بزوتنەوەی خەڵکیی زۆر زەروورە بە هاوپشتی چینی کرێکاران ... زاهیر باهیر – لەندەن

 

 

نزیکەی چوار دەیەیە هاوپشتی چینی کرێکاران بەتایبەتی کرێکارانی کەرتەپیشەسازییەکان و کۆمپانییە زەبەلاحەکان بۆ بزوتنەوەی خەڵکی کە ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە، یا نەبینراوە یاخود زۆر دەگمەن بوووە.

ئەم دیارەدیە زۆر بە ئاسانی دەبینرێت. با هەر دوور نەڕۆین تەماشای بزوتنەوەی سەوزی حوزەیرانی 2008ی ئێران، ئەوەی پار کە هێشتا هەر ناو بەناو دەردەکەوێتەوە، بکەین، هەروەها ولاتانی " بەهاری عەرەبیی"ش. هەر ئاواش ئەم دیاردەیەمان لە ئەردەن و بەحرەین و خۆپیشاندان و پرۆتیستە گەورەکەی گازی پارکی تەقسیمی تورکیا، ساڵی 2013 و فەرەنسای 2005 یش، بینیوە کە بێ پشتوپەنای کرێکاران ماونەتەوە. لەو هەموو خۆپیشاندان و پرۆتێستانەی عێراق--یش بە کوردستانیشەوە کە هەر لە داگیرکردنەکەی 2003 وە سەری هەڵدا، تەنانەت ئەمانەی ئەم دوایەی مانگی تەموز و سێبتەمبەری شاری 'بەسرە'ی ساڵی پار، 2018، لێرەش هاوپشتی کرێکارانمان نەبینی. لە وڵاتانی بلۆکی شەرقی کە سەر بە شورەویی جاران بوون، خۆپیشاندانێك و پرۆتێستێکی زۆر لەم ساڵانەی دواییەدا هەتا ئەم دوایەش دەرکەوتن بەڵام هێشتا هەر کرێکاران وەکو پێویست پشتگیرییان نەکردن. لەمانەش گرنگتر ئەوەی فەرەنسایە کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری پارەکەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، چینی کرێکاران هەر خەریکی کاری خۆیان و کەڵەکەکردنی سەرمایەن بۆ خاونکارەکان و خاوەنکۆمپانیاکان.

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، جیهانگیریی [گڵۆبەلایزەیشن/ عەولەمە] و قەبارە و جۆرێتیی [ کواڵەتی] چینی کرێکاران لەم چەرخەدا، هەموو ئەمانە دەبوایە ئێمەی بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستیی ببردایە یاخود لانی کەم هارکاریی و هاوپشتی ئەو بزوتنەوانەی خەڵكییان بکردایە کە بە بەردەوامی و لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن. بەڵام مەخابن ئەوەی کە لەم چوار دەیەیەدا دەیبینین، چینی کرێکاران یا هاوپشتییان نەکردون یاخود هەر زۆر کەم. من وای دەبینم کە زەمینەی هەنووکەیی پیشەسازیی، تەکنەلۆجیای نوێ و پێشکەوتوو، جیهانگییریی، هەمو ئەمانەدەبوایە ئامادەکاریی بۆ شۆڕش بکردایە.

گرفتەکەش هەر ئەوە نییە کە شۆڕش ڕووینەداوە، بەڵکو خودی بزوتنەوەی کرێکارانیش لە زۆرێك لە وڵاتانا هەر بوونی نییە. هەلومەرجی ئێستایی کرێکاران گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە خۆی بەدوور لە بزوتنەوەی خەڵکی بگرێت. پرسیار دەکرێت بۆچی تا ئێستا شۆڕش ڕوینەداوە؟ من لێرەدا هەوڵنادەم کە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە چونکە من لە هەندێك لە وتارەکانی پێشترما خۆم لە قەرەی وەڵامەکەی داوە. بەڵکو من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەو بارودۆخەی کە گەمارۆی کرێکارانی داوە، بەم نوسینە گەر کورتیشە، لێکبدەمەوە، ئەمەش بەگوێرەی بۆچوون و تێگەیشتن و ئەزموونەکانی خۆمن.

من باوەڕم وایە ئەم هەڵوێستەی چینی کرێکاران کە پاڵپشتی بزوتنەوەی خەڵکی ناکات زۆر بە توندی گرێدراوەتەوە بە جیهانگیرییەوە [ گڵۆبەلایزەیشن]. بۆ من ئەوە ئاشکرایە بە فراوانبوونی شەپۆلی جیهانگییریی، بە گەیششتنە وڵاتانی زیاتر، چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بوون. بۆ سەلماندنی ئەمەش دەکرێت سەرنجی ئەم دوو خاڵەی خوارەوە بدەین:

کەی جیهانگییریی دەستیپێکرد؟ بە واتایەکی دیکە لەکەیەوە چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بووە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوانی ئابوورییناسانو مێژووناسەکانا ڕایەکی هاوبەش و یەکگرتوو نییە سەبارەت بە سەردەمی یاخودی مێژووی دەستپێکردنی جیهانگییریی. هەندێکیان دەیگێڕنەوە بۆ سەرەتای چەرخی نۆزدە. هەندێکی دیکەیان بۆ چەرخەکانی شازدە و حەڤدە، بەتایبەت بۆ یەکەم ئیمپایەری پورتوغالیی و ئیسپانییەکان، دواتریش بۆ ئیمپایەری 'دەچەکان' و بریتانییەکان کە دەستیان بە کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان، کرد. ئەم گروپە باوەڕیان وایە ئەمە لە سەرەتای چەرخی حەڤدەدا، بەدیاریکراوی پاش دامەزاندنی کۆمپانیا فرە قەومییەکەی کە ناوی کۆمپانیای بریتانی لە ڕۆژەهەڵاتی هندستانا بوو، کە لە ساڵی 1600 دا، دامەزرا، ئەمە سەرەتای جیهانگییریی بووە.

لەگەڵ ئەم ڕایانەدا زۆرێكیش کە لەم بوارەدا کاردەکەن ئەوە دەسەلمێنن کە جیهانگییریی سەردەمیانە [مۆدێرنانە] لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستیپێکردووە. . ئەمەش کاتێك کە ڕێگادراوە کە کاڵای هەرزان لە بەرهەمێنانا و بەکارهێنانی هێزی بازووی هەرزان، کەوتە بەردەست، ئەم دیاردەیە زۆر یا کەم، پاڵنەرێك بوو بۆ پێشەوەچوونی ئابووریی هەنگاوێك زیاتر.

کاپیتاڵیزم لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پێی نایە قۆناخێکی نوێوە و هاوکاریی جیهانگییریی کرد. ئەمەش سەرەتایەك بوو بۆ دۆزینەوە و و دامەزراندنی کۆمەلێك دامەزراوەی جیهانیی. یو ئێن [United Nation ]، فراوانبوون و زیادبونی ژمارەی کۆمپانیای فرەنەتەوەیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا، ڕیکەوتنی یا پەیمانی گشتی لەسەر گومرگ و بازرگانییGeneral Agreement on Tariffs and Trade (GATT)، ]، پەیمانی/ڕێکەوتنی ئازادی بازرگانیی باکوریی ئەمەریکا، [North American Free Trade Agreement (NAFTA) ] ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی[World Trade Organization (WTO) ]، پەیمانی ماستریخت [MaastrichtTreaty] و لە کۆتایشدا یەکێتی ئەوروپا [European Union]. تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو کە نرخی یاخود تێچوونی بازرگانی کەمکردەوە، بڕی گوومرگ و سنووریی زۆنی بازرگانیی لابرد یا هەر زۆر کەمیکرندنەوە، هەموو ئەمانە هاوکار و یارمەتیدەری ئەو دامەزراوانە بوون کە لە سەرەوە باسمکردن.

ئاڵوگۆڕکردنی زانست و پێشکەوتنی لەسەرجەمی دونیادا، تەکنەلۆجیا و بەرهەمەکان، ماسمیدیا، پێشەوچوون و تەشەنەکردنی هاتووچۆی جیهانیی، پەیوەستکردنەوەیی تەلەفونیی و بەشەکانی ئەلەکترۆنیی ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ و کاربڕیان لە جیهانگیریی سەردەمدا، گێڕا.

بۆچی جیهانگیریی، چینی کرێکارانی لەبری چالاکبوون پاسیڤکرد؟

ئەوانەی کە لەسەرەوە پەنجەم بۆڕاکێشان سوود و زیانی خۆیان بە چینی کرێکاران گەیاند. بەڵام بەڕای من بۆ سەرمایە و سەرمایەداریی زۆر زیاتر تاکو چینی کرێکاران، بەسوودتر بوون.

من بۆ وەلامی ئەو پرسیارەی سەرەوە دوو هۆکاری سەرەکی دەبینم:

یەکەم: جیهانگییریی سەردەم بەهەر شوێنێك گەیشتبێت تەواوی ستراکتوریی چینی کرێکارانی گۆڕیوە. ئەوەی کە بۆ کرێکاران ماوەتەوە و هاوبەشە تەنها ناوەکەو فرۆشتنی هێزی بازوو و مێشکیانە، نە زۆر نە کەم. ئێمە ئەم دیاردەیە لە بریتانیادا زۆر بە ئاشکرا دەبینین. کرێکاران لەسەر کار بۆ توێژاڵی جیا جیا و بەهەلومەخی جیا دابەشکراون. ئیدی چی تر یەکێتی چینی کرێکارانی، تەنانەت لە هەمان کۆمپانیادا یا کارگەدا، یا هەمان سۆپەرمارکێتا، یاخود لە خەستەخانەکانا، شارەوانییەکانا، بەهۆی دامەزراندنی کەرتی جیاوازەوە، لەناوبردووە، لانی کەم تا ئێستا. کەرتی ئای تیی، بەرهەمهێنان، کەرتی دۆزینەوەی بازاڕی فرۆشتن، ڕێکلامە، بەشی دامەزراندنی کرێکار و کارمەند، ئەدمین، کرێکارانی سەر کاسەکان، کرێکارانی پاراستن و پاککەرەوە و پاسەوانی شوێنەکانی سەر کار، تەکنیشنەکانی پاراستن و چاککەرەوەی ئامرازەکان و ماشێنەکانی کار. . . ئەمانە چەند کەرت و بەشێکن لە هەمان کۆمپانیادا، کارگەدا یا لە شارەوانییەکان و خەستەخانەکان و. . تد. ئەم کرێکارانە و ستافەکانی دیکە کە لەو شوێنەدا کاردەکەن هەلومەرجی کار و سەر کاریان و موچەیان جیاوازە. ئەمەش هۆکارێکە کە بە دەگمەن دەیبینینن کە کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیایەك یاخود کارگەیەك بەیەکەوە مانبگرن بۆ هاریکاریی کرێکارنی دیکە و هەتا بەشێكی خودی کرێکارانیش لە بەشەکانی کۆمپنایەکە یا شارەوانییەکە کە لە مانگرتنان.

گومانیش لەوەدا نیە کە لێرەدا نقابەش ڕۆلێکی گەورە یاریدەکات بە ڕازیبوونی دابەشکردنی کرێکاران بەسەر چەند نقابەیەکی جیاوازدا. ڕەنگە یەكێك بلێت ئەوە لە بریتانیادا بەهۆی یاسای دژە نقابەوەیە بۆیە کرێکاران ناتوانن هەڵوێستیان هەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا گەر کرێکاران لە بناخەدا بەهێزو یەکێتییان هەبوایە، چالاکی جددیان دژی مارگرێت تاچەری سەرەکوەزیرانی ئەوکاتەی بریتانیا، بکردایە، کە ئەو بوو یاسای دژە نقابەی چەسپاند، هەرگیز تاچەر زاتی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم یاسایە بخاتە گەڕ. تاچەر ئەمەی کرد لەبەرئەوەی کە کرێکاران خۆیان لاواز، بەش بەش، بێ ورە، بوون، مرۆڤگەلێکی نەیار بە خۆشیان بوون. بێ گومان ئەمە نەدەکرا گەر نقابەی مەرکەزیی و پارتی کرێکارانی بریتانیی یارمەتیدەری تاچەر نەبوونایە.

مێژوی کرێکاران لە چەرخەکانی هەژدە و نۆزدەدا، تەنانەت لە نیوەی چەرخی بیستی-شدا ئەوە دەسەلمێنێیت کە چینی کرێکاران زۆر چالاک و یەکگرتوو بوون لەو سەردەمانەدا. هۆکاری ئەمەش، لای من، تەنها دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرمایەداریی وەکو ئەم دواییە پێشنەکەوتبوو و جیهانگییریی سەردەمیانەش نەهاتبووە کایە. هەنووکە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆچیا و قەبارە و جۆرێتیی چینی کرێکاران کە شۆڕشگێڕە پێشەنگ و قەدیمەکان لە نێوانیشیانا کارل مارکس-ش ڕایانوابووە کە ئەو مەرجانە دەکرێت بەس بن بۆ ڕوودانی شۆڕش. ئەی بۆچی ڕووی نەدا؟ وەڵامی پرسیارەکە بۆ خودی خوێنەر بەجێدەهێڵم.

فاکتی دووەم، جیهانگییریی جوتێك پێشکەوتنی لەتەك خۆیدا هێنا: یەکەم: زۆرێك لە بەڕیوەبەرانی ناونجیی درووستکرد، هەروەها ڕۆبۆت، زۆرینەیەك لە خەڵک کە ئێستا لە بەشەکانی وەکو: کڕینی شمەکی جیا جیا [ دووکان و بوغازە و سوپەرمارکێتەکان]، بەشی هاتووچۆ، گەشتکردن، بەشەکانی دیکەی وەکو: باڕەکان، شوێنەکانی دیکەی خۆاردنەوە، هوتێل، قاوەخانە، چێشتخانە، جۆرەکانی دیکەی خواردەمەنی، هێنایە ئاراوە. هەندێك لە ڕاپۆرتە نوێیەکان ڕێژەی سەدیی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کەلەم شوێنانەی سەرەوە کاردەکەن بە لە سەدا 26 ی سەرجەمی کرێکارانی بریتانیای خەمڵاندووە. هاوکاتیش بەگوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی نقابەی مەرکەزیی بریتانیی تەنها 2. 6 ملیۆن کرێکار لەبەشەکانی پیشەسازییدا کاردەکەن. کاری پیشەسازیی واتە کارکردن لە کارگە و کارخانەکانا لە ساڵەکانی حەفتاکانی چەرخی ڕابووردووەوە بەشێکی بچوکی ئابوریی بریتانیا پێکدەهێنن. دووەم: جیهانگییری بە ڕۆڵی خۆی بێکارییەکی یەکجار زۆر، پەنابەر و کۆچبەر، خەڵکانی هەژار هەر زۆر هەژار، کرێکارێکی زۆر بە بە پارەیەکی یەکجار کەم کە هیچ زەمانەت و ئایندەیەکیان لەسەر کارەکانیان، نییە، دروستکردووە. تا ڕادەیەك لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەك هەر بەتەنها لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی پیشەسازیی گەشەکردوو، ئەم دیاردەیە دەبینین. جیهانگییریی کارێکی وای کردوە کە خەڵکێکی زۆر لەدامێنی کۆمەڵ-دا بژین و پەرواوێز بکەون.

خەڵکانی فەرامۆشکراو، پەراوێزخراو کە من لەگەڵ سەرجەمی کرێکارانا بە چینی پڕۆلیتارییان دەزانم و دەناسم کە: بێکاران، خانەنشیکراوان، قوتابی و خوێندکاران، پیاوان و ژنانی تەنیا باڵ لەگەڵ منداڵەکانیانا کە کار دەکەن یا لەسەر بیمەکانن، ئەوانەی لەسەر بیمەکانن، کەمئەندامان و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتیی، دەسگێڕەکان، خاوەندووکانە بچووکەکان. . تد. هەرە زۆرینەی پڕۆلیتاریان، ئەمانە لەم جیهانەدا لەسەر هێڵی برسێتی دەژین و هەندێکیشان لە خوار ئەو هێڵەوە ژیان دەبەنەسەر. دەتوانین پەنجە بۆ زۆرێك لە وڵاتە جیا جیاکانی بەشەکانی جیهان یا کیشۆرە جیاوازەکانی دونیا ڕاکێشین کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانیان داهاتی ڕۆژانەیان یا تاکە دۆلارێکی ئەمریکییە یا دوو دۆلارە.

ئەم خەڵکانە لە ڕووی ئابوورییەوە، کۆمەڵایەتییەوە، داراییەوە باری ژیانیان زۆر خراپترە لەو کرێکارانەی کە کەم تا زۆر کارێکیان هەیە و داهاتیان باشترە لەوان، هاوکاتیش گەلێکیان شوێنیێك، خانویەكیانهەیە کە تیایدا دەژین گەر چی بە کرێش بێت. بەم جۆرە ئێمە دەبینین کە پڕۆلیتاریا بەشە زۆرەکەی کۆمەڵن لە هەر شوێنێکی ئەم دوونیایەدا، بن، ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە ژیانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و بێ چارە ماونەتەوە. ئەمانە ژیانێکی ناڕەحەت دەچێژن، ژیانیان کولەمەرگییە. خۆشبەختانە زۆرێك لەمانە لەپێناوی باشکردنی ژیانیانا لە خەباتدان دژ بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە. هەر ئەم هۆکارەشە واتە زۆرینەی پڕۆلیتاریا لە کۆمەڵدا، کە من باوەڕم وایە یا شۆڕشنابێت یاخود دەبێت شۆڕشی پڕۆلیتاریا و کۆمەڵایەتیی، بێت، نەك بە تەنها شۆڕشی چینی کرێکاران.

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا، مانای ئەوە نییە کە چینی کرێکاران ڕۆڵیکی کەمدەبیننن لە شۆڕشی سۆشیالیستیی-دا. لە ڕاستیدا شۆڕش بێ بەشداریکردنی ئەوان و هاوپشتییان کە زۆر زەرووری و بناخەییە، مەحاڵە، چونکە یا بزوتنەوەکە، ڕاپەڕینەکە ڕەنگە بەرەو جەنگی ئەهلی بڕوات، یاخود لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوکانەوە، یا لە لایەن گروپە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکانەوە وەکو ئەوەی کە لە " بەهاری عەرەبی"دا بینیمان، کۆنترۆڵدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کرێکاراندا، ئەگەری ئەوەش هەیە زۆر درێژە بکێشێت کە لەم بارەشدا خەڵکیی هیلاك و بێ ئومێد و پەردەوازە دەبێت و دواتریش لە لایەن دەوڵەتەوە بزوتنەوەکە تێدەشکێت.

Zaherbaher. com

 

 04/01/2019

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu