یه‌كێك له‌و مه‌یدانانه‌ی ئافره‌تی كوردی به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه ، دونیای تژی ماندووبوون (ئه‌مڕۆ سه‌رشار له سه‌یرایه‌تی- پارادۆكس) ڕۆژنامه‌نووسییه.
ئه‌وه ده‌ستپێخه‌رییه‌كی له‌به‌رچاو و سه‌ربارێكه بۆ خه‌بات و كۆششی ئافره‌تان له‌ڕێی جێگیركردنی ڕۆڵی خۆیان و هه‌نگاو هه‌ڵێنانیان له وه‌رگرتنه‌وه‌ی جێگه و پێگه‌ی شایسته‌یان.
به‌پێچه‌وانه‌ی زۆران كه ئازادیی ئافره‌ت له گۆشه‌نیگای به‌رگپۆشین و خۆهه‌ڵخستن و ده‌رچوون له‌ومه‌دارانه‌ی تا هه‌نووكه پیاویشی لێ ده‌رنه‌چووه ته‌ماشا ده‌كه‌ن…
به‌ش به‌بار ئازادیی ئافره‌ت له كار و به‌رهه‌مهێناندا ده‌بینم… كار و به‌رهه‌مهێنان سه‌رنامه‌ی تێهه‌ڵێنانه‌وه‌ی ڕۆڵی ژنانه ، كه هه‌ر خۆیان ده‌توانن شیرازه و سیسته‌مێكی ڕاشكاو و ڕوونبینی پێ بده‌ن… ئه‌مه‌ش به‌خوێندنه‌وه‌ی واقیعی حاڵی كۆمه‌ڵگه و شێوازی دیتن و بیركردنه‌وه‌ی ئافره‌تان خۆیانه‌وه به‌نده…
هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسیی نا ، به‌ڵكو گه‌لێك لایه‌نی دیكه‌ی ژیان ژنیكوردی به هۆی چه‌ند ئه‌گه‌ر و فاكته‌رێكی زاتی و بابه‌تی لێ بێبه‌ش بووه…
مێژوو باسی چه‌ند ئافره‌تێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ئه‌وه‌نده‌ی له خۆشیاندا هه‌بووبێ به‌هه‌ر هۆیه‌ك بووه به‌خت یاریان بووه و توانیویانه ناوناوبانگێك ده‌ربكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وانه چه‌ند ئافره‌تێك بوون ، ئه‌گه‌ر به زمانی ئامار و خۆلێڕاگریه‌وه بێینه‌سه‌ری ڕێژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ پێكناهێنن شایانی باس بێت…
ئه‌مه‌ش وای ده‌بینم له‌خۆیدا گه‌واهیه‌ك بێت بۆ ئافره‌تان كه ئه‌گه‌ر بواریان لێ هه‌ڵكه‌وێ ده‌توانن ڕۆڵیان هه‌بێ …
هه‌روایشه ، مێژووی مرۆڤایه‌تیش هه‌مان ڕه‌نگی وه‌رگرتووه ، كه ئافره‌تی كوردیش به‌شێك له‌و مێژووه پێك دێنێ…
ئه‌مڕۆ به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌مانی زوو ئافره‌ت شێلگیرانه خزاوه‌ته زۆربه‌ی مه‌یدانه‌كان له‌گه‌ڵ پۆلی ئه‌ندازیار و پزیشك و په‌رستار و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و… تاد ده‌یانبینی… له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشدان …
ئه‌مه ئه‌گه‌ر پڕ به‌پێستیش نه‌بێ كارێكی مژده‌به‌خشه… له هه‌موو ئه‌و مه‌یدانانه‌ش مژده به‌خشتر كاری ڕۆژنامه‌نووسییه كه ئێستا ئافره‌تی كورد ڕووی تێكردووه. ئه‌وه‌ی ڕاستیشه پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی سه‌باره‌ت به زۆر ئه‌گه‌ران له‌پێشه‌وه‌شیان بارقووڵی و جوانبینی پیشه‌یه‌كه له ئافره‌تان جوانتر دێت…
ئافره‌تانی ڕۆژنامه‌نووس ئه‌گه‌ر بابه‌تیانه كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان بخوێننه‌وه و به‌لای ئه‌وپه‌ڕگیریدا نه‌كه‌ون و وه‌ك هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێك هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و له كرۆكی ئه‌و مه‌سه‌لانه وردبنه‌وه كه به ئازادیی كۆمه‌ڵ و ئازادیی تاكه‌وه به‌ندن دڵنیام ڕوویان له ئاینده‌یێكی گه‌شدایه به‌و مه‌رجه‌ی كۆڵنه‌ده‌ن و ڕوویان له ئاسۆدا بێ…
مه‌سه‌له‌ی كۆڵنه‌دانیشم به‌و مانایه نه‌هێناوه‌ته‌وه كه وه‌ك زاراوه‌یه‌ك له‌كو‌لتووری شاخدا جێگیر ببوو له‌ڕووی چه‌ك به‌كارهێنان و سێره‌تیژیدا… كۆڵنه‌دان به‌و مانایه‌ی هه‌میشه چاویان له ئاسۆ بێ و به‌و گوڕ و تاوه‌یش هه‌نگاو باوێن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئافره‌تایه‌تی خۆیان كه‌م بكه‌نه‌وه و له خۆبنووسێن و فشار بۆ خۆیان بهێنن… یان لاسایی لاساییكاران بكه‌نه‌وه…
له‌مه‌یدانی میدیای كوردیدا ئه‌مڕۆ پۆلێك ئافره‌ت به دوای عه‌شقی وشه‌و گه‌ڕان به‌دوای ڕاستیدا هاتوونه‌ته‌پێش كه زۆربه‌یان نه‌ك هه‌ر له قۆناخی تاقیكاریدا ده‌ربازبوون به‌ڵكو هه‌ندێكیان هی ئه‌وه‌ن لایه‌نی به‌رهه‌ستیان له‌و نێوه‌نده‌دا پێ بسپێرێ…
ڕه‌هه‌ندی ئافره‌تایه‌تی ئه‌گه‌ر له‌هه‌موو مه‌یدانێكدا كاری كاریگه‌ری خۆی هه‌بێ له‌بواری میدیادا ئه‌و ڕه‌هه‌نده ده‌گاته‌وه سه‌رچاوه… له‌وه‌ڕا جورئه‌ت و بوێری ئافره‌تانی كورد له هاتنه ناومه‌یدانی میدیا ، وه‌ك به‌یانیدانه دوای نیوه شه‌وێكی
تاریك و نووته‌ك.