د. کوردۆ عەلی، هاوبیرێک لە هزر و پەیڤ ... هەڵۆ بەرزنجەیی

مردن، بۆخۆی چەند بەدفەساڵ و باسێکی تفتوتاڵە، ساتێ تارمایی رەشی دێ و لە ناوادەدا، بێ بەزەییانە و دڵڕەقانە، چەشنی ئاژەڵێکی دڕندە، چنگ لە گیانی ئازیزێکمان گیر دەکات، و دەپێچێتەوە و ئاودیوی وێستگەی پاش ژیانی دەکات و، رێی گۆڕستانی ڕەش و تاریکی پێدەگرێتەبەر، ئەو مەرگە نەفرەتییە، دێوزمەتر و دڵتەزێنترە. ژیان سەرچاوەی وزەبەخشی، بزواندن و چالاکی نواندن و نەسرەوتن و داهێنانە، بەڵام پڕ لە کۆسپ و بەردەڵان و دژوارییە.

 کەچی ژیان بە هەموو کۆسپ و تەگەرە و ناخۆشییەکانییەوە، چونکە هێشتا جێگای هیوا و ئاسۆی بەردەوامی تێدا ئاواڵەیە، مرۆڤ لەم ژینگەیەدا، هەمیشە ئارامبەخشتر و شادمانتر خۆی دەنوێ. ئەگەرچی مەرگ، هەموو تەگەرە و ئاستەنگەکان، ڕادەماڵی و گوایە هەواری پشووودانی، رۆحە، لێ هەر ئومێدکوژ و سەر و دڵگرە. هەواڵی کۆچی دوایی، برا و هاوبیری هێژام، کاک د. کۆردۆ عەلی، پەردەیەکی خەمناکی ئەو شانۆیەیە، کە مەرگی چەپەڵ بەرپای کردووە. ئەم مەرگە وادەی نەبوو، هاوبیر کوردۆ، گەلەک خەون و پرۆژەی، خزمەتکردنی خستبووە، بەردەم خۆی جێبەجێیان بکات. مەرگی نەگریس، چاوەڕێی نەکرد و پەلەی کرد، لە ڕفاندنی جەستەی ئەو هاوبیرە، جوامێرەمان.

 د. کوردۆ، نوسەر و وەرگێڕ و ئەکادیمیستێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەمێکی رەنگین و بیرێکی گەش و بەرزی کوردایەتی بوو. لە تەمەنی هەرزەکارییەوە، رێچکەی کوردایەتی دەگرێتەبەر و لە ریزەکانی، یەکێتی قوتابیانی کوردستان و کاژیک و پاسۆک دا بەشداری خەباتی سەختی بزاڤی نەتەوەیی، نەتەوە و خاکە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی دەکات. وەک پێشمەر

گەش، بە کردەیی بەشداریی شۆڕشی ئەیلول دەکات و بە کارایی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردندا. دواتر لەبەر زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتی داگیرکەریی عێراقی، ناچارانە، پەڕاگەندەی ئەوروپا دەبێت و لە وڵاتی نەمسا، دەگێرسێتەوە. لەوێش دەسبەجێ هاوبیرەکانی دەدۆزێتەوە و کەڵکەڵەی دامەزراندنی رێکخراوێکی خوێندکاریی دەکەوێتە سەرییەوە. چونکە ئەودەم، دەرەتان نەبوو، بەناوی حیزبەوە، کاری فەرمی بکرێ. هاوکات، هاوبیر کوردۆ بەرپرسی لقی ئەوروپای پاسۆک، دەگرێتە ئەستۆیی و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە، دەکەوێتە کارکردن، بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی. لەتەک ئەمانەشەوە، بۆ درێژەدان بە خوێندن و باشتر خۆ چەکدارکردن بە زانست و خوێندن و فێربوون، دەبێتە خوێندکار. عەشقە گەورەکەی بۆ زمان و ئەدەبی کوردی، پاڵی پێوەدەنێ، ئەم ڕشتەیە هەڵبژێرێ تا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دکتۆرانامەکەی بەناوی (هەندێ بابەتی وشەسازیی کوردی) لە زانستگەی سالزبورگ بەدەست دێنێ. ئەم کتێبە بەزمانی ئەڵمانی لە لایەن ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠، بەهاوکاری هەندێ لە هاوبیرەکانی، رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە، دادەمەزرێنێ و دەبێتە سکرتێری تا ساڵی ١٩٨٥، کە دابڕان لە ریزەکانی سۆکسەدا دروست دەبێت. خوێندکاری کورد، وەک ئۆرگانێکی ئەو رێکخراوە دەردەکات . بە نووسین و وەرگێڕان و بابەتی جۆراوجۆر، دەستڕەنگینی خۆی لەم بوارەدا، دەنەخشێنێ. دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥، نێو ریزەکانی سۆکسە و ئیدی لەکاری رێکخراوەیی دوور دەکەوێتەوە و خۆی بۆ نوسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان تەرخان دەکات.

چەند بیرەوەرییەک لەتەک ئەم هاوبیرەدا

ـساڵی ١٩٨٤، ساتێ بەرەو هەندەران هاتم، سەرکردە و رابەرمان، گیانبەختکردوو، کاک ئازاد مستەفا، ناونیشانی هاوبیر کوردۆ لە نەمسا و هاوبیر شێرکۆی لە سوید، دامێ، بۆ پەیوەندی کردن بە ریزەکانی پاسۆک و سۆکسەوە. هێشتا لە ئێران بووم، دوو هاوبیرم لەگەڵدابوون، دوو برا بوون. هاوبیر هۆشیاری وەستا رەشید وفەرەیدونی برای. رەوانشاد هوشیار کوڕی گەڕەک و هاوتەمەن و هاوڕێشم بوو، پاسپۆرتی نەهەبوو. بەدوای چارەسەرێک دا دەگەڕاین، تا کاروبارەکانی ساز بدات. دەرفەت نەما. هەواڵمان زانی کە بە داوەتنامەی وڵاتێ، دەتوانێ لە ئێران لیزەپاسێ دەربێنێ، ئەمە پاسپۆرتێکە بۆ یەک گەشت دەخوات. منیش ئەوەم لا درکاند، پێم، کە ناونیشانی هاوبیر کوردۆم لایە، بەڵکو هاوکاریمان بکات. هەروا بوو، بەناوی خۆمەوە، وەک هاوبیرێک، لەبەر رۆشنایی قسەکانی کاک ئازاد دا، نامەیەکم بۆ نووسی و دۆخەکەم بۆ روونکردەوە، کەوا پێویستمان بە داوەتنامەیەکە. نامەم ناردوو. ماوەیەک بەسەر چوو، وەرام نەبوو. من و فەرەیدون، لەبەرئەوەی پاسپۆرتی خۆمان پێ بوو، بە دوومانگ و شتێ رزگارمان بوو، دەرچووین بۆ سوریا. هۆشیار لە ئێران مایەوە. دواتر ئاگاداری کردم، کەوا کاک کوردۆ، داوەتنامەکەی بۆ ناردووە و زۆربەی کارەکانی ئەنجام دا، بەڵام لە کۆتاییدا پەشێمان بۆوە و گەڕایەوە بۆ کوردستان و نەهات بۆ ئەوروپا. کاک کوردۆ، بێ ئەوەی من بنسێ، هەڵسابوو، بە ڕاپەڕاندنی کارەکە، باوەڕم وایە، ئەمە بەڵگەیەکی جوانی، دڵسۆزی کاک کوردۆیە. دواتریش کە گەشتمە ئەڵمانیا، وەک کارێکی رێکخستنی، دەبوو، بە نامەیەک داوای ئەندامێتی لە رێکخراوی سۆکسەدا، بکەم. نامەم نووسی و هاوبیر کوردۆ، وەک سکرتێر، وەرامێکی هێجگار بەپێز و هەستبزوێنی دامەوە. کوردییەکی رەوان و پاکژ، داڕشتنێکی ئەدەبی باڵا و دەستەواژەو و ڕستەی بەجۆش . رەنگە لەو رۆژانەدا، بەتایبەت، رۆژانی کەمپ و چاوەڕوانی، بۆ ماوەیەک رۆژانە، چەندین جار دەمخۆندەوە و چێژم لێ وەردەگرت.

ـ دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥، لەگەڵ هاوبیران بەتایبەت رەوانشاد کاک شەماڵ و هاوبیر پشکۆ، بڕەک سارد بوو. لێ من، لەگەڵیدا هەر لەسەر پێوەندی دا بووم. بڵاوکراوەکانی پاسۆک و سۆکسەم بۆ دەنارد. ئەویش هەڵوێستێکی هاوبیرانە و خۆشەویستانەی بەرامبەر بە ئێمە نیشان دەدا. جارێکیان، بە بۆنەی گیانبەختکردنی هاوبیری هێژامان، کاک جەلالی حاجی حسین کەلۆشەوە، بابەتێم لە خوێندکاری کوردا نووسیبوو. گەلێک بەم هەڵوێستە، شادمان بوو. دوایی خۆیشی، بابەتێکی بۆ ناردین. هەروەها، بە بۆنەی مەرگی فەیلەسوف کارل پۆپەرەوە، بابەتێکی دوورودرێژم، لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بڵاوکردبۆوە. بە نامەیەک دەستخۆشی لێ کردم و وتی ئەوەی من گەرەکم بوو بیکەم، تۆ ئەنجامت دا. جارێکی دیکەش، لە خوێندکاری کورددا، وتارێکی رەخنەییم لەسەر کاک مەلا بەختیار نووسیبوو، کە لە نووسینێکدا ئاماژەی بە کتێبەکەی گیانبەختکردوو، فازیلی مەلا مەحمود دابوو. کاک مەلا بەختیار زمانی ئەڵمانی نازانێ، ئەم باسکردن و ئاماژەپێدانە و کۆپلە لێ وەرگرتنەی لە کوێوە هێناوە؟. تومەز، هەموو لە کارە نایابەکەی هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبە، کەلەلایەن کاک کوردۆوە، نوسراوە وەرگرتبوو، لێ پێی شەرم بوو، ناوی کتێبەکەی کاک کوردۆ وەک سەرچاوە بەرێ. لەسەر ئەمەش دەستخۆشییەکی هاوبیارانەی لێ کردم.

 پێوەندیمان تا دەهات بەهێزتر دەبوو. لە راوێژێکی کورتدا لەتەک هاوبیر شەماڵ دا، وتم هەوڵ دەدەم کاک کوردۆ، داوەتی بەرلین بکەم، ئەو دەم هاوبیر پشکۆ لە کوردستان بوو. وتم داوا لە کاک محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی ئینیستیتوتی کوردی لە بەرلین دەکەم، سەمینارێکی بۆ ساز بکەن. مامۆستا پێنجوێنی، خەمخۆرانە، کارەکەی ئەنجام دا و، کاک کوردۆش زۆری پێ خۆش بوو، هاتە بەرلین. لەتەک هاوبیر شەماڵی هەمیشە زیندوودا، چووینە پێشوازی. ئیدی هەردوو وەک گوڵ بەدیداری یەکتر شاد بوونەوە و بە عەشقێکەوە ئامێزی یەکتربوون، هی وەسفکردن نییە. کۆڕێکی سەرکەوتووانەی لە زمان و بارودۆخی سیاسی لە کوردستان ئەنجام دا و پاشان گفتی ئەوەمان لە پێنجوێنی و کاک حسین کارتال، وەرگرت، دکتۆرنامەکەی بۆ چاپ بکەن. ئەوە بوو داوتر بۆیان چاپ کرد. هاوبیر چەند رۆژێ لامان مایەوە و گەلێ راز و نیازی هاوبیرانە و برایانە و خۆشەویستانە ئەنجام دران. یەکێ لە خۆشترین باسەکان، ئەوە بوو، دێرینی خێزانم سەروپێیەکی شاهانەی ئامادە کردبوو. یەکەمجاریشی بوو، زۆر دەترسا بەدەستییەوە دەرنەچێ. کەچی خۆشبەختانە، زۆر نایاب وو. دوای ئەوەی نۆش کرا، هاوبیر کوردۆ، رووی کردە شەهرەزادخانی خێزانی کاک شەماڵ، کە بە تەمەن لە دێرینی خێزانم گەورەترە، بە گەرمی کەوتە پەسەندانی سەروپێکە و دەستخۆشی لێ کرد، بۆ ئەو خواردنە نایابە. شەهرەزادخان هاتە وەرام و وتی: دێرین ئامادەی کردووە و دەستی ئەو خۆش بێت. هاوبیر کوردو، بەخۆیدا چووەوە و رووی دێرین و داوای لێبووردنی کرد و وتی باوەڕم نەدەکرد، ئەم خواردنە نایانە، دەستکردی تۆ بێت، بەراست خۆت کردووەتە. وەرامی بەڵێێ وەرگرتەوە. ئیدی بەگەرمی سوپاسگوزاری راگەیاند و ئێمەش بڕەک گاڵتەوگەثمان لەسەر بابەتەکە کرد.

بوونی هاوبیر کوردۆ لە نێوانماندا، هەلێکی باش بوو، منیش ئەو دەرفەتەم قۆستەوە، بۆ خوێندکاری ژمارە٢٤/٢٥، ساڵی ١٩٩٧، چاوپێکەوتنێکی کراوەم لەتەکیدا ئەنجام دا. ئەویش بە خۆشییەوە، کارەکەی پەسەن کرد و بڵاومان کردەوە.

 ـ دوای هاتنی یەکەمی، بە ناوی ـ سۆکسەـوە، کۆڕێکی شیعریمان بۆ شاعیری گەورەی کورد، مامۆستا پەشێو سازدا. ئاگاداری کاک کوردۆشم کردەوە. زۆر بە خۆشییەوە هەواڵ و چالاکییەکەی پەسەند کرد و هات و بەشداری کۆڕەکە بوو. خۆیشی هاورێی و خۆشەویستێکی نێزیکی مامۆستا پەشێو بوو. هاوبیر بەختیار شەمەیی لە هۆڵەنداوە و کۆمەڵێ هاوبیری دیکە لە شارەکانی ئەڵمانیاوە هاتبوون. چەند رۆژێکی تژی لە گفتوگۆ و باس و خواستی کوردانەمان پێکەوە بەسەر برد. بەم پێیە، تا دەهات باشتر لێک نێزیک دەبووینەوە. هاوبیر کوردۆ، بەردەوام بەرهەم و بڵاوکراوەکانی خۆی بە رێزەوە بۆ دەناردم. شایانی ئاماژە پێدانە، کەوا شێت و شەیدای نووسینەکانی زانای گەورەی ترک، سمایل بێشکچی بوو، مەراقی بوو یەک بە یەکیان، بکاتە کوردی. لام وایە بڕەکیش پێیانەوە سەرقاڵ بوو. رەنگە نەخۆشییە سەختەکەی، رێگریی لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژەی نازدارەی گرتبێت.  

دوای ڕاپەرینی١٩٩١، لە باشوری کوردستان، هەلومەرجی نوێی هاتەوە ئاراوە، دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ ساز بوو، بڕیاری دا بگەڕێتەوە تا بتوانێ، لە زانکۆکانی کوردستان دا، راستەخۆ بەشداری خزمەتکردن بکات. دوای گەڕانەوە لە زانکۆی سلێمانی، دەستبەکار بوو، کرا بە راگری کۆلیژی هونەر. لەوێش خزمەتێکی بەرچاوی بە خوێندکاران کرد.

ـ ساڵی ٢٠٠٦، بۆ کۆچی دوایی باوکم چوومەوە بۆ کوردستان. دوای ١٧ رۆژ، مردنی دایکیشمی بەسەردا هات. . . کاک کوردۆ، لەتەک نوسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا حەمە کەریم عارف دا، هاتن بۆ لام و خۆشەویستی و ئەمەکی خۆیان نیشان دا.

ـ هەرجارێ چووبێتمەوە کوردستان، سەردانم کردووە. یەکێ لە جارەکان دوو ژمارەی گۆڤاری دێر شپیگل و هەندێ بڵاوکراوەی ترم بە دیاری بۆ برد. جارێ لە جارەکان، رێکەوت وابوو، هاوبیر بەختیار شەمەیی و هاوبیر ئاراس وەلیش لە سلێمانی بوون. پێشنیازی سەردانێکی کاک کوردۆم کرد. هەردوو بە خۆشییەوە، وەریان گرتوو، چووین بۆ زانستگە بۆ لای، زۆری پێ خۆش بوو، بەتایبەت بە دیداری کاک ئاراس، کە دوای دابڕانەکەی ١٩٨٥، یەکتریان نەدیبوو. زۆری کرد، داوەتمان بکات. ئەوەبوو، داوەتێکی شاهانەی رێکخست و پێشنیازی کرد، کەوا کاک د. حوسەین عەزیز، شێخ حسینی هاوبیر لەگەڵ خۆیدا دێنێ. ئێمەش خۆشحاڵ بووین. هەر لەو چێشتخانەیەی دانیشتبووین، رەوانشاد و هەمیشە زیندوو، هاوبیر کاک عومەر شەمەییشی، لێ بوو. ئەویش هات، تاوێ بە هاوبیر کوردۆوە سەرقاڵ بوو. ساتوکاتێکی بەتام چێژمان بەسەر برد. گفتوگۆیەکی جددیش لەنێوان کاک ئاراس و د. حوسەین دا سازبوو.

دوای ئەم دیدارە، ئیدی هەرجارێ دەچوومەوە کوردستان، دزاودز دەکەوتم لەگەڵ هاوبیر کوردۆدا، ئەو ئەوکاتانە، گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەمەبەستی چارەسەر دەکرد. هەتا ئەم دواییانەش، بەردەوام مەراقم بوو هەواڵی بزانیم. تا هەواڵی مەرگییم لە رێی هاوبیر پشکۆوە بیست و جزەی نا بە جەرگمەوە و دڵی گوشیم و چەند تنۆکێ ڕندوکی پێ هەڵوەراندنم. بەراستی کۆستی ئەم هاوبیرە ئازیزە، بەلامەوە زۆر بە ژان و ئازارە . کاک کوردۆ، کەسێکی بەئەمەک و خۆش مەجلیس بوو. لەیەکەم نیگایدا، هێندە ئێسکسووک و رۆح شیرین، بوو لەیەکەم نیگادا، دەچووە دڵەوە. هاوبیر کوردۆ، رۆشنبیر و کوردیزان و وەرگێڕ و رەخنەگرێکی بەتوانا و دەستڕەنگین بوو. بەدەم ئەو ئازارە سەختەوە، کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر، یەخەی گرتبوو، کۆڵی لە خزمەتککردن، نەدەدا و بەرهەمی پێشکەش دەکردین و لە کار و تێکۆشان و خزمەتکردن، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا درێخی نەکردووە.

بەرهەمەکانی، ئەوانەی لای من هەن هەندێ لەوانەی دیکە، کە ئاگادارم لێیان، وا بە کورتیی پێشکەشتان دەکەم:

 ١ـ کوردستان و شۆڕشەکەی د. جەمال نەبەز و. لە ئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی لە بڵاوکراوەکانی رێخکخراوی سۆکسە. ١٩٨٥

٢ـ سۆڤیەت و بزووتنەوەی نیشتمانی کورد، هەڵسەنگاندنی دکتۆرنامەی فازیلی مەلا مەحمود سالزبورگ ١٩٨٦

٣ـ سڕینەوەی چەند پەڵەیەک بە تەوێڵی راستییەوە نامەیەکی کراوە بۆ کەریمی حسامی بنکەی چاپەمەنی ئازاد سوید ١٩٨٧

٤ـ مێگەل. یەڵماز گیونەی و. لە ئاڵمانیەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٨٩

٥ـ مەسەلەی کورد لە پارلەمانی نەمسایی دا و. لەئاڵمانییەوە سالزبورگ ١٩٨٩

٦ـکۆمۆنیزمی ئەوروپایی، ڤۆلڤگانگ لیۆنهارد و. لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی سالزبورگ ١٩٩٠

٧ـئاشی چی و باراشی چی؟ باقە سەرنجی لەوەرامی گوتارەکەی بەهادین نوری دا سالزبورگ ١٩٩١

٨ـ ئاغا و شێخ و دەوڵەت، مارتین ڤان برونەسن و. لەئاڵمانییەوە کوردۆ عەلی دوو بەرگ بنکەی چاپەمەنی رۆژ/سوید ١٩٩٦

٩ـ یەک هەڵووژە و هەزار هەڵووژە، سەمەدی بیهرەنگی، و. لە فارسییەوە کوردۆ سالزبورگ ١٩٨٩، چاپخانەی ئارارات و لەلایەن نووسینگەی تاراوە بڵاوکراوەتەوە.

١٠ ـ نووسەری هێژای تورک سمایل بێشکچی و تێڕوانینێکی زانستانە لە مەسەلەی کورد. سالزبورگ ١٩٩٢

ئاگاداری ئەم بەرهەمانەشم

١١ـ هەندێ بابەتی وشەسازیی زمانی کوردی بە ئەڵمانی دکتۆرنامەکەی زانستگەی سالزبورگ ١٩٩١/١٩٩٢، ئەم بەرهەمە ئینیستیتوتی کورد لە بەرلین بۆی چاپکرد.

١٢ـ هەڵکشان و داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان پاوک کەنەدی وەرگێڕاوەن لە ئاڵمانییەوە

رەنگە بەرهەمی دیکەشی هەبێت، بڵاوکراونەتەوە من لێی بێ ئاگام

وتارەکانی:

ـ کردار و کات ڵە زمانی کوردیدا مامۆستای کورد ژمارە ٢٤/٢٥،  ١٩٩٥

ـ خاڵۆ ئاو لە دنگدا دەکوتێ مامۆستای کورد ژمارە ٧، ١٩٨٩

ـ بزووتنەوەی کوردایەتی لە نێوان لێژەنی سەربەخۆیی و گێژەنی ئۆتۆنۆمیدا، گۆڤاری باسکار، ژمارە ١/١٩٨٩

ـ سێ شۆلاوگەی خوێنین و ئازارێکی پڕسوێ مامۆستای کورد ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٩/١٩٩٠

ـ ئاشبەتاڵی بیرێکی سەرچڵ مامۆستای کورد ژمارە ٩ی١٩٩٠

ـ رەشۆ ئاغا(چیرۆک)، بەکر ییڵدز، و. لە ئاڵمانییەوە مامۆستای کورد، ژمارە ٢٦ی ١٩٩٥

ـ چاوپێکەوتنی خوێندکاری کورد، ژمارە ٢٤/٢٥ی ١٩٩٧

هاوبیر د. کوردۆ. لە ٢٠/٢/١٩٥٠. دا لە قەرەداغ لە دایک بووە و لە ١٦/١٢/٢٠١٦، بە نەخۆشیی، لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی دەکات. راستە ئەم رۆڵە دڵسۆز و بەئەمەک و قەڵەم رەنگین و رێباز پیرۆز و بیرگەشە، بە جەستە لەنێوماندا نەماوە. لێ یاد و یادگار و پەیڤ و خەبات و خزمەت و نووسین و بەرهەمەکانی بۆ هەتا هەتایی، لای ئێمەی هاوبیران و رۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی، بە زیندوویی و دەمێنێتەوە.

ئاهورامەزدا، بە میهر و دلۆڤانی خۆی بیپارێزێ و گڵکۆی چراخان و پڕ لە گوڵاو بێت. هەزاران هەزار جار رەوانیشاد بێت و هاوبیر کودۆی زێدە ئازیز و خۆشەویستمان.

٢٠/١٢/٢٠١٦

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu