ئەڵمانیا و چەکفرۆشتن بە تورکیا. . . . هەڵۆ بەرزنجەیی

کوێرەوەری پرسی کورد هەر لەوەدا نییە بە تەنیا شەڕی بوونی بەرامبەر بە چوار دەوڵەتی داگیرکەر دەکات، بەڵکو ئازار و سوێکەی لەو شوێنەدا زیاتر قووڵ دەبێتەوە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دوای ئەو هەموو تراژیدیایەی بەسەر کورد دا هاتووە، هێشتا لە چاوی بەرژەوەندی ڕووتەوە لەم کێشەیە دەڕوانێ و ئامادە نییە بە دروشم و پرنسیپەکانی مافی چارەنووس و مافی مرۆڤ و ویستە دیموکراسی و پێشکەوتنەکانی سەردەمی گلۆبالیزم ـ کە خۆی بانگاشەی بۆ دەکات ـ کار لەتەک کورد دا بکات و لەمپەڕیک بۆ ئەو سیاسەتە دڕندانەی دەرهەق بە کورد لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە پێڕەو دەکرێ، دروست بکەن و ئەو دروشمانەی بانگاشەی بۆ دەکەن، بۆ میللەتانی بندەستیش بەکاری بەرن. هاوکات بیسەلمێنن کەوا ڕێز لەو هەموو قوربانی و ئازارەی کورد دەگرن، کەوا بۆ ساڵانێکە لە بری جیهان دەجەنگێ لەدژی دڕندەترین و تاریکترین هێزی سەدەی بیست و یەک. کورد جەنگێک دەکات بە پێشمەرگە و شەڕڤان، کە کوڕ و کچی ڕۆڵەی کوردن، داستان تۆمار دەکەن و گەورەترین سەروەری مێژووی سەدەی بیستەم دەنووسنەوە. ئەوە کچانی کوردن، هێزی (داعش)ی دڕندەیان هەڵبڕیوە. ئەوە کوڕانی کوردن ئەفسانەی داعشیان تێک شکاندووە. داعش ئەو هێزەی خەونی بەشێکی جیهانی زڕاندبووە / زڕاندووە.

دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی دوێنێ و دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمڕۆ، لە ئاست تراژیدیای کورد دا، نابینا و گوێ ئاخنراو و زمان لاڵ و بڕاون. هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵوێستە شەرم هێنەرەش ڕایەڵی توندوتۆڵی دەوڵە داگیرکەکانی کوردستانە وەک بازاڕی ساخکردنەوەی کەرەسەی بەم دەوڵەتانە. هاوت ئەوەیە کوردستان دەوڵەت نییە. ئێمە لەم ڕیال پۆلەتیکە دەگەین.

هەڵوێستی ئینگلیز بە پلەی سەرەکی و فەرەنسا پاش ئەو دیار و زانراوە. رووسیا و ئەمەریکاش دەستی ڕەشیان لە چارەنووسی کورد گێڕاوە. ئەڵمانیاش سەدەیەک زیاترە ڕۆڵێکی نەڕێنی دەگێڕێ و لە زۆر قۆناخیشدا، بەداخەوە دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد لە بوون و هەبونیدا وەستاوەتەوە.

باس لەوە ناکەین چۆن ژەنەڕاڵ و سوڵتانەکانی عوسمانی و کەمالیزم لەسەردەستی ژەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیادا مەشقیان پێکراوە. ئاماژەش بۆ ئەوە ناکەین کە چۆن چەکی کیمیاویان بە سەددام فرۆشت و قوربانییەکانی هەڵەبجەی لێکەوتەوە. بەڵکو دەمانەوێ تیشکێ بخەینە سەر پەیوەندی ئەڵمانیا بە داگیرکەری تورکەوە، هەتا ئەمڕۆ ڕەهەندێکی نامرۆیی و هاوزەمان گاڵتەجاڕیشی وەرگرتووە. وەک ئەوەی دەبینین ئەڵمانیا بە هەموو تەکنەلۆژیای نوێوە، پاڵپشتی لە تورکیا دەکات و لەگەڵ سەددامیش دا هەیبوو، ئێستاش لەژێر پەردەوە لەگەڵ ئێران برەوی پێدەدات.

لەسەر داخوازی تورکیا ساڵانێکە حکومەتی ئەڵمانیا ڕاوەدونانی ئەندام و لایەنگرانی پ ک ک دەکەن، ئەو پارتە قەدەغە کرا. کە منداڵێکی کورد لە ئەڵمانیا لەدایک دەبوو، کەسوکاری دەیان ویست ناوی کوردی لێ بنێن، دامودەزگاکانی ئەڵمانیا ئەو دایکوباوکەیان ناچار دەکرد، بچن لە سەفارەت و کونسۆلی تورکی پاڵپشتی بهێنن. دیارە لەم بارەدا تورکیا هیچ بەڵگەیەک نادات، لەمەڕ ناوی کوردییەوە. بەم جۆرە ئەو خێزانانە ناچار دەبن، ناوی دیکە هەڵبژێرن. . . ئەمانە و هەزاران نموونەی دیکە لەسەر پەیوەندی قوڵی ئەڵمانیا و تورکیا هەیە. لەڕاستیشدا تورک لە ئەڵمان دەخوا و باشیشی دادەدۆشێ.

بۆیەکا هەر رۆژێ کوردستان بێتە دەوڵەت و کورد دەسەڵات پەیدا بکات، پێویستی لە دادگای نێودەوڵەتی گازندە لەسەر هەموو ئەو وڵات و کارخانانە بە فەرمی بکات. ئاخر کورد قوربانییەکی گەورەی سیاسەتی نامرۆڤانە و بێ مۆڕاڵی نێودەوڵەتییە.

ئەگەرچی لەحاڵی حازردا پەیوەندی ئەڵمانیا و تورکیا، بەهۆی سیاسەتی ئەردۆغانەوە کە هێرشی زۆر دەکاتە سەر ئەڵمان و گەیاندوویەتیە سەر سووکایەتی و هیچ هەژمارێکیان وەک دۆست و هاوپەیمان بۆ ناکات و تەنانەت پێی وتن نازی، کە تا ئێستا بەس بەرپرسانی جوولەکە توانیویانە لەسەر ئاستی بەرز ئەو وشەیە بە ئاشکرا بە ئەڵمان بڵێن، لێ ئەردۆغانیش بێ سڵەمینەوە پێی وتنەوە، بەڵام حکومەتەکەی مێرکل هەر دەیەوێ تاڵە موووی معاویە لەگەڵ تورکیادا نەپسێنێ. ئەمەش بە بیانووی ڕێکەوتننامەی کۆچبەرانەوە، کە لەگەڵ تورکیا مۆریان کردووە. حکومەتی ئەڵمانیا لەژێر گوشاردایە و وەزیری دەرەوە دەیەوێ هەندێ مەرج بخەنە سەر تورکیا بە ناڕوونی دەیەوێ بڵێ:" ئێمە مادام تورکیا لەشەڕدایە، چەک و تەقەمەنی بۆ نانێرین". لە وەڵامدا رۆژنامەیەکی سەباحی تورکی بەتەوسەوە دەنووسێ: " باشە لەمو پاش لە گرێبەستەکاندا بۆمان بنووسن، چۆن و لە کوێ؟ بەکاریان بهێنین . لەمەو دوا چەکەکان تەنیا لە کودەتاکان دا بەکار دەهێنین" .

 لە ڕاستیدا کێشەکە لەوەدایە، تورکیا ڕووە و ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی و رووسیا وەرچەرخاوە و باوەڕی وایە شەمەندەفەرەکەی هەرگیز ناگاتە برۆکسل، و هەرگیز وەری ناگرن ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.

ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین، ئاگاداری ئەو پرسیارەی خەڵکی ئەڵمانن، کە زۆربەی جاران دەکەین: ئێوە بۆچی ناتوانن پێکەوە هەڵکەن یاخود پێکەوە بژین؟!.

جگەلەوەی ئەو سنوورە دەستکردانەی ڕۆژئاوا کێشاوێتی لە دروستکردنی دەوڵەتە دەستکردەکان دا، بۆتە دیواری بەندیخانەی نەتەوە و گروپە ئێتنیکی و ئایینیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات ئەوروپا ئەو بەهەشتەی کە بۆ خۆی سازی داوە، لەسەر خوێن و جەستەی ئاسیا ـ رۆژهەڵاتی ناوین وـ و ئەفریکایە. ئەوە ئەوانن ئەندازیاری ناوچەکە، دەستەوتاقمی گوێڕایەڵی خۆیانیان هێناوەتە سەر حوکم و بە هەموو توانایەکی لۆگیستییەوە پاڵپشتی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن، تا کارەکانی خۆیانیانی پێ مەیسەر بکەن. بۆیە دەبینین لەم میانەدا چاوپۆشی لە هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی و شارستانێتی دەکەن، و درۆی ڕووت و بێ پەردە دەفرۆشن بە خەڵکی خۆیان و جیهان.

پرسێکی حاشا هەڵنەگرە، ساڵانێکە بە چەک و تەقەمەنی ئەڵمانیا، تورکیا کوردستان کاول دەکات و وێنە تانکەکانی ئەڵمانی لە شەڕدا دژ بە کوردی بەشەکانی تریش بەکار دێت،  چۆتە دەرەوەی سنووری دەوڵەتانی ناتۆشەوە، کەچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانی دەڵێ: ئێمە بەڵگەی تەواومان نییە، ئەو تانکانە لە شەڕدا بەکار هێنرابن. گاڵتەجاری بگاتە ئەو ئاستە، ئیدی هیچ بەهایەک لە دروشم و بانگاشەکاندا نامێنێ. ئەوەتا دەبینین خۆشبەختانە کۆمەڵی ڕۆژنامەنووس و کەسانی هونەرمەند و پێشکەرشکار و سیاسی، بەرگەی ئەو درۆدەلەسە و دیماگۆگییە ناگرن و بێ گوێدانە سیاسەتەکەی حکومەتی مێرکل، هەندێ وتار و بەرنامەی تیڤی لەسەر ڕووداوەکان دەکەن و بە بەڵگەوە باس لە سیاسەتی دووڕوویی ئەڵمانیا دەکەن و وێنەی تانکەکان لە مەیدانی شەڕ دا نیشان دەدەن. کەچی لەتەک ئەوەشدا بێ سەرمانە دەیانەوێ خۆیان لەو تەنگەتاوییە، ڕزگار بکەن، بۆیەکا حکومەت بە فەرمی هەر دەیەوێ نکۆڵی لێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەڵمان کە دەڵێن ئێمە چەک نانێرین بۆ تورکیا و بۆ ناوچەی قەیراناوی، مەبەستیان ئەوەیە تۆڵەی خۆیان لە ئەردۆغان بکەنەوە. دەنا گەر ئەوان مرۆڤدۆستن و داوای ئاشتی دەکەن، بۆ هەر لە بنەڕەتدا چەک دروست دەکەن؟ ئەی بۆ نازانن چەک بۆ شەڕ و مرۆڤ کوشتنە. ! دیارە هەمان پێوەر بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا ڕاستە.

لەوەڵامی ئەم پرسیارە کە گەڵێ جار بەندە لێی کردوون، دەڵێن: ئێمەش دروستی نەکەین و نەینێرین وا وڵاتێکی تر ئەم کارە دەکات. دیارە بۆ سەردەمی سەددامیش هەر هەمان شتیان دەگوت و دەشهاتن بە بە سەدان هەزار خەڵکیان دەهێنایە سەر شەقام بەناوی " نا خوێن بۆ نەوت". منیش دەڵێم ئەی ناتوانن ئێوە دەست پێشکەر بن و ببنە سەرتۆپ بۆ وڵاتانی تریش . دیارە هەردەبێت سەرەتا یەکەم هەنگاو لە وڵاتێکەوە دەست پێ بکات. بەڵام لەڕاستیدا ئەم وەرامەیان بۆ خۆدزینەوەیە لە ڕاستییەکان. Volker Perthes، سەرۆکی "ناوەندی زانست و سیاسەت" و گەورە ڕاوێژکاری حکومەتی ئەڵمانی و ئەندامی ستاڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ـ لەتەک دیمیستۆڕا ـ بۆ کێشەی سوریا. لە چاوپێکەوتنێکی دا لە رۆژنامەی تاگە شپیگلی ٢٨/١/٢٠١٨، دەڵێ : " هەناردەی ئەڵمانی بازاڕێکی باشە، شوێنی کار مسۆگەر دەکات و توێژینەوە و پێشکەوتن بەها پەیدا دەکەن، گەر ئەو پارچە گەورانە بەرهەم بهێنرێ". دواتر سەبارەت بەو پاسیڤیستانەی دەڵێ ئەم چەک بەرهەمهێنانە ئاگری شەڕ خۆشتر دەکات دەڵێ: "بۆ من لەم گفتوگۆیەدا توخمێکی گەوهەری دیار نییە: بەرژەوەندی ستراتیژی".

کەواتە ئەوان بەم مامەڵە و بازرگانییە، کە ساڵانە گەشەی ئابووریان بە ملیارد یۆرۆ زیاد دەکات،  بازاڕیان گەرمتر دەکەن و گەشە بە تەکنەلۆژیای خۆیان دەدەن، هەر دەبێت بەردەوام بن. ئیدی با نەتەوەی بێ دیفاع و تەنیاباڵی وەک کورد هەر هاوار و داد بکات.

شاراوە نییە، گەر بهاتایە ئەم دەوڵەتانە هاوکار و پشتیوانی دەسەڵاتە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان نەکردایە، لەمێژ بوو کورد و گەلانی دیکە بە ئامانجی خۆیان گەیشتبوون. بۆیەکا بەرپرسیارێتی مێژوویی و مۆڕاڵی دەکەوێتە سەر شانی ئەمانیش.

ئەم کورتە پێشەکییە بۆ دەوڵەمەندترکردنی ئەم وتارەیە کە پوختەکەم لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی، لەمەڕ ئابڕووچوونی چەکفرۆشتنی ئەڵمانیا، کە ناونراوە"ئەڵمانیا مەرگ هەناردە دەکات".

 

لەژێر ئاگرباران دا ... نووسینی کلاودیا ڤۆن زالزەن Claudia von Zalzen و. هەڵۆ بەرزنجەیی

 تا ئێستا لە مێژووی حکومەتی ئەڵمانیدا هێندە چەک نەفرۆشراوە، وەک ئەوەی لەسەردەمی هاوپەیمانێتی گەورە(CDU&SPD)لە چوار ساڵی ڕابووردوودا ئەنجام دراوە.

وەزیری ئابووری جارانی ئەڵمانیا Sigmar Gabriel-SPD، هاتۆتە قسە و دەڵێ : دەبێت چەک ڕەوانەکردن کەم بکەینەوە. بۆ ئەم وەزیرەی دەرەوەی ئێستا، کێشەیەکی دیکە لە چەک فرۆشتن سەری هەڵداوە. تورکیا ئەو تانکانەی لە ئەڵمانیای کڕیووە، بە ئاشکرا بەکاریان دێ لە پەلاماردان بۆ سەر کورد لە باکووری سوریا. لەدوا دیدیداری وەزیری ناوبراو لەگەڵ م. چاوشئگلو بە ئەرێنی باسی ئەمەی کرد و وتی: پێویستە تانکەکان لە تورکیا مۆدێرنە بکرێنەوە.

+ چی لەمەڕ ناردنی چەکەوە لە ساڵانی ڕابووردوودا زانراوە

ڕاپۆرتی چەکفرۆشتنی ساڵی ٢٠١٧ ی حکومەتی ئەڵمانی هێشتا بەتەواوی گەڵاڵە نەبووە و لەبەردەستدا نییە.، لێ لە وەڵامێکدا لەسەر داوای پەرلەمنتاری چەپ Stefan Liebischوەزارەتی ئابووری چەند زانیاریەکی دەدا و دەڵێ : لە ساڵی ڕابووردوودا هاوپەیمانێتی گەورە بایی 6,2 ملیارد چەکی فرۆشتووە. بەشێکی زۆری ئەو چەک و کەرەسە سەربازییانە بە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاEU و ناتۆ فرۆشراون. لەبەر ئەمە (لەم کاتەدا جگە لە تورکیا) بێ کێشە کارەکە پێشوازی لێ کراوە، لەلایەن دەوڵەتانی سێیەمەوە کە پێیان فرۆشراوە. بۆ ئەم وڵاتانە چەک بایی 3,8 ملیارد یۆرۆ ڕەوانە کراوە و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ 120 ملیۆن یۆرۆ زیاترە. لە نێوان ساڵانی 2014-2017 دا حکومەتی ئەڵمانیا ڕێگەی بە فرۆشتنی چەک بە بڕی 24,9 یۆرۆ داوە. بەمەش توانیویەتی زیاتر لە کولیسیۆنی ڕەش و زەرد، واتە CDU&FDP بکەن کە ئەوان بایی 20,7 ملیاردیان فرۆشتووە. لێرەدا ناردنی چەکەکان زیاتر بۆ وڵاتانی سێیەم بووە.

لە کاتێکدا لە نێوان 2010-2013 دا فرۆشتنی چەک و پێداویستی تری سەربازی بە بڕی 9,9 ملیارد یۆرۆ بە دەوڵاتانی سێیەم ڕێگەی پێدراوە. لەم بڕەدا لە چوار ساڵی ڕابووردوودا ڕێژەکە بۆ %46 بەرز بۆتەوە. هاوپەیمانێتی CDU&SPD بە بڕی 14,5 ملیارد یان داوە بە وڵاتانی سێیەم.

+ ئەو دەوڵەتە گرنگانە کامانەن بۆ ناردنی چەکی ئەڵمانی؟

وڵاتە گرنگەکان لەسەروو هەموویانەوە، جەزائیر بایی 1,4 یۆرۆ و میسر 780 ملیۆن یۆرۆ و عەرەبی سعودی ـ ئەگەرچی لەگەڵ دەوڵەتی یەمەنی دراوسێیدا لەشەڕدایە ـ و ئیماراتی عەرەبی و کۆریای باشوور لەو 10 وڵاتە گرنگەی لیستەی ئەڵمانیادا بۆ چەک فرۆشتن.

+ ژمارەکان چۆن لەلایەن حکومەت و بەڕیوەبەری گشتییەوە دەنرخێندرێن؟

ئێمە لە 6,8 ملیارد یۆرۆوە کەممان کردۆتەوە بۆ 6,2 ملیارد یۆرۆ، ئەمە قسەی وتەبێژێکی وەزارەتی ئابوورییە. ئۆپۆزیسین بە توندی ڕەخنە لەم کارانەی حکومەت دەگرێ و ثییان وایە پارت دەسەڵاتدار بەتەوەی پەکی کەوتووە. Dietmar Bartsch فراکسیۆنی چەپ دەڵێت. بانێت چەک بە میسر و و سعودییە و ئیمارات بفرۆشرێت. چەک ناردن بۆ ئەم موشتەرییە گرنگانەی ئەڵمانیا ڕابگیرێت. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن لە 2015 دا ناردنی چەک کەمی کردۆتەوە، لێ لەبەر ئەوەی ساڵی ریکۆرد شکاندن نییە وەک 2017

بە کورتی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ هەر وڵاتێ شەڕ بکات، نابێت چەکی پێ بفرۆشرێ و بۆ ڕەوانە بکرێ. لێرەشدا مەبەست میسروسعودییە و ئیماراتە.

+ ئەنقەرە بە ئاشکرا تانکی ئەڵمانی لەدژی کورد بەکاردێنێ، چی لەمەڕ ئەمە زانراوە؟

سەرەک کۆماری تورکیا ر. ت. ئەردۆغان بێ گوێدانە ڕای گشتی نێودەوڵەتی دەیەوێ هێرشەکان بۆسەر چکدارانی کورد YPGدرێژە پێبدات. " سەرەتا دەیانەوێ تیرۆریستان بنەبڕ بکەن و پاشان ژیان بۆ ئەو دەڤەرە بگێڕنەوە". ئەمە ڕاگەیاندنی رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ ئەردۆغانە.

حکومەتی ئەڵمانی ئەو داگیرکارییە بە نیگەرانیەوە سەرنج دەدات . قسەکەرەکەیان وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەین تەقە بوەستێنن و ڕێگە بۆ ناردنی کۆمەکی مرۆیی بهێڵنەوە.

بۆ هێرشە زەمینییەکانی تورک تانکی جۆری لیوپاردیLeopard2A4 بەکار دێنێ. ئەڵمانیا لە نێوان 2006-2011 دا 350 دانەی لەم جۆرە تانکە ڕەوانەی تورکیا کردووە و هیچ مەرجێکیشی لەسەر تورکیا دانەناوە.

ئەگەرچی لە ساڵی ڕابووردوو دا لە گرێبەستەکاندا ئەڵمانیا داوای کرد دەبێت تەنیا بە پێی بڕگەی 5 ڕێکەوتنامەکەی ناتۆ ئەو چەکانە بەکار بێت، واتە بۆ داکۆکی لە خۆیان و هاوپەیمانێتییەکەیان. رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ سەفیری ئەڵمانیا لە تورکیا Martin Erdmann وتی لەگەڵ وەرزارەتی بەرگری تورکیا لەمەڕ هێرشەکانی تورکیاوە قسەمان کردووە.

+ پەلاماری تورکیا بۆ سەر کورد چ مانایەکی هەیە بۆ چەک ڕەوانەکردن بۆ تورکیا؟

ئەگەرچی تورکیا سەر بە ناتۆیە، بەس لە ساڵانی ڕابووردوودا چەندین جار حکومەتی ئەڵمانی ڕازی نەبوو چەک و تەقەمەنی بفرۆشی بە تورکیا. بەهای سەرجەم چەکی فرۆشراو بە تورکیا 83,9 ملیۆن یۆرۆ بووە و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ 34,2 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە. هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر کورد چ ئاکامێکی دەبێت چانسێکی نوێ بات بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا، حکومەتی ئەڵمانی لەم ڕووەوە نایەوێ هیچ بڵێت.

تورکیا دەیەوێ لیۆپاردی دوو مۆدێرنە بکاتەوە، واتە گەشەی زیاتری پێ بدات و داوا لە ئەڵمانیا دەکات ئەم کارەی بۆ بکات، بۆ ئەوەی بە هێز و توانایەکی گەورەوە شەڕی پێ بکات. گابریل لە دیدارەکەیدا لەگەڵ چاوشئۆگلو ڕایگەیان لە کاتێکی نزیکدا پشکنین لەلایەن حکومەتی ئەڵمانییەوە دەکەین. هەر چەپ و سەوزەکان بەتەنیا داوای وەستانی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا ناکەن. پەرلەمانتاری کرریست دیموکراتەکان Norbert Röttgen دەڵی بەتەواوی دوورە تانکەکانی تورکیا تازە بکەینەوە و پێشکەوتووتریان بکەین. هەروەها پسپۆڕی سۆسیال دیموکراتەکانیش Rolf Mützenich دژی ئەو پرۆژەیە وەستایەوە.

٢٨/١/٢٠١٨

 

. . . . . . .

سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu