گفتی زارەكیی بەغدا و كارتی فشاری هەرێم! ... ئومێد بابان

دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یەكلابوونەوەی دەنگ و سەنگی لایەنە سیاسییەكان، ئەنجامەكان لای زۆرینەی حزب و كیانە سیاسییەكان پەسند كران و بگرە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، بە وڵاتانی هەرێمییشەوە، دانیان بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراقدا نا.

ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەیەی عێراق، كە لای هەمووان روونە لە دەرەنجامی سیاسەتی شكستخواردوو و بڕیاردانی تاكلایەنە و فەرامۆشكردنی خواست و داوا رەواكانی خەڵكی عێراق و پێشێلكردنی دەستوور هاتە ئاراوە و دواجار بووە دیفاكتۆ، باڵانسی بەهێزی و لاوازی و تەنانەت جەماوەریبوونی لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی پرۆسەی سیاسیشی لەو وڵاتەدا گۆڕی و بەشێك لە لایەنەكان بوونە براوەی هەڵبژاردن و بەشێكیشیان دووچاری شكستی "چاوەڕوانكراو" و هەندێكیان "پێشبینینەكراو"یش بوونەوە.

لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، كە لە كورتترین پێناسەدا مافی سەرەتایی و دیموكراسیی دەستنیشانكردنی نوێنەرانی گەلە لە دەزگا و دامەزراوە بڕیاربەدەستەكاندا، بردنەوە و دۆڕان، یان روونتر، بەدەستهێنانی متمانەی زیاتری خەڵك و یاخود پێچەوانەكەشی، نۆڕماڵن، چونكە ئەزموون پێمان دەڵێت، ئەوەی خزمەتی زیاتر بكات و هەر هیچ نەبێت پڕۆژەی بۆ ئێستا و داهاتوو هەبێت و خاوەنی مێژووی پڕ لە دەستكەوت و شانای بێت، دەیباتەوە و ئەوانی دیكەش دەدۆڕێن، دۆڕان بە مانا شموولییەكەی، واتا پێویستیان بە بەخۆداچوونەوە و گوێگرتنە لە ڕای گشتی و تێكەڵاوبوونە لەگەڵ موعانانی عەوام و نەهامەتییەكانی كۆی خەڵك.

لێ مخابن، لە عێراقدا هاوكێشەكان پێچەوانەن، ئەمە جگە لەوەی كە لە رووی خزمەتگوزاری و دابینكردنی ئەمنیەت و خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیان، كە عێراق ڕەنگە خەمساردترین و شكستخواردووترین وڵات بێت لەم ڕووەوە، مافی پێكهاتەكانیشی بە درێژایی سەد ساڵ حوكمڕانی پێشێل كردووە، ئاخر كورد و پێكهاتە سەرەكییەكانی دیكەی، زیندەبەچاڵ و ئەنفال، كیمیاباران و كۆمەڵكوژ كردووە.

لە كاتێكدا تێكڕای پێكهاتەكان، خاوەنی سەنگ و دەنگ و ڕەنگ و پێگەی خۆیانن و باشتر وا بوو دەسەڵاتدارانی عێراق، بە درێژایی مێژووی ئاماژەپێكراو، هەم رێز لە پرەسیپی پێكەوەژیان، پێكەوەسازان و پێكەوەهەڵكردن وەربگرن، هەم كەشێكی ئاشتیانەی دوور لە توندوتیژی و سڕینەوە، بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی برایانە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكان بخوڵقێنن.

بەداخەوە، لەو سەد ساڵەدا هیچ كام لە بڕیاربەدەست و قەڵەمڕەو و باڵادەستەكانی ئەم وڵاتە، هێندەی لە خەمی پۆست و ئیمتیازاتی شەخسی و حزبیدا بوون، چارەكی ئەوەندەش گوێیان بۆ نەتەوە جودا و پێكهاتە جیاواز و ئایینزا جۆربەجۆرەكان نەگرتووە، تا زەمینەیەك بۆ لێكتێگەیشتن و پێكەوەیی بێتە ئاراوە.

 

ئەوەی باس كرا، هەم تەجرەبە، هەم مێژوویە، بۆیە دەكرێ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ تێكڕای ئەو دەنگانەی گوێیان لە دەنگی كورد و كوردستانیانە و لەسەر مافی ڕەوایان دەنگ هەڵدەبڕن، لەمەودوا بە دەسەڵاتدار و تەنانەت حزبی سەرۆكوەزیرانە نوێیەكەی عێراقیش بڵێن، دیموكراسیی ڕاستەقینە، واتا پابەندبوون بە پێدانی مافی سەرجەم پێكهاتەكان، واتا پێكەوەژیانی ئایینی و فرەیی، واتا پەیوەستبوون بە رێككەوتننامەكانەوە، واتا جێبەجێكردنی دەستوور و ماددە و بڕگەكانی.

 

ئیدی لە عورف و فۆڕمی دیپلۆماسیی هاوچەرخدا، جێیەك بۆ پەراوێزخستنی نەتەوە و پێكهاتە جوداكان نەماوە، ئیتر پێویستە بە چاوی بەغدادا بدرێتەوە، كە چیتر خەڵكی كوردستان و سەركردایەتییەكەی ئیحراج مەكەن، بژاردە و ئەلتەرناتیڤ زۆرن و دەكرێ كارتی دیكەی سووریش بۆ بەغدا بەرز بكرێنەوە.

ئامان، چیدی وابەستەی گفت و بەڵێنی زارەكیی بەغدا مەبن، چیتر مەهێڵن یاری بە چارەنووسی گەل و نەتەوەیەكی ستەمدیتوو بكرێت.   

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu