کورد دەڵێ: بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە بە سەد زانا نایەتە دەرەوە، بەڵام بە بەڵگە پێتان دەڵێم: ئەو پەندە زۆر جاران پێچەوانەکەی راستە و ئەگەر سەد نەزان بەردێک بخەنە گۆمەوە، زانایەک دەتوانێ بیهێنێتە دەرەوە. لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتارە منداڵکار و سیاسیە موراهیقەکانی یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەى گۆڕان لە باکووری کوردستان بە ئارم و لۆگۆی (هەدەپە) شارە و شار خۆیان نمایش دەکرد و دەیانگوت: هاتووین تورکیا فێری دیموکراتی بکەین، دوای هەڵبژاردن کورد لە باکوور توانی (٨٠) کورسی پەرلەمانی دەستەبەر بکات، ئەوەش بۆ کورد کە تا ئەوکات ناوی کورد و زمان و کەلەپوور و مێژووی قەدەغە بوو دەستکەوت و سەرکەوتنێکی گەورە بوو، ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە (هەدەپە)ی تووشی غرووری سیاسی کرد و (پەکەکە)ش بە فیتی ئێران و بە پیلانی (ئەرگەنە کۆن) دەستیان خستە ناو پرۆسەی ئاشتی و (هەدەپە)یان تووشی ئەو هەڵەیە کرد کە سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی: بە هیچ شێوەیەک حکومەت لەگەڵ (ئاکپارتی) پێکناهێنین، ئەوە هەڵەیەکی ستراتیجی بوو کە بە (هەدەپە)یان کرد و وەک دەبینین ئێستا کورد و سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی باجەکەی دەدەن, دەبوایە سەلاحەدین دەمیرتاش لە باتی ئەو گوتنەى بۆ بەشداری کردن لە حکومەت ئەم سێ مەرجەی خستبانە بەردەم ئاکپارتی. ١ــ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی بهێنرێتە دەر و لە شارێک و لە قۆناغی یەکەمدا لەژێر چاودێری نیشتەجێ بکرێ. ٢ــ داوای کردبا پرۆسەی ئاشتی گرنگی زیاتری پێبدرێ و پرۆسەکە خێراتر بکرێ. ٣ــ لە باتی ئەوەی هەدەپە دژی گۆڕینی دەستوور بێ، دەبووایە بە مەرجی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە تورک لە دەستووری نوێدا ناوی بهێنرێ و ماف و ئازادیەکانی دابین بکرێن، لەگەڵ ئاکپارتی بۆ گۆڕینی دەستوور هاوڕا بووایە، ئەگەر ئەوەش کرابا کورد سیحری یەک خاکی و یەک نەتەوەیی ناو دەستووری تورکیای بە تاڵ دەکردەوە کە سەرچاوەی ناهامەتیەکانی کورد بووە لە باکوور. ئەگەر ئاکپارتی ئەو سێ مەرجەی قبووڵ کردبان پرسی کورد لە باکوور هەنگاوی باشی دەنا و بۆ باشوور و پارچەکانی تریش دەبووە پشتیوان، خۆ ئەگەر مەرجەکانیشی رەتکردبانایەوە ئاکپارتی ئەو بیانووەى دەستنەدەکەوت کە بەناوی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە پەرلەمانتارانی هەدەپە زیندانی بکا و وەک ئێستاش پرۆسەی ئاشتی پەکبخات، جگە لەوەش هەر ئەو هەڵەیەی بە ناوی پشتیوانی لە کوردانی باکوور بە هەدەپە، کرا وایکرد هەڵبژاردن بکرێتەوە و پێگەی سیاسی کورد لە باکوور لە (٨٠) کورسی پەرلەمانیەوە بیتە خوارێ بۆ (٥٩) کورسی. پەکەکەش بۆ ئەوەی فەرمانی ئێران جێبەجێ بکا و وەک ئێران دەیویست پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان لە بەین بەرێ، دوو پۆلسی تورکیای کوشت و شەڕی چەکداریشی هێنایە ناو شارە کوردیەکان، تورکیا کە لە بیانوویەکی وا دەگەڕا و پەکەکەش بیانووەکەی دایە دەست، دەستی کرد بە وێرانکردنی شارە کوردیەکان و دەربەدەر کردنی هەزاران خێزانی کورد لەسەر ماڵ و موڵکی خۆیان، هەموو ئەوانە ئەو بەردە بوون کە موراهیقەکانی گۆڕان و یەکێتی و بەشێک لە سەرکردەکانی هەدەپە و پەکەکە بە نەزانی خستیانە ناو گۆمی خەباتی سیاسی و مەدەنی کورد لە باکوور. ئێستا پرۆسەی ئاشتی لە باکوور پەکخراوە، سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانیشی زیندانی کراون، پەرلەماتار و موراهیقە سیاسیەکانی گۆڕان و یەکێتی لە ئاست دیکتاتۆری تورکیا دۆش داماون و لە پرۆسەی بە دیموکراتیزە کردنی تورکیا شکستیان خوارد و تورکیایان پێ فێری دیموکراتی نەکرا، پەکەکەش لە پرخەی خەوی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە. کورد دەڵێ: خەنجەری چاک لە کالاندا خۆی راناگرێ، سەرۆک بارزانی ئێستا لە تورکیایە، تورکیایەک کە لەسەر مەدالیایەکی ئاڵای کوردستان ئامادەبوو سەدان گەنجی کورد بە داردا بکات، ئێستا ئەو تورکیایە لە پێشوازی سەرۆک بارزانیدا شان بە شانی ئاڵای وڵاتەکەی ئاڵای کوردستانی بۆ هەڵکردووە و وەک سەرۆکی وڵاتێکیش پێشوازی لێدەکات، لە هەوڵی ئەوەش دایە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور بەگەڕ بخاتەوە و سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانیشی لە زیندان دەربێنی و دڵنیاشم سەرکەوتوو دەبێت، ئەوەش ئەو پەندە کوردیە پێچەوانە دەکاتەوە کە دەڵێ: بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە بە سەد زانا نایەتە دەرەوە، چونکە سەرۆک بارزانی بە زانایی خۆی دەتوانێ ئەو بەردە بێنێتە دەرەوە کە موراهیقەکانی گۆڕان و یەکێتی و بەشێک لە سەرکردەکانی هەدەپە و پەکەکە بە نەزانی خستیانە گۆمەوە، بۆیە لەمەولا دەبێ بڵێین: بەردێک سەد نەزان بیخاتە گۆمەوە زانایەک دەریدێنێتەوە.