لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی 1991، كە خەڵك ڕاپەڕی و تەخت و تاراجی بەعسی تێك شكاند، بە بیانووی جیاجیا، بەعسی و خوێنمژ و موستەشارە كوردەكان، (هاتنە ڕیزی گەلەوە) و هەم دەسەڵاتی سیاسی و قەڵەمڕەوان دوێنێیان لەبیر كرد، هەم ئەو بەعسیانەش لە هەرێمی كوردستاندا بوونە خاوەنی پۆست و پلەی باڵا.
ئەو بەعسییە كوردە ناپاكانە كە تا دوێنێش سەری شوانەكانیان دەبڕی و بە پاساوی پێشمەرگەبوون بۆ مدیر عامەكانی ئەمنیان دەنارد، ئەمڕۆش دیوەخانانەیان هەیە و وەك ئاغای سەردەمی خۆیان خاوەنی بڕیار و كاربەدەست و مەسئوولن لە پۆستی جودادا.
سەرنج لەسەر ئەوەیە، ئەو بابایانە كە لە زەمانی بەعسدا چی خراپ بوو دەرهەق بە خەڵك و پێشمەرگەیان دەكرد، ئێستاش بە ڕەنگ و لە ژێر ناوی جیاوازدا، بوونەتە پاڵەوانی مەیدان و بە ئۆتۆمبێلی ئاخیر مۆدێلەوە، تەشریف بۆ شین و شایی دێنن.
بیرمە كە منداڵ بووم، زۆربەیان وەك (مەفرەزە خاسە) لە نێو كۆڵانەكاندا تەراتێنیان بوو و شەوانەش بەئاگا و بێباكانە، دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەی كورد سوور دەكرد، كەچی ئێستاش لافی نیشتمانپەروەری لێدەدەن و شا بە سەپانی خۆیان نازانن!
ئێستا كە كاتی بەسزاگەیاندنی ئەو تۆمەتبارانەیە، بە بڕوبیانووی دەستهەبوون لەگەڵ شۆڕشدا، چاوپۆشییان لێ دەكرێت و لەلایەن بەشێك لە حزبەكانەوە داڵدە دراون.
پرسیار ئەوەیە، بۆچی كوڕە پێشمەرگەیەك بە ئیمزای ئەو ناپاكانە نەقڵ و نەشر و فەسڵ بكرێت؟ تا كەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان (بۆ سواڵی دەنگ) پشت بە ئاماژەی ئەو خۆفرۆشانە دەبەستێت؟ كەی كۆتایی بەو نەهامەتییە دێت كە لەسەر دەستی ئەو كۆنە بەعسیانە دووچاری خەڵكی فەقیر و ڕەشوڕووت بووەتەوە؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تری بێ وەڵامیش.
دواجار، لە مەملەكەتی موستەشارە كوردەكاندا، كوڕی زۆرێك لەو بەعسیانە كە بەرپرسن، لە دەزگا و دامەزراوە میرییەكاندا، هەمان ستەمی زەمانی زوو لە هاونیشتمانیان دەكەن، خۆیان بۆ سەرئێشەیەكی سادەش دەچنە ئەورووپا، كەچی هاووڵاتیی بەدبەخت هەبووە لەبەر نەداری و دەستكورتی، گورچیلەكانی ڕاوەستاون و مردووە! نموونە زۆرن و كورت و موختەسەر، ئەوانەی لەگەڵ میللەت نەبن و دەنگی خەڵك نەگەیەننە سەرەوە، پاشەڕۆژیان باش نابێت.
Pishderi81@gmail. com