێی وەرگرتووە.. مەڵبەندێکی وەک قەراخ مارکسی زۆری لێیە! خۆ بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاغایەکی وایشی لێ نییە و نە کورد توانیویەتی کارخانەی لێ دروست بکات و نە داگیرکەر بە پیشەسازیکردنی کوردستان هەڵساوە و پرۆلیتاریاش تێیدا شێوە قاتییە! ھەڵەبجە و شارەزووریش بە بۆنەی هەندێ بنەماڵەوە ڕەنگوبۆیەکی ئایینی پێوە دیارە، شارباژێریش کوردایەتیی شەقڵی بیری کاک فەتاحی پێوەیە، کە زۆری تۆوەکەی خۆی چاندوویەتی...

بەڵگە زۆرە بیسەلمێنێ کاک فەتاح ئاغا ھەر بەتەنیا فەرماندەیەکی سەربازیی و قارەمان و چاونەترس و گیانبازێکی بێ وێنە نەبووە، بەڵکوو هاوسات پێشمەرگەیەکی سادەی خاکەڕای کورد، تێکۆشەرێکی دەست و دەم پاک و گیرفان بەتاڵی بێنیاز و لەخۆبووردوو، مامۆستایەکی ماندوونەناسی پەروەردەیی خاوەن ڕێباز، ئەقڵێکی تژی لە فیکر و ڕابەڕێکی ھزرمەندی دیار و کەسایەتییەکی سەنگین و ڕێزلێگیراوی کۆمەڵایەتی و پێشمەرگایەتی و شارستانێتی و تەنانەت خوێنەوارێکی بە ئاگای و رۆشنبیرێکی گەورەی سەراسوێی خوێندەواری و زانست و مەعریفە بووە و دۆست و پشیتوانی شاعیر و ئەدیب و ڕۆشنبیرانیش بووە.. ئاشنایی لەگەڵ قوتابخانە فیکرییەکان ھەبوو و بەردەوام سۆراخی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و بابەتە زانستییە نوێیەکان کردووە... ئاگاداری فکر و سیاسەتی نێودەوڵەتی ھاوچەرخ بووە... سەرچاوەکانی پێ گەیشتووە ..پێشمەرگە بووە و کۆڵی لە فێربوون نەداوە و بۆتە خوێندکاری زانکۆ ، لەوەش زیاتر ھانی دەوروبەرەکەی داوە، ھەمان رێچکە بگرنە بەر و لەو گەشە و گۆڕان و پێشکەوتن و سەرچاوانە ئاگاداری کردوونەتەوە..

ئەبرەھام لینکۆلین دەڵێ: " پێم دەڵێن ئەگەر دیلێکی نووستووت دی لە خەو هەڵیمەستێنە ، لەوانەیە خەون بە سەربەستییەوە ببینێ، منیش پێیان دەڵێم : نەخێر کە دیلێکم دی نووستبوو، بە ئاگای دێنمەوە و باسی سەربەستی بۆ دەکەم"..

کاک فەتاح لەم کۆنتێکسەدا، کتومت وەک لینکۆلین بیریی کردۆتەوە.. بۆ بێدار و نووستووەکان باسی ئازادی و سەربەخۆیی و مافی نەتەوەیی کوردی کردووە. گەورەیی و بیرمەندیی ڕەفتار و گوفتاری کاک فەتاح لای ناحەز و نەیارەکانیش شتێک نییە نکۆڵی لێ بکرێ... تۆ لە کۆمەڵێ ھەستی پەستی تێکشکاو و ئەقڵ گێڕ بگەڕێ، ھەروەک وتەیەکی فەرەنسی دەڵێت: "بەدناوکردن و سووککردنی خەڵکی چەکی نامەردانە". دەنا لە دەرکەوان و مەلایەکی گوند و موختاری گەڕەکێک و پێشمەرگەیەکی ئاسایی و بەرپرسێکەوە تا رۆشنبیران و سیاسییە ھەر دیارەکانی کورد بگرە بە ڕابەرەکەی شۆڕشی ئەیلوولیشەوە "بارزانی" نەمر، بەڕێز و ستایشەوە ناوی (کاک فەتاح)یان ھێناوە، بەشێکیان شیعر و پەخشان و وتاریان لەسەر نووسیووە و لە بیرەوەرییەکانیاندا جوامێریی و لێهاتوویی ئەومان بۆ دەگێڕنەوە. مامۆستا شێرکۆ بێکەس لەمەڕ کاک فەتاحەوە دەڵێ: 

“له سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوولیشدا، له نێو ئەو دارستانەدا، له نێو چەندین سەرکردەی سیاسیی و سوپاییدا، بێ سێ و دووکردن دەڵێم: شەهید فەتاح له زۆربەی هەرەزۆریان چرای عەقڵی گەشتر و ورە و زاتی بەتینوتاو تر و توانای رێبەریکردنی گەورەتر بوو“ .

هەروەها لە پەخشانەشیعرە بەناوبانگەکەیدا بەناوی " پڵنگە کەڵەگەتەکەی شۆڕشی ئەیلوول" وەک ئێمە دەرکی بەو ڕاستییەی چرای گەشی فیکریی کردووە و لە کۆپلەیەکدا، ئەم خەسڵەت و لایەنەی کاک فەتاحی بەرجەستە کردووە و دەڵێ: 

شەھید مامۆستا بوو

گوڵدان بوو بۆ زانین

ڕێگا بوو بۆ حەرف

چرا بوو بۆ پۆل و ئاوات بوو بۆ دواڕۆژ

شەھید کە پێشمەرگە بوو

ئاگر بوو بۆ چەک و

خوێن بوو بۆ سەنگەر و 

ئاوەزێکی ھەمیشە ڕۆشنیش بوو

بۆ ڕێبەری کردن...

کەواتە، سڵاو لە چرای ڕۆشنی بیری کاک فەتاح و هاوبیرەکانی.  هیوادارم ڕۆژێ بێت پەیکەرێکی لە قەڵەم و چەک بۆ دروست بکرێ و لەسەر قووتەی ئەزمەڕ دابنرێ و بڕوانێ : 

سێبەری شکۆ بە ڕووی شارباژێڕدا،

چاو و نیگا ڕوو لە سلێمانی،

دڵ و مێشک و باوەڕ بۆ کوردستان

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu